لەنێوانی بێئەقڵیی و بێئەقڵییەكی تردا

2 مانگ پێش ئێستا

پۆڵا سەعید
گومانی گەورە لە ڕەفتارەكانی پالودان ڕاسموس هەیە، كە تەنها تاكێكی نەخۆش بەوشێوەیە چ  بیر دەكاتەوە و چ مامەڵەش دەكات. من خودی خۆم كۆمەڵێك سیمپتۆمی ئەنتی سۆسیال و پارانۆید لە پالوداندا دەبینم، لێ قووتكردنەوەی دیاگنۆزەیەك لەسەری، پێویستمان بەوەیە، كە لە نزیكەوە دیداری پالودان بكەین. من تاكە كەس نیم، كە گوومان لە نەخۆشبوونی پالودان دەكەم، بەڵكوو خەڵكانی تر زۆرن. پالودان بە تەنها دژایەتیی ئیسلام ناكات، بەڵكوو دژایەتیی مرۆڤایەتیی دەكات. پالودان وێڕای ئەوەی ڕەچەڵەكێكی سوێدیی هەیە، لێ لە دانمارك دەژیی و پێیوایە، كە تەنها دانماركیی بۆی هەیە لە دانمارك بژیی. پالودان پێیوایە، نەك ئەگەر خۆت، بەڵكوو ئەگەر دوو نەوەی پێش خۆشت لە دانمارك لەدایك بووبێت، ئەوا هەر مافی ئەوەت نییە، كە لە دانمارك بژییت. ئیدی عەرەبیت، فارسیت، ئەڵمانیت، ئینگلیزیت یان هەر باكگراوندێكی ترت هەبێت.

ناوەڕاستی خۆرهەڵات و ئەوروپا، وڵاتانی ئیسلام و ئەوروپا لە دیموكراتییدا جیاوازییان دەردەكەوێت. من خۆم لە وڵاتە ئیسلامییەكان دەگەم، چونكە ئەوان ناتوانن هیچ سوودێك لە دیموكراتیی ببینن و ئایدیایەكی بێكەڵكە بۆیان. بەڵام ئەوەی تێناگەم ئەوەیە، كە بۆچیی ڕەوەندی وڵاتە ئیسلامییەكان ئەوروپا بەجێناهێڵن و ناگەڕێنەوە زێدی خۆیان؟ بۆچیی خۆیان تووشی ئەو ئازارە ڕۆحییە دەكەن لە ئەوروپادا دێتە سەرڕێگایان؟ بۆچیی لەبری ئەوروپا ناچن بۆ سعودی عەرەبیی؟ بۆچیی ناچن بۆ ئێران؟ بۆچیی ناچن بۆ میسر یان پاكستان؟ بۆچیی دێن بۆ ئەوروپای دیموكراتیی؟

لە ئەوروپای دیموكراتییدا ڕێگا بە تۆ دەدرێت، كە كتێبێك بسووتێنیت، ئیدی ڕۆمانێكە، كتێبێكی زانستییە، ئینجیلە یان قورئان هیچ لە باسەكە ناگۆڕێت، بەمەرجێك كتێبەكە هی خۆت بێت، واتا خۆت كڕی بێتت، نەك كتێبی كەسێكی تر بسووتێنیت. واتا دەچیتە كتێبخانەیەكەوە كتێبێك دەكڕیت و دێیتە دەرەوە دەیسووتێنیت یان دەیدڕێنیت، لەمەدا ئازادیت. هەربۆیە یاسایەك نییە بۆ ئەوەی پالودان بگرێت لەسەر ئەوەی كتێبێكی سووتاندووە. لێ ئیسلامەكانی جیهان و سوێدن لەمە ناگەن. وەك وتم، ئەوان نازانن چیی لە دیموكراتیی بكەن، چونكە ئایدیایەكی بێكەڵكە.

كارەسات لێرەدا ئەوەیە، كە ئیسلامەكانی سوێدن لەبەرانبەر سووتاندنی كتێبێكدا خەریكن وڵاتێك دەسووتێنن. ئەم هەموو تووندوتیژییەی دژ بە پۆلیس دەكرێت، مەگەر لە شەقامەكانی بەغداد و كابولدا بوونی هەبێت. بیهێنە بەردەمی خۆت، كچەكەت یان كوڕەكەت پۆلیسە و لەبەر بێئەقڵییەكانی پالودان و ئیسلامییەكانی سوێدن دەبێت بچێت ئارامیی شار بپارێزێت، لێ گەنجێكی ئیسلام بەردێكی گەورەی دە دوانزدە كیلۆیی هەڵدەگرێت و دەیگرێتە پۆلیسەكان و بەر ڕانی كچە پۆلیسەكەت یان كوڕە پۆلیسەكەت دەكەوێت و دەیشكێنێت. تاوانی كچەكەت یان كوڕەكەت چییە، كە ڕانی بشكێنن؟