ئایا كاتی كۆتایی هاتنی صەحیحی بوخاری هاتوە؟

1 مانگ پێش ئێستا

د. تۆفیق حەمید
و: ژوان ئەحمەد
محەمەد بن سەلمان ی جێنشینی سعودیە رایگەیاند: كتێبەكانی فەرمودەی پێغەمبەر سەرچاوەی ناكۆكین لە جیهانی ئیسلامی دا.
وتەكانی محەمەد بن سەلمان لە رۆژنامەی ( زە ئەتڵانتیك) كە وەرگێڕدرا بۆ عەرەبیش، وەك بروسكە وابوو بۆ گروپە توندرەوە ئیسلامیەكانی سەرتاسەری جیهان، و كاریگەریشی بە هەموو پێوەرێك گەورە بوو، ئەو پیاوە ( محەمەد بن سەلمان)، تەنیا كێشەكەی نەخستە روو، بڵكو چارەسەریشی بۆ دیاری كرد.

كێشەكە شاراوە نیە لای كەس و ئەوەیە كە كتێبەكانی كەلتور و ئەو كتێبانەی بە (فەرمودە) ناودەبرێن، كە:
ئیسلامی لە ئایینی (لا اكراه فی الدین) گۆڕیوە بۆ ئایینی ( أمرت أن أقاتل الناس حتی یقولوا لا اله الا الله).
چەمكی قورئان و ووشەكانی گۆڕیوە لە (فمن شا‌ء فلیؤمن ومن شا‌ء فلیكفر) بۆ ئایینی (من بدل دینه فأقتلوه).
وێنەی پێغەمبەری ئیسلامی گۆریوە لە (وما أرسلناك إلا رحمة للعالمین) وەك لە قورئانی پیرۆزدا هاتوە، بۆ (لقد جئتكم بالذبح)، ئای لەو گۆڕانكاریەش لە رۆشنایی بۆ تاریكی و راست بۆ ناراست و رەحمەت بۆ تاوانكاری.

ئێستا، دوای زیاتر لە هەزار ساڵ لە هاتنەخوارەوەی قورئان، محەمەد بن سەلمان دێت بۆ ئەوەی كارەكان بگێڕێتەوە بۆ شێوەی راستەقینەی خۆی و ئەوە راست بكاتەوە كە پیاوانی ئایینی خراپیان كردوە، ئەوستەمكارانەی فەرمودەیان گێراوەتەوە، ئەو درۆزنانەی سوكایەتیان بە ئیسلام كردوە، ئەوانەی ئازاری پەیامبەریان داوە كە وتویانە مناڵێكی تەمەن حەوت ساڵی مارە كردوە، یان دەڵێن لە جیماعدا هێزی سی كەسی هەبوە... هەروەها.. هەروەها، .. هتد. نازانم لە كوێ كۆتایی دێت چونكە كتێبەكانی توراسی ئیسلامی چەندین موجەلەدە و هەڵگرتنی ئەستەمە.

لەم بوارەدا ئەوە شیاوی باسكردنە كە جێنشینی سعودیە وتویەتی: كتێبەكانی فەرمودەی پێغەمبەر سەرچاوەی سەرەكی ناكۆكی و دابەشبونە لە جیهانی ئیسلامیدا، لەنێوان موسوڵمانانی توندرەو و موسولمانانی دیكە، چونكە دەیان هەزار فەرمودەی پێغەمبەر هەیە پشتراست نەكراونەتەوە.
هەروەها دەڵێت: شتێكی زۆر گرنگ هەیە كە پێعەمبەر لەسەرەتای ئیسلامدا فەرمانی بە موسوڵمانان كردوە فەرمودەكانی نەنوسنەوە، تا فەرمودە تێكەڵ بە قورئان نەبێت، لەو بارەیەوە ئەی سعد الخدری دەڵێت: پێعەمبەر درودی خوای لەسەربێت فەرمویەتی: لەبرەی منەوە مەنوسن، ئەوەی جگە لە قورئان لەبارەی منەوە نوسیویەتی، با بیسڕێتەوە.

ەوەی تێبینی دەكرێـ، دواتر پێغەمبەر ئەو كارەی رەت نەكردۆتەوە، واتا هەموو ئەوانەی فەرمودەیان كۆكردۆتەوە یان باسیان لە پەیامبەر كردوە جگە لە قورئان، وەك بوخاری و موسلیم و ئەوانی دیكە، كەواتە لە فەرمانی پێغەمبەر یاخی بون و ئایەتێكی قورئانیش لەوبارەیەوە دەڵێـ ئەگەر بیریان چوە: (ومن یعص الله ورسوله فإِن له نار جهنم خالدین فیها أبدا).

خۆشترین شت كە روی یاوە و لەسەر زاری محەمەد بن سەلمان هاتوە، سەرقاڵی كارێكن بۆ دانانی كتێبێكی نوێی فەرمودە راستەكان، تا ئیسلامی راستەقینە پیشانی خەڵك بدرێت و ئەو كارەش لە ماوەی دوو ساڵدا ئامادە دەبێت.

ئێستاش پرسیارێك ئاراستەی شێخی ئەزهەر دەكرێت كە زۆر بە توندی بەرگری لە كتێبەكانی توراس كردوە بە رادەیەك سوكایەتی بە دكتۆر محەمەد ئەلخشت ی سەرۆكی زانكۆی قاهیرە دەكات كە هەوڵی راستكردنەوەی گوتاری ئایینی دەدات و پێی وت: راستكردنەوە لە باوكتدا بكە نەك لە ئایین.
خۆزگە شێخی ئەزهەر بێت و بە راشكاوی پێمان بڵێ: بۆچونی چی یە لەسەر قسەكانی محەمەد بن سەلمان بە تایبەت هەڵوێستی ئەو و عەرەبستانی سعودی لە فەرمودەی ( ئوحاد) كە بە گرنگی نازانن و پێیان وایە لە پەراوێزی ئاییندان.
ئەوەی جێی باسە ئەو جۆرە لە فەرمودا، زۆرینەی زۆری كتێبی (صەحیحی بوخاری و صەحیحی موسلیم) و كتێبە ناسراوەكانی فەرمودە پێكدێنن.
ئەمەش بە سادەیی واتە كۆتایی هاتنی زۆرینەی ئەو شتانەی شێخەكانی ئەزهەر پێیان وابوو ناكرێت دەستكاری بكرێن لە نمونەی حیجاب و كوشتنی مورتەد و بەردباران كردنی زیناكار و رێگرتن لە وەسیەتی میرات بۆ میراتگران و ناچار كردنی خەڵك بە پەرستش و كوشتنی مونكەری نوێژكردن و زۆر شتی دیكە كە بە بنەرەتی دادەنێن لە ئاییندا.

شیاوی ئاماژەیە كە فەرمودەی (ئوحاد) چی یە؟ كە محەمەد سەلمان دەڵێت: ئەو فەرمودەیەیە كە كەسێك لە پێغەمبەری بیستوە و پاشان یەكێك لەو كەسەی بیستوە و تا گەیشتوە بەوەی كە نوسیویەتی یان كەسانێكی كەم لە پێغەمبەریان بیستوە و كەسێكیش لە یەكێك لەوانەی بیستوە.
وەك باسمان كرد كتێبەكانی بوخاری و زۆری تر لەگەڵ ئەم گۆڕانكاری یە مێژووییەدا كۆتایی دێن چونكە زۆرینەی زۆریان ئەگەر هەموشی نەبێـ، لەو جۆرە فەرمودانە پێكهاتوە.

بۆیە، ئێستا ئێمە لەبەردەم گۆڕینی تاریكین بۆ رۆشنایی، هەڵە بۆ راست، تاوانكاری بۆ بەزەیی بۆ هەموو مرۆڤایەتی، و بابزانین چی رودەدات.

لە كۆتاییشدا، وتارەكە بەو نانویشانە كۆتایی پێدێنین كە: ئایا كاتی كۆتایی هاتنی صەحیحی بوخاری هاتوە؟