مــرۆڤی تاك ڕەهـەند..

4 مانگ پێش ئێستا

شەماڵ بارەوانی
بەرلەوەی قسە لەسەر مرۆڤی تاك ڕەهەند بكەم، سەرەتا دەمەوێ ئاماژە بۆ ئەوە بكەم كە بنەمای شارستانیەت و گەوهەری ژیان قبوڵكردنی جیاوازیەكان و ڕێزگرتنە لەئەویترو سیمای مرۆڤ بوونیشمان باوەڕبوونە بە فرەیی (پلورالیەت)، هەر جڤات و كۆمەڵێكیش ڕێگری لە فرەیی بكات و دژی جیاوازییەكان بێت و ئازادییەكانی تاك لەقاڵبی بیرو تێگەیشتن و مەزهەب و ئیدەلۆژیایەكی دیاریكراو بدات و گەمارۆ بخاتە سەر حەزو خواست و هەڵبژاردنی مرۆڤەكان،جا بەهەرناو پاساوێك بێت، ئەوە بێ گومان كۆمەڵ و جڤاتێكی بۆگەن و داعشگەراو دیكتاتۆرو تاكڕەهەندو نەخۆش و ناتەندروست دەبێت، ئینجا بابێینەوە سەر مرۆڤی تاك ڕەهەند،بێگومان من لەو سۆنگەیەوە باس لەو تاكڕەهەندیە ناكەم كە  گەورە فەیلەسوف و بیرمەندی ناوداری ئاڵمانی هێربرت ماركۆز باسی لێودەكات لەكتێبەكەیدا(مرۆڤی تاك ڕەهەند)و وەكو ئەمیش سیستەمی كاپیتاڵیزم و سەرمایەداری بە بەرهەم هێنان و دروست بوونی ئەو جۆرە مرۆڤە تاك ڕەهەندەی كە من لەبارەیەوە دەپەیڤم تۆمەت بارناكەم، بەڵكوو ئەو مرۆڤە تاك ڕەهەندەی من لەبارەیەوە دەدوێم، مەزهەب و فیقهێكی كلاسیكی و كۆمەڵێك دۆگمی كۆنی بەر لەهەزار ساڵە بەرهەمی هێناوەو دروستیكردووەو دەكات.

ئەو تاكڕەهەندیە پەتاو نەگریس و نەخۆشیە كوشندەیەیەی كەمرۆڤ توشی دەردی كوێرەوەری لە بینین و نەخۆشی ڕوانین دەكات، مرۆڤی تاك ڕەهەند و ‏تاك ئاڕاستە، ئەو ئەوكەسەیە، لەیەك ئاڕاستەو ڕەهەندەوە لەشتەكان دەڕوانێت و ناتوانێت لەدیدەنیگایەكی پلورالیستانەو مرۆڤ دۆستانەو فرە ئاڕاستەو فرە ڕەهەندانەوە، هەڵسەنگاندن و  خوێندنەوە بۆ دیاردەكان بكات و لەژیان و دەوروبەر بڕوانێت، لەڕوانینی مرۆڤی تاكڕەهەندا هەموو شتێك بەسەر دوو بەرەدا دابەشكراوە، بڕوادارو بێ بێ بڕوا، ڕەش و سپی، پاك و پیس، بەهەشتی و دۆزەخی، حەقیقەتی ڕەهاو پوچی ڕەها، یەقینی سەروگومان و ڕاستی ڕەها، هەڵەی پەتی و ناڕاستی ڕەها، مرۆڤی تاك ڕەهەند مرۆڤێكی ڕاسیزم و دەمارگیرەو جگە لەخۆی هەموو ئەوانەیتر بەهەڵەدادەنێت و لەڕوانگەیەكی نا ئەخلاقی و نزم و نامرۆڤانەوە لەوانیتر دەڕوانێت، مرۆڤی تاك ڕەهەند تەنها باوەڕی بە ڕەهەندێك، بەئایین و ئایدیۆلۆژیاو مێژوو و مەزهەبێك، بە تێگەیشتن و میتۆلۆژیاو گێڕانەوەو خوێندنەوەیەك و دیوێكی حەكایەت و چیرۆك وحەقیقەت و دیاردەو شتەكان هەیە، مرۆڤی تاك ڕەهەند مرۆڤێكی سەتحی و ڕوكەشگەرایەو بەقوڵی ناچێتە ناو كرۆكی بابەتەكان و فەلسەفەی شتەكانەوە،مرۆڤی تاك ڕەهەند ناتوانێت بەرگەی بینینی جیاوازییەكان بگرێت، ئەو مرۆڤێكە بەفرەیی دەماری تاك ڕەهەندی دەگیرێت و بەبینینی جیاوازییەكان زۆر قەڵس دەبێت،مرۆڤی تاك ڕەهەند لە ڕوئیایەكی تاریك و پەنجەرەیەكی زۆر بچوك و گۆشەنیگایەكی گەلێك تەسك و داخراو تاك ڕەهەندەوە، لەژیان و دەوروبەرو مەردم و گەردوون و دیاردەكان دەڕوانێت، یەكێك لەخەسڵەتی مرۆڤی تاك ڕەهەند ئەوەیە، دەست لەژیانی تایبەتی مرۆڤەكان وەردەدات،مرۆڤی تاك ڕەهەند مرۆڤێكە لەگەڵ وەهم و خۆشباوەڕی و خەیاڵدا دەژیت، مرۆڤی تاك ڕەهەند مرۆڤێكی لوتبەرزو بەخۆبەزلزان وخۆبەحەقزان و خۆسەپێنەو هیچ كاتێك باوەڕی بە فرەڕەهەندی و جیاوازیەكان نییەو دایمە هەوڵدەدەت ڕاو بۆچوونی هەموو ئەوانەیتر لەبۆتەی تێگەیشتنی خۆیدا بتوێنێتەوەو سەراپای جیاوازییەكان بسڕێتەوە و هەموو شتێكی ئەوانیتر بەرزەڤت و كۆنتڕۆڵ بكات، هەموو دەنگێكیتری جیاوازو ڕەنگێكی تری دەرەوەی بازنەی ڕەنگەكەی خۆی بخنكێنێت و لەناوببات، مرۆڤی تاكڕەهەند دەیەوێت ئازادی ئەوانیترو هەموو خەڵكیتر لەقاڵبی ئایدیۆلۆژیاكەی خۆی بدات و هەموان بە ستایلی ئەو ژیان بكەن و بەپێی دۆكترین و ڕوانین و دۆگمەكانی ئەو بجوڵێنەوە، ئێ باشه بابای تاكڕەهەند بۆ دەبێت من بەچاوی تۆ ببینم و بە ئەقڵی تۆ بیربكەمەوەو بەپێیەكانی تۆ ڕێبكەم!

منیش وەكو تۆ مرۆڤ نیم؟ 
مافی ژیانكردن و هەڵبژاردن و بیركردنەوەو بڕیاردانم نییە؟ 
تۆ بەچ مافێك دەست لەژیانی من وەردەدەیت و بڕیار لەسەر ژیانی من دەدەیت و خۆت لە ئازادییەكانی من هەڵدەقورتێنیت؟! 
بەچی مافێك ناچاری گوتنی قسەیەك و ئەنجامدانی كارێكم دەكەیت كەبڕوام پێی نییەو نامەوێ بیڵێم و بیكەم، بەچ مافێك دەمامكی دوو ڕووییم پێ دەبەستیت و لێم ناگەڕێیت، كە واو  بە دڵی خۆم بژیم كەخۆم دەمەوێت، نەك وەك ئەوەی تۆی تاك ڕەهەند دەتەوێت و میزاج دەكەیت، ئاخر بە ماچ مافێك ژیانی خەڵك دەكەن بەژەهری مارو خەڵك ناچاردەكەن لەترسی ئێوەو لەبەر شمشێرو دۆزەخ و جنێو لۆمەی ئێوە، لەڕووی ئێوەدا بەڕووێك بژیت و لە پشت ئێوەش بە ڕووێكیتر!

لێگەڕێن بەخەڵك ئازاد بێت و بەو شێوەیە بژیت و ژیان بكات كە خۆی دەیەوێت و بڕواو قەناعەتی پێیەتی،نەك وەكو ئەوەی بیرو باوەڕەكەی تۆو ئایدیۆلۆژیاكەی تۆو مەزهەب و میزاجە تاك ڕەهەندیەكەی  تۆ دەیخوازێت، بەسە خەڵكی بكەن بەدوو ڕوو دەبڵ مۆڕاڵ،ئەخەر ژیان و ئازادییەكانی هەر كەسێك و تایبەتمەندی و خولیاكانی هەر مرۆڤێك، هێڵی سورەو كەس بۆی نییە هەرگیز بڕواتەناویەوەو سنور بەزێنی بكات و بێ ڕێزی بنوێنێت و مرۆڤ بوونی مرۆڤ و ئازادیەكانی پێشێل بكات.

ئەزیزم تۆ ئازادی بڕۆیتە مزگەوت و منیش ئازادم بڕۆمەكافتریاو ئەویتریش دەبێت ئازاد بێت بڕواتە باڕو یانەی شەوانە ، یان نەڕوات بۆ هیچ یەكێك لەو شوێنانە، ئەوەیە دیموكراسیەت و مرۆڤایەتی، ئەوەیە فرەیی و یەكترقبوڵكردن و ڕێزگرتن لەپێكەوەژیان و چەمكی ئاشتی كۆمەڵایەتی، كاكە خۆبەزۆرو سیستەمی داعشگەرێتی و حوكمی قەرەقوش و سەردەمی نیاندەرتاڵەكان نییە ،خەڵكێك نایەوێت بێتە پەرستگاو نوێژبكات و حەزی بە كافتریاویانەو باڕو سەمایە، بەتۆ چی؟ تۆ چ حەقێكت هەیەو بەچ مافێك خەڵكی ناچاردەكەیت دەستبەرداری حەزەكانیان بن و تەنها ئەوە بكەن كە تۆ دەتەوێت و حەزی پێدەكەیت و میزاجی دەكەیت!سەیرە!!
ئەزیزم دەزانی ئەوە لوتكەی بێ مۆڕاڵی و بێ ئەخلاقی و داعش بوونە ئەوەی تۆ دەیكەیت؟!

جا لەهەمووی سەیرترو مەهزەلەترو نوكتەترو خۆشتر، لەو ماوەیە لەیەكێك لەكەناڵە ئیسلامگەراكان بینیم، گەنجێگ خۆی وەكو بانگخوازو شت دەناسێنێت و لاسایی حەسەن بەنای ئیخوانی دەكاتەوەو ڕۆشتوەو لەیەكێك لە كافتریاكان ئەو جەوەی ئەوێی لەو هەموو خەڵكەی تێكداوەو دەستی كردووەو بەگوتارو وەعزی ئایدیۆلۆژیایانەو ئیسلامگەرایانەو گەنجەكانی ئەوێش هەمووی فیت و هۆڕی جگەرەیەتی و خەریكی بەباكردنی دووكەڵ و نێرگیلەكێشانن و بە سیماو ڕوخساریانەوە دیارەو وەك ئەوەی بەزمانی ئاماژە بڵێن كاكە بۆخاتری خوا بۆ وازمان لێ ناهێنیت و بەس نییە لەكەناڵ و مزگەوتەكانتان و لەهەموو  شوێنێك شەوڕۆژ هێرش دەكەنە سەر ئازادی و حەزو مافەكانمان و هەموو جیاوازییەكان، لێرەش لێمان ناگەڕێن، هەربەجدی گەر ئێمە تاقەتی ئەو بەزمەی تۆمان هەبێت، ئێمە لێرە چیدەكەین و بۆخۆمان نازانین بێین بۆ كۆڕۆ كۆبوونەوەی حیزبی و مزگەوتەكانتان و گوێ لەوتارو وەعزی بانگخوازو مەلا ئیسلامیەكانتان بگرین، چی پێویست دەكات تۆی تاكڕەهەند و تۆتالیتارو پۆپۆلیست بێیت و خۆت لێرە عەرزكەیت و خۆتمان بەسەردابسەپێنیت و فیكرەو تێڕوانینە تاكڕەهەندەكەی خۆت فەرزكەیت و كەشەكەمان لێ تێك بدەیت و ئازادی و مافمان پێشێڵ كەیت!

ئەزیزم ئێرە كافتریایە، نەك مزگەوت، بڕۆ تۆ ئازادی لە بارەگای حیزبەكەت و لق و ڕێكخراوە ئیسلامیەكەت و مزگەوتەكەی خۆت چی دەڵێیت بیڵێ،تكایە هەرهێندە لەئێمەش بگەڕێن لەكافتریاكەی خۆمان و لەجەوی خۆمان با بەدڵی خۆمان بژین، كاكە پیرۆزتان بێت خۆ خەریكە دارو بەردیش دێن بۆ مزگەوت و ئێمە هیچ ناڵێین، بەڵام بۆ دوو گەنج بڕواتە باڕێك و گەنجێك بێتە یانەیەكی شەوانەو چوار گەنجیتر بڕوات بۆكافتریایەك، ئێوە قیامەت و حەشر هەڵەسێنن و لەپاڵ نیشانەكانی ئاخیرزەمان ڕیزمان دەكەن و بە بێ ئەخلاق و سەرلێ شێواو وەسفمان دەكەن و لەپێش چاوی كۆمەڵ و مێگەڵدا، ڕیسواو  بە دڕندەو دەعباو ناشیرینمان دەكەن!

ئاخر ئێمە قسە بۆ كێ دەكەین و خۆمان لەگەڵ كێ ماندو هیلاك دەكەین، لەكاتێكدا بابای تاكڕەهەند واحاڵی كراوە، كە هەموو حەقیقەتەكان لای ئەمەو هەرچی چاكەو بەهەشت و ڕاستیە،بەتەنها مولكی ئەوەو ئەوەیتر هەمووی لادەرو سەرلێشێواو ناڕاست و دۆزەخییە! ئاخر من چۆن ئەو جۆرە عەقڵیەتە تێبگەیەنم بابه تۆلەسەردەمی پلورالیەت و دیموكراسیەت و گڵۆپاڵیزەیشن و مۆدێڕنێتەدادەژیت، نەك سەردەمی ئەشكەوت و پێش مێژوو و بەر لەهەزاران ساڵ، دواتر ئێرە كوردستانە، نەك ئەفگانستان و داعشستان، ئێرە شوێنی جیاوازیەكان و پێكەوەژیان و فرەیی و یەكترقبوڵكردنەو دەبێت ئەوەت قبوڵ بێت، لەبەرامبەر هەر پەرستگایەك، كتێبخانەیەك ویانەیەكی شەوانەو كافتریاو باڕێكیش هەبێت.

لەبەرامبەر هەر بڕوادارو ئاییندارێك، ئەتایست و ئەگنۆستیك و لائیكێكیش هەبێت،لەبەرامبەر هەر موسڵمان و بابایەكی ئیسلامی سیاسی و سەلەفی گەرایەكیشدا، جو، ئێزدی، مەسیحی، بەهایی،زەردەشتی و كاكەیی و بودیەكیش هەبێت،لەبەرامبەر هەر مزگەوتێك، ئاتەشگایەك، كلێسایەك، مەعبەدو لالشێكیش هەبێت،وڵات تەنها مولكی ئایینكی دیاریكرا و تاپۆی باوكی تاقە مەزهەبێك نییەو هیچ كەسێكیش ئەو مافەی نییە خۆی بكات بەدەم ڕاست و شمشێرو سێبەری خوداوەندو  نوێنەری حەقیقەت و بەناوی ژیانەكەی ئەملاو ئاسمانەوە، ژیانی سەر زەوی و خۆشیەكانی ئێرە لەخەڵكی بكات بە جەحندەم و زقنەبووت و قوزەڵقورت.

هیچ كەسێك بۆی نییە بەناوی هەموانەوە قسەبكات و بەناوی ئەخلاقی گشتییەوە ،ڕێگری لەئازادیەكانی تاك بكات،
ئەزیزم زۆرینە ناكرێت خۆی بەسەر كەمینەو جیاوازیەكاندا بكات بەكەڵەگاو زۆر تاكڕەهەندانەو فاشیستانە،دیدەنیگاو مەزهەب و ئایینی خۆی بسەپێنێت، ئەزیزم  كاكە تاك ڕەهەندگیان ئیترتێبگە كرۆكی دیموكراسیەت و جەوهەری مرۆڤ بوون، قبوڵكردنی جیاوازیەكان و ڕێزگرتن و حیسابكردن و ڕەچاوكردنی خواست و حەزو ئازادی و خولیاكانی ئەوانیترە...