لە سەوزاییدا نوێژ بكەن

2 مانگ پێش ئێستا

خالد سلێمان
مەبەستم لەم نووسینە تانەلێدان و سوكایەتی نیە، ڕێزی هەموو ئەو ئیماندارانەش دەگرم كە لێرەدا نوێژ دەكەن و لەخوا دەپاڕێنەوە كە بەدەم تێنیوتییانەوە بێت. 
من ئەمەوێ بڵێم دانەبارین و وشكەساڵیی، دەرەنجانی زیاتر لە 500 ساڵە لە دەسكاریكردنی سروشت و ڕووتاندنەوە زەوی، دەرەنجامی ڕێژەیەكی یەكجار زۆرە لە گازە گەرمكەرەوەكان لە كەشدا كە بوونەتە هۆی قەتیسكردنی گەرمیی هەتاو لەسەر زەوی. 
هەروەها دەرەنجامی ڕەوی یان كۆچی ئاوی شیرینە لە هەرێمە گەرمەكانەوە بۆ هەرێمە ساردەكان، كە باسی كۆچی ئاویش دەكەم، مەبەستم لەوەیە بڵێم لە ٧٧% زیاتری سووڕی ئاو (بەهەڵمبوون و چڕبوونەوەو دابارین) لەسەر زەریاكان ڕوودەدات، بەڵام بەهۆی گۆڕانكاری كەش و هەواو فاكتەرە (ئەنترۆپۆژینیك)ەكانەوە، واتە ئاسەواری چالاكی مرۆیی لەسەر زەوی، گۆڕانكارییەكی بنەڕەتی لەو سووڕی ئاوە كە لەسەر زەریا ڕوودەدات. لە هەرێمێكی زەریادا ڕێژەی سوێربوون زیادیكردوە، لە شوێنێكی تردا ڕێژەی شیرین بوون، ئەمەش بوەتە هۆی گۆڕان لە سووڕی سروشتی ئاوداو لە شوێنێكدا دابارینی زیادكردوە، لە شوێنێكی دەگمەنی كردوە. 
لەوانەیە خەڵك ببپرسن ئەی چارە؟ ئەمە پرسیارە جەوهەرییەكەو بەڕای من پێش نوێژی پاڕانەوە بۆ دابارین، با هەر یەكێك لەو ئیماندارانە دارێك لە چیا ڕووتەڵەكەی پشتییەوە بنێژێت و سەوزی بكات، چونكە دارەكان سەرچاوەی دەردانی شێ و وردیلە ئاون بۆ كەش، كە لە كۆتاییدا چڕدەبنەوەو دادەبارێن. 
كە دەوروپشتی خۆیانیان سەوزكردەوە، ئەو كاتە خواناسی و نوێژیش جوانتر دەبێت، چونكە سەوزاییش بەشێكە لە بەهەشت. لە سەوزاییدا هەموو بوونەرەوەكان دەبوژێنەوە، لە ناویشیاندا مرۆڤ.