بت و پەیكەر

4 مانگ پێش ئێستا

ئەحمەدی مەلا
كاتی خۆی شتێكی كورتم نووسی، با لێرە دووبارەی بكەمەوە. ئیسلام لە كۆمەڵگەی بتپەرستان سەریهەڵدا، ئەمە وەنەبێ ئاین و بیروباوەڕی دیكەش نەبووبن، بەڵام پێی دەچێ بتبەرستی ئاینی زاڵ بووبێ.

بت، هەیكەلێكە، لەبەرد، لە دار، لە قوڕ دروست دەكرێ وەكو نێوەندگەرێك لە نێوان خودا و بەندەدا. دواتر، كە ئیسلام دەیەوێ بتپەرستان بهێنێتە سەر ئاینی تاكخودا، وەكو ئاینی جوو و مەسیحییەكان، مەحەمەدی پێغەمبەر هەموو هەوڵێك دەدا تا كەعبە لە بت پاكبكاتەوە و جاڕ بۆ یەك خودایی لێ بدات، پەنابردن بۆ چیرۆكی ئیبراهیم _ بە گێرانەوەی قورئان- هەمان كردە دووبارە دەكرێتەوە. جەدەلی نێوان پاراستی وێنە "ئیكۆن" و حەرامكردنی لە ناو مەسیحییەكانی سەدەی چوارەمیشدا بەرپا بوو كە دواتر بەرەی قبوڵكەرانی وێنە بردیانەوە. كەچی ئەمڕۆ، مەسیحییەكان وێنەكان ناپەرستن.

كەواتە، هەموو پەیكەرێك دەبێت بە بت ئەگەر بێت و بە نیازی پەرەستن بەكارهات، هەموو بتێك دەبێتە پەیكەر ئەگەر هات و بۆ مەبەستی دیكە بەكارهات "هونەری، یاری" یا هەر مەبەستێكی دیكە.

ئەمڕۆ، لە جیهانی ئێمەدا، پەیكەرتاشی هونەرمەندی وا هەن، دەتوانن دەقاودەق لاسایی وێنەی واقیعی بكەنەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی بە مەبەستی پەرستن دروست ناكرێت، ناكرێت وەكو بت تەماشا بكرێت.

بتپەرستی لە كۆمەڵگەی ئیسلامییدا نەما، واتە بە شێوەیەكی ئۆتۆماتیكییش بتیش نامێنێ، كەواتە تێكڕای ئەو دەقە ئاینییانەی كە وێنە/پەیكەر هتد قەدەغە دەكەن، وەك بەفری ژێر هەتاو دەتوێنەوە.

شەقتێهەڵدان لە بوكە بەفرینەیەك بە ناوی لە ناو بردنی شیرك و بتپەرستی، تەنها تێنگەیشتنێكە و هیچی دیكە. بە تایبەتی بوكەبەفرینەیەك كە لەبەفر دروستكرا بێ كە هەر لە خۆیەوە دواتر دەتوێتەوە. با دەیان دەقیشمان هەبێ لەو بوارە. دەق نامێنێ ئەگەر كۆنتێكست/سیاقەكەی نەما.