بەرهەم ساڵح چی دەوێ؟

4 مانگ پێش ئێستا

كەمال چۆمانی
لەدوای مردنی جەلال تاڵەبانییەوە، بەرهەم ساڵح هەر چوار ساڵ جارێک بیریدێتەوە کە یەکێتییە. ئەگەر یەکێتییش ئامادەنەبو ئەو پۆستەی پێبدا، یان <<ناوەندی بڕیار>> دروستدەکات یان <<هاوپەیمانیی بۆ دیموکراسی و دادپەروەری>>. 
بەرهەم ساڵح جارێکی تر بەتەمایە ببێتەوە سەرۆک کۆمار، بەڵام بونی بە سەرۆک کۆمار و نەبونی بە سەرۆک کۆمار چی لە رەوشی کوردستان و سیاسەت و خودی بەرهەم ساڵح دەگۆڕێ؟
هیچ.
ئایا هەر بەڕاستی بەرهەم ساڵح دەیەوێت ببێتەوە کاندیدی یەکێتی لە کاتێکدا ئەمڕۆ یەکێتی لە هەر رۆژێک زیاتر لەلایەن بنەماڵەی تاڵەبانی کۆنترۆڵ کراوە و ئەوە بەرهەم ساڵح نییە دەبێتەوە سەرۆک کۆمار، ئەوە بافێڵ و قوبادن لە کۆڵ یەکێتی دەکەنەوە چونکە ترسیان هەیە ئەگەر نەکرێتەوە سەرۆک کۆمار لەگەڵ ناڕازییەکانی یەکێتی و گۆڕان رێکبکەوێت و ببێتە لەمپەر لەبەردەم پیلانەکانی ماڵی تاڵەبانی.
ئەی کەواتە بەرهەم ساڵح دەتوانێت چی بکات ئەگەر سەرۆک کۆمار نەبێ؟
هەرکەسێک دەتوانێت شتێک بکات، بەڵام ئایا ئەو کەسە دەیەوێت چی بکات و چی دەوێت لە ژیانی سیاسیی خۆیدا؛ پۆست یان گۆڕانکارییەکی ریشەیی بە ئاراستەی دیموکراسیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوریی. بەرهەم ساڵح تا ئێستا پۆستی ویستوە. 
ئەو رۆژەی بەرهەم ساڵح واز لە پۆست دێنێت و بڕیاردەدات لەگەڵ پڕۆژەیەک بێت کە گۆڕانکاریی ریشەیی بە ئاراستەی دیموکراسیی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی و ئابوریی ئامانجی بێت، دەتوانێت جێیەکی باش لە کوردستان بگرێت و رێز بۆ خۆی بگێڕێتەوە، بەڵام بەو شێوازەی ئێستای، بشبێتەوە سەرۆک کۆمار، هەر دەبێت بگەڕێتەوە سەری رەش و دەباشان بۆ جێبەجێبونی ویست و سیاسەتەکانی.

 

 

*وتارەكانی روانگە و رەخنە گوزارشت لە بۆچونی نوسەرانی دەكات