لاساییكردنەوە

4 مانگ پێش ئێستا

ڕێبین ئەحمەد رەشید
لە بیركردنەوەی مندا ناشیرینترین شتێك كە مرۆڤێك بتوانێت بیكات ئەوەیە بەزۆر بیەوێت لاسایی شكڵ و شەمائیل و هەڵسوكەوت و جوڵەی كەسێكی دیكە بكاتەوە، بەتایبەت كاتێك كەسەكە خۆی لە بوونی خۆیدا خاوەی كەسایەتیی و دید و بوونێكی گەورەترە لە كەسی لاساییكەرەوە. 

هەرگیز تەماشای ئەو كەسانەت كردووە كە دەیانەوێت وەك مامجەلال بە پەنجەكانیان هێمای ڕزگاربوونی پارچەیەكی كوردستان دروستبكەن بەوەی پەنجەی شایەتومان و دۆشاو مژە ناوەڕاست و پەنجەگەورەیان دەگرن و پەنجە توتەتەیان بەرەڵا دەكەن؟ چیت بۆ دروست دەبێت؟ پێت وایە هاوشێوەی تاڵەبانی لەمانیش دێت؟ یا لاساییكردنەوەیەكی ڕەكیك و بێجێیە؟

ئەم باسە زۆر گرنگ نییە، بەڵام دەستكەلایەكی چاكە بۆ ئەوەی بەندە كایەیەكی نوێی پێ دەست بكەم كە مەبەستمە. تەماشای شتێك بكە لە نێو موسوڵمانان كە بەناوی سوننەت بڵاوە. لە دیدی هەر موسوڵمانێكدا هەر شتێك پێغەمبەر ئەنجامی دابێت لە خواردن بۆ شێوازی چوونە توالێت، لە هەڵسوكەوتی نێو مزگەوت بۆ بازاڕ و كۆڕ و كۆبوونەوەكان، لە جەنگ و غەزاكان بۆ مەراسیمی سوڵح و عەقد و نیكاح بە سوننەت دادەندرێت. 
ئەوەندەی من فیقهی سیرەی پێغەمبەر "د.خ" شارەزا بم هەموو شتەكانی ژیانی ئەو حەزرەتە سوننەت نین، بەشێكی ژیانی ئەو مرۆڤە كامڵە ژیان و ڕۆتینی ڕۆژانەی دووبارەبووەوەی ژیانە تایبەتەكەی خۆین.
فەرەزی مەحاڵ گەر هەموو هەڵسوكەوتێكیشی سوننەت بن ئەوا ئەو كار و كردوانەی ئەو لە ناخی خودی خۆیەوە هەڵقوڵاون و لێی هاتووە. لە شێوازی ڕێگاكردن، قسەكردن و ئادابی نانخواردنی تا شەونوێژ و ڕازونیازەكانی لەگەڵ حەق تەعالا تەواوی خۆیی بوون و بەهیچ جۆرێك كۆپی كەسێكی دیكە نەبووە. هەر ئەم لەخۆبوونەشی نهێنیی جوانییەكەی بووە. سەرباری ئەوەش زۆری لەكەس نەكردووە وەك خۆی هەڵسوكەوت بكات، نانبخوات و جل بپۆشێت. ئەو كۆپییەكی ڕەسەن و چاكی خۆی بووە نەك كەسێكی دیكە. ڕێك وەك ئەو بیرە ئاوەی كە خۆبەخۆ دەگاتە ئاو و ئاوەكەی لەهەناوی خۆیەوە هەڵدەقوڵێت و دەیداتە دەرەوەی خۆی.

ئەمڕۆ لەنێو موسوڵماناندا و بەتایبەتی ئەهلی زاهیر و هەڵگرانی مەشرەبی وەهابیزم زۆرترینی دین و ئیمانیات بووە بە لاساییكردنەوەیەكی بێلەززەتی ڕوكەش و ڕووكاری ئەو حەزرەتە. هەموو دیبەیتەكە لەسەر ڕیش و پانتۆڵی كورت و شێوازی چونە توالێت كورت كراوەتەوە. لەكاتێكدا ڕازونیاز و شەونوێژ و خەڵوەتەكانی ئەو حەزرەتە لەگەڵ خودای خۆی نادیدە دەگیردرێت و كەس تەنانەت بە ئاماژەیەكیش باسی لێوە ناكات. گریمان ئەم قسەیەی ئەمان بەناوی سوننەت ڕاستەو دەبێت هەمو موسوڵمانان پانتۆڵی كورت لەپێ بكەن، ئادابی توالێت ڕیعایەت بكەن، بەدەستی ڕاست نانبخۆن، بە سێ قوم ئاو بخۆنەوە،  ...هتد قەت بیرت لێكردوەتەوە چەندە ناشیرینە شتێك كە  لەهەناوی خۆتەوە هەڵنەقوڵابێت و تۆ دێیت لاساییەكی كوێرانەی دەكەیتەوە لەكاتێكدا هیچ شتێك لەناخدا نییە پاڵت پێوە بنێ وا هەڵسوكەوت بكەیت؟ ڕێك وەك ئەو بیرە ئاوەی كە خۆی لەخۆدا هیچ ئاوێكی نییەو تۆ دێت لە دەرەوە دەتەوێت هەناوی پڕ لەئاو بكەیت بەڵام ئەو هەرگیز پڕنابێت و هەمووی دەدزێت چونكە لە ئەساسەوە هەناوی خۆی ئیشك و بێئاوە. زۆرترین باسەكانی ژیانی پێغەمبەر باسی ڕۆژەكانێتی كەس لەبارەی شەوەكانییەوە هیچ ناڵێت، لەكاتێكدا شەوەكانی بە نەسی قورئان لەڕۆژەكانی ڕوناكتر بوون، شەش حەوت جەنگ گشتێنراوە بەسەر هەموو ژیانی ئەودا، لەكاتێكدا مامەڵە كۆمەڵایەتییەكانی لەڕووی ژمارە و چۆنێتیشەوە لەو جەنگانەی تێیدا بەشدار بووە گەورەتر بووە.

بەجێهێنانی سوننەت واتە گەیشتنی ناوەكی خودی خۆت بەهەموو ئەو خاڵانەی كە حەزرەتی موحەمەد لەناخی خۆیدا پێی گەیشتووە و دواتر جێكەوتی دەرەكیی لەسەر ژیانی ئەو داناوە و خەڵك لە ڕەفتار و ئاكاریدا دیویانە، نەوەك لاساییكردنەوەی تووتی ئاسا. مەولەوی تاوگۆزیی لە عەقیدەی مەرزییەدا پێی وایە مادەم ئەو توانیوێتی بچێتە میعراج ئەوا دەبێت هەموو ئیماندارێك میعراجێكی وەك ئەوەی ئەوی هەبێت. سوونەت لەمسەرەوە بۆی دەڕۆێیت و لەوسەرەوە خۆنەویستانە ئەنجامەكەی لە ئاكار و ئەخلاق و خواردن و پۆشین و هەڵسوكەوتدا دەردەكەوێت، نەوەك لەوسەرەوە بمانەوێ وەك لاساییكەرەوەەكی ناشیرین  بەجێی بهێنین و لێشمان نەیەت.

لەژیانی ڕۆژانەدا دەستنووسێكی خراپی خۆمان بین باشترە لەوەی  كۆپییەكی چاكی خەڵك بین. شەرت نییە هەموو ژیانمان بەگوێرەی دین و سوننەت بڕۆن بەڕێوە، بەڵام شەرتە هەڵسوكەوتی دەرەوەمان ئاوێنەی نێو ناخمان بێت و پارادۆكیس نەبن، زۆر شت هەن لەژیانی ڕۆژانەدا پەیوەندی بە دینەوە نییە، گەر بارێكی لەخۆی زیاترمان خستە سەر شانی دین، ئەوا لەسەر حسابی ئیمانەكە دەبێت و ئەو دینەی لێدەردەچێ وەك ئەوەی ئەمڕۆ خۆی لە بكەو مەكەی حەرام و حەڵاڵێكی فەرعییدا  دەبینێتەوە و بێ ڕۆح و بێ عیشق وشك هەڵدەگەڕێت.