تۆپی نێرسالار
1 مانگ پێش ئێستا
یاسین ئافتاو
تۆپی پێ، جا ژنان بیكەن یان پیاو، گەمەیەكی نێرانەیە، چونكە (بە گشتیی) لەسەر تێكشكاندنی بەرانبەر و ملكەچكردن و تووڕهەڵدانەدەرەوەی وەستاوە، ئەم یارییە جێگەی مرۆڤی ناسك و هەستیار و عاتیفیی تێدا نابێتەوە، دەبێت بە درێژایی ٩٠ خولەك، لەبەردەم چاوی هەزاران و دەیان هەزار بینەردا، لە ژێر فشارێكی جەستەیی و دەروونیی بەرگەنەگیراودا یاریی بكەیت و باش بیت و بشیبەیتەوە.
تۆپی پێ پڕە لەو یاریزانانەی كە هەتا سەر بەرگەی ئەم فشارە ناگرن، هەشن وەكو (تێرمیناتۆر) هەتا كۆتایی دەجەنگن، بەپێوە دەوەستن و سنگ دەردەپەڕێنن، لە نموونەی ماڵدینی، زانێتی، كافو، جۆرجینیۆ، ئۆلیڤەر كان، ئیبراهیمۆڤیج، كریستیانۆ ڕۆناڵدۆ و ...هتد.
ئەمانە، ئەو ئەسپانەن كە گوێ بە خۆشەویستیی و كینەی هاندەران نادەن، فیكەبۆلێدان و ئاڵای سپی و لافیتەی نەیارانە نابینن، بەڵام یاریزانی دیكە هەن، بۆ ئەوەی لە یاریگادا هەبن، پێویستیان بە خۆشەویستیی و هاوسۆزیی و خاترگرتنە هەتا بتوانن بەردەوام بن و یاریی بكەن و گۆڵ بكەن، لە نموونەی ئەوانەش: ڕۆناڵدۆی بەرازیل، ڕۆناڵدینیۆ، ڕۆبن و لە هەمووشیان دیارتر: كەریم بنزیمە...
میل شوارتز، دەروونناسی بەناوبانگ و دەرچووی زانكۆی كۆڵۆمبیا، پێی وایە هەمیشە خۆبەهێزپیشاندان و وێناكردنی خۆت وەكو لەشكاننەهاتوو، درۆیەكی سەخیف و بێمانایە و ئەوە نەك ئازایەتیی نییە، بەڵكو خودی دەبەنگییە و ئەگەر شتێك هەبێت ناوی لاوازیی بێت ئەوەیە.. شوارتز پێی وایە، ئازایەتیی ئەوەیە ئێمە ددان بنێین بەوەی كە پێویستمان بە خۆشەویستیی و پێزانین و مەحەببەتی دەوروبەرمانە، دەبێت هەندێكجار لێدانی دڵی دەوروبەرمان بگرین و ئەگەر هەستمان كرد هەمووان سڵمان لێ دەكەنەوە و خۆشیان ناوێین، بەخۆماندا بچینەوە و فیز و لووتزلیی و ئیگۆ فووتێكراوەكەمان لە زەویی بدەین.
كەریم بنزیمە، یەكێك بوو لەو یاریزانانەی كە بۆ ماوەیەكی دیاریكراو نە لە هاندەرانی ڕیاڵ مەدرید و نە لە هی فەرەنسا و نە لە ڕاهێنەرانیەوە ئەو كەمە سۆز و مەحەببەتەی پێ نەدەدرا كە بۆ ئەو وەكو وزەبەخش بوو، هەتا دیشان-ی ڕاهێنەری فەرەنسا و ئانچیلۆتیی ڕیاڵ مەدرید و سەرەنجام هاندەرانی ڕیاڵیش ئەوەی پێویستیی پێی بوو پێیان بەخشیی ئەوە دەبینین چەند مانگێكە لە لووتكەی سەرەوەی هەموو یاریزاناندایە و ئێستا كەس باسی مێسی و ڕۆناڵدۆ و ئێمپاپی و نەیمار ناكات.
جۆزێ مۆرینیۆیە كە بكوژی هەر یارییەكی جوان و چێژبەخشە، یەكێكە لە جەللادەكانی بنزیمە و هەر زۆر زوو خەریكبوو لەناوی بەرێت، مۆرینیۆ كە خاوەنی مێنتاڵیتییەكی ڕووخێنەر و داپڵۆسێنەرە، دەمشڕێكی پیاوسالارە كە هەموو شتێكی بەرانبەرەكەی سفر دەكاتەوە و ئیگۆیەكی هەیە كە سەدهەزار زیاتر لە قەبارەی خۆیەتی؛ لە مانگی دیسەمبەری ٢٠١٠، كاتێك ڕاهێنەری ڕیاڵ مەدرید بوو و لەودەمەدا هیگوایین پێكرا بوو، وەك ئاماژەیەك بە بن زیمە وتی:
"بە بێ هیگوایین دەناڵێنین، ئامادەنەبوونی كێشەیەكی زۆر گەورەیە، ئەگەر چوویت بۆ ڕاو و تانجییت نەبوو، ناچاریت پشیلەكەت لەگەڵ خۆتدا ببەیت، ئەوەش لەبەر تاكە هۆكارێك، چونكە تۆ بە تەنیا خۆت ناتوانیت ڕاو بكەیت، ئەمە حاڵی ئێمەیە لەگەڵ بنزیمە و هیگوایین".
لینكی لێدوانەكە:
https://www.espn.in/.../real-madrids-karim-benzema-i-lost...
مرۆڤ دەكرێت بپرسێت: ئێستا بنزیمە چیی دەكات و لە كوێیە و هیگوایینیش چی دەكات و لە كوێیە؟ ئەی مۆرینیۆ، ئایا كەس هەیە بە ئینگلیزی یان پورتوگالیی ئەم لێدوانەی خۆی بیر بخاتەوە؟
بە كەریمیش دەڵێم: ذهب الظمأ، وابتلت العروق وثبت الاجر انشاءاللە...
تێبینی: من لە سەرەتای نەوەتەكانەوە هاندەری بەرشەلۆنەم.
ژێدەر: هەموو زانیارییەكانم لە وتارێكی سایتی (میدان) وەرگرتووە بە ناونیشانی (كریم بنزیما.. "میسی" الذي كان یحتاج إلی الحب)