دابەشكردنی باخاتی بەهەشت

2 مانگ پێش ئێستا

م. عەزیز غەفور
هەندێ لە واعیزەكان وادەزانن خەڵك كرێكاری بۆ خودا دەكات، ئیتر تا خودا زیاتربدات باشترە، بۆیە بەناوی خوداوە بەردەوام خەریكن عەمەلی ساڵحی وردیلەی وەك زیكر و دوعا مەئسورەكان و خوێندنی هەندێ سورەتی قورئان دەخەنە موزایەدەوە و هەر ڕۆژە و ئەجرێكیان لەسەر دادەنێن.. ڕۆژێك لە بەرامبەر یەكێك لەوانەوە قەسر دابەش دەكەن و ڕۆژێك دار و درەخت و باخاتی بەهەشت و ڕۆژێك حۆری .. یەكێكیان دەڵێت ئەگەر ئەو دوعایە بخوێنیت ئەوە شەیتان ئەو رۆژە نایەت بە دەورتدا و ئەویتر ئەڵێت ئەگەر خوێندت رزق و رۆزیت زیاد دەكات و یەكێ تر دەڵێت ئەگەر هەموو رۆژێك یان دوای هەموو نوێژێك بیخوێنیت ئەوە دەچیتە بەهەشتەوە .... هتد.

ئەزیزەكەم... خودا بەڵێنیك نادات بە بەندەكانی كە نەیباتە سەر، چۆن دەبێت بەو جۆرە بەناوی خودا و پیغەمبەرەكەیەوە ئەو هەموو بەڵێنە ساختەیە بدرێت كە خۆمان بە چاوی خۆمان دەبینین كە نایەنە دی.. باشە ئەگەر گوتت بە خوێندنی فڵان سورەت رزق و رۆزیت زیاد دەبێت و موسوڵمانی داماوی هەژار شەش مانگ خەریكی خوێندنی سورەتەكە بوو و رۆژ بە رۆژ داماوتر دەبوو!؟ ئەوكات چی؟ تۆ دڵنیایت ئەو كەسە ئیتر متمانەی بە بەڵێنی خودا دەمێنێت؟

 بەداخەوە خەریكە وا لە موسوڵمان دەكەن چاكە نەكات لەبەر ئەوەی چاكە لەخۆیدا شتێكی چاكە، بەڵكو خودا ئەجری باشی بۆ دانا ئەوە دەیكات، ئەگەر نەیزانی ئەجرەكەی چیە و چەندە ئەوە نایكات. راستە ئەوانە دوعان یان سورەتی قورئانن بەڵام خوێندنی ئەو شتانە و دووبارەكردنەوەیان كردەوەیەكی بچوكە و شایانی ئەو هەموو ئەجر و پاداشتە زۆرانە نیە كە باسیان لێوە دەكرێت. 

 با لەخۆمان بپرسین، ئایا هەموو قورئان ویردێكی تێدایە بە وتنەوەی مرۆڤ ڤێلا و باخ و حۆری وەرگرێت؟ ئەو دوعایانەی لە قورئاندان بۆ ئەوە نەهاتون موسوڵمانان وەك توتی بیانڵێنەوە، بەڵكو سەرنجیان بدەن هەموو حاڵەتی ئیمانین، واتە بەندەیەك لە عیبادەت و بیركردنەوەدا غەرق دەبێت و دوعایەكی بۆ دێت و خودایش پاداشتی دەداتەوە، ئیتر نە دوعاكانی قورئان و نە ئایەتەل كورسی و نە قل هو اللە و نە مەعوزەتەین ویرد و تەلیسم نین و بۆ دەستخستنی ئەجر نین، بەڵكو تێگەیشتن و مامەڵەن لەگەڵ خوادا. 

ئایا پێت وایە خودا باخ و كانیاو و درەخت و حۆریەكانی داوەتە پێغەمبەری خودا تاوەكو ئەویش بەپێی فڵان زیكر و خوێندن فڵان سورەت دابەشیان بكات؟ ئەزیزم... بەهەشت ڕەحمەتی خودایە و خودا خۆی دابەشی دەكات، جگە لەو بەڵێنانەی خودا لە قورئاندا داویەتی ئەوە پێغەمبەری خودا بۆی نەبووە لەخۆیەوە بەڵێنی دابەشكردنی ئەو شتانە بدات، ئەو بەشیرە بەو پاداشتانەی لە قورئاندان و نەزیرە بەو سزایانەی لە قورئاندان.

 هەر بەو هۆكارەوەیە هەندێ لەزانایان فەرموویانە هەر ریوایەتێك پاداشتێكی گەورەی تێدابوو بۆ كردەوەیەكی بچوك یان سزایەكی بچوكی تێدا بوو بۆ تاوانێكی گەورە ئەوە جێگای گومانە و قابیلی رەد كردنەوەیە. 

 لەبەر ئەوە پێوەری راستی و ناراستی ئەو جۆرە ڕیوایەتانە ئەو پاداشتەیە كە دانراوە لە بەرامبەریدا، ئەگەر لە قورئان ئاماژەی هەبوو ئەوە وەری بگرە، ئەگەر پاداشتەكەی دابەشكردنی ئەو شتانە نەبوو و مەكسەبی ئیمانیی و واقیعی بوو ئەوە دیسانەوە وەری بگرە، ئیتر هەتا پاداشتەكە گەورەتر بوو ئەوە نزیكترە لەوەی كە هەڵبەستراو بێت. 
ئەزیزم .. زیكری خودا بریتیە لەوەی لەو كاتەدا كە پێویستە خودات لە بیر بێت لەبیری نەكەیت، بەهەشتی خودایش بە رەوشت بەرزی و تۆكمەیی ئیمان و عیبادەتی جوان و مامەڵەی رێكوپێك و پارێزكاری و پاك راگرتنی ئەندامەكانی جەستە و تەزكیەی دەرون لە تاوانە دەرونیەكان و غەیری خودا بەدەست دێت، ئەو شتە وردیلانە ئەگەریش راست بن چەرەزاتی دیندارین نەوەك دینداری.