هونەری نووسەرە فاشستەكان!

2 مانگ پێش ئێستا

 میران ئەبراهام 
هەموومان لەسەر ئەوە كۆكین؛ كە ڕەوشتی فاشیزم لە بەرگی نوێ و شێوازی جۆراوجۆردا خۆی دووبارە دەكاتەوە، ئەگەر ئێمە… مەبەستم لە هەموو مرۆڤێكە، ئاگاداری خۆمان نەبین، ئەوا ڕۆژانە دەكەوینە هەمان هەڵەوە و شێوازێك لە ڕەفتاری فاشیزم دووبارە دەكەینەوە، بێگومان بەبێ ئەوەی ئاگاداری خۆمان ببین. كە مێژووی هونەر بە هەموو فۆرم و شێوازەكانییەوە پڕن لەو جۆرە كارانە، كە نووسینی كوردیش بەرامبەر خەڵكی خۆمان. لەبەر جیاوازی، ئایدیۆلۆژی، كولتوور، ڕەنگ و شوێن. كەوتوونەتە هەمان هەڵەوە.

نووسەر لە ئاستی هونەری گێڕانەوەدا (چیرۆك، نۆڤێلە یان ڕۆمان) بە نموونە، كاتێك تۆ وەكوو نووسەر دێیت و لە فەزای خولقێنراوی نێو چیرۆكێكدا سەردەمێك یان وڵات و شارێك دەخولقێنیت، ڕووداوەكان لەنێو ماڵ، گەڕەك، شار، ئەو وڵاتێك ڕوو دەدەن، دەستكاری زمان و كولتووریان دەكەیت، جینۆساید و تاوان ڕوو دەدات و هیچ كاریگەری لەسەرت نابێت، یان بە دێڕێك چییە گوزارشتی لێوە ناكەیت. بە واتایەكی تر، پەردەی پەنجەرەی ماڵەكەت دابدەیتەوە و خەیاڵ بە بەهەشتێكی خوازراوەوە لێ بدەیت و چیرۆكی بۆ بهۆنیتەوە، یان بە مەبەست سەرنجی خوێنەر لەسەر ڕووداوەكان دەگۆڕیت و پەردەپۆشی ڕووداو یان تاوانەكان بكەیت، ئیتر لەژێر كاریگەری ئایدیۆلۆژی و شۆڤێنیزمدا یان هەرچی فۆرمێكی تری ڕەگەزپەرستیدا بێت.

دە ساڵێك پێش ئێستا ڕۆژنامەنووسێك لە لێدوانێكی تەلەڤزیۆنیدا؛ ڕووی دەمی دەكاتە نووسەرانی تورك و بەتایبەتی ناوی یەشار كەمال، ئۆرهان پاموك، ئەلیف شەفەقی نووسەری تورك دەهێنێت و پێیان دەڵێت: ”ئەو نووسەرانە لە كاتی نووسینەوەی ڕۆمانەكانیاندا كوێرانە هەنگاویان بەسەر لاشەی مردووی خەڵكی خۆیاندا ناوە، یان خۆیان گێل كردووە… كە لە گوند، شار، ئەو وڵاتە چی ڕووی داوە و بەردەوام ڕوو دەدات. چۆن دەبێت منێكی نووسەر لە ساڵانی ١٩٣٩ بۆ ١٩٤٥دا لە ئەڵمانیا یان وڵاتانی دیكەی ئەورووپا بژیامایە و هۆلۆكۆست و تاوانەكانی تری ئەو ساڵانە هیچ كاریگەرییەكیان لەسەر كەسایەتی و تەنانەت خەیاڵیشم نەكردبێت و هیچ دەر بارەیان نەنووسم. یان هەڵوێست وەرنەگرم، وەكوو چۆن هەندێك لە نووسەرە تورك زمانەكان كردوویانە، كە لەلای من هەموو ئەزموونی نووسینی ئەوان دەخاتە ژێر پرسیارەوە.”

هەروەها لە پرسی جینۆسایدی ئەرمەن و كورددا و بەردەوام تاوەكوو هەنووكە دووبارە بوونەوەی زوڵم و زۆری گەلی تورك بەرامبەر گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست، ئەو ڕەخنەیە لە نووسەرانی تورك دەگیرێت و پێیان دەگوترێت: ”ئایا لە دووتوێی كتێبی نووسەرە تورك زمانەكاندا چی نووسراوە، كە ناتوانێت كاریگەری لەسەر عەقڵیەتی تاكی تورك بەجێ بهێڵێت و مۆراڵ و ئاستی مرۆڤ دۆستییان گۆڕانكاری بەسەردا بێت، لە كاتێكدا هەست بەوە دەكرێت زۆرینەی گەلی تورك بەتایبەتی دەسەڵاتی سیاسییە یەك لەدوای یەكەكان ڕەوشتی فاشیزم لە فۆرمی جیاوازدا دووبارە دەكەنەوە.”

ئەوەی من لە سی ساڵی ڕابردوودا سەرنجم داوە؛ دەرك و سەلیقەی نووسەر یان ڕۆژنامەنووسانی كوردە، بەتایبەتی ئەوانەی كە خوێنەر یان سەرچاوەی زانیاری و مەعریفەیان لە زمانەكانی (عەرەبی، فارسی، توركی)یەوە بووە، دەركیان بەوە نەكردووە كە خۆی وەكوو كارەكتەری تاكێكی كورد، جێگای لە ئەدەبی ئەو سێ زمانەدا چییە؟ بەڵكوو بە پێچەوانەوە شانازییان پێوە دەكەن و بەردەوام لەلای خوێنەری كورد گەورەیان دەكەن. كە بوون بە سپۆنسەر و لەژێر سێبەری شانامەكانی ئەواندا لە كتێبخانە كوردییەكاندا پۆستەریان بۆ كراوە. لە كاتێكدا ئەوان كارەكتەری كوردیان تاوەكوو ئاستی ونبوون بچووك كردووەتەوە، كە دەتوانین بەراوردیان بكەین بە نووسەرانی ئەمریكا و كەنەدا و بەتایبەتی ئینگلیز… یان بەگشتی ئەدەبی ئۆریانتالیست (سپی پێستەكان)، كە چۆن لە سەدەكانی هەژدە و نۆزدەدا بەرامبەر ڕەگەزی ڕەش پێست كردیان، كە ئێستا ئەو چیرۆك و كارە هونەرییانە هیچ بەهایەكی هونەرییان نییە و نەوەك تەنیا جێگای ڕەخنەن بەڵكوو شەرمەزارین بۆ مرۆڤایەتی، كە كەسایەتییەكی ڕەش پێستت لە نووسینەكانیاندا نەدەبینی، كە سەردار و سەروەر بێت، یان هەر هیچ نەبێت ئەسپ سوار بێت، یان تەنانەت باوك یان دایك بێت، یان خوێندەواربێت و زمانزان بێت، ئەگەر كارەكتەرێكی ڕەش پێستیش لە كتێبەكانیاندا هەبووبێت، تەنیا بچووك و كۆیلەبوون، ئەوە كاریگەری لەسەر كەسایەتی پێست ڕەشەكان خۆشییان هەبوو، ئەمە عەقڵیەتی فاشیزمە كە لە بواری هونەردا، لە شێواز و فۆرمێكی تردا خۆی دووبارە دەكاتەوە. نموونەی ئەو كارە هونەرییانە دەتوانیت لە فیلمی (ڕینگۆ) بڕوانیت، كاتێك دانیشتووانی شارێك كەسێكی پێست ڕەش بە سواری ئەسپەوە دەبینن، چۆن هەڵوێست وەردەگرن.

لە وڵاتی باشووری ئەفریقا، لەژێر ناوی لێتراتۆر (ئەدەب)ی ڕەش و سپی دا، تاكوو ئەمڕۆش دوو بلۆكی جیاواز و دوور لە یەك گۆڤار و كتێب و ڕەخنەی ئەدەبی بوونیان هەیە، لە ساڵانی ڕابوردوودا و بەتایبەتی پێش ئازادی ماندێلا، ئەگەر نووسەر یان ڕۆژنامەنووسێكی پێست ڕەش ڕەخنەی لە نووسین یان كارێكی هونەری پێست سپییەك بگرتایە، نەك هەر بە هەند وەرنەدەگیرا بەڵكوو یان سەرزەنشت دەكرا یان بە زمانی جنێو وەردەگیرا و زۆری لەسەر دەكەوت، چونكە هەنووكە پێست ڕەشەكە بە كەم و كەسێكی دەرەكی بە جیهانی پێست سپییەكان تەماشا دەكرا، كە ئەمەش پەیوەندی بە جۆرێك لە هونەری عەقڵیەتی فاشیزمەوە هەبووە، كە زۆربەی پێست ڕەشەكانیش خوێنەری بوون و لەژێر كاریگەریدا بوون.

زۆر بەداخەوە كە نووسەرانی فارس و عەرەب و بەتایبەتی تورك؛ وەكوو یەشار كەمال، ئۆرهان پاموك یان ئەلیف شەفەق و گەلێكی تر هەمان ڕەوشتی ئەو عەقڵیەتە فاشیزمییە دووبارە دەكەنەوە، یان لە فۆرم و شێوازێكی تایبەت و شاراوەدا لە خزمەتی عەقڵیەتی فاشیزمدان و پاڵپشتی پەرەپێدان و بەردەوامی دەكەن. بەبێ ئەوەی نووسەر یان خوێنەری كورد هەستی پێ بكات.

بە ڕای من، ئەمانە هۆكارن بۆ سڕینەوەی هەستی باوەڕ بە خۆ بوونی مرۆڤی كورد. ئەوەندە ناشیرین و بچووك كراوەتەوە… كە لە فەزای لۆكاڵ و گڵۆباڵدا خۆی لەسەر نەخشە و نێو پەڕەی كتێبەكاندا بۆ نادۆزرێتەوە.

سەرچاوە: ماڵپەڕی سولی ئۆن