خودا چۆن لە ژن دەڕوانێت؟

2 مانگ پێش ئێستا

ڕێبین ئەحمەد رەشید

"انە من کیدکن، ان کیدکن عظیم"
بەشی زۆی بانگخوازانی ئیسلام ناتوانن بە باشی تێکستی سەرەکی دینەکەیان کە قورئانە بخوێننەوە، بەڵام لەسەرێکی دیکەوە ئیدیعای ئەوە دەکەن گەر بێتو مرۆڤ بڕوای پێ بهێنێت لەهەمو نوختەیەکی ژیانی دونیایدا جێبەجێی بکات ئەوا هەموو کێشە دونیاییەکانی بۆ چارەسەر دەکات. هەندێ باسی لاوەکی و ژن لە وتارە عاتفیی و پڕ لە حەماسییەکانیان دەربهێنیت شتێکیان لێنامێنێتەوە بۆ وتن. ئەمە لەکاتێکدایە لەمەسەلەی ژنەکەشدا زۆر ساغ نین.
کۆباسەکانی ژن و جوڵەی حەز و غەریزە بەرامبەر ژن ئەمڕۆ لای ئەوان بۆتە میحوەرێکی پایە و ئەساسی، سەرلەبەری دۆکترین و تێزەکەیان لەدەوەری فەرج و عەورەت و کێشەکانی ژن دسوڕێتەوە بەوەی "ژن دەبێت وا بپۆشێت، نابێت بۆنی خۆش لەخۆی بدات، نابێت بە ناسکی قسە بکات "دەبێ ببۆڕێنێت!"، نابێت بەتەنها بچێتە دەرەوە، نابێ و نابێ و نابێ...هتد"، بەم جۆرە تا ئاستی بچوکترین جوڵەی ژیانی ئاسایی ژنان دادەبەزن و ئامۆژگاریان دەکەن کە تەنانەت دەبێت چۆن لە حەمام خۆشیان بشۆن!
یەکێک لەو ئایەتانەی کە بەشێکی زۆر لە بانگخوازن لەسەر زمانی خوداوە بەرامبەر ژن بەکاری دەهێنن و دەیکەن دەستکەلای شەرعیەتپێدانی ویستە کەسییەکانی خۆیان ئەم ئایەتەی سورەتی یوسفە "ان کیدکن عظیم"، وا وێنای ژن دەکەن کە خودا لە حەوت تەبەقەی ئاسمانەوە شایەتی لەسەر گەورەیی فرت و فێڵی ئەمان داوە و لێی ترساوە بۆیە دەبێت ئێمەش لێیان بترسین، بێ ئاگا لەوەی ئەو ئایەتە دوورو نزیک پەیوەندی بە خوداوە نییە.
بەشێکی زۆر لەوانەی ئەو ئایەتە دەکەنە دەستکەلای بە کەم سەیرکردن یا بەترسناک تەماشاکردنی ژن هێشتا ناتوانن لەوە تێبگەن کامە ئایەت قسەی خودایە، لە حوکمی یاسایەکی ئیلاهیدایە و کامە ئایەت قسەی کاراکتەر یان ڕاوییەکی نێو ئەو چیرۆکەیە کە قورئان دەیگێڕێتەوە. بە دڵنیایی ئەوەی لەقورئاندا هاتووە یەکپارچە هەمووی نەک هەر قسەی خودا نیە و لە حوکمی ئیلاهیدا نییە، بەڵکو بەشێکی باش لە ئایەتەکانی قورئان نەقڵی قسەی دوژمنانی خودان. بەشێکی باشی ئایەتەکانی قورئان قسەی کاراکتەر و کەسانی نێو چیرۆکەکانی قورئانن و هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆی بە خودا و حوکمە ئیلاهییەکانەوە نییە.
لە ئایەتی "ان کیدکن عظیم" دا زۆر بە ڕوونی هەڵە حاڵیبوون و بەدحاڵیبوونی بەشێکی زۆریان دەردەکەوێت بەوەی وا تەفسیر ئەم ئایەتە دەکەن خودا ڕووبکاتە ژنان و وەک کائینێکی فێڵاویی و لە خشتەبەر تەماشایان بکات و بکەوێتە ژێرکاریگەری فێڵەکەیان و بڵێت "بەڕاستی فرت و فێڵ و تەڵەکەبازیی ئێوە گەورەیە". موفەسیرێکی گەورەی موعتەزیلەی وەک زەمەخشەریش لە تەفسیرەکەیدا "تفسیر الکشاف" کەوتۆتە هەمان هەڵەی مەنهەجییەوە و دەڵێت من لە ژن زیاتر دەترسم وەک لە شەیتان ئەوە نییە خودا دەڵێت "ان کیدکن عظیم"
فەخری ڕازی لە تەفسیری "مفاتیح الغیب" دا پێی وایە ئەم قسەیە قسەی ئەو کەسەیە کە ڕاستیی ڕووداوی نێوان پێغەمبەر یوسف و زولەیخای عەشیقەی دەزانێت وبە عەزیزی میسری دەڵێت، پاش ئەوەی ئەستۆپاکیی یوسف دەسەلمێنێت ڕوودەکاتە زوڵەیخاو پێی دەڵێت : "بەڕاستی فرت و فێڵ و تەڵەکەبازیی ئێوە گەورەیە و سنووری بۆ نییە"، ئەم قسەیە قسەی خودا نییە. کەوابوو ئەم قسەیە لە ڕوانگە قودسیەکەیەوە هەڵگری هیچ بنەمایەکی موقەدەس و ئیلاهیی نییە، بەڵکو قسەی مرۆڤێکی خاوەن عەقڵ وشعورە وبەرامبەر یەک تاقە ژن نەوەک هەموو ژنانی دونیا، ناکرێت وەک قسەی خودا لێی بڕوانین تاوەکو تەعمیمی بکەین بەسەر تەواوی ژناندا و پێمان وابێت ئەوان ساختەچی و فرت و فێڵاوین.
ئەم جۆرە ڕوانین بۆ ژن زیاتر ڕوانینێکی یەهوودیانە و ئیسرائیلیانەیە کە بەرپرسیارێتی تاوانکردن لەئەستۆی خۆی ناگرێت و بەردەوام پاساوێکی بۆ دەهێنێتەوە بۆ ئەوەی دەستە پیسەکەی خۆی پێدا بسڕێت، یەکێک لەو پاساوانەی ئیسرائیلیاتیش بۆ غەریزەی کۆنترۆڵنەکراوی پیاوانەی خۆیان کە بەکاریدەهێنن بە فیتنە تەماشاکردن و کەم تەماشاکردنی ژنانە.
خودا لە ئایەتێکی قورئاندا بەسەریحی باس لە فرت و فێڵی شەیتان دەکات و دڵنیایی دەداتە ئیمانداران کە فرت و فێڵی شەیتان زۆر لاوازن : "فقاتلوا أَولياء الشيطان إن كيد الشيطان كان ضعيفا". چ میتۆدۆلۆژیایەک قەبوڵی ئەوە دەکات خودا فێڵی شەیتان بەلاواز و هی ژنان بە بەهێز بزانێت؟ ژن لە شەیتان بە شەیتانتر تەماشا بکات لەکاتێکدا دەیان ئایەتی قورئانی هەن ژنانی ئیماندار و پیاوانی ئیماندار ژنانی موتەقی و پیاوانی موتەقی، ژنانی خێرۆمەند و پیاوانی خێرۆمەند لەیەک کاتیگۆریدا ڕیز دەکات:
"إِإنن المسلمين والمسلمات والمؤمنين والمؤمنات والقانتين والقانتات والصادقين والصادقات والصابرين والصابرات والخاشعين والخاشعات والمتصدقين والمتصدقات والصائمين والصائمات والحافظين فروجهم والحافظات والذاكرين الله كثيرا والذاكرات أعد الله لهم مغفرة وأجرا عظيما"
کۆمەڵگای دواکەوتوو، یاخود کۆمەڵگایەکی دینی کە دەکەوێتە ژێرکاریگەرییە خراپەکانی شەریعەتی یەهودیی و ئیسرائیلیات بەردەوام ژن وەک مەترسیی و سەرچاوەی فیتنە دەبینێت، سەران و سەرکردەی ئاینیی لەم جۆرە کۆمەڵگایانەدا بەم کارەیان سێ ئامانج دەپێکن:
یەکەم/خۆیان لە بەرپرسیارێتی تاوان دەدزنەوە و دەستی پیسی حەز و غەریزەی کۆنترۆڵنەکراو و کەبتکراوی ژێر زکی خۆیان بە ژناندا دەسڕن و وەک هۆکارێکی مەشروع تەماشایان دەکەن بۆ چڵێسییەکانیان و پاساوی ئەوە دەهێننەوە کە ئەوە ژنانن بوونەتە هۆکاری ئەوەی ئەمان تاوان بکەن نەوەک وویست و ئیرادەی خۆیان.
دووەم/ئەم جۆرە ڕوانینە کەشێکی باشیان بۆ دەڕەخسێنێت بۆ ئیدامەدان و بەردەوامیدان بە میتۆدەکانی نێرسالاریی و ویستە نێرانەکانی خۆیان بەرامبەر کۆی کۆمەڵگا و دەمداخستنی ئەوانەی دەیانەوێت شتێکی پێچەوانەی ئەوەی ویست و حەزی ئەمان داوای دەکات بڵێن.
سێیەم/پڕ قازانجترین و ئاسانترین جۆری پیشە ئەو جۆرەیەتی کە دەبێتە پۆلیسی ئەخلاقیی، باشترین ماددەی خامیش بۆ دنەدانی ئەخلاقیات ژنە. ئەمڕۆ بەشی زۆری بانگخوازان و مەلاکان لەبری ئیمان و خودا و تەجەلیاتەکانی لە گەردووندا کاریان بۆتە دروستکردنی چیرۆکی فەیک و درۆی ئەخلاقیی کە هەموویان لەدەوری ژن وەک فیتنەیەکی ئاخر زەمان دەسوڕێنەوە. هەموو کاریان شوێن پێهەڵگرتنی ژیانی تایبەتیی خەڵکە بۆ مشتێک ڵایک و نانەوەی زەجەیەکی کۆمەڵایەتیی- ئەخلاقیی، چونکە دەزانن بانگەوازی ئەخلاقی زۆرترین کەس لێی کۆدەبێتەوە، هیچ شتێک وەک بانگەوازی ئەخلاقیی لە کۆمەڵگای دواکەوتوودا خەڵک شوێن خۆی ناخات، پۆتێنسیالێکی زۆر بەهێزی هەیە، بەشێکی باش لەوانیش ئەمڕۆ بە قەولی مەحوی ڕوتبەی جەجاڵییان هەیە و دەیانەوێت خەرگەلەی خەڵق شوێنیان کەوێت چونکە دەزانن دەیان پڕۆژەی کۆمەڵایەتیی و ئابووری و سیاسیی و زانستی هێندەی یەک ڕستەی ئەخلاقی خەڵک لەخۆی کۆناکاتەوە:
خەڵق ئەوا مەجبووری دوو خۆخستنی خەڵقن بە جان
من بە دڵ مەنفوورمە، ڕوتبەی جەجاڵم بۆ چیە!