گرێی دەروونی هەستكردن بەكەمی

4 مانگ پێش ئێستا

(inferiority complex)
د. لاڤە دارا علی *
بریتییە لەهەست كردن بەكەمی و نائارامی دەروونی، سەرچاوەی گرتووە لە بوونی ناتەواویەكی جەستەیی یان دەروونی كەهەربەڕاستی بوونی هەیە یان تەنها لەخەیاڵی كەسەكەدا خوڵقێنراوە. لەساڵی ١٩٠٧ لەلایەن سایكۆلیجستی دەروون شیكاری بەناوبانگ (ئەلفرێد ئەدلەر) ڕاڤەی بۆكراوە.
هەست كردن بەكەمی لەكاتێكەوە بۆكاتێكی تر سروشتییە لەزۆربەی مرۆڤەكان بەڵام كاتێك دەگۆڕێت بۆهەستێكی هەمیشەیی و كاردەكاتە سەر ڕەفتاو هەڵسوكەوتمان دەبێتە نەخۆشی. پرسیارەگرنگەكە ئەوەیە كاتێك هەست بەكەمی دەكەیت دەبێتەپاڵنەر بۆچی؟
ئایا پاڵنەرێكە بۆ:
١.هەوڵدانی زیاتر و كۆشش كردن بۆ زاڵ بوون بەسەركەم و كورتیەكان.
٢.هەست بە بێهیوایی كردن و خۆبەدوورگرتن لەژیان و دەرئەنجام تووشبون بەخەمۆكی.
٣. هەست كردن بەئیرەیی بەرامبەرخەڵكی و هەوڵدان بۆ شكاندن و چەوساندنەوەی دەوروبەر بۆ بەرزكردنەوەی ئیگۆ و خۆبەزلزانین.
٤. توڕەیی وهەمیشە لۆمەكردنی دەوروبەر بۆ شكستی ئەوكارانەی كەپێویستە خۆت بەرپرسیارییەتی هەڵگریت.
كرۆكی بابەتەكە بریتییە لە بوونی (بیرۆكە، ڕەفتار، هەست و سۆز) ی نەرێنی كە باڵی كێشاوە بەسەر ژیانی كەسەكە. 
لەژیانی ڕۆژانەماندا زۆر جۆر لەو نمونانە بەدی دەكەین. تاكە ڕێگەی ڕاست بۆ ڕووبەڕوبوونەوەی هەست كردن بەكەمی بریتییە لە بەكارهێنانی وەك پاڵنەرێك بۆ باشتركردنی خود، بەڵام بەداخەوە ڕێژەیەكی كەم لەخەڵكی بەوشێوەیە كاردانەوەیان بۆی دەبێت زۆربەی زۆر بەهەستی خۆبەزلزانی و هەوڵدان بۆ شكاندن و كەم كردنەوەی نرخی مرۆڤەكان یان بەردەوام لۆمەكردنی كەسانی چواردەورو وبارودۆخەكان مامەڵەلەگەڵ هەستەتایبەتییەكانی خۆیان دەكەن بۆهەست كردن بەباش بوون بەڵام بەوكارە نەك بەردەوام دەبن لەدان نەنان بەكێشەسەرەكییەكان بەڵكو دەبنەمایەی ئازاروناڕەحەتی بۆ دەوروبەر. كەواتە باپێكەوە ڕاڤەیەك بۆ هەست وسۆزەكانمان بكەین دان بەهەڵەوكەم وكورتییەكانمان بنێین هەوڵی باشتركردن وكۆششی زیاتربدەین نەك فەرامۆشكردنی كێشەكە بەخۆبەزلزانین و غروور. 

* پسپۆری نەخۆشی یە دەروونی یەكان