بۆچی سەرەڕای نوێژە بارانە باران نەباری؟

2 مانگ پێش ئێستا

ڕێبین ئەحمەد رەشید
لكاندنی عیبادات و ئیمانیات بەزانست و سیاسەت و ئیعجازی زانستییەوە نادانییەكی زۆر و بەدحاڵیبوونێكی تەمام عەیارە ئەمڕۆ زۆرێك لە بانگخواز و ووەلا و زانایانی تێكەووتوون. بنەمای سەرەكی كاركردنی زانست و سیاسەت و ئابووریی ئەمڕۆ كەم تا زۆر ماتماتیك و بە ڕێژەییش لۆژیكی ئەرەستۆییە ، لەكاتێكدا سەرەتاییترین  بنەمای ئایین و عیبادەت تێكشكاندنی ئەو بنەمایانەی لۆژیكە و زۆر جار هەر نادیدەشیان دەگرێت. 

ڕۆژووی نەخواردن و نەخواردنەوە یەكێكە لە عیبادەتە سەختەكانی بەشێكی زۆر لە دینەكان بە گشتیی و دینە ئیبراهیمییەكان بە تایبەتی، لۆژیك و پزیشكیی قەبوڵی ئەوە ناكەن تۆ تینوو بیت و لەشت وشك ببێتەوە بەڵام ئاو لەخۆت حەرام بكەیت. ئەوەی دەبێت وابكات ئێمە بەڕۆژوو بین بەجێهێنانی ئەمرێكی ئیلاهیی و پیرۆزە نەوەك حیكمەتێكی پزیشكیی و زانستی. چونكە ڕۆژێك دێت ئەم زانستەی ئێستا پێمان وایە كۆكە لەگەڵ هەندێ بنەمای دین تەواو هەڵگەڕێتەوە و پێچەوانەكەی بسەلمێندرێت، زانست شتێكی گۆڕاوە، ئەوكات دەبێت چی لەو جەڕاندنەی دین بكەین بۆ بەرژەوەندی زانست؟

 گەر دەستنوێژگرتن تەنها بریتیبێت لە ڕیعایەتی پاكوخاوێنی و تەهارەت وەك لە فیقهدا باس دەكرێت، ئەوا كاتێك ئاومان دەستناكەوێت دەبێت خۆمان بە تەپوتۆز پیس بكەین و تەیەموم بـكەین. كەواتە حیكمەتی پشت دەستنوێژ هەڵگرتن پاكوخاوێنیی نییە، بەڵك بەجێهێنانێكی ئیمانیی فەرمانێكی خودا و پێغەمبەرەكەیەتی نەوەك شتێكی زیاتر. عیبادات هەڵگری مەخسەدێكی موقەدەسی پێ چەند و چۆنن، شەرت نییە حیكمەتیان لەخۆیاندا حەشار دابێت.

سەربڕینی ئیسماعیل لەلایەن ئیبراهیمی باوكەوە لە هیچ یاسایەكی ئەخلاقییدا جێی نابێتەوە، بەڵام وەك سارتەر دەڵێت ئەو حاڵەتەی پاڵی بە ئیبراهیمەوە نا ئیسماعیل "ئیسحاق" سەرببڕێت شتێكی بان ئەخلاق بوو.

نوێژە بارانە ئەمڕۆ بۆتە باسێكی تەواوی سۆشیال میدیا. دووتەرەفی یار و نەیار لەسەر بارانبارین و لینكەكانی بە نوێژەبارانەوە نەزانانە شیرو تیر لەیەك دەسوون.نەبارینی باران و وشكەساڵیی لە تەرمینۆلۆژی دینی ئیسلامدا كاتی هاتنی نوێژە بارانە دیاری دەكات وەك عیبادەتێك، نەوەك نوێژەكە بكرێت بۆ ئەوەی باران ببارێت، دەشێ نوێژ بكرێت وبارانیش هەر دەنگی نەبێت، نەبارینی باران بەمانای تەرككردنی ئەو عیبادەتە نایەت، عیبادەت لە هیچ دینێكدا واداری مەرج نەكراوە، بەتایبەتی شتێكی ڕاز ئامێزی وەك نوێژ كە هەمووی یەكپارچە دوعا و ڕازە زیاتر نەوەك نیاز.

نوێژ لە ئیسلامدا سروتێكە جێگای گرنگی پێدانێكی زۆرە، ئیسلام باوەڕی وایە میعراجی شوێنكەوتوانێتی، بەدوای بیانوودا دەگەڕێت تا شوێنكەوتەكانی ئەو سروتەی تێدا ئەنجامبدەن، نوێژی فەرز، نوێژی سوننەت، شەونوێژ، نوێژی ئەوابین، نەوافیل، نوێژی زوحا و چێشتینگاو، نوێژی مانگگیران و خۆرگیران، نوێژە بارانە، نوێژی سەبر و نوێژی شوكور، نوێژی تەراویح، نوێژی وەتر، نوێژی دەستنوێژ، نوێژی تەحییە سەلام، نوێژی مردوو، نوێژی هەینی، نوێژی جەژن ...هتد.   بەشی زۆری عیبادەتەكانی پێوە لكێندراوە. هەروەك چۆن پێش خۆرهەڵهاتن نوێژی بەیانی دەكرێت بۆ ئەوە نییە خۆر هەڵبێت و ڕۆژ ببێتەوە، نوێژە بارانیش بۆ ئەوە نییە باران ببارێت، بەڵكو كاتی هاتن و دیاریكردنی ئەو جۆرە لە عیبادەت دیاریی دەكات. دروست وەك نوێژی خۆرگیران و مانگ گیران بۆ بەربوونی مانگ و خۆر نییە، بەڵكو كاتی هاتنی ئەو عیبادەتەیە. 

 عیبادەت لە ئەدیاندا دەلالەتی ڕموزیی و سیمبۆلیكییان هەیە زیاتر وەك لە دەلالەتی واقیعیی و زانستیی و فەلسەفی. عیبادەتێكی ڕازاوی وەك نوێژیش زیاتر ئەم یاسایە شمولی دەكات. چەندە تێگەیشتن ڕموزی بێت بۆیان ئەوەندە مانادارن، ئەوەندە نائایدۆلۆژیی و جوانن چەندێكیش هەوڵ بدرێت لەگەڵ واقیع كۆك بكرێن و بجەڕێندرێن بۆ واقیع ئەوەندە نالەبار وبێمانا دەردەكەون. ساتەوەختی جەڕاندنی دین لە ماناو ڕەمزەوە بۆ واقیع ساتەوەختی خەساندن و پاسیڤكردنی دینە لەو محتەوا زایەندەییەی كە دەبێت هەیبێت و مانا خەڵق بكات، ساتەوەختی دروستبوونی ئایدۆلۆژیای دینییە.

گەر بمانەوێت دین بە پێوەرەكانی زانست بپێوین دروست وەك ئەو مرۆڤەمان لیدێت كە دەیەوێت یاساكانی یاری باسكێتبۆڵ بەسەر یارییەكی وەك تۆپی پێدا جێبەجێ بكات. لە باسكێت بۆڵدا دەست ڕۆڵی سەرەكی دەبینێت بۆ یەكلایی كردنەوەی یارییەكە، بەڵام لە تۆپی پێدا هەمان دەست دەبێتە كوشندەترین هەڵەی یارییەكە، بەپێچەوانەوە پێیەكان لە باسكێتبۆڵدا هۆك و فاوڵن. لە پێشبڕكێی فۆرمیولا وەندا كش مەلیك مانای نییە، هەروەكچۆن لە شەترەنجیشدا فاوڵ بێمانایە.

 دین و زانست، ئیمان و یاسا، عیبادەت و ئیعجازیی زانستی هەریەكەیان وەك باسكێتبۆڵ و فتبۆڵ كۆمەڵێك دیاردە و ئێبستیمی epistem ی لێكجیاوازن، نەكردەیە یاساكانی یەكێكیان لەبەرژەوەندی ئەوی دیكە بجەڕێندرێت.