بۆ یاریزانمان نیە؟

4 مانگ پێش ئێستا

زەردەشت عوسمان
١ 
ڕاستیەك هەیە هەموومان دەیبینین، تا ئێستا لە دەربەندیخان جگە لە چەند كەسێك كە ناگەنە پەنجەكانی دەستێك یاریزانی ئاست بەرز و بەتوانامان نەبووە بتوانن لە یانەكان یاری بكەن و بەردەوامبن. 
مەبەستەكە ئەوەنیە یاریزانی باش نیە، بەڵكو یاریزانێكمان نیە توانایی بەرگە گرتن و بەردەوامی هەبێت. كاتێك گەشتە ئاستی یانە بیركردنەوەی بگۆڕێ و قۆناغی تیپی میللی تێپەڕێنی. بۆ ئەم دۆخە هەم خودی یاریزانەكان، هەم تیپەمیللیەكان، هەم یانەی دەربەندیخان هەریەكەو بە پێی قەبارەی خۆیان بەرپرسیارن. 
٢ 
یەكێك لە شتەجوانەكانی وەرزش ئەوەیە توانا و بەهرەیی خۆت بڕیاردەدات چی بكەی، چۆن بی، لە كوێی بی. كە توانایی باشت هەبێت، ئاستت بەرزبێت، جیاوازی دروست بكەیت، كاریگەریت هەبێ، گشت یانەیەك دەست بۆ درێژدەكات. 
 لە دەربەندیخان یاریزانمان هەیە خۆیان سەلماندوە، ژیرانە كارییان كردوە. ئێستا گرێبەستیان هەیە، لە یانەی زۆرباشی كوردستان یاری دەكەن. ئەمە نموونەیەكە لەبەرچاومانە، دەكرێ ببێتە هاندەر بۆ ئەوانی تر. 
٣ 
بەبڕوایی من دروست بوونی یاریزان لە دەربەندیخان زەحمەتە بەڵام مەحاڵ نیە. ئەو دۆخ و شێوازەی بۆ ژیان هەیە ئێستا ئەم پرۆسەی زەحمەتر كردوە لە گشت جێگایەك، بوونی هەندێ كەرەستەی سەرقاڵی و كات بەسەربردن هۆكارێكە بۆ ئەمە. ئەمە بەتەواوی لە دونیا وایە. 
ئەگەر دیقەت بدەی لەسەر ئاستی تیپەمیللیەكان یاریزانی باش و ئاست بەرز دەبینی، بەڵام بەكەمی دەتوانن لەسەر ئاستی خولەكانی كوردستان و یانەكان بەردەوامبن، وەك پیشەیەك تەماشایی ناكەن، خۆیانی بۆ تەرخان ناكەن، هەناسەیان كورتە.  
٤
یەكێك لە گرفتە گەورەكانی دەربەندیخان لە دروست نەبوونی یاریزان، نزیكەی ٤٠ تیپی میللی، تیپەكانی یانەی دەربەندیخان، دوو فێرگەی تۆپی پێ. هەموو ئەمانە یەك یاریگایی ١١ كەسیان هەیە. ئەمە ڕێگرییەكی گەورەییە كە تۆ بتوانی بەرهەمت هەبێ، پەرە بەتوانایی یاریزان بدەی. 
٥
یاریكردن لە یانە جیاوازە تۆ پێویستت بەوەیە گرنگی زۆر بە خۆت بدەیت، لە قۆناغی كات بەسەربردن دەچیتە دەرەوە، دەبێت توانایی بەردەوامی و پابەندبوونت هەبێ، خەونەكەت دیاری بكەیت، كاری بۆ بكەی. 
 ئێستا دۆخی وەرزش كردن جیاوازترە، دەكرێ ژیرانە مامەڵە بكەی، بتوانی بڕۆیتە جێگایی باشتر، مەرج نیە هەر لە سنورێك بمێنیتەوە. ئەو لاوانەی لەم شارە بە تواناو بەهرەمەندن،سەرەتایی دەركەوتنیانە، دەبێت بزانن چۆن هەنگاو هەڵدەگرن و لەكوێی پێیەكانێان دادەنێن. دەتوانن ئەمە بكەنە پیشەی ژیانتان، بە خۆ دورگرتن لە هەندێ قسە و  بابەت، وەستان بە یەك دوری لە هەمووان، مەهێڵە كەس لە جیاتی تۆ بیربكاتەوە. 
یەكەم بانگهێشتت بۆ ڕیزی یانەكەت وەك هەلی ژیان تەماشابكە، لەبەر هیچ شتێك مەهێڵە لەدەستت بچێت، لایەنی مادیی و خولەكی یاریكردن با نەبێتە گرفت و ڕێگری، چونكە بە پێی كات و خۆ ماندووكردن و پابەندبوونت ئەمانە خۆیان زیاتردەبن. 
٦
یانەی دەربەندیخان لە ئێستا جگە لە تیپی یەكەم كە لە خولی نایاب یاری دەكات، دوو تیپی لەسەر ئاستی لاوان و تازەپێگەشتووان بەشداری خولەكانی كوردستانی كردوە، خەریكی ئامادەكارین. بتەوێ ئەم دۆخی نەبوونی یاریزانە تێپەڕێنی و بچیتە قۆناغێكی باشتر، دەبێت بە جدی كار لەسەر ئەو دووئاستە بكەن. بەباشی پەروەردەیان بكەن، واتا تۆ چۆن لە ڕووی عەقڵی بیركردنەوە دەیانكەیتە یاریزان، چونكە تەنها ڕاهێنان بەس نیە بۆ ئەوەی یاریزانی پێ دروست بكەیت، بەرزكردنەوەی ئاستی ڕۆشنبیریان لەو بوارە، بەردەوامی لە كاركردن، زەرورە پەیوەندیان لەگەڵ یانەكە نەبچڕێت.