زۆرێك لە پزیشكەكان نهێنی نەخۆشەكانیان ناپارێزن!

2 مانگ پێش ئێستا

ڕەهێڵ دزەیی
لە كاتی تەواو كردنی زانكۆ یان هەر بوارێكی خوێندن دەرچووەكان بەڵێنی دڵسۆزی بۆ پیشەكان و نهینی پارێزی دەدەن، . هەر پیشەیەك ئەوەی پەیوەندی لەگەڵ مرۆڤ هەیە یان لەگەڵ هەر بابەتێكی تر هەبی ڕووبەڕووی هەندێ ڕووداو یان هەندێ زانیاریان دەستدەكەوێت كە ڕەوشتی پێشەیی ڕێگەیان پێنادات لەلای كەس باسی بكەن، ئەمەش متمانە و دڵنەوایی بە ئەوانەی مامەڵەی لەگەڵ دەكەن دەبەخشێت. 
پزیشكی پیشەیەكی زۆر پیرۆز و گرنگە لە كۆمەڵگادا، پەیوەندی ڕاستەوخۆ بە مرۆڤەكانەوە هەیە. دەرچوانی كۆلێژی پزیشكی لەگەڵ ئەوەی سوێند دەخۆن كە بە مرۆڤانە مامەڵە لەگەڵ نەخۆشەكان بكەن، سوێندی ئەوەش دەخۆن كە نهێنی نەخۆشەكان بپارێزن. ئەوەی لە هەرێمی كوردستان ڕوودەدات، زۆر بەكەمی ئەم نهێیە پارێزاوە بوونی هەیە.
پزیشكەكان لە نۆرینگەكانیان، بۆ ئەوەی پێڕابگەن زۆرترین نەخۆش ببێنن و زۆرترین دەسكەوتی مادیان هەبێ چەندین نەخۆش بەیەكەوە دەبینن. نەخۆش پێویستی بە كاتە بۆ ئەوەی بتوانێ بە ڕوونی كێشە تەندروستیەكەی بۆ پزیشك باس بكات، گرنگە نەخۆش بەتەنیا بێت لەگەڵ پزیشكەكەی، بۆ ئەوەی بتواێت قسەكانی خۆی بەبێ شەرم ڕاستگۆیانە بكات، هەروەها پزیشك دەبێ بە شیوازێك هەلس و كەوت بكات و گوێ بۆ نەخۆشەكەی بگرێت، تا بتوانی متمانەی نەخۆش بەدەستبێێت وهەموو شتێكی بە راشكاوی بۆ باس بكات، تا بتوانێت چارەسەری دروستی بۆ بكات. كە چەند كەسیكی تر لە ژووری پزیشك لەگەڵ نەخۆش بوون، ئەو كات نەخۆش لەوانەیە شەرم بكات یان نەیەوێ كەسێكیتر وەڵامەكانی بۆ ئەو پرسیارانەی پزیشك دەیكات بیبستن ، بۆیە لەم كاتەدا نەخۆش یان وەڵام ناداتەوە، یان بە هەڵە وەلام دەداتەوە، ئەمەش كاریگەری دەبێت لەسەر دەستنیشان كردنی نەخۆشیەكە لەلایەن پزیشكەكەوە، نەخۆش لەم كاتەیە متمانە بە پزیشكەكەی ناكات. ئەمە تەنها لە نورینگەكان ڕوونادات، بەڵكۆ لە نەخۆشخانەكان و بنكە تەندروستیەكانیش بەهەمان شیوەیە. وەزارەتی تەندروستی بۆ خزمەتكردن و پێشكەش كردنی خزمەتگوزاری تەندروستی و پاراستنی هاوڵاتیان لە هەر پەتایەك یان هەر پێشێل كردنێكی مافەكانیان لەلایەن كارمەندانی كەرتی تەندروست دروست بووە، ئەركیەتی ئەم پێشێلكردنە بوەستێنێت و بڕیارێك دەربكات كە پزیشك پابەندی ئەو سوێندەبن كە داویانە، لەیەك نەخوش زیاتر لە ژووری پزیشك نەبێت. 
نەخۆش مافی ئەوەی هەیە بە تەنیا لەگەل پزیشك بێت وكاتی گونجاوی پێبدات. تەنها نەخۆش بۆی هەیە ڕێگا بە كەسێك بدات لەگەڵی بێتە ژووری دكتۆر، هەر ئەوێش مافی ئەوەی هەیە رێگا بە كەسێكی تر بدات گوێ لە نهێنیەكانی بێت، نەك پزیشك بە ئارەزووی خۆی هەر چەند كەسی بوێت لە ژوورەكەی دانێت لە كاتێك پشكنین بۆ نەخۆش دەكات.
 هەندێ جار میوانەكانیشی لە ژوورەوە داناوە لەكاتێك نەخۆشیك دەپشكنێت و پرسیاری تایبەتی لێدەكات!
سستمی تەندروستی هەرێمی كوردستان، سستمێكی كۆنە هیچ گۆڕانكاریەكی بەسەردانەهاتوە لەگەڵ ئەم هەموو پێشكەوتنەی ڕوویداوە لەم بوارە. 
خزمەتگوزاری تەندروستی لە هەرێمی كوردستان وەك زۆرێك لە كەرتەكانی تر لە ئاستێكی زۆر نزمە، هاوڵاتی هیچ هاوكاریەك ناكرێ لەلایەن حكومەتەوە. بیمەی تەندروستی بوونی نییە، ئەوەش بارگرانیەكی مادی زۆر دەخاتە سەر هاوڵاتیان. كەرتی گشتی سستمی تەندروستی بەڕادەیەكی زۆر پشتگوێ خراوە  و كەرتی تایبەت شوێنی گرتۆتەوە، چاودێریش ناكرێت لەلایەن حكومەت و وەزارەتی تەندروستی. نەبونی چاودێری وایكردوە  پزیشكەكان و خاوەن نەخۆشخانەكان بە ئارەزووی خۆیان یاری بە نرخی چارەسەر و پێداویستە تەندروستیەكان بكەن. لەگەڵ ئەوەی نرخی چارەسەر و پێداویستیە تەندروستیەكان زۆر گرانە، كوالیتی و دەستیشان كردنی نەخۆشیەكان چارەسەركردنی و دەرمانەكان لە ئاستی پێویست نییە، بەڵگەش بۆ ئەمە دەبینی بەرپرسەكان و تەنانەت خاوەن نەخۆشخانە تایبەتەكان بۆ چارەسەری نەخۆشیەكی سووكیش سەفەر دەكەن بۆ وڵاتانی دراوسێ یان وڵاتانی ئەوروپا.
كەرتی تەندروستی كەرتێكی گرنگە، هەر حكومەتێك خۆی بە دڵسۆز وڕەشید بزاێت دەبێ پلان و گرنگیەكی زۆر بەم كەرتە بدات و خزمەتگوزای تەندروستی بە هەموو هاوڵاتیەك بگەێنێت. 
پزیشكی خێزان گرنگە بێتە ناو سستمی تەندروستی هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی نەخۆش سەری لێنەشیوێت و نەزانێت بۆ چارەسەری نەخۆشیەكەی بچێت بۆ لای كام پزیشك، بەڵكو پزیشكی خۆی سەرپەرشتی دەكات و دوای پشكنینی ئەو پزیشكە پسپۆرە دەستنیشان دەكات و زانیاری دەربارەی نەخۆشەكەی و نەخۆشیەكەی دەنێرێت بۆی، بۆ ئەوەی چارەسەری گونجاوی بۆ دەستیشان بكات. لە هەرێمی كوردستان كەسێك كە نەخۆش دەكەوێت، بۆ خۆی بڕیار دەدات بچێت بۆ لای كام پزیشك، بۆ ئەوەی چارەسەری نەخۆشیەكەی بكات، لە ماوەیەكی كورت چەندین پزیشك دەگۆڕیت، هەر پزیشكەو جۆرێك لە دەرما و چارەسەری بۆ دەستنشان دەكەن، ئەگەر پزیشكی خێزانی هەبێت، ئەو سەرلێشێوانەی هەیە نامێنێت و نەخۆش هاوكاری دەكرێت و پزیشكەكانیش بازرگانی بە نەخۆش ناكەن.
 بەداخەوە  كەرتی تەندروستی لە هەرێمی كوردستان یەكێكە لەم بوارانەی زیاتر بۆ دەسكەوتی مادی سەیردەكرێت لەوەی لایەنی مرۆیی وپێشكەش كردنی خزمەتگوزاری تەندروستی وپاراستی هاوڵاتیان بێت.