د.هاشم گەردی.. جنێونامە یان دكتۆرای هەیە؟

4 مانگ پێش ئێستا

بەشی توێژینەوەی چاودێر
وەڵامی یەكەم 
لە هەفتەی رابردوودا، بەبێ ئەوەی بەڵگەی قسەیەكی بەڕێز مەلا بەختیار ئاماژە پێ بكەن، كە لە چ وتارێك‌و كۆڕێكدا رەخنەی لە ئیسلام گرتبێ‌، دوو نوسەری ئیسلامگەرا بەناوی (د. هاشم گەردی) و(ماف ناس: عومەر كوێخا عەزیز) دوو وتارۆكەیان، كە كوت و مت لە خۆیان دەوەشێتەوە، لەبەرامبەر بەرێز مەلا بەختیاریان نوسی. خۆزگە، ئەم دوو پاسەوانە بێ‌نەزاكەتەی ئیسلامگەرا، پەرەگرافێك و دەقێك و رستەیەكی مەلا بەختیاریان ئاماژە پێ دەكرد، ئینجا رەخنەیان لێ بگرتایە، ئێستا تێ دەگەیشتین ئەم دوو بەڕێزە بۆچی بەوشێوەیە هەڵچون. میتۆدی رەخنەی زانستیانەش هەر ئەوە دەخوازێ‌، كە دەقی رەخنەلێگیراو، بنوسرێ‌‌و ئاماژە بە سەرچاوەكەی بدرێ‌، پاشان رەخنەی لێبگیرێ‌. واز لەوە دێنین. دێینەوە سەر وەڵامدانەوەو لە بەشی یەكەمدا وەڵامی د.هاشم گەردی دەدەینەوە، كە هەموو وتارۆكەكەی گەرد تێی نیشتووە.
سێ جار وتارۆكەكەی (د. هاشم گەردی) مان ئەمسەر و ئەوسەر كرد. ئێستاش تێنەگەیشتین، ئەم بەرێزە ئایە دكتۆرە، یان تازە چووەتە حوجرەو موستەعیدی دەستی مەلایەكە؟
مایەی شەرمەزارییەكی بێ رادەیە، كەسێك پێشگری دكتۆری خستبێتە پێش ناوەكەی، ئەم هەموو جنێوە وەكو رێچكەی تولە مار، لە كورتە وتارێكدا ریز بكات. جنێوەكانی ئەمانەن: ١-سەرلێشێواو ٢- لەخۆبایی ٣- خۆبەگەورەزان ٤- درۆی ژەهراوی كردن ٥- گەندەڵ ٦- سروشتی تاوان ٧- كاوێژ كار ٨- فەیلەسوفی مولحید ٩- پڕ تەكەتول ١٠- خەڵك رەنجاندن ١١- قسەی حەلەق و مەلەق.
ئەو سوكایەتییە فەرمایشتەكانی ئەم بەڕێزەیە كە بەداخەوە نازناوی دكتۆری هەیە. كە دەبوایە جنێونامەی پێ بدرایە نەك دكتۆرنامە.
هەموو جارێك كە بیر لە هۆكاری ئەو ریزبەندییە دواكەوتووە دەكەینەوە كە زانكۆكانی كوردستان لە دواوەی حەوت هەزار و شەش هەزار پلەی زانكۆكانی جیهاندان، سەرمان سوڕدەمێنێ. تومەزە، لەم جۆرە دكتۆرانەمان هەیە، بۆیە دۆخی زانكۆكانمان ئاوهایە.
پاشان، كێ ئەم هاشم گەردیەی راسپاردووە، جاڕچی جنێوفرۆشی ئیسلامبێ؟ خۆی لە ئیسلام، سەرەرای بڕوانامەكەی، هەر تێ نەگەیشتووە، ئیتر بە چ مافێك قەڵەمی ئاژاوە هەڵدەگرێ و رقی كۆنەپەرستی دەڕژێنێ. خوا لە قورئاندا فەرمویەتی (ئێمە و ئێوە لەسەر رێی راست یان گومڕایی) باشە خوا ئازادی تەنانەت بە گومرایی دابێ، خۆ د.هاشم راسپێردراوی غەیبی، یان ئەسحابە نییە، ئاوها بۆتە دەمڕاستی ئیسلام. ئەویش بە جنێوفرۆشتن نەك بە ئەقڵ رەخنەگرتن! هەرگیز باوكی ئەم د.هاشمە كە مەلایەكی بەرێز بووە، بەم شێوەیە جنێوی بە كەس نەداوە. كەچی هاشم، ئاوی لە كانیاوی پەروەردەی باوكیشی نەخواردۆتەوە.
مەلا بەختیار دەڵێ: خواو قورئان و پێغەمبەر لە دابڕاندا هێڵی سورە. دروشمی سەرەكی دابڕانیش (ئاین بۆ تاك و دیموكراسی بۆ هەمووان) باشە كەسێك خواو قورئان و پێغەمبەر بە هێڵی سور بزانێ و ئاینیش ئازادبێ بۆ تاك.. د. هاشم لەسەر چی دەیەوێ دادگایی بكات؟ خۆبەرێز مەلا بەختیار بە پێی دەقەكانی قورئان نەی وتووە خەڵكینە با گومڕابین، خودای گەورە ئازادی كردووە. بەڵكو وتویەتی: خودا و قورئان و پێغەمبەریش هێڵی سورن.
باسی ئەوە دەكات كە مەلا بەختیار گوایە ملیۆن دۆلاری وەرگرتووە.. گوایە لە راگەیاندن ئەمە باس كراوە.
ئەگەر د. هاشم یەك تۆز شەرمی لە ئیسلام و كەرامەتی مەزهەبی هەبێ، ناچێ بۆ پشتیوانی قسەكانی بوختان بگێڕێتەوە.
 ئەی دكتۆری چەقبەستوو! مەلا بەختیار بۆ ملیۆنێك دۆلار ئامادە نییە یەك تاك پێڵاوی پێشمەرگایەتی بفرۆشێ.. كە گوناحە ئەو پێڵاوە بەراورد بكرێ‌ بە قەڵەمی رزیوی كەسێكی وەكو د.هاشم. ئاخر ئەگەر د. هاشم، لایەنی كەم رێزی لە ئیسلام بگرتایە، بوختان هەڵبەستنی بۆ مەلا بەختیار نەدەكردە بابەتی نوسینەكەی، چونكە بوختان‌و درۆهەڵبەستن، لە شەرع‌و لە یاسای دونیاییشدا، هەتا بە بەڵگەوە نەسەلمێندرێ‌ سزای لەسەرە. بەڵام مرۆڤێكی وەكو هاشم، ئەگەر كەرامەتی كەسایەتیان لەدەست دابێ.. لێیان ناگیرێ، بوختانیش بكەنە بەڵگە. 
لە هەمووی سەیرتر دەڵێ: درۆی ژەهراوی كردنی لەبیر خەڵك بباتەوە.
لێرە د. هاشم، پێ دەچێ لەناو زەلكاودا خەونی بۆقی دیبێ!
ئاخر پڕۆفیسۆرێكی ئەڵمانی، كە لەنەخۆشخانەیەكی بەناوبانگی ئەڵمانیادا بەناوی ڤیڤانتیس، چۆن درۆی ژەهر خواردن بۆ بەرێز مەلا بەختیار هەڵدەبەستێ؟ كە لەكۆنگرەی رۆژنامەنوسیدا، لە نەخۆشخانەكەدا، پرۆفیسۆرەكە رایگەیاند كە بەڕێز مەلا بەختیار دووچاری ژەهرخواردن كراوە. مەلا بەختیاریش بە سەرپەرشتی سەفارەتی عێراق لە بەرلین (١٩) رۆژ لە نەخۆشخانەی ناوبراو لە چارەسەردا بووە. لەو (19) رۆژەدا، سەفیری عێراق‌و نوێنەری حكومەتی هەرێم‌و دەیان دۆست، بە كەناڵی روداوەوە، هاتونەتە خەستەخانەكەو دیویانە بەڕێز مەلا بەختیار چۆن رۆژانە (6) دانە كاتژمێر لەژێر نەشتەرگەری پاك كردنەوەی خوێندا بووە.
ئەم هاشمە.. لەوەش تێناگات كەوا هەموو درۆكردنێك لە پیشەدا.. نەخوازەڵا لە پیشەی پزیشكیدا، تاوانە و سزای لەسەرە. ئەڵمانیەكانیش بەناوبانگن بە سیستەم و دیسیپلین. هەرگیز درۆ بۆ گەورەترین كاربەدەستی خۆیان هەڵنابەستن.. چ جای بۆ بێگانە.
لە كۆتایشدا دەڵێت: روباری رۆشنگەری دابڕان بە خوڕ دەڕوات.. چۆن دابڕان دژی ئیلحادە.. ئاواش بە دژایەتی كۆنەپەرستێكی وەكو د. هاشم گەردی.. ئەو روبارە رۆشنگەرییە، گەرد ناگرێ‌!

تێبینی:
سیڤی سیاسی د.هاشم گەردی
د.هاشم، لەدوای راپەڕینەوە یەكێتی بووە. پلەی بە هێزی تەكەتول گەیەندرایە كارگێڕی كۆمیتە. داوای دەكرد بكرێتە كارگێڕی مەڵبەند، شایەنی نەبوو بۆیان نەدەكرد. رقی خۆپەرستی هەستاو كەوتە ناو بزوتنەوەی گۆڕان. شادڕەوان نەوشیروان وایزانی پیاوێكی ژیرەو دەیویست كاندیدی بكات بۆ وەزیری ئەوقاف. بەڵام كە بۆی دەركەوت كەسێكی كەللە وشك‌و كەمزانە.. لە كاندید لایان برد. كە لابرا، جارێكی تر رقی خۆپەرستی بەرچاوی گرت‌و هاتەوە ناو یەكێتی، بەڵام وا دیارە، پاشماوەی پەروەردەی گۆڕان بەری نەداوە.. بۆیە بەهەمان هەناسەی سیاسەتی گۆڕان رەخنە دەگرێ‌‌و بیر لەوە ناكاتەوە كە یەكێتی بوون جیاوازە لە سیاسەتی لیبراڵی ناو گۆڕان!!