بۆچی گەردوون بۆ ئێمە لە بیابانێكی تاریك دەچێت..؟

1 مانگ پێش ئێستا

بونەوەرە ئاسمانیەكانی نێو گەردوون لە كوێن..؟ بۆ دیار نین..؟
نوسینی: لوقمان حەوێز
لەم نوسینەم ترسناكترین وەڵام بۆ پارادۆكسی فێرمی دەخەمەڕوو...
گەورەترین پرسیاری مرۆڤ لەوەتەی هەیە لە كۆنەوە ئەوە بووە بزانێت ئایا زیندەوەر و بونەوەری تری هاوشێوەی خۆی هەیە لە ئاسمان و نێو  ئەستێرە و هەسارەكانی تری نێو گەردوون یان ئەو تەنیایە..؟ 
دوای دروستكردنی تەلەسكۆپ و داهێنانی زانستی گەردوونناسی نوێ و داهێنانی بیردۆزە فیزیاییەكان و دۆزینەوەی هێزەكان، هەروەها دوای زانینی ئەوەی كە گەردوون چەندە بێ شومار و فراوانە ئەم پرسیارە قوڵتر بۆوە، لە ناوەڕاستی سەدەی بیستەمەوە گەردوونناسان دەستیان بە پشكنین كرد لە ڕێگەی پڕۆگرامی SETI واتە پڕۆگرامی گەڕان بەدوای بونەوەرە ئاسمانیە زیرەكەكانی دەرەوەی هەسارەی زەوی لە نێو گەردوون، لەو كاتەوە خەریكی پشكنین و گەڕانین بەدوای نیشانە كارۆموگناتیسیەكان كە لەوانەیە سەرچاوەكەی شارستانیەتەكانی تری قوڵایی گەردوون بن كە ئێستا بنێردرێن یاخود پێشتر نێردرابن بەڵام تا ئێستا هیچمان نەدۆزیوەتەوە، ئەم دیاردەیە واتە نەبوون یان نەبینینی هیچ نیشانەیەكی ژیانی زیرەك لە نێو گەردوون بۆ ئێمە لە گەردوونناسی پێی دەووترێت پارادۆكسی فێرمی Fermi.Paradox، ئەم پارادۆكسە یان ئەم نەزانراوە سەری هەڵدا وەكو مەتەڵێك دوای ئەوەی فیزیاناسی ئەمەریكی بە بنەچە ئیتاڵی ئێرنیكۆ فێرمی ڕۆژێك لەگەڵ كۆمەڵێك لە گەردوونناسە هاوڕێیەكانی لە ناوەراستی پەنجاكانی سەدەی بیستەم ئەم پرسیارەی كرد: 
لەگەڵ ئەوەی گەردوون هێندە بێ شومار و فراوانە بەڵام بونەوەرە ئاسمانیە زیرەكەكان و خاوەن شارستانیەتەكانی تری نێو گەردوون لە كوێن..؟ بۆ دیار نین ..؟ بۆچی هیچ نیشانەیەكی بوونیان نابینین..؟
لە ڕاستیدا تا ئێستا نزیكەی 75 وەڵام یان هۆكارمان دەستنیشان كردوە بۆ پاردۆكسی فێرمی، هەندێك لەو هۆكارانە بۆ نمونە لەوانەیە گەردوون و ئێمە سیمولەیشن بین، واتە تەنیا پڕۆگرامێكی كۆمپیوتەری بێت و لەنێو كۆمپیوتەرێكدا گەڕ بكات، یان لەوانەیە هۆكارەكە فراوانی بۆشایی ئاسمان و بێ شوماری گەردوون و جیاوازی كاتەكان بێت بەهۆی سنورداری خێرایی تیشك، یان هی زۆر دەگمەنی بوونی ژیانی زیرەكە یاخود نەبوونی ژیانی زیرەك و خاوەن شارستانیەتی لە نێو گەردوون جگە لە مرۆڤ...
بەڵام لێرە ئەمجارە تیشك دەخەمە سەر ترسناكترین هۆكار، ئەویش ئەمەیە:
شارستانیەتەكانی نێو گەردوون بەر لەوەی زۆر پێش بكەون هەموویان بەهۆی پێشكەوتنیان و داهێنانی تەكنەلۆژیا یان وێرانكردنی ژینگەكەیان یان هەر هۆكارێكی گەردوونی یان سروشتی تربێت لەناو دەچن یان خۆیان لەناو دەبەن، بە پێی ئەم هۆكار و لێكدانەوەیە پێدەچێت ئێمەی مرۆڤیش لە ئێستادا لەو قۆناغەدا بین، ئەمەش مانای ئەوەیە ئێمەش لە ئێستادا هەنگاو بەرەو لەناوچوونی خۆمان دەنێین، یاخود ئەگەر لەبەر هەر هۆكارێكی تر بێت زۆر‌ نامێنینەوە و لەناودەچین...
لەگەڵ ئەوەی بۆچوونەكە ترسناكە، بەڵام دور نیە ئەمە یەكێك لەهۆكارەكانی بێدەنگی گەردوون و گەلەئەستێرەكەمان بێت لە بونەوەر و شارستانیەتی تری زیرەك جگە لە ئێمە لە ئێستادا...
ئەگەری زۆری ئەوە هەیە لەهەموو كاتێك تەنیا لەناو گەلەئەستێرەكەمان و هەموو گەردوونیش لە دەیەها و سەدەها شوێن بگرە ملیۆنەها شوێن ئەگەر هەموو گەردوون وەربگرین بونەوەری زیرەكی خاوەن شارستانیەتی وەك مرۆڤ یان لە ئاستی نزمتر هەبێت، بەڵام بەپێی ئەم بۆچوونە نە ئێمە و نە ئەوان ئەوەندە پێشكەوتوو نین و نابین كە بگەین بە ئاستێك پەیوەندی بەیەكەوە بكەین و یەكتر بدۆزینەوە، یاخود گەشتی ئاسمانی نێوان ئەستێرەكان بكەین...
تەنیا ئەگەر گەلەئەستێرەكەمان بە نمونە وەربگرین دەزانین و دەبینین چەندە گەورە و فراوانە، تیرەكەی نزیكەی 120 هەزار ساڵی تیشكی واتە تیشك كە خێراییەكەی لە یەك چركەدا 300 هەزار كیلۆمەترە دەتوانێت بە 120 هەزار ساڵ لەم سەری گەلەئەستیرەكەمان بگات بە ئەو سەری، تەنیا گەلەئەستێرەكەمان لایەنی كەم لەنێوان 200 بۆ 400 ملیار ئەستێرەی تێدایە هەروەكو دەزانن هەر ملیارێكیش دەكاتە هەزار ملیۆن، ئێستا دەزانین كە تەنیا گەلەئەستیرەكەی ئێمە چەندە بێ شومار و گەورە و فراونە، بێ گومان گەلەئەستێرەكەی ئێمەش تەنیا یەكێكە لە پتر لە دوو ترلیۆن گەلەئەستێرە لە گەردوونی بینراو واتە ئەو بەشەی گەردوون كە دەتوانین بیبینین، هەموو گەردوونیش یان زۆر زۆر گەورەترە لە گەردوونی بینراو یاخود بێ كۆتایە لە گەورەیی جارێ لەوە دڵنیا نین، كەواتە ئێمە لە نێو بوونێك و گەردوونێكی ئەقڵ وەستێنین لە بێ شوماری و فراوانی...
بەپێی سادەترین خەمڵاندنیش تەنیا ئەستێرەكانی گەلەئەستێرەكەمان پتر لە سەدەها ملیار هەسارەیان هەیە، لایەنی كەم دەیەها ملیار لەو هەسارانە بەردینین وەكو هەسارەی زەوی، دەشێت ژمارەیەكی ئێجگار زۆریشیان لە زۆنی گونجاو بن بۆ ژیان یان پاڵپشتی بوونی ژیان بكەن، هەروەها دور نیە لەسەر هەندێكیان ژیان سەری هەڵدابێت و پەرەشی سەندبێت بۆ ژیانێكی زیرەك و خاوەن شارستانیەتی، بەڵام تا ئێستا هیچ نیشانەیەكی ژیان و شارستانیەتی پێشكەوتوو نابینین…
با خۆمان بە نمونە وەربگرم، بە پێوەری گەردوونی بێت ئێمە تەنیا هەندێك پتر لە سەد ساڵە بووین بە خاوەنی شارستانیەتی لە دوای داهێنانی توانای وەرگرتن و ناردنی تیشكی كارۆموگناتیسی، ئەگەر سەدەها هەزار ساڵی تر یاخود بۆ نمونە چەند ملیۆن ساڵی تر بمێنینەوە و بەم خێراییە لە پێشكەوتن بەردەوام بین، ئەوا پەل دەهاوێژین بۆ گەلێك شوێنی تری گەلەئەستێرەكەمان، ئەوساكە نیشانەكانی بوونی ئێمە بۆ شارستانیەتە پێشكەوتووەكانی تر دەردەكەون ئەگەر ئەوان هەبن، بەڵام ئێمە جارێ بونەوەرێكی زۆر ساواین، جارێ دڵنیا نین لەوەی دەمێنین تا ئەو كاتەی ئەوە ئەنجام دەدەین یان نا...
ئەگەر لە گەلەئەستێرە بێ وشومار و فراوانەكەی خۆمان شارستانیەتێكی وەكو ئێمە سەری هەڵدابێت و ملیۆنەها ساڵ  بەردەوام بووبێت لە پێشكەوتن و تا ئێستا مابێتەوە ئەوا هەندێك لە نیشانەكانی بۆ ئێمە دەردەكەوت، پتر لە 60 ساڵە دەگەڕێین بۆ نیشانەكانی شارستانیەتیەكی زۆر پێشكەوتوو لە گەلەئەستێرەكەمان بەڵام هیچ بەدی ناكەین...
هەروەكو لەسەرەوە ووتم، لەوانەیە هۆكارەكان زۆربن، یەكێك لە هۆكارەكانی تر لەوانەیە ئەوە بێت كە لەوانەیە تا ئەم كاتەی ئێستا هیچ شارستانیەتێكی تری پێشكەوتوو سەری هەڵنەدابێت  لە نێو گەلەئەستێرەكەمان، بەڵام لەبەر فراوانی و زۆری ئەستێرەكان و هەسارەكان من لەگەڵ ئەو ئەگەرە نیم، لەوانەیە هۆكاری بێدەنگی گەردوون بەگشتی و گەلەلەئەستێرەكەمان بەتایبەتیش ئەوەبێت كە شارستانیەتەكان لەگەڵ ئەوەی دەگمەنن و بەدەگمەنیش سەرهەڵدەدەن، بەڵام پێش ئەوەی زۆرتر پێش بكەون خۆیان لەناودەبەن لە ڕێگەی تەكنەلۆژیاكان و داهێنانەكان و وێرانكردنی ژینگە یان شەڕ و لەناوبردنی یەكتر یان هەر هۆكارێكی تری سروشتی یان گەردوونی لەناو بچن، ئەوەی دەیزانین ئەوەیە كە ژیانی بایۆلۆژی خۆویستە، واتە جۆرەكان و تاكەكانی جۆرەكانی هەموو زیندەوەرەكان لەپێناو مانەوە هەموو شتێك دەكەن، لەوانە ڕێگەی لەناوبردنی یەكتریش دەگرنە بەر بۆ مانەوەی خۆیان بەتایبەتی ئەگەر خاوەنی چەكی بەكۆمەڵ كوژ بن...
ئەگەر سەرنج بدەینە خۆمان دەبینین كە بەشێكی سەرەكین لە ژیان لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی، بەڵام تەماشا بكەن چۆن تاكە ماڵ و ژینگەكەمان پێ بەپێ بەدەستی خۆمان وێران دەكەین، لەكاتێكدا دەزانین جارێ ماڵی تر و هەسارەی ترمان نیە بۆ ژیان، لەوەتەی مرۆڤ هەیە تا ئێستاش هەتا تواناكانی زۆرتر بووبێت كەرەستە و چەكی كوشندەتری دروستكردوە بۆ شەڕ و ڕووبەڕوو بوونەوەی یەكتر، هەروەها بۆ لەناوبردنی یەكتر هەر لە ڕم و تیر و شمشێر تاوەكو چەكە ئاگرینیەكان و  ئەتۆمیەكان، هەمووشی بۆ لەناوبردنی یەكتر بووە، مرۆڤ تاكە زیندەوەرە لەسەر ڕووی زەوی بەو ڕادەیە و بەو فراوانیە بەبەرنامە داڕێژراوی و بەكۆمەڵ بەگشتی كاری كردبێت بۆ وێرانكردنی ژینگە و لەناوبردنی یەكتر... 
مرۆڤەكان تاوەكو ئێستا سەدەها ملیۆن كەسیان لەیەكتری كوشتووە، تەنها لە جەنگی جیهانی دووەم لە نێوان 50 بۆ 70 ملیۆن مرۆڤ كوژران، نیوەی شارە گەورەكانی جیهان خاپوور كران، لە ئێستاشدا خاوەنی كۆمەڵێكی زۆر لە چەكی زۆر كوشندەین، هی زۆر زۆر كوشندەتریش بەنهێنی پەرەی پێدەدرێت و بەڕێوەیە... 
بەپێی ئەم هۆكارە سەرەكیەی پارادۆكسی فێرمی، گومان هەیە لەوەی ئێمەی مرۆڤەكان بتوانین بگەین بە قۆناغێكی بەرزتر لە شارستانیەتی، بۆیە لەوانەیە لەئاستێكدا یان هەر خۆمان بەتەواوی خۆمان لەناو دەبەین، یاخود لەخاڵێكدا بەهۆی وێرانبوونی ژینگە شارستانیەتیەكەمان لەدەست دەدەین و هەزارەها ساڵ دەگەڕێینەوە دواوە و دوبارە دەبینەوە بونەوەرێكی دواكەوتوو و ئەشكەوتی...
ئەگەری زۆری ئەوەش هەیە ئەمە بەردەوام ڕوویدابێت و ڕووبدات لەسەرانسەری گەردوون، لەبەر ئەوەی ملیارەها ساڵە گەردوون گونجاوە بۆ ژیان دەبووایە ئێستا ئاوەدان بێت بە بونەوەری زیرەك و خاوەن شارستانیەتی تر، لەگەڵ ئەوەی ئێمە چاوتروكانێكە دەستمان بە گەڕان كردوە بەڵام گۆی زەوی ملیارەها ساڵە ژیانی لەسەرە، نیشانە بایۆلۆژیەكانی گۆی زەوی لەمێژە بەنێو گەردووندا بڵاوبۆتەوە، ئەگەر شارستانیەتی زۆر پێشكەوتووتر هەبوونایە یان هەبن بۆ نمونە لەنێو گەلەئەستێرەكەمان ئەوا بەئاسانی ئەو نیشانە بایۆلۆژیانەی گۆی زەویان بینیوە و دەبینن، بەڵام تا ئێستا شوێن پەنجەی هیچ سەردانێكی بوونەوەری زیرەكی ترمان لەسەر ڕووی هەسارەی زەوی نەدۆزیوەتەوە كە سەردانی گۆی زەویان كردبێت، ئەگەر سەردانێكی وا ڕووی بدایە لایەنی كەم نیشانەیەكی دەبوو، خۆ ئێمە بەو ساواییەش چوار كەشتیمان بەڕێ كردوە بۆ دەرەوەی كۆمەڵەی خۆرەكەمان...
هەرچەندە ئەم لێكدانەوەیە ترسناكە، بەڵام بە بۆچوونی من ژیانی سەرەتایی لە گەلێك شوێنی تری گەردوون و گەلەئەستێرەكەمان هەبووە و هەیە، ژیانی زیرەكیش سەری هەڵداوە بەڕێژەیەكی زۆر كەمتر، بەڵام لەوانەیە هیچیان ئەوەندە پێش نەكەوتبن و نەگەیشتبن بەو ئاستەی بتوانن پەل بهاوێژن بۆ شوێنەكانی تر یان توانای گەشتكردن و پەیوەندی كردنیان پەیدا كردبێت، بە پێی ئەم لێكدانەوەیەش بۆ پارادۆكسی فێرمی پێدەچێت هەموو ئەو شارستانیەتیانە لە ئاستێكی پێشكەوتن لەبەر هەر هۆكارێك بێت لەناو بچن یان لەناوچووبن یان هەر خۆیان خۆیان لەناو بردبێت، بەداخەوە هەروەكو دەیبینین دور نیە ئێستا ئێمەش لەو قۆناغە ترسناكەدا بین...
بڕوای كەسی خۆشم ئەوەیە كە كۆمەڵیك هۆكار لەیەك كاتدا بەیەكەوە بەرپرسن لە پاردۆكسی فەرمی نەوەك تەنیا یەك هۆكار، لەو كۆمەڵە هۆكارانەش زۆر دەگمەنی سەرهەڵدانی ژیانی زیرەك و فراوانی بۆشایی ئاسمان و جیاوازیەكانی كات و سنورداری خێرایی تیشك هەروەها ناسكی و زوو لەناوچوونی ژیانە بەگشتی و ژیانی زیرەكیش بەتایبەتی لەنێو گەردوون...
لە بەشەكانی داهاتووی ئەم نوسینە تیشك دەخەمە سەر هۆكارە سەرەكیەكانی تری پارادۆكسی فێرمی، هەروەها لە ڤیدیۆیەكیشدا هەموو هۆكارە سەرەكیەكان دەخەمەڕوو...