دایك و پەروەردە كردن
1 مانگ پێش ئێستا
دانا عەزیز
"لە چاوی منداڵەوە دایك خواوەندێكە. میهرەبان بێت یان ترسناك، چاكەكار بێت یان قین لە دڵ،هەر شایستەی خۆشەویستیە. من دڵنیام ئەمە مەزنترین هێزە لە جیهان دا."
ئێن.كەی.جەیمسن
لە بابەتی ڕابردوو دا باسی شێوازی پەروەردەكردنی منداڵ مان كرد لە لایەن باوكەوە، ئەو شێوازانەی دەكرێت بە پێی سەردەم و كات بگۆڕێت، ئەو یاسایانەی كە (تریۆن مۆلێر) لە كتێبی یاساكانی باوك دا باسی دەكات و بە باوكان دەڵیت منداڵ مەحكومە بەوەی خۆی بێت نەك كۆپی خۆت.
ئەمجارە لە كتێبی یاساكانی دایك كە هەردوو نوسەر (سۆنی و تریۆن مۆلەر) نوسیویانە، چەند یاسایەك كە دەكرێت بۆ كۆمەلگای كوردی ڕاست بن و دایك توانای پراكتیزەكردنی هەبێت باس دەكەین.
(یاسای ژمارە (٤) داوای یارمەتی لە دایكانی تر بكە). واتە كەم ئەزموونی و نەزانین عەیبە نین، داوای ئامۆژگاری و رێنمایی بكە، دروست كردنی منداڵێكی تەندروست لە رووی جەستەیی و دەروونیەوە پێویستی بە ژیری و دانایی هەیە، چونكە پەروەردەی دایك بەتایبەتی گرنگی خۆی هەیە و بەركەوتنی بەردەوام لەگەل منداڵەكەی وا دەكات چاو لە ئاكار و رەفتاری دایك بكات، وە دەبێتە ئەڵقە لە گوێی دایكی. (كیـم.ئیـل.سۆنگ) دەڵێ:"مرۆڤە هەڵكەوتووەكان، هەمیشە ئەوانەن كە لە لایەن دایكانیانەوە بە باشی پەروەردەكراون"
(یاسای ژمارە (٢١) كە منداڵەكەت دەپرسێت بۆچی؟ بە هیچ وەڵامێك دڵی ئاو ناخواتەوە). قۆناغی پرسیاركردن دێتە ئاراوە، كە تەمەنێكی دیاری كراوە و هەمیشە دەپرسێت ئەمە چیە؟ بۆچی ئەمە وا؟زۆر پرسیاری تر كە دایك و باوكان دەزانن پرسیار و وەڵامەكان چین، لەبەرئەوە هەمیشە ئامادەبە لە وەڵامدانەوە ڕامەكە، وەڵامەكان بەڕاستی بدەرەوە. توڕەبوون لەهەندێ پرسیار پێویستی بە خۆ توڕەكردن نیە پێویستی بەوەڵامە، تۆش كەمناڵ بووی هەمان كێشەت هەبوو، ڕێگا بە خۆت مەدە ژیان دووبارە ببێتەوە. هەندێ جار یان هەموو كات پێویستە دایكان بۆ منالەكانیان بەتایبەتی كچەكانیان هەندێ بابەت روون بكەنەوەو شەرم بشكێنن چونكە ئەوانە بابەتی زانستی و پێویستی رۆژانەی خودن وەك (كاتی هاتنی سوڕی مانگانە و زانیاری پێدان لەسەر سێكس) زانیاری لەسەر ئەوە نەوتراوانەی لە پرۆسەی خوێندن (مامۆستا دەیپەڕاند بۆ پەرەی دواتر دەیوت خۆتان بیخوێننەوە).
(یاسای ژمارە (٥٣)ئەگەر تەكنەلۆجیاكەت منداڵەكەت بەشدار ناكات بیخە ئەولاوە). بۆ كۆمەڵگای ئێمە ئەمە دروستری یاسا دایك دەبێت پەیرەوی بكات، هەموو كات پێویست ناكا خەریكی فەیسبووك و ئەپەكانی تر بیت، كاتێك منداڵ سوود لەم بەكارهێنانەی تۆ وەرناگرێت لایبە و بیخە كاتێك كە ئەو نووستوە یان لە قوتابخانەیە، لاسایی كردنەوە ئەركی منداڵە لەبەرئەوە هەوڵ چاو لە كارێكی باشی تۆ بكات، دەكرێت لەبەرچاوی ئەو كتێبیك یان چیرۆكێك بگریت بەدەستەوە و ئەویش بەشداری پێ بكەی. (ئەلیزابێت ماخ) دەڵێ:"لە كاتی ئەنجامدانی پەروەردەی منداڵاندا، هەر هەڵەیەك بكەین دەبێتە هۆی دۆڕاندنی جەنگێك كە لە پێناوی دواڕۆژێكی باشتردا دەستمان داوەتێ"
یاساكان زۆرن، هەڵە باوەكانی رۆژانەش زۆرن، با منداڵەكان بۆ كۆمەڵگایەكی زانستی و مەعریفی دروست بكەین، با منداڵەكان وێنەدانەوەی ئاوێنەیەكی ساغ بن نەك وردو خاش.