نەخۆشی دووجەمسەری

2 مانگ پێش ئێستا

د. ئەوین ئەحمەد
یەكێكە لە نەخۆشیە دەرونیەكانی پەیوەست بە خوڵقی مرۆڤەوە، كە تاكی توشبوو دوچاری نۆرەی خەمۆكی و شادی دەبێت دەگونجێت سەرەتا نەخۆشیەكە بە دەركەوتنی خەمۆكی یان شادی دەستپێبكات.
 نۆرەی شادی بریتیە لە بارێكی خوڵقی توند كە كەسی توشبوو هەست بە دڵخۆشیەكی لە ڕادەبەدەر یان توڕەبونێكی توند دەكات، لەگەڵ چەند نیشانەیەكی تری وەك:
• بەدگومانی لەخۆبایی بوون یان زیاد لە پێویست بڕوابەخۆبوون، لەم حاڵەتەدا نەخۆش بڕوای وایە كە ئەم كەسێكی جیایە لە خەڵكی و توانایەكی لەڕادەبەدەری هەیە، بۆ نمونە هەندێ جار خۆیان وێنا دەكەن وەك پێغەمبەر یان كەسێك كە زیاد لە چەند زمانێك بزانێت، لەكاتێكدا كە نایزانن، نەخۆش هەیە دەڵێت من زمانی ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، توركی، ئەڵمانی دەزانم، بەڵام كاتێك لێ ی دەپرسیت قسەیان پێبكات ناتوانێت، یاخود لە هەر زمانێك وشەیەك یان دوو وشە دەزانێت.
• بابەتی قسەكان تێكەڵ دەكات، واتە ئەگەر بەزمانێكی سادە بڵێین وەك چێشتی مجێور لە بابەتێكەوە دەچێت بۆ بابەتێكی تر و لە كاتێكدا هیچ پەیوەندیەكیان نیە یان پەیوەندیەكی زۆر ڕوكەشیان پێكەوە هەیە.
• زۆرقسەكردن، بەجۆرێك هەندێجار لە كاتی گفتوگۆ ڕێگا بەلایەنی بەرامبەر نادات قسەكانی دەربڕێت
• لاوازی سەرنج
• لەڕووی وزە و حەزی سێكسی بەهێز دەبن
• ئارەزووی نوستن و پێویستیان بە خەو كەم دەبێتەوە
• قسە و ڕەفتاری سەركێشی و لادەر لە شوێنی گونجاو، تەمەن، و داب و نەریت و ئاینیان دەبێت.
نەخۆشیەكە بەگشتی پەككەوتەیی دروستدەكات، بەتایبەت لە كاتی نۆبەی نەخۆشیەكەدا، و لە نزیكەی یەك لە سەدی دانیشتوان دەبینرێت، بە یەكسانی لە نێر و مێ دا.
بۆ چارەسەری نەخۆشیەكە پێویست بە دەرمان دەكات، و هەندێجار پێویست بە خەواندن لە نەخۆشخانە دەكات بە تایبەت لە كاتێكدا نەخۆشەكە مەترسی بۆ خۆی و یان دەوروبەری دروست بكات. لە هەندێ حاڵەتی كەمیشدا پێویست بە بەكارهێنانی تەزووی كارەبا دەكات.