كۆلیك یان غازاتی منداڵی تازە لەدایك بوو چیە؟

2 مانگ پێش ئێستا

د. پشدەر عەبدوڵا
هۆكارەكەی ئەبێ چی بێت؟ چۆن بتوانین ئەم گریان و غازاتە كەم بكەینەوە؟
ئەوە پرسیاری كۆمەڵێك بەڕێزە ئێمەش هەوڵ ئەدەین بە درێژی باسی بكەین.
گریانە بۆ زیاتر لە ۳ كاتژمێر لە ڕۆژێكداو زیاتر لە ۳ ڕۆژ لەهەفتەیەكداو بۆ ماوەی زیاتر لە ۳ هەفتە.(یاسای ژمارە ۳ ی پێ ئەڵێن).
نزیكەی ۲٥٪ منداڵ تووشی ئەم غازات و گریانە ئەبێت، زۆربەی كات لە ئێوارەو شەودا پێش نیوە شەو ڕوو ئەدات.
لەتەمەنی ٦ بۆ ۸ هەفتە بڕی ئەو گریان و غازاتە ئەگاتە لووتكە.
ئەبێ هۆكارەكەی چی بێت؟
هەرچەندە هیچ هۆكارێكی دیاری كراوی نیە بەڵام ئەم شتانەی كە لە خوارەوە باسی ئەكەین لەوانەیە ئەو غازاتە زیاد بكەن:
۱-باش پێنەگەیشتنی سیستەمی مێشكو دەمار.
۲-هەستیاری زۆر بۆ دەست لێدان و دەنگە دەنگ ئەگەر هەیبێت.
۳-ئەو منداڵانەی كە شیری دایكیان ئەخۆن لەوانەیە هەندێك خواردن كە دایكی ئەیخوات هۆكار بێت بۆ زیاد بوونی غازات.
٤-ئەو منداڵانەی كە شیری قووتو ئەخۆن لەوانەیە هەندێ پڕۆتینی ناو شیرەكەیان پێ نەكەوێت.
٥-زۆر شیر خواردن یان خێرا شیر خواردن.
٦-ئەو دایكانەی كە جگەرە لە كاتی سكپریەكە ئەكێشن ڕێژەی غازات لە منداڵەكانیاندا دوو ئەوەندە زیاد ئەكات.
۷-ئەگەر دوای شیر خواردنەكە نۆشی نەكات واتە نەی خەیتە سەر شانت بۆ نۆش كردن.
۸- منداڵێك كە كێشی كەم بێت لەكاتی لە دایك بووندا.
۹-ئەگەر منداڵەكە برسی بێت.
۱۰-ئەگەر منداڵەكە ترشیەتی گەدەی بگەڕێتەوە سوڕێنچكی.
چۆن بتوانین ئەم غازاتە كەم بكەینەوە؟
۱-پێویستە منداڵەكە زۆر لە باوەش بگریت تەنانەت ئەوكاتانەی كە نەشگریەت.
۲-ئەتوانی بتڵێك ئاوی گەرم یان مەمە شوشە ئاوی گەرمی تێدا بێت( بەمەرجێك زۆر گەرم نەبێت زیان بە منداڵەكە بگەیەنێت ) ، لەسەر سكی منداڵەكە دابنێ.
۳-دایكی شیردەر  هەوڵ بدە منداڵەكەو لایەكی سنگت بەتاڵ بكاتەوە انجا بیبەیتە سەر لاكەی تر.
٤-هەوڵ بدە دەست بەسەر سكی منداڵەكەتدا بهێنیت لە شێوەی میلی كاتژمێر.
٥-ئەو منداڵانەی كە شیری قووتو ئەخۆن باشترە جۆری شیرەكە بگۆڕن نەوەك هەستیاری هەبێت بە پڕۆتینی ئەو شیرە.
٦-زوو زوو منداڵەكەت بخەرە سەر شانت.
۷-ئەتوانیت منداڵەكەت لەسەر سكی بیخەیتە سەر قاچەكانت، وەجووڵە بە قاچەكانت بكەیت بۆ ئەوەی ماساج بە سكی بكرێت.
۸-زۆر جار منداڵ كاتێك ئەیخەیتە ناو سەیارە و لەكاتی ڕۆیشتنی سەیارە منداڵەكە بێ دەنگ ئەبێت، بۆیە دایك و باوك سوودی زۆر لە سەیارە ئەبینن.
چ كاتێك پێویستە ترسمان هەبێت و پێویستی بە بینینی پزیشك بێت(ئەوانە نیشانەی غازات نین)؟
۱-ئەگەر تای هەبێت.
۲-پیساییەكەی خوێن یان لیمانی لەگەڵدا بێت.
۳-ڕشانەوە بەتایبەتی ئەگەر زۆر و بە قوڵپ بێت.
٤-ئەگەر ئارەزووی شیر خواردنی كەمی كرد.



پرۆفایل
د. پشدەر عبداللە اسماعیل
پزیشكی پسپۆری نەخۆشیەكانی منداڵان و گەشەی منداڵان.
بۆرد(دكتۆرا) لە نەخۆشیەكانی منداڵان و تازە لەدایك بووان
بەكالۆریۆس لەپزیشكی هەناوی و نەشتەرگەری گشتیدا