ئالودەبوون بە ئینتەرنێـت

8 مانگ پێش ئێستا

س: دەرونناسی
ئالودەبوون بە ئینتەرنێـتەوە (پێناسە، جۆرەكانی، نیشانەكانی، هۆكارەكان، كاریگەریەكانی، چارەسەرەكان):
ئالوودەبوون چیەو بەچی دەوترێت؟ 
كێ‌ یەكەمجار وشەی ئالوودەبوونی بۆ ئینتەرنێت بەكارهێنا؟ 
ئەی ئالوودەبوون بەئینتەرنێت چیە و جۆرەكانی چین؟ 
چۆن بزانم ئالوودەی بەكارهێنانی ئینتەرنێت بووم یان نا؟ 
هۆكارەكانی ئالوودەبوون بە ئینتەرنێت چیە؟ 
نیشانەكانی چین؟ 
كاریگەریە خراپەكانی ئەم دیاردەیە چیە؟ 
چیبكەم تا بتوانم خۆم لەم جۆرە ئالوودەبوونە ڕزگاربكەم؟ 

یەكەم كەس كە زاراوەی ئالوودەبوون بەئینتەرنێتی بەكارهێنا زانایەكی ئەمریكی بواری زانستی دەروونناسی بوو بەناوی (كیمبرلی یونگ) كە یەكێكە لەو یەكەمین كەسانەی كەلەسەر ئەم دیاردەیە توێژینەوەیان ئەنجامداوە . 
زانایان لە پێناسەكردنیان بۆ وشەو دیاردەی ئالوودەبوون ڕاوبۆچوونی جیاوازیان هەیە، هەندێك لە زانایان دەڵێن ئالوودەبوون یان خووگرتن تەنیا بۆ ئەو كەسانە دەگونجێ‌ بەكار بهێنرێ‌ كە مادە هۆشبەرەكان بەكاردەهێنن دواتر ناتوانن دەستبەرداری بەكارهێنانی ئەو مادەیەببن و دووبارە بەكاری نەهێننەوە، یاخود ئەگەریش ویستی واز لەبەكارهێنانی بێنێت ئەوا توشی زۆركێشەو گرفتی دەروونی و جەستەیی دەبێت . 
لەلایەكی ترەوە هەندێكی تر لەزانایان ڕایان وایە كە ئالوودەبوون و خووگرتن كارێكە مرۆڤ ناتوانێ‌ دەستبەرداری ببێت، هەندێكی تریش لەزانایان ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە دەگەڕێننەوە بۆ حاڵەتێكی تیۆری لە بەكارهێناندا كەئەمەش دەبێتە هۆی دروستبونی لادان لەڕەفتار و هەڵسوكەوتدا، دیاردەی ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە دیاردەیەكی بەربڵاوی جیهانیە و لەزۆربەی زۆری كۆمەڵگاكاندا ئەم دیاردەیە بەدی دەكرێ‌ ئەویش بەهۆی پێشكەوتنی ئەو كۆمەڵگایە لەڕووی تەكنەلۆجیای زانیاری و زۆربوون و هەرزانی ئامێری كۆمپیوتەر و تۆڕی ئینتەرنێت لە ماڵ و فەرمانگەو شوێنەكاندا . بەشێوەیەكی گشتی دەتوانین بڵێین كە ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە واتا بایەخدانی تاك بەبەكارهێنانی تۆڕی ئینتەرنێت بەڕادەیەك زۆر زیاد لەئاستی سروشتی و نەتوانینی زاڵبوون بەسەر خوددا بۆ وازهێنان لێی و بەسەربردنی زۆرترین كات بەو هێڵەوە .

بۆزانینی ئەوەی ئایا تۆ گیرۆدەی ئالوودەبوون بوویتە بە ئینتەرنێتەوە ئەوا ئەم چەند پرسیارە بخوێنەرەوە و پاشان وەڵامیان بدەرەوە ئەوكات دەزانی تۆ گیرۆدەی یان نا :
1- ئایا لە كاتی خۆتت بەفیڕۆداوە بەهۆی ئینتەرنێتەوە؟
2- ئایا ئینتەرنێت زیاد لەو كاتەی لێت گرتووە كەلەگەڵ ماڵ و منداڵ و خێزانتدا بەسەری دەبەی؟
3- ئایا ئینتەرنێت بووەتە هۆی ئەوەی گرفتێك یان ناكۆكیەك لەنێوان تۆو خێزانەكەت دروست بكات؟
4- ئایا توشی درۆكردن بووی بەرامبەر هاورێ‌ یان خێزان و خاوەن كارەكەت بەهۆی زۆر بەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە؟
5- ئایا ئەو كاتانەی لەسەر ئینتەرنێتی گرانی دەبینی لە وازهێنان لێی تەنانەت ئەگەر خەوتیش بێت یان ماندوو بیت؟
6- ئایا ئەو كاتانەی واز لەئینتەرنێت دێنیت و كۆمپیوتەرەكەت دەكوژێنیتەوە زۆرحەز بەگەڕانەوە دەكەی بۆی؟
7- ئایا بیرو هۆشت لای ئینتەرنێتە ئەو كاتانەی كەخەریكی خوێندنی یان كاركردن یان لەگەڵ كەسانی خێزان و هاوڕێكانتدای؟
8- ئایا هەست دەكەی كە تۆ لەئینتەرنێتەوە زیاتر لەدەوروبەرەكەت ڕێزت لێدەگیرێ‌؟
9- ئایا ئینتەرنێت كاریگەری هەبووە لەسەر خەوتن و خواردنت؟
10- ئایا ئینتەرنێت یەكەم شتە پەنای بۆ دەبەی لەكاتی لەخەو هەستان یان گەڕانەوەت بۆ ماڵ؟
11- ئایا ئینتەرنێت بوەتە هۆی لاوازكردنی ئاستی بەدەستهێنانت لە خوێندن و كاركردندا؟
12- ئایا هەست بەپەشیمانی دەكەی دوای ئەوەی كاتێكی زۆر بەبەكارهێنانی ئینتەنێتەوە بەسەردەبەی؟
13- ئایا باسی خۆت بۆ كەسانی دەوروبەرت دەكەی لەزۆر بەكارهێنانی ئینتەرنێت لەوەی گوایە ئینتەرنێت شوێنی چالاكی و بۆنە كۆمەڵایەتیەكانە .
ئەگەر زۆربەی ئەم پرسیارانەت بەبەڵێ‌ وەڵام دایەوە ئەوا تۆ گیرۆدەی ئەم ئالوودەبوونەی .

كاریگەری نێگەتیڤی ئالوودەبون بەئینتەرنێتەوە لەسەر تاكی ئالوودەبوو :
كاریگەری لەسەر تەندروستی: 
ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە دەبێتە هۆی لەدەستدانی هاوسەنگی لەكاتەكانی خەوتن و پشوداندا چونكە تاكی توشبوو زۆربەی كاتەكانی شەوی بەبەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە بەسەردەبات ئەمەش كاردەكاتە سەر بەرگری مرۆڤ و لاوازبونی چالاكی كۆئەندامی بەرگری، هەروەها دەبێتە هۆی ئەوەی ئەوتاكە ئەگەری توشبونی بەنەخۆشی زیاتر بێت، وە زۆردانیشتن بەدیار كۆمپیوتەرو ئینتەرنێتەوە دەبێتە هۆی ئازارگەیاندن بەپشت و ماندووبوونی چاوەكان، هەروەها نوێترین توێژینەوە ئەوەشی سەڵماندووە كە یەكێك لەهۆكارەكانی توشبوونی تاك بە نەخۆشیەكانی شەكرەو بەرزبوونەوەی پەستانی خوێن زۆربەكارهێنانی كۆمپیوتەرو ئینتەرنێتە چونكە سوڕی خوێن بەباشی بەكاری خۆی هەڵناستێ‌ .

كاریگەری لەسەر پەیوەندیە خێزانیەكان :
زۆرجار زۆربەكارهێنانی ئینتەرنێت وادەكات تاك زیاد لەپێویست بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات و بایەخی تەواوی ئەو تاكە بۆلای خۆی ڕابكێشێ‌ لەكاتێكدا ئەو تاكە ئەركی خێزانی لەئەستۆدایە بەڵام بەپێی پێویست هەڵناستێ‌ بە جێبەجێكردنی ئەركە خێزانیەكانی، زۆرجاریش ئینتەرنێت بووەتە هۆی دروستبونی ناكۆكی نێوان ژن و مێرد و شەڕوئاژاوەی خێزانی و خیانەتكردن لەیەكتری و تەنانەت جیابوونەوەش (تەڵاق) .

كاریگەری لەسەر كاركردن :
بوونی هێڵی ئینتەرنێت لەشوێنی كاركردندا وەك فەرمانگەو شوێنەكانی تری كاركردن دەبێتەهۆی ئەوەی هەندێ‌ فەرمانبەران و كارمەندان هەندێ‌ لەكاتی كاركردنیان بەبەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە بەسەربەرن ئەمەش دەبێتەهۆی ئەوەی ئەوكەسانە هەڵنەسن بەڕاپەڕاندنی ئەركەكانیان بەپێی پێویست، هەروەها زۆربەكرهێنانی ئینتەرنێت لەشەواندا دەبێتەهۆی ئەوەی كەسانی ئالوودەبوو لەكاتی كارەكانیان وابكەون و هەمیشەش لەكاتی كاركردندا ماندوو دەردەكەون چونكە شەوان پشوی پێویست بەخۆیان نادەن و هەمیشەش بریان لای ئینتەرنێتە لەكاتی كاركردندا .

كاریگەری لەسەر زیرەكی ئەكادیمی :
لەڕاپرسیەكدا كە لەساڵی 1997 لەلایەن (أ . بربر) ئەنجامدراو لە گۆڤاری ( Us Today ) ئەنجامەكەی بڵاوكرایەوە ئەوەی دەرخست كە لە %86 مامۆستایان پێیان وابوو بەكارهێنانی ئینتەرنێت لەلایەن منداڵانەوە نابێتە هۆی گەشەسەندنی تواناكانیان و زیرەكی ئەكادیمیان بەهۆی نەبوونی یاسایەكی ڕێكخراو لەبەكارهێنانیدا، هەروەها لەتوێژینەوەكەی (كیمبرلی یۆنگ)یش ئەوە دەركەوت كە لە %58 خوێندكاران دانیان نا بەوەی بەهۆی بەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە ئاستی زیرەكیان دابەزیوە ئەمەلەكاتێكدا ئینتەرنێت بەسەرچاوەیەكی هەرەگرنگی خێرا دادەنرێت لەگەڕان بەدوای زانیاریەكاندا بەڵام گرفت لەوەدایە خوێندكاران بۆزۆر مەبەستی تر بەكاری دەهێنن نەك مەبەستی گەڕان بەدوای زانیاریە پێویستەكاندا .

جۆرەكانی ئالوودەبوون بە ئینتەرنێتەوە
ئالوودەبوون بەشێوەیەكی گشتی واتای نەتوانینی وازهێنانە لەبەكارهێنانی ئینتەرنێت بەڵام بابزانین تاكەكان بەچەند جۆر و بەچیەوە خوو بەم تۆڕەوە دەگرن، لێرەدا چوار جۆری سەرەكی لە جۆرەكانی خووگرتن بەئینتەرنێتەوە باس دەكەین كەبریتین لە :
یەكەم – ئالوودەبوون بەناسینی كەسانی ترەوە :
ئالوودەبووان لەم جۆرەدا هەوڵی ناسینی كەسانی تر دەدەن و زیاتر سەردانی ئەو یانەو ماڵپەڕو وێبسایتانە دەكەن كە زیاتر بایەخ بە لێك نزیك كردنەوەی تاكەكان و ئەندامەكانی دەدات نمونە وەك وەك تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبووك، زۆربەی ئەو كەسانەی زیاتر بەم جۆرەوە ئالوودە دەبن بەپێی توێژینەوەكان ئەوكەسانەن كە شەرمنن یاخود كەسانی گۆشەگیر و دوورەپەرێزن لەژیانی واقیعی كۆمەڵایەتی و لەپێكهێنان و پەرەپێدانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لاوازن لەبەرامبەردا بۆ پڕكردنەوەی ئەم بۆشاییە پەنا دەبەنە بەر ناسین و پەرەپێدانی پەیوەندی كۆمەڵایەتی لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە .
دووەم – ئالوودەبوون بەیاری و قوماركردن لەرێگەی ئینتەرنێتەوە :
یەكێكی تر لەو جۆرە ئالوودەبوونە كەسانێكە كەبە یاری و قوماركردن ئینتەرنێت بەكاردێنن ئەمەش وادەكات ئەوتاكە هەموو بایەخێك بەوكارە بدات بۆ بەسەربردنی كاتەكانی بە یاری و قوماركردنەوە بۆ بردنەوەی پارەو سامان بەڵام هەموو ئەو ڕاستیە دەزانین كە قوماركردن خۆی لەخۆیدا كارێكی قبوڵنەكراوە لەلایەن كۆمەڵگای ئێمەوە چونكە نە ئاین و نە دابونەریتیشمان خۆشی بەم رٍەفتارەدا نایەت بۆیە زیاتر تاكەكان لەڕێگەی ئەم تۆڕەوە ئەو كارە دەكەن چونكە بەشێوەیەكی شاراوەیی ئەم نهێنیە دەمێنێتەوەو نابێتە تاكێكی نەفرەت لێكراو لەلایەن دەوروبەرەوە هەروەها لەبەر كەمی یان نەبونی شوێن و یانەی تایبەت بە قوماركردن زیاتر پەنا دەبرێتە بەر ئەم ئەم كارە لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە، لەلایەكی ترەوە زۆری یاریە ئەلیكترۆنیەكان بە بەرزترین كوالێت و دەستكەوتنی بەئاسانی وادەكات بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت بەخۆیەوە سەرقاڵ بكات تاوەكو وادەكات ئەو تاكە نەتوانێت وازیان لێبێنێت و بەكاریان نەهێنێ‌ لەئەنجامدا ئەمەش كاردانەوەی ئالوودەبونی لێدەكەوێتەوە .
سێیەم – ئالوودەبوون بەسەیركردنی وێنەو فیلمە ڕووت و سێكسیەكانەوە :
زۆری ماڵپەڕە سێكسیەكان لەسەر تۆڕی ئینتەرنێت و ناتەندروستی لە پەروەردەكردنی منداڵ و نەبونی چاودێری لەچۆنیەتی بەكارهێنانی ئینتەرنێت و نەبونی زانیاری لای منداڵان دەربارەی كۆئەندامی زاوزێ‌ و تێنەگەیشتنیان لە چەمكە تایبەتەكان بەم بوارە بەتایبەت لە قۆناغی هەرزەكاری و بالغبوون و پێگەیشتندا كەتاك لەو پەڕی گەشەی سێكسیدایە وادەكات بۆ پڕكردنەوەی پێداویستیەكان و پەیداكردنی زانیاری پەنا بەرێتە بەر ئەم كارە، هەروەها كەسانی تریش هەن كەبەم كارەوە خوو دەگرن، ئەمەش كاریگەری زۆرخراپ دەكاتە سەر پەیوەندی نێوان هاوسەران و دروستبونی لادان لە ڕەفتاری ئالوودەبووان بەگشتی .
چوارەم – خووگرتن یان ئالوودەبوون بە گەڕان بەدوای زانیاری دا :
جۆرێكی تر لەخووگرتن كەسانێك دەگرێتەوە كەشەیدای بەدەستهێنانی زانیارین لەبوارە جیاوازو تایبەتیەكاندا ئەمەش كارێكی باشە بۆ دەوڵەمەندكردنی خود بەزانیاری بەڵام خراپی ئەم كارە لەوەدایە كەئەو تاكە بەهۆی زۆری بەسەربردنی كاتەكانی بەم بوارەوە كاتێك دەزانێ‌ گرفتاری ئالوودەبوون بووە بەئینتەرنێتەوە هۆكاری ئەم كارەش زۆری زانیاریە جۆربەجۆرەكانەو بەئاسانی دەستكەوتنی ئەو زانیاریانەیە لەئینتەرنێتدا .

نیشانەكانی توشبوون بەئالوودەبوونی ئینتەرنێتی :
چەند نیشانەیەك هەن كە ئاماژە دەكەن بەوەی ئەو تاكە ئالوودە بووە یان نا بەئینتەرنێتەوە، كەسی توشبوو هەست بە دڵەڕاوكێ‌ و بێتاقەتی دەكات كاتێك لەكۆمپیوتەرەكەی دادەبڕێت و دووردەكەوێتەوە وەكاتێكیش دەگەڕێتەوە سەر كۆمپیوتەرو بەكارهێنانی ئینتەرنێت هەست بە ئارامی و خۆشیەكی زۆر دەكات، هەروەها كەسی توشبوو بۆماوەیەكی زۆر لەسەر بەكارهێنانی ئینتەرنێت بەردەوام دەبێت و بیری لای ئەو كاتە نیە كەچەند دانیشتووە و زۆربەی كاتەكانی بەوكارەوە بەسەر دەبات، ئەگەر زۆربەسەربردنی كاتەكان لەسەر ئینتەرنێت بووە هۆی دروستكردنی كێشەو گرفتی كۆمەڵایەتی و خێزانی و پیشەیی بۆ ئەو تاكە ئەوا واتای توشبوونی ئەو تاكەیە بە ئالوودەبوونی ئینتەرنێتی، تاكی توشبوو حەزدەكات كاتی خەوو نانخواردن بەزوویی تێپەڕن بۆئەوەی دووبارە بگەڕێتەوە سەر بەكارهێنانی ئینتەرنێت .

بۆچی ئینتەرنێت دەبێتە هۆی ئالوودەبوون پێیەوە؟
ڕەنگە بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكانی وەك : مەی، تریاك، كۆكایین، دەرزی، جگەرە و هتد . وەڵامەكانیان ئاشكرابێت بۆ ئەو پرسیارەی سەرەوە كە هەموو كەسێك دەزانێت بەكارهێنانی ئەو مادانە پیسكردنی خوێنە بەمادەی نیكۆتین كەدواتر خوێن پێویستی پێیان دەبێت و لەكاتی لێبڕانیدا داوایان دەكات، بەڵام خۆ ئینتەرنێت مادەیەكی كیمیایی نیە تێكەڵ بەخوێن بێت ئەی بۆچی توشی ئالوودەبوونمان دەكات؟ لەتوێژینەوەیەكی ئەمریكیدا ئەوە سەلمێنرا كە لە (%7.5) بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت توشی نەخۆشی ئالوودەبوون دەبن پێیەوە، ئالوودەبوون بەم ئامێرو تۆڕەوە سێ‌ هۆكاری سەرەكی و گشتی هەیە كەبریتین لە :
یەكەم – نهێنی پارێزی :
ئەو توانا بەرز و خێراییە لەڕادەبەدەرەی كە ئینتەرنێت هەیەتی لە دابینكردنی زانیاریەكان و پێداویستی و ئارەزووەكاندا بۆتاك بەبێئەوەی پێویست بكات تاك خۆی بناسێنێ‌ یان ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆی ئاشكرا بكات بەمەش مرۆڤ هەست بەئازادی و سەربەخۆیی دەكات لە هەڵبژاردنی هاوڕێ‌ و پرسیاركردن و یاری و قوماركردن و هەرچی ئەو شتانەی ئەو كەسە بیەوێ‌ .
دووەم – ئاسانكاری :
هۆكارێكی دیاری تری توشبوون بەم دیاردەیە ئاسانكاری ئەم تۆڕەیە چونكە گەڕان بەدوای پێویستیەك یان زانیاریەك و هەواڵێكدا پێویست بە بڕینی ڕێگاوبان و كڕین و تێچوونی مادی زۆری ناوێ‌ بەڵكو بەزووترین كات و لەجێگاكەی خۆتەوە هەرچیەكت بوێ‌ دەستت دەكەوێ‌ بەبێئەوەی پێوەی ماندوبی، ئەمەش وادەكات تاك ساتێ‌ زیاتر بەدیار ئەم ئامێرەوە دانیشێت و هەواڵێكی زیاتر بخوێنێتەوەو كەسێكی زیاتر بناسێت تا ئەوەندە دەزانێت كات لە نیوەی شەو لایداوەو بەرەبەرە كاتی زیاتری بۆ تەرخان دەكات تا دواتر دەكەوێتە ناو نەخۆشی ئالوودەبوونەوە، سەرەڕای ئەم ئاسانكاریەش بونی زۆری ئەم ئامێرەیە لەماڵەكان و فەرمانگەكاندا
سێیەم – هەڵهاتنی تاك :
هەر بەپێی ئەو توێژینەوە ئەمریكیە هۆكارێكی تری ئالوودەبوون بەئینتەرنێتەوە ئەوەیە كە ئینتەرنێتیش وەكو هەریەكە لە كتێب و فیلم و شتەكانی تر ڕێگە خۆشكەرە بۆ سەرقاڵ كردنی خود و هەڵاتن لەواقیع بۆ واقیعێكی تری جێگرەوە، زۆرجار خەم و خەفەت یان بێكاری و شەرمنی لەتێكەڵ بوونی كۆمەڵگا وادەكات تاك لەو واقیعە هەڵبێت و خۆی لە واقیعێكی تردا جێگیر بكات لەنێو ئینتەرنێتدا .

چەند ڕێنمایی و ئامۆژگارییەك بۆ چۆنیەتی كەمكردنەوەو وازهێنان لەبەكارهێنانی ئینتەرنێت و ڕزگاربوون لەو ئالوودەبوونە ی كە توشبووی :
یەكەم – كاری پێچەوانە :
ئەگەر تاكی توشبوو ڕۆژەكانی هەفتەی هەموو بەئینتەرنێتەوە بەسەر برد ئەوا داوای لێدەكرێ‌ ئەوكارە هەڵگرێ‌ بۆ ڕۆژەكانی پشوو، وەئەگەر هەرلەگەڵ داگیرسانی كۆمپیوتەرەكەی یەكسەر ئیمەیڵەكەی دەكاتەوە با جارێك كەمێك ئەم كارە دوا بخات تا وەرزشی بەیانیان دەكات و نانی بەیانی دەخوات پاشان گوێ‌ لەهەواڵەكانی بەیانی دەگرێت ئنجا ئەو كارەبكات، هەروەها ئەگەریش كۆمپیوتەرەكەت لە ژووری نوستنەكەت داناوە ئەوا هەستە بەگواستنەوەی كۆمپیوتەرەكەت لە ژووری نوستنەوە بۆ شوێنێكی تری ماڵەكەتان بۆ ئەوەی كەمێك لەبەردەست و بەرچاوت دووربكەوێتەوە .
دووەم – دیاریكردنی كاتەكانی بەكارهێنان :
داوا لە ئالوودەبووان دەكرێت كە كاتی چوونە سەر ئینتەرنێت و كاتی وازهێنان دیاری بكەن بۆنموونە ئەگەر لەهەفتەیەكدا ماوەی 40 كاتژمێر لەسەر ئینتەرنێت بەسەردەبات ئەوا با هەوڵبدات ئەوكاتە بەشێوەی زنجیرەیی كەم بكاتەوە تا دەیگەیەنێتە 20 كاتژمێر، هەروەها ئەگەر ڕۆژانە ئەوتاكەی ئینتەرنێت بەكاردێنێ‌ پێویستە كاتی چوونە سەر كۆمپیوتەر دیاری بكات بۆنمونە ئەگەر ڕۆژانە 5 یان 6 كاتژمێر ئەوكارە دەكات ئەوا پێویستە بزانێ‌ چەندێك لەوكاتە تێپەڕبووە بۆئەوەی ئاگای لەكاتی وازهێنان بێت، هەروەها واباشترە كە هەموو ئەو كاتە بەیەكجار بەسەر نەبات بەڵكو دابەشی سەر كاتە بەتاڵەكانی بكات بۆئەوەی كارنەكاتە سەر كاروبارەكانی ڕۆژانەی .
سێیەم – قەدەغەكردنی بەشێك لەئینتەرنێت :
ئەگەر تاكێك ئالوودەی بەشێكی تایبەت بووە لەئینتەرنێت بۆنموونە بەكارهێنانی فەیسبووك كەئێستا زۆرترین كاتی تاكەكانی بۆخۆی بردوە ئەوا پێویستە ئەو بەشە (فەیسبووك) لەوتاكە توشبووە قەدەغەبكرێ‌ لەلایەن خۆی و ئەو كەسانەی یارمەتی دەدەن لەڕزگاركردنی لەم نەخۆشیە وە سەرپشك بكرێ‌ لەوەی هەربەشێكی تر لەئینتەرنێت بەكار دەهێنێ‌ .
چوارەم – ئامادەكردنی ڕاپۆرتێك بۆخود :
مەبەست لەم كارە ئەوەیە داوا لەكەسی ئالوودەبوو دەكرێ‌ كە هەستێ‌ بەئامادەكردنی ڕاپۆرتێك لەسەر ئەوەی پێنج یان زیاتر لەو زیان و كێشانە لەسەر لاپەڕەیەك بنوسێت كەبەهۆی زۆربەكارهێنانی ئینتەرنێتەوە توشی بووە وەك (كێشەی كۆمەڵایەتی، كێشە لەبەڕێوەبردنی كاروباردا، كێشەی تەندروستی و…..هتد) . پاشان پێنج لەو قازانج و دەستكەوتانە بنوسێ‌ كە بەهۆی وازهێنانی لەو كارە دێنەڕێی، ئەم كارە تەنیا بۆئەوە نیە بنوسرێت و سەیری نەكرێ‌ بەڵكو پێویستە ئەم كاغەزە هەمیشە لەگیرفانی ئەو تاكە توشبووەدا بێت بۆئەوەی لەكاتی چوونی بۆسەر بەكارهێنانی ئینتەرنێت ئەم كاغەزە دەربكات و بیخوێنێتەوە و كاری پێبكات .
پێنجەم – دووركەوتنەوە لەكێشە خێزانیەكان :
زۆرجار كێشەو گرفتی ناوخێزان دەبێتەهۆی توشبوونی تاك بەم نەخۆشیە پێویستە خێزانەكان بۆڕزگاركردنی تاكە توشبووەكانیان دووربكەونەوە لە مشتومڕ و شەڕوناكۆكی نێوانیان بۆئەوەی تاك بگەڕێتەوە نێو خێزانەكەی و چیتر پەنا نەباتە بەر ئینتەرنێت بۆ بەدەستهێنانی سۆز و دڵسۆزی كەسانی تر .
شەشەم – گەڕانەوە بۆ كاری ڕۆژانە :
لێرەدا داوا لەوتاكە توشبووە دەكرێ‌ كە هەوڵبدات هەندێ‌ كاروچالاكی ڕۆژانە هەیە پەرەیان پێبدات وەك ( وەرزش كردن لەگەڵ تیمەكاندا، سەردانیكردنی خزمان و هاوڕێیان، دەرچوون بۆ بازاڕ و شوێنە گەشتیارییەكان لەگەڵ هاوڕێیاندا، كتێب و ڕۆژنامە خوێندنەوەو …. هتد ) .

ئـەو سـەرچاوانەی سوودیان لێوەرگیراوە :
1- البوابە العربیە للاخبار التقنیە
2- منتدیات الشامل .
3- ویكیبیدیا الموسوعە الحرە .
4- المدرسە العربیە الالكترونیە .