ئایا تەکلیفی دینی یارن یاخود بارن؟

1 مانگ پێش ئێستا

ڕێبین ئەحمەد رەشید

"ثم قست قلوبكم من بعد ذالك فهی كالحجارة او اشد قسوة"
تەکلیف هەمیشە یەکسانە بە تەکەلوف و بارگرانی. خراپترین و بەدترین و ڕەقترین وشەیەک کە فەقیهانی ئیسلام بۆ فەرائیز و واجباتی دینی بەکاریانهێنابێت وشەی تەکلیفە. بەکارهێنانی ئەو وشەیە یەکەمین هەنگاوی کلۆرکردن و بێبەها کردنی لەززەت و ئیمانی دینییە. قەراربوو عیبادەکان لەزەتبەخش ئارامیهێن بن، ئاشتی ناوەکیی دروستبکەن لە مرۆڤدا و دواتر ئەم ئاشتییە ڕەنگدانەوەی دەرەکیی هەبێت و لە شێوەی تۆلێرانس و قەبوڵکردنی ئەوی دیکەدا "وەک ئەوەی کە خۆی هەیە نەوەک ئەوەی من دەمەوێت ببێت" خۆی بەرجەستە بکاتەوە. قەرار بوو واجبات ببنە هۆی دروستکردنی ویساڵ و عیشق و مەحەببەت نەوەک تەکلیف بن و لەکۆڵ خۆ بکرێنەوە و بکرێنە ئەداتێک بۆ ڕەنگڕێژکردنی کۆمەڵگا بە یەک ڕەنگ و ئایدۆلۆژیا و بیرکردنەوەی زی موەحەد بە مەبەستی دەستبەسەرداگرتن و هاککردنی عەقڵ و ژیانی خەڵک لەلایەن دەستەبژێرێکی کاهینەوە كە قورئان بە مەلەء وەسفیان دەکات. "قَالَ الْمَلَأُ الَّذِينَ اسْتَكْبَرُوا مِنْ قَوْمِهِ لِلَّذِينَ اسْتُضْعِفُوا"
سەرلەبەری گوتاری دینی ئەمڕۆ خۆی لە تۆخکردنەوەی تەکلیف و کاڵکردنەوەی ئیمان و لەززەتی ئیمانییدا دەبینێتەوە. وتاری سەر مینبەرەکان، کۆڕ و سیمیناری سەر تیڤی و سۆشیال مێدیاکان، بەرنامە ڕاستەوخۆ زۆر و زەوەندەکانی وەڵامدانەوەی پرسیاری حەرام و حەڵاڵەکان، بۆمببارانی فەتوا خێراکان وایکردووە شتێک نەمێنێتەوە بە ناوی لەزەت و شەوقی ڕۆحانی، ئەوەی لە دین ماوەتەوە کۆمەڵێک بکە و مەکەی تیکراری و کۆمەڵە یاسایەکی چەند سەدەیەکی پێش ئێستان کە زۆربەیان لە شوناسی دین و کلتوری ئەوڕۆژەی کۆمەڵگاکەوە سەرچاوەیان گرتووە نەوەک لە حەقیقەتی دینییەوە بن، ئەم یاساگەلەش لە خودی خۆیاندا پیرۆز نین و مەرجیش نییە باشترین یاسا بن بۆ هەموو سەردەم و کۆمەڵگایەک لە هەمووجێگایەک.
سەرەتای گواستنەوەی لەززەتی ئیمانی بۆ شەریعەتی تەکلیفیی لای یەهوودییەکان دەست پێدەکات. بە بۆچوونی ئیبن عەرەبی "غیر المغضوب علیهم"ڕووی لە بەنی ئیسرائیلە، چونکە هەموو فەریزەیەکیان وەک تەکلیف دەبینی، بە چاوی سوود وبەرژەوەندییەوە لە ئەمرە ئیلاهییەکانیان دەکۆڵییەوە، هەموو پێودانگێکی ئاسمانییان لێ دادەڕنین، چاوەڕوانیی ئەوەیان نەبوو ئیمان دەستکاریی شوێنێکی دیکەیان بکات، پرسیاری بەرژەوەندیخوازانەیان لەسەر هەموو ئەمرێکی قودسی دەکرد، دیوی پیرۆزی ئەو تەکلیفانەیان نەدەدی کە دەبوو ئەنجامی بدەن، لەگەڵ خودا و پێغەمبەرەکەیاندا لە سەر هەموو پرسێک دەیانگەیاندە مریشکە ڕەشە.
حیکایەتی کوشتنی پیاوەکە و سەربڕینی مانگایەکی ئاسایی بۆ ئەوەی لە کەسی بکوژ دڵنیا بن لە سورەی بەقەڕەدا بەڕوونی هێمای بۆ کراوە، ملنەدانیان بۆ ئەمرە خودایەکە هەر لەسەرەتاوە بۆ ئەوەی مانگایەکی ئاسایی سەرببڕن و پرسیارە زۆرەکانیان لەسەر جۆری مانگاکە خەریک بوو بەتەواوی بە هیلاکیان ببات، تەماشاکردنی ئەو فەرمانە وەک تەکلیفێک وایکرد هەموو ئەو ماڵەی دونیا کە کۆیانکردبوویەوە و زۆریش خۆشەویست بوو لایان دایبنێن لەبەرامبەر جیهابینییەکی هەڵەی تەکلیفیی بۆ واجباتە دینییەکانیان. لە ڕاستییدا ئەم چیرۆکە زیاتر چیرۆکێکی سێمبۆلیکییە، لە کۆتایی حیکایەتەکەدا خودا دەڵێت ئەم بەرخوردە تەکلیفیی و بەرژەوەندیخوازانەیان بۆ واجباتە دینییەکە دڵەکانی وەک بەرد ڕەقکردن، تامی ئیمان و زەوقی ڕۆحانیان لەدەستدا، یەکپارچە لەبری ئەوەی ببنە ئیماندار، بوون بە دەڵاڵ و قازیی و ئەهلی سەودا و مامەڵە.
ئەم ئایەتە نهێنییەکی زۆر گەورەی لە هەناوی خۆیدا هەڵگرتووە، بەنی ئیسرائیل دەبوو ئەو مانگایە سەرببڕن و بە ئێسقانێکی بدەن لە جەستەی کەسی کوژراو بۆ ئەوەی زیندوو ببێتەوە و بە دەمی خۆی ئیعتراف بکات کە کێ کوشتوویەتی، ڕموزییەتی چیرۆکەکە ئەوەیە تۆ تا جەستەی قەڵەوی بەرژەوەندیی و تەکلیف سەرنەبڕیت، تا ئەو بارە دانەنێیت، ئیمانی دینی هەر بارە و نابێتە یار بۆت، حیکایەتی بکوژی خۆیت بۆ ناگێڕێتەوە، گەر هاتی سەرتبڕی و لەو جۆرە ڕوانینە دەرچووی ئەوا بەیەکجار ئەوەی بارە دەبێتە یار، پەوەی تەکلیفە دەبێتە لەزەت و شیرینی:
یا کِرامی اَذبحوا هذا البقر
اِن اردتم حشرَ ارواح النظر
فەریدەدینی عەتتار لە یەکەمین غەزەلی دیوانەکەیدا دەڵێت : کەسێک کە شەوقی ڕۆحانی هەبێت، خۆی بۆ ئاستی چەشتنی زەوقی جیسمانی دانابەزێنێت و نایهەوێت، تۆ کە شیرنیی وەسڵی یارت دەستکەوت ئیدی وەک جیهانبینییە تەکلیفاوییەکەی بەنی ئیسرائیل ناکەویتە داوی داواکردنی مەن و سەلوا.
کسی با شوق روحانی نخواهد زوق جسمانی
برای گڵبن وسلش رها کن من و سلوی را
ئێمە ئەمڕۆ لە دونیایەکدا دەژین کەمتر گوێ بۆ ئەوە دەگرین واجباتمان چییە، زیاتر لەدووی ئەوە وێڵین مافەکانمان چین. دونیای ئەمڕۆ کەمتر گوێ بۆ واجبات دەگرێت جا نەخوازەڵا ئەو واجباتە وەک تەکلیف و تەکەلوفیش بدرێت بە گوێی خەڵکدا و مەقاسیدی شەریعەتی ئەو ئەرکانە لەبەرچاو نەگیردرێت دەبێت چ گۆڕانکارییەکی لێ چاوەڕوان بکرێت!
لەڕاستیدا ئەرکسەنتەریی و بەجێهێنانی بێ چەندووچۆنی واجبات سەر بەدونیاکەی ئێستامان نییە، مافەکان ئەمڕۆ ڕاوایەتی زیاتر بەخۆیان دەدەن و چاوەکانیش هەر لەسەر ئەوانن نەوەک واجبات. ڕیچارد ڕورتی دەیگوت خوا لەسەدەکانی ناوەڕاستدا دەیتوانی بەو جۆرەی پیاوانی ئاینیی دەیانەوێت خوایەتی بکات، ئەمڕۆ ئیدی خوا لەو جۆرە لە خوایەتی کەوتووە کە پیاوانی ئاینیی دەیانەوێت فەرمان بـکات و ئەمان سێبەری بن و ئێمەش جێبەجێی بکەین. ئەم قسەیەی ریچارد ڕورتی زۆر دەقیق و بەجێیە. پیاوانی ئاینی ئێمە ئەمڕۆ بەجۆرێک دواکەوتوون لە زەمەنەکەی خۆیان کە ئەوسەری تونێلەکەیان لێوە دیار نەبێت. تۆفانێک وا دێت هەموو شتێک لەگەڵ خۆی ڕادەماڵێت و لەشوێنیشیان شتگەلێکی نوێ دادەنێت، ئەوان تازە بەتازە دێن با لە تەکلیفی شەرعی دەکەن و دەیانەوێت هەرچەندە تەکەلوفیش بێت خەڵک هەر بە گوێیان بکات، ناتوانن لەوە بگەن دونیاکە لە دونیای واجباتەوە گۆڕاوە بۆ دونیای مافەکان. ئەوەندەی باس لەوە دەکەن سەرفیترە بە پارە دەبێت یان بە خۆراک ئەوەندە باس لە لەززەتی ئەو فەزیلەت و ئەرکە ئەخلاقییە ناکەن کە کەسی سەرفیترەدەر دەستیدەکەوێت لە بەخشینیدا، ئەوەندە باسی ئەو یاسا ئەخلاقییە گرنگەی بەخشین ناکەن کە پێی وایە دەبێت لەوە ببەخشێت کە دڵخوازتە و دڵت پێوەی نووساوە "لن تنالوا البر حتی تنفقوا مما تحبون" ئەمە ئەخلاقییترین گەورەترین یاسایەکە کە پێغەمبەر د.خ دەیویست لە ناخی هەموو موسوڵمانێکدا بیچێنێت. ئەمڕۆ پیاوانی ئاینیی ناتوانن دەرکی ئەو هێزە بکەن کە بەخشین لەسەر ڕۆح و ئەخلاق و دەروونی مرۆڤی چاوچنۆک و تەماحکاری ئەم سەدەیە جێیدەهێڵێت بەڵام دێن جەدەل لەسەر بەخشینی گەنم و مێوژ و پارە دەکەن. ڕوحی بەخشین و لەززەتی ئەخلاقیی بەخشین ونکراوە لەبەرامبەردا باسە ڕوکەشییەکانی وەک بەخشین بە گەنم و جۆ و مێوژ، بەخشین لە یارەوە گۆڕاوە بۆ بار لەسەر شانی موسوڵمانان. ئەمە بۆ نوێژو ڕۆژو و هەموو فەرائیزەکانی دیکەش ڕاستە. دەپرسم ئەم جەدەلەی ئەمان و پرسیارەکانی بەنی ئیسرائیل لەسەر مەسەلەی مانگاکە جیاوازییان چییە؟
عیبادات دەبێت یار بن نەوەک بار، وشەی تەکلیف زیاتر مانای بار دەدات نەوەک یار و هاودەم. عیبادەت گەر وەک بابەتێکی زانستی یا فیقهی لێی بڕوانین فیعلەن وشک و بێ لەزەتە و بارێکی قورسیشە لەسەر شان، دەبێتە تەکەلوفێکی ڕەق و ڕەکیک و بێمانا. بەڵام گەر وەک لەززەت و ویساڵ تەماشا بکرێن کە هەر واشە "میعراج یەکسانە بە نوێژی ئیماندار"، مەقسەدە پیرۆزەکەی پشتیان ببیندرێت ئەوا چەندە گران و قورس و نەکردەش بن لەسەر جەستە، مرۆڤ ناتوانێت لە پشکی جەستەی نەگرێتەوە بۆ پشکی ڕۆحی و ئەنجامیان نەدات. ئیدی مەسەلەکانی حەڵاڵ و حەرام و بەرنامە و مینبەر و باسوخواسەکانی تەکلیف گەر بەیەکجارییش کۆتاییان نەیەت ئەوا ئەو قەڵەوییەی ئێستاشیان نامێنێت و کاڵ دەبنەوە، لەجێگای ئەوانە لەزەتی ڕۆحانی و سنگفراوانیی دەبنە جێگرەوەیان، ئیدی واجبات لەبری ئەوەی ببنە با دەبنە یار بۆ مرۆڤ. مەولانا جەلالەدینی بەڵخی وتی: زانستەکانی ئەهلی دڵ و دڵپەرەستان حەمباڵی خاوەنەکانیانن، دەبنە مەرکەب و سواریی بۆیان، لەمەقامێک بۆ مەقامێکی دیکە دەیانگوازنەوە، زانستەکانی ئەهلی تەکلیف و جەستە و جەستەپەرەستان خاوەنەکانیان دەکەن بە حەمباڵ و باربەری خۆیان، قورس و بێ جوڵەیان دەخەن "كمثل الحمار یحمل اسفارا". زانستی دڵ یارە، زانستی جەستە بارە.
علمهای اهل دل حمالشان
علمهای اهل تن احمالشان‌‌
علم چون بر دل زند یاری شود
علم چون بر تن زند باری شود
غەزالی ئازاترین زانای ئیسلامە کە فیقهی سیکۆلار و دونیایی کرد و پێی وتین فیقه لەباشترین حاڵەتدا توێکڵێک "قشرة" زیاتر نییە. ئەو دینەی ئەمڕۆ حزوری هەیە ناتوانێ توێکڵ تێپەڕێنێت.
بە کولفەت ئەو، بە ئولفەت ئەم گرفتار
وەکوو یەک زاهید و مەحوی لە دامان