ڕقت لە ئاو خواردنەوەیە ؟

2 مانگ پێش ئێستا

د. هەڤین كەمال
ئەو ڕێگا چارانە چین بۆ ئەوەی وات لێبكات زیاتر ئاو بخۆیتەوە ؟
لەبەر ئەوەی ئاو پێكھاتەیەكی گرنگە بۆ لەشی مرۆڤ ،لە٧٠٪ ی پێكھاتەی لەش پێكدێنێت ، كەیارمەتی سوڕی خوێن دەدات ، پاشەڕۆی لەش دەكاتە دەرەوە ، قەبزی ناھێڵێت ، وەخواردنەوەی ئاو پێش نان خواردن دەبێتە ھۆی ئەوەی كەمتر بخۆیت بۆ یەكێك بیەوێت كێش دابەزێنێت، جگە لەوە وشكبوونەوەی خانەكانی لەشی مرۆڤ كاریگەری زۆر خراپی ھەیە لەسەر لەشی مرۆڤ ، وھەندێ جار دەبێتە ھۆی سەرئێشەو ئازاری ھەموو جەستە ، وەھەروەھا كاریگەریەكی خراپی ھەیە لەسەر وشكبوونەوەی دیسكی بڕبڕەكانی پشت ،و كەمی لینجی جومگەكان ،جگە لەكاریگەریەكانی تری ئاو بۆیە لێرەدا ئەم ڕێگا چارانە باس دەكەین كە ئەتوانیت بەجێی بێنی بۆ ئەوەی ڕێژەی خواردنەوەی ئاوت زیاد كەیت : 
١- ھەوڵ دە تام زیاد كەیت بۆ ئەو ئاوەی دەیخۆیتەوە ، وەكو زیادكردنی دوو سێ قەترە ئاوی پرتەقاڵ یاخود لیمۆ ، یاخوود ھەندێ گژووگیا بۆ ئاوەكە بۆ ئەوەی تامێكی بۆ زیاد كات پێت بخورێتەوە . 
٢- ئەنجامدانی ھەندێ وەرزش كە ھەستی تینویەتی زیاد دەكات و وات لێدەكات ئاو زیاتر بخۆیتەوە 
بەشێوەیەكی سروشتی ، وەكو ڕۆشتنی خێرا یاخود 
ڕاكردن.
٣- خواردنی سوپ و شۆربا كەڕێژەیەكی زۆر ئاوی 
تیادایە ، بەڵام ئەبێت دووركەوینەوە لەو جۆرانەی كە خوێی زۆری تێادایە چونكە كالۆری زۆریان تیادایە .
٤- ئەتوانیت لەڕێگای زیادكردنی خواردنی ئەو میوانەی كە ئاویان زۆرە وەكو شووتی ، پرتەقاڵ ، كاڵەك ، ھەروەھا خواردنی ئەو سەوزانەی ئاویان زۆرە ، وەكو خەیار ، تەماتە ، كاھوو.
٥- ئەنجامدانی ھەندێ ڕێگا بۆ وەبیرھێنانەوەی كاتی ئاوخواردن وەكو ھەندێ تەتبیقاتی سوودبەخش لە مۆبایلەكەتدا كە بیرت ئەخاتەوە كاتی ئاوخواردن .
٦- بەكارھێنانی كوپی ڕەنگاوڕەنگ و سەرنج ڕاكێش بۆ ئاو خواردنەوە ، بۆ ھاندانی ئاو خواردنەوە. 
٧- خواردنەوەی ئەو خواردنەوانەی ڕێگری دەكەن لە ووشكبوونەوەی خانەكانی لەش وەكو شیر ، شەربەتی فرێش ، چای بێ كافایین.
باشترین كات بۆ ئاو خواردنەوە  چ كاتێكە؟
١- دوای ھەستان لە خەو 
٢- نیو كاتژمێر پێش نانخواردن 
٣- پێش وەرزش و دوای وەرزش.
٤- كاتی برسیەتی نێوان ژەمەكان.
٥- لەكاتی بێھێزی و نەخۆشی و ھەموو ئازارێك بە گشتی و سەرئێشە بە تایبەتی ..
# ئەم بابەتە گشتی یە ، زۆربەی 
نەخۆشەكانم كە ڕێنماییان ئەكەم بۆ زیاكردنی ئاو خواردنەوە ئەو كێشەیەیان ھەیە كە پێیان ناخورێتەوە یاخود لەبیریان دەچێت بیخۆنەوە. 
د. ھەڤین كمال شا محمد 
ئەندامی ئەكادیمیای ئەمریكی بۆ ئازار شكاندن .