كاڕڵ ماركس لەنێو دەستاڕی ئیسلامیستەكاندا

08/05/2022

پۆڵا سەعید
هونەری پسیشۆئەنالیزە (تێبینیی. من ناڵێم سایكۆئەناڵیتیك، چونكە مرۆڤ پێویست ناكات هەموو شت وەربگێڕێت، بەڵكو دەبێت تێیبگات. خودی فرۆید دژ بە وەرگێڕانی پسیشۆئەنالیزە بووە، نەك تەنها ئەمە، بەڵكو چۆنیەتی دەربڕینی چەمكەكەش لە قسەكردندا، چونكە لە دەربڕیندا وەك فرۆید دەڵێ، پێویستە قورسایی لەسەر دەروون بێت بۆ ئەنالیزەكردن وەك پسی شۆ ئەنالیزە). پسیشە دەروونە، لێ كاتێك دەگوترێت پسیشۆ، واتا كێشەیەك لە دەرووندا هەیە. تاكە یەك پیت (ۆ) كێشە دەخاتە دەروونی تاكەوە. هونەری پسیشۆئەنالیزەش لەوەدایە، كە لە وتە و دەربڕیینی بەرانبەرەكەت تێبگەیت و ئەنالیزەی بكەیت. ئالێرەدا تیشك دەخرێتە سەر پێوابوونەكانی تاك. تاك پێیوایە، كە ئەمە و ئەوە بەمشێوەیە و بەوشێوەیەیە و دەبێت وابێت و وابكرێت. واتا لە سەرەتای هەموو دواندنێكدا پێوابوونی تاك وەك تیشكی خۆر ڕووناك دیارە. بۆ نموونە. ئێریش فۆرم، كە لەدوای فرۆید و یوونگ سێهەمیین ڕەوتی پسیشۆئەنالیزەیە، ئەمە وێڕای ئەوەی، كە فڕۆم بەهیچ شێوەیەك ئامادە نەبوو، كە خاوەنی قوتابخانە بێت وەك فرۆید و یوونگ، لێ لەگەڵ ئەوەشدا، لانیكەم لە ئەمێریكا فڕۆم خاوەنی هێڵ و ڕەوتێكی تایبەتی خۆیەتی. فڕۆم دەگێڕێتەوە و دەڵێ، لە شوێنی كارەكەی، دەروونناسێكی هاوكاری هیچ ئارەزووی بە فڕۆم نەدەهات و ڕقی لێی بوو. بەیانییەك ئەم دەروونناسە خۆی دەكات بە هۆدەیەكدا، كە فڕۆم لێیە، دەروونناسەكە چاوەڕێی ئەوەی نەدەكرد، كە فڕۆم لەم هۆدەیە بێت، هەربۆیە كاتێك دێتە ژوورەوە تەماشایەكی فڕۆم دەكات و دەڵێ، ماڵئاوا و دەچێتە دەرەوە، لەكاتێكدا دەبوایە بڵێت بەیانییت باش. ئەمە واتای چیی؟ ئەمە بە واتای ئەوەی، كە ئەم دەروونناسە خاوەنی پێوابوونێكی خراپ و نێگەتیڤە بەرانبەر بە فڕۆم، كە ئامادە نییە سڵاوێكیشی لێبكات، هەربۆیە لەبری بەیانییت باش دەڵێ، ماڵئاوا (خودا حافیز).

ئیسلامیستەكانی كوردستانیش هەر لە سەرەتای قسەكردنیانەوە پێوابوونەكانیان وەك خۆر ڕووناكە. ئیسلامیستەكان ڕووخۆشییەكی تایبەتیان بەرانبەر بە ئادۆڵف هیتلەر هەیە، چونكە پێیانوایە، كە هیتلەر دژ بە جووەكان بوو. لەم یەكتردواندنەی ئیسلامیستەكان و هیتلەردا لێكتێگەیشتنێكی قوڵ هەیە، ئەویش ئەوەیە، كە هەردووكیان دژ بە جووەكانن. لێ لە ڕاستییدا، هیتلەر بەتەنها دژ بە جوو نەبوو، بەڵكوو دژ بە ئەڵمانیش و دژ بە هەموو مرۆڤایەتیی بوو. ئیسلامیستەكانیش هاوشێوەی نازیەت و هیتلەر بە تەنها دژ بە جوو نین، بەڵكوو دژ بە كورد خۆی و دژ بە هەموو مرۆڤایەتیین. وەك هەر ئیسلامیستێكی تری جیهان. ئەمانە خەڵكانێكی نێكرۆفیلیین و هێندەی بە نابەختەوەریی و مەرگ و خوێن و ترس و تۆقاندن ئاسوودەن بە خۆشویستنی ژیان و بەختەوەریی ئاسوودە نین.

بە گشتیی لە جیهاندا خەڵكانێكی زۆر كەم هەن، كە لە خودی كاڕڵ ماركس تێگەیشتبێتن، بە خودی ماركیسستەكانیشەوە. ماركس خۆی بەهیچ شێوەیەك ماركسیست نەبوو. كاڕڵ ماركس لە كاپیتاڵدا هێندەی لە خود و بووندا قووڵدەبێتەوە، هێندە لەوەدا قوڵ نەبۆتەوە، كە دژ بە سەرمایە بێت، بەڵكوو، ئەو خاوەنی شیكردنەوە و ئەنالیزەیەكی قوڵی فەلسەفییانەیە لەسەر خود، كە تاك و كۆ لە سیستێمێكی سەرمایەدارییدا خود لەكیس دەدەن و دەبن بە شتێكی تر. ئەمەش بە واتای ئەوەی، وێڕای ئەوەی، كە خود وەك ڕێگا و ڕەوتی ژیان لە ژیان و بەختەوەرییدا خەرج بكرێت، تاك و كۆ دێن لە بووندا خەرجی دەكەن. ئەمەش دیسان بە واتای ئەوەی، كە تاك لە ڕێگای كار و سەرمایەوە دەیەوێت ببێت بە یەكێكی تر وەك ئەوان. یەكێكی پارەدار، یەكێكی كەشخە، یەكێكی خاوەن ماڵ، یەكێكی بۆرژوا، یەكێكی سەرمایەدار و هەموو ئەو یەكانەی تری، كە لە كۆمەڵدا دەردەكەون.

كێشەی ماركس لەگەڵ سەرمایەدا لەوەوە سەرچاوە دەگرێت، كە مرۆڤایەتیی خودی خۆی لە بووندا لەكیسدەدات، كە مرۆڤایەتیی خودێتیی لە هەبووندا لەكیسدەدات. ئەگەر ئەم دیدە لێرەدا بكوردێنین، ئەوا دەبێتە، هەتبێت وەك لەوەی خۆت بیت. ماركس فێرمان ناكات، كە چلۆن دەوڵەمەند بین، بەڵكوو پیشانمان دەدات، كە چلۆن لە سیستێمێكی سەرمایەدارییدا خودێتیی لەكیسدەدەین. بە گشتیی لە جیهاندا و لە كۆمەڵگای كوردییشدا بەتایبەتیی لەگەڵ ماركسدا ئەوەیە، كە تاك نازانێت، كە بیركردنەوەكانی كاڕڵ ماركس هەر بۆ خۆی جۆرێكە لە تێڕوانینێكی ئایینیی، لێ لە ڕەوشێكی ئەقڵانییدا هاوشێوەی بووددا. ئەمە وێڕای ئەوەی، كە كاڕڵ ماركس خۆی دژەبەرێكی سەرسەختی ئایین بوو، چونكە ئایین لە ڕێگای هەڵخەڵەتاندنێكی خەوشییەوە خودێتیی لە تاك زەوت دەكات و دەیكات بە بوونێكی تر، كە ئەو دەیەوێت. ئەویش بوونێكی گوێڕایەڵی پراكتیزەكەرە.

لە هەڕەتی گەنجێتییمدا لەژێر كاریگەرێتیی خێزان و دەوروبەردا، خۆم بە كەسێكی ماركسیی دەزانی، بەبێئەوەی یەك دێڕی ماركسم خوێندبێتەوە. دایكم شیوعی بوو، باوكم شیوعی بوو، برا گەورە، خوشكە گەورە شیوعی بوون، لێ هیچ كام لەمانە هیچ شتێكیان لە ئەلف و بێی ماركس نەدەزانی. هەموو ئەمانە ئیمڕۆ لە خوا ترس و نوێژكەر و ڕوو لە دەرگای خوان. دیارە خێزانی من تاكە خێزان نییە، بەڵكوو ئیمڕۆ بەشێكی گەورەی بنەماڵە شیوعییەكان ئیسلامیین، بەشێكیان هەتا سنوری تووندڕەویی. پرسیار لێرەدا ئەوەیە بۆچیی؟ ئەگەر لە جێگای كاڕڵ ماركس وەڵامی ئەم پرسیارە بدەمەوە، ئەوا دەڵێم، كە ئەمانە هەرگیز خۆیان نەبوون و هەمیشە بوون بە بوونێك. هەرگیز خاوەنی خود نەبوون، بەڵكوو هەمیشە ئامادە‌‌بوون بۆ بوون بە بوونێكی تر بوون.

سیاسەت هەرگیز نەیتوانی یارمەتیی من بدات بۆ تێگەیشتن لە كاڕڵ ماركس، بەتایبەت لە كۆمەڵگای كوردییدا. دواجار خوێندن سەرە‌تایەكی دا بە من بۆ نزیكبوونەوە لە ماركس، ئەویش لە ڕێگای خوێندنی فەلسەفەوە، لێ دیسان ئەمەش نەگەیشتە ڕاستیی تێگەیشتن. دواجار دەروونناسیی ڕووناكییەكی خستە ناو تێزەكانی كاڕڵ ماركسەوە. لێرەدا دەتوانم بڵێم، تەنها بە چاویلكەیەكی دەروونناسییەوە دەتوانین كاڕڵ ماركس ببینین. بەشێكی دیاری دەروونناسەكانی بواری پسیشۆئەنالیزە ئەم ڕاستییە دەزانن، چونكە ئەوان پەردەیەیان لەسەر ڕووی كاڕڵ ماركس هەڵدایەوە. ئێرش فڕۆم یەكێكە لەو پسیشۆئەنالیكەرانەی، كە بە چاویلكەیەكی ئەنالیزانەوە كاڕڵ ماركسی دیوە.

پەیوەندیی نێوان ئایین و ماركس یاخوود ماركسیزم:

كاڕڵ ماركس فەیلەسووفێكی بەدبەخت بوو، كە لە هەموو لایەكە‌وە دژایەتیی دەكرا. دژایەتیی دەكرا، چونكە لە ناوەڕۆكی بیركردنەوەكانی تێنەدەگەیشتن. كۆمۆنیست و سۆسیال دیموكراتەكان چارەیان نەدەویست، كریست و ئیسلامییەكان چارەیان نەدەویست، چونكە تێینەدەگەیشتن. تێڕوانینی كۆمۆنیستەكان و سۆسیال دیموكراتەكان، كە كرێكاران بتوانن هاوشێوەی هەموو هاووڵاتییەكی خانەدان بژیین. ئەمەش بە واتای هاووڵاتییبوون و ژیانێكی باڵا بۆ هەموو. ئەم دیدە، دیدێكی ستالینیانەیە نەك ماركسییانە. ماركس ڕەخنەگر بوو، ماركس دژەبەر بوو. ڕەخنەگری نرخی هاووڵاتیی بوو. كاڕڵ ماركس پێیوایە، كە هاووڵاتییان دیلی سیستێمێكی سەرمایەداریین. ماركس بە تەنها چاوی لەسەر كرێكاران نەبوو، بەڵكوو بە گشتیی تەماشای هەموو هاووڵاتییانی دەكرد. كرێكاران بۆ ماركس گووناحتریینی ناو هاووڵاتییە گووناحەكان بوون. هەنووكە دوای ئەم هەموو ساڵە، تەماشای ژیانی هاووڵاتییان بكە لە سیستێمێكی سەرمایەدارییدا، لەمپەڕی دەوڵەمەندەوە بۆ ئەوپەڕی هەژار، هەموو پێكڕا دیلن، وەك باڵندەی ناو قەفەزێك، كە بوون بەوەی داوایان لێكراوە، دەبن بەوەی كە داوایان لێدەكرێت. ئامانجی كاڕڵ ماركس بە گشتیی گەڕانەوەی مرۆڤ بووە بۆ چەق، نەك بە تەنها كرێكاران. ئەوەی ئیمڕۆ بە ناوی كرێكارانەوە سیاسەت دەكات و خۆی ناوناوە ماركسیست، هیچ نییە بێجگە لە گوێڕایەڵێكی ستالینیی، هیچ نییە بێجگە لە ستالینیستێك.

با ئیسلامیستەكان و ماركسیستەكان بگەڕێنەوە بۆ كتێبەكەی كاڕڵ ماركس (Das Kapital) ئەگەر بە زمانی ئۆرگیناڵ، ئەڵمانیی بێت، ئەوا باشتر، ئەگەر نا، ئەوا دەبێت لە سەدا سەد وەرگێڕانێكی پرۆفیشیۆناڵی لە سەدا سەد ڕاست بێت. لەم كتێبە نایابەدا، لە كاپیتڵی سێهەمدا، كە قسە لەسەر پارە و سوڕی كاڵا دەكات، بە وردیی دەبینین، كە كاڕڵ ماركس تێڕوانینێكی هاوشێوەی بووددای بۆ مرۆڤایەتیی و ئاگایی و تێگەیشتن هەیە. سادەتریین نموونە كڕین و فرۆشتن. لێرەد ماركس تیشك دەخاتە سەر ئەوەی، كە ئەوە شمەك نیە بە پارە پارسەنگ دەكرێت، بەڵكوو بەپێچەوانەوە پارە بە شمەك پارسەنگ دەكرێت. دەربڕینی نرخ لە شمەكدا هەمیشە پابەندە بە پارەوە، وەك نرخی زێڕ، كە لە نرخی فۆڕمی پارەدا قووتدەكرێتەوە. بە گشتیی ماركسی لەم كاپتڵەدا پیشانی مرۆڤی دەدات، كە تاكە ئامانج لە ژیانیاندا، كە خاوەنی نرخ بێت، بریتییە لە ئامانجی خود لە ژیاندا، نەك كە بگەیت بە شتێك یان بە دەستی بهێنیت. ئەمەش بە واتای بەختەوەرییە لە ژیاندا. چونكە دەشێت تۆ بگەیت بەوەی، كە ببیتە سەرۆكی وڵاتێك بەبێئەوەی ڕێگاكانی ژیانی خۆت بژییت، دەشێت ببیتە گەورەتریین سەرمایەداری جیهان و بەبێئەوەی ڕێگاكانی ژیانی خۆت بژییت. ئیمڕۆ پرسیار بكە، چەند گەورە سەرمایەدار و چەند گەورە سەرۆك لە جیهاندا بەختەوەرن؟

ڕیالیتێت لە ژیانی مرۆڤدا بەشێوەیەكی دراماتیكیی دوورە لە خودی مرۆڤ خۆیەوە، هەربۆیە جارێك سیستێمێكی سەرمایەداریی دێت بۆ ئەوەی ڕیالیتێت بداتەوە دەستی مرۆڤ و تێیدا بژیین، جارێكیش ئایین. كاڕڵ ماركس دەیەوێت، كە مرۆڤایەتیی بەئاگابێت لە ڕیالیتێتی ژیانی مرۆڤ خۆی، كە بریتییە لە خۆشەویستیی، ڕاستیی، زیندوێتیی و نرخە ناوەندییەكانی ناو خودی مرۆڤ خۆی. ئەمەش بە واتای خودبوون نەك هەبوون. ئەگەر مرۆڤ بەئاگابێت لەم نرخانەی خودێتیی لە ژیاندا، ئەوا پێویستی بەهیچ ئایینێك نییە، كە بێت ڕیالیتێتێكی دروستكراوی بۆ بەرجەستە بكات. تووندوتیژیی ماتریاڵیی و تووندوتیژیی ئایینیی هیچ جیاوازییەكیان نییە، هەردووكیان خودبوون لە مرۆڤ دەستێننەوە و دەیكەن بە هەبووگەرێك، ئینجا مرۆڤ ئەگەر سەرمایەی هەبێت یان باوەڕێكی ئایینیی هیچ لە باسەكە ناگۆڕێت.

كاڕڵ ماركس خوودبوونی هەڵبژارد، هەروەكوو چلۆن زیدهارتا گاوتاما بڕیاریدا، كە بە ئاگا بێت، كە لە خەو هەڵبستێت. ئەم بە ئاگاهاتنەش كردی بە بووددا. بوودداش بە واتای، ئەوەی، كە بە ئاگاهاتووە. كاڕڵ ماركس دوای ڕێگاكانی ژیانی خۆی كەوت، كە هەموو تەمەنی لەپێناویدا خەرج كرد. هەروەكوو چلۆن بووددا هەموو ژیانی خۆی لەپێناوی خودبوونی خۆیدا خەرج كرد. خوێندنەوەی ماركس و تێگەیشتن لە ماركس لە خوودبوونی خۆت نزیكت دەكاتەوە و بە ئاگا دێیت لەوەی، كە چی لە ژیان و جیهاندا دەگوزەرێت. هەروەكوو چلۆن نازییەكانی ئەڵمانیا، گۆرانیی ئەڵمانەكانی هاینڕیش هۆفمان فۆن فالەرسلێبنیان هەتككرد، ئاوهاش سیاسییەكانی جیهان، بەتایبەت ڕووسەكان فەلسەفەكانی كاڕڵ ماركسیان لەپێناوی بەرژەوەندییەكی سیاسیی و دەستەڵاتدا هەتككرد.

ماوەتەوە بڵێم، ئەگەر كاڕڵ ماركس ئەو شانسەی هەبوایە، كە لە ئەڵمانیادا بمایەتەوە و ئەو پلانەی، كە داینابوو بۆ ژیانی، كە ژیانی لە زانكۆ و خوێندندا خەرج بكات، ئەوا دەشا ئیمڕۆ ماركس بووددایەكی مۆدێرن بوایە. بەڵام چالاكیی سیاسیی وەهای لە ماركس كرد، كە هەڵبێت بۆ بەریتانیا و لە لەندەندا بەشێكی گەورەی ژیانی لە كتێبخانەكانی ماڵی پاشادا بەسەر بەرێت. لەدوای مەرگیشی جیهان بوو بە خاوەنی ماركسیزم، كە هەرگیز پلانی ماركس خۆی نەبوو.