شێر و خەتی پشكنینی نەخۆش

4 مانگ پێش ئێستا

كۆچەر عەزیز
شەوانە لەنەخۆشخانەیەكی هاوشێوەی شار یان ڕزگاری هەولێر، لە ٢٤ كاتژمێردا ٥٠٠ بۆ هەزار پشكنین بۆ هاوڵاتیان ئەنجام دەدرێت ئەگەر شەوێكیش قەرەباڵغ بێت دەچێتە سەرو هەزار پشكنین، بەشێكی زۆریان پشكنینەكان (crp – cbc - gue)
 واتە پشكنینی رێژەی خوێن و میز و هەوكردن، كە نیوەی زیاتر ئەنجامەكان نۆرماڵن واتا ئەو هاوڵاتیانەی پشكنینەكەیان بۆ ئەنجامدەدرێت، كێشەیان نیە.

لەوەرزێكی وەكو ئەم وەرزەدا، چەندین جار لە بەشێك لە پزیشكەكانم پرسیووە حاڵەتی نەخۆشەكان چییە؟ وەڵامەكە ئەوەبووە زۆربەی لەرز و تاو هەڵامەت و ئازاری ناوسكیان هەیە كە پێدەچێت هۆكارەكەی تەنها گۆڕانی كەشوهەوا بووبێت، وای لە نەخۆشەكان كردووە بێنە نەخۆشخانەكە.

بەڵام دەكرێت بپرسین ئەو هەموو پشكنینیە بۆچی و كێ دەینوسێت؟ 
ئایا پێویست دەكات ئەو هەموو پشكنینانە بكرێت، یان دەبێت بەپێی حاڵەت و ئازاری كەسەكە دەستنیشانی بكەیت كە چ پشكنینێك بۆ ئەم نەخۆشە گونجاوە، نەك ژمارەیەك پشكنینی زۆری بۆ بنوسیت بۆئەوەی كە ئەمەیان نەبوو ئەوەیان دەربچێت و وەك شێر و خەت وابێت. دواتریش دەبێت ئەوەش لە یاد نەكەین پشكنینی زۆر دەبێتە هۆی بەفیڕۆچوونی زۆری دەرمان و كەمبوونەوەی پێداویستی و كەلوپەل لە نەخۆشخانەكان.

ئەمەی باسم كرد لە تەواوی هەرێمی كوردستان لە زۆربەی كەرتە حكومییەكان وایە بەتایبەت نەخۆشخانەكان، بۆیە پێویستە ئەو پزیشك و موقیمانەی لەو نەخۆشخانە گشتییانە دادەنرێن لە كاتی ئێشكگریدا كەسانێك بن ئەزموونیان هەبێت كە بە پێی حاڵەتەكان پشكنین و دەرمان بۆ نەخۆش بنوسرێت.

یاخود لێپرسینەوە بكرێت كە كارەكان چۆن دەكرێت و لەسەر چ بنەمایەك پشكنین دەكەن و دەرمان بۆ نەخۆشەكان دەنووسرێت.

لە لایەكی دیكەشەوە ئەوەمان بیر نەچێت لەسەدا ٥٠ی ئەو حاڵەتانەی سەرەوە خەڵك خۆی هۆكارە نەك پزیشكەكان، چونكە هەندێك جار هاووڵاتی بۆ ئازارێكی سوك سەردانی نەخۆشخانە دەكەن كە رەنگە تەشەنوجاتێك یان سەرمایەكی كەم بێت، ئەگەر پزیشكەكە حەبێك یان دەرزییەكی ئازار شكێنی بۆ بنوسێت كە ئەوەندە بەسە یاخود زۆرجار هەر پێویستیش ناكات كە دەرمانی بۆ بنوسرێت یان پشكنینی بۆ بكرێت، نەخۆشەكە دەڵێت، شەڵا نەهاتمایە خۆ لە ماڵەوەش ئەمەمان هەبوو، ئەم حاڵەتە رۆژانە زۆرجار دێتە بەر گوێمان كە زۆرجار نەخۆشەكە ئەگەر پشكنینی زۆر یان دەرمانی زۆری بۆ نەنوسیت راستەخۆ دەڵێت "جا توخوا ئەوە پزیشكە من زیاتری لێدەزانم."