دینێك هەبوو، دینی خەڵق و دینی خودابوو!!

2 مانگ پێش ئێستا

حسێن عەلی شەریف
دینێك هەیە نە دینی خەڵقە نە دینی خودا!
دینێك هەبوو  دینی (لكم دینكم ولی دین)بوو.
دینێكیش هەیە كە دینی ئەو پیاوانەیە لە مینبەری مزگەوتەكانەوە هاوارئەكەن : نوێژنەكەر زەكاتی پێ ناشێت، وەكئەوەی منداڵی برسی و هەژاری پیاوێكی نوێژنەكەر مافی ژیانی نەبێت!
 دینێك هەبوو دینی (وجادلهم بالتی هی احسن ) بوو.
دینێكیش هەیە  دینی ئەو پیاوانەیە كە  هاوارئەكەن و ئەقیڕێنن: ئەو پیاوەی بهێڵێت كچەكەی بڕواتە زانكۆ، گەوادە!
دینێك هەبوو دینی (وجعلناكم شعوبا وقبائل لتعارفوا) بوو.
دینێكیش هەیە كە دینی ئەو پیاوانەیە كە نیشتەجێبوون لە وڵاتانی ئەوروپا بە ناجایز و خراپ ئەبینن و حوكمی ژێردەستی زاڵمێكی خۆماڵیان  پێ حوكمی وەلی ئەمرە!
دینێك هەبوو دینی حەزرەتی نالی و مەحوی و مەولەوی و مەلای گەورەبوو، ئەو دینە شەڕی بە خەنە و وسمەی قژی رەعنا و شەمسە و زینەت نەئەفرۆشت و دۆینەی تەڕیان لە دەستی ئەو كچە جاحێڵانە وەرئەگرت كە لەسەربان دۆینەیان ئەنایەوە و شیعریان بەسەر زوڵفی رەش و چاوی خوماردا هەڵئەدا و نانی شایی گوندیان ئەخوارد!
دینێكێش هەیە  هاوار ئەكات و ئەشیڕێنێت : ئەو ژنەی  بۆن بدات لە خۆی زانیەیە و ئەو ژنەی كە خۆی جوانبكات  فاجیرەیە!
دینێك هەبوو دینی مەلا حەسەنی شەرەفبەیانی و مەلا قادری سۆفی بوو، ئەم دینە هەرگیز بە ژن و كچەكانی گوندی نەئەگوت كە نابێت نان ببەن بۆ سەر خەرمان و ئاو ببەن بۆ سەر مەرەزە، دینێكێش هەیە هەمیشە شەیتانێكی بەستوە بە كۆڵی ژنانەوە!
دینێك هەبوو دینی ئەو زاهید و عاریفانە بوون كە چاوی سەریان ژنەكانی گوێ چەمی گوندیان ئەبینی، لە كاتی مەلەكردن و خۆ شتندا، بەڵام چاوی هۆشیان لایان نەبوو!
دینێكیش هەیە دینی  پیاوێكی بە حساب ئیمانداری ژنداری ریش ماشوبرنجیە كە بەدەنگی  ژنێك لە ڕیگەی تەلەفۆنێكەوە  زەوقی هەڵئەسێت و لەبەردەم دیمەنی قژی ژنێكدا جڵەو لەدەست ئەدات!
ئاخر ئەوە چ كارەساتێكە كەگەنجێكی هەژدەساڵ لەسەر دەریایەك كە پڕە لە ژنی نیمچە ڕووت، زەوقی هەڵنەسێت و مامۆستایەكی ئاینی بەدەنگی ژنێك بە ڕەنگی قژی ژنێك جڵەوی شەهوەت لەدەستبدات!
دینێك هەبوو دینی ئەو مەلایانە بوو كە لە پرسەی مردواندا ئەرۆشتنە گوندە دورەكان بۆئەوەی چەند ئایاتێكی قورئان بخوێنن و خەیریان دەستبكەوێت!
دینێكیش هەیە دینی ئەو مەلایانەیە كە  بۆ خوێندنی هەر ئایاتێكی قورئان لە پرسەكاندا، بڕێك پارەیان ئەوێت و بۆ هەر مارەبڕینێك داوای پارە و شیرینی ئەكەن!
دینێك هەیە  ناوی خواپەرستیە و دینێك هەیە ناوی خودا ناسیە كە  لەیەكەمیاندا هەموو كەس ئەتوانن مومارەسەی بكەن و لە دووهەمیاندا تەنها مرۆڤە ڕاستگۆگان ئەتوانن پیادەی بكەن!