ژیان چۆنە لە ئەمەریكا؟

1 مانگ پێش ئێستا

گۆران دوكانی
پێشەكی
هەوڵ دەدەم زۆر بە ڕاشكاوی وەلامی ئەو پرسیارە بدەمەوە! 
دەزانم ئەمە پرسیاری زۆربەی ئەو كەسانەیە كە لەدەرەوەی ئەمەریكا دەژین! 
من پێش ئەوەی بێم بۆم وڵاتە لێرەو لەوێ گوێ بیستی ئەو كوردانە دەبوم یان لەزاری كەسانیترەوە گوایە ژیان لە ئەمەریكادا زۆر زەحمەتە، بەجۆرێك ئەم ولاتەیان كردبوو بە دۆزەخ، بەلام لەراستیدا كەخۆم گەیشتمە ئەم ولاتە ڕێك هەموو شتەكان پێچەوانەی ئەوەبون كەپێشتر بیستبوم.

كێن ئەو كوردانەی هەمیشە ناڕازین؟
زۆێك لەو كوردانەی دەیانبینین هەمیشە لەژیانی ئەمەریكا ناڕازین بەلام كاتێك پرسیاری هۆكاری ناڕازیبونەكەیان لێ دەكەیت وەلامێكی قەناعەتكەریان پێ نیە، بەلام لەڕاستیدا هۆكاری قورسی ژیان كردن لەئەمەریكادا بۆ ئەم جۆرە كوردانە بریتیە لە:
یەكەم: ئەوانەی تەمەڵ و تەوەزەلن و بڕستی كاركردنیان نیە.
دووەم: ئەوانەی هەمیشە بەدوای سود و سۆشیالی حكومەتەوەن، لەكام شار یان كام ویلایەت كەوچكێك شۆربای بەلاش هەبێت ئەوان لەوێن.
سێهەم: ئەوانەی هیچ پرۆژەو پلان و بیرۆكەیەكی ئیشكردن و خۆ بەڕێوەبردنیان نیە بۆ ژیانیان.
چوارەم: ئەو كەسانەی هیچ بڕوانامەیەكیان نیە.

دوو نموونەی كوردی دانیشتوی ئەمەریكا
تێڕوانین بۆ ژیان كردن لەئەمەریكادا لەكەسێكەوە بۆ كەسێكیتر دەگۆڕێت، لێرەدا دوو نموونە لەسەر كوردەكانی ئەمەریكا دەهێنمەوە: بۆ نموونە كورد هەیە لە ئاشبەتاڵەكەی ساڵی 1974وە هاتوە بۆم وڵاتە كەچی هەتا ئەو كاتەی (retire) خانەنشین بوە نەبۆتە خاوەنی هیچ تەنانەت ئێستاش بە كولەمەرگی ژیان بەسەر دەبات، لەهەمان كاتدا كوردێكی باكووری وەك حەمدی ئولكایەش لە ئەمەریكادا هەیە كە خاوەنی (Chobani yogurt)كۆمپانیای ماستی چۆبانیە و لەئێستادا لەڕیزبەندی ملیاردلێرەكانی ئەمەریكایە.  

كێن ئەو كوردانەی سەركەوتون لەژیانی ئەمەریكادا؟
بەگشتی كوردە سەركەوتوەكانی ئەمەریكا ئەوانەن كە بەشێكیان خاوەن بزنسی خۆیانن یان كاری سەربەخۆ دەكەن (Self-employment) یان بڕوانامەیەكی زانكۆ یان پەیمانگاو سەنتەرێكی ئەمەریكایان بەدەستهێناوە و كاریان دەستكەوتوە بەهۆی بڕوانامەكەیانەوە، یانیش ئەوانەی (Security clearance) بڕوانامەی متمانەی ئەمنیان بەدەستهێناوە كاری وەرگێڕان دەكەن لەگەڵ دامودەزگا حكومی و ناحكومی و سوپاو بانك و كۆمپانیاكاندا لەناوەوەو دەرەوەی ئەمەریكادا.
بەدەر لەمانە كوردەكانیتر كە بە موچە كاردەكەن زۆرینەیان یان شۆفێری شاحینەن (Truck driver) یان شوفێری تاكسی ئوبەرن (Uber Driver)، كە ئەم دووكارەی شۆفێری لە ئەمەریكادا (ئەگەر كەسەكە تاقەت و توانای كاركردنی زۆری هەبێت) یەكێكن لە دوو باشترین كارەكانی ئەمەریكا.
بەگشتی هەموو ئەو تایپانەی كاركردن كەباسم كردون ئەگەر كوردەكانی ئەمەریكا هەركام لەم كارانە بكەن بەویژدانەوە دەڵێم یان ژیانێكی شاهانەیان هەیە یان لانیكەم ژیانێكی مام ناوەند، ڕاستگۆ نیە ئەوەی یەكێك لەم كارانە بكات و بڵێت ژیان لە ئەمەریكادا زەحمەتە!، بەلام بەدەر لەم كارانە ئەوەی لە كارگەیەكدا یان چێشتخانەیەك، هۆتێلێك، مۆڵێك، سەنتەرێك، دوكانێك،...بە موچەیەك كاربكات ئەوا ژیانی زۆر زەحمەتەو قەت نابێتە خاوەنی هیچ، ئەوەی كە دەستی دەكەوێت ئەمریكی گوتەنی (working just to pay bills) تەنها ئەگەر ئەو كەسانە (خێزانداربن و هەردووكیان كاربكەن) ئەوانیش ژیانیان خراپ نیە چونكە بیرمان نەچێت جگە لەوەی دوو موچەیان دەبێت هاوكات خێزاندارەكان ئەگەر مناڵێك یان دوو مناڵ و زیاتریان هەبێت ئەو باجەی دەیدەن بە حكومەت لەكۆتای ساڵدا زۆر بەزیادەوە بۆیان دەگەڕێتەوە! تەنها سینگڵەكان نەبن كە هەمیشە دەبێت باج بدەن و لەكۆتای ساڵیشدا هیچیان بۆ ناگەڕێتەوە.

بڕوانامەو داهاتەكان لە ئەمەریكا
بەگشتی هەندێك بڕوانامە لەئەمەریكادا وەك زۆربەی ولاتانی جیهان زۆر گران بەدەست دێن، بەلام دوای بەدەستهێنانیان گەورەترین داهاتی ساڵانەیان دەبێت، ئەوانیش (پزیشك، ئەندازیار، پارێزەر) لەگەڵ ئەو كەسانەی كە لەدامەزراوەی ناسا (NASA) دا كار دەكەن، ئەگەر داهاتی ساڵانەی خاوەنی ئەم بڕوانامانە وەك سامپڵێك وەربگرین (هەرچەند لە ویلایەتێكەوە بۆ ویلایەتێكیتر جیاوازە) بۆ نموونە:
 لە ویلایەتی ڤێرجینیا داهاتی ساڵانەی پزیشكێك لە 221,000 دوسەدو بیست و یەك هەزار دۆلارەوە دەست پێ دەكات (بەپێی پسپۆڕی و ئەزمونیش گۆڕانكاری بەسەر داهاتەكەدا دێت) داهاتی ساڵانەی پارێزەرێك لە 139,000 سەدو سی و نۆ هەزار دۆلارەوە دەست پێ دەكات، ئەندازیارێك داهاتی ساڵانەی لە 78,000$ حەفتاو هەشت هەزار دۆلارەوە دەست پێ دەكات.
هەروەها سێ جۆر بڕوانامەی دیكە كە لە ئەمەریكادا داهاتی ساڵانەیان بەرزەو زۆر بەئاسانیش كارت دەستدەكەوێت بەجۆرێك هەندێك لەو بڕوانامانە هێشتا لەساڵی دووەمی زانكۆدایت كارت دەست دەكەوێت، ئەوانیش بوارەكانی تەندروستی (Medical) هەموو بەشەكانی كە ئەمانەن
 (Nursing, Anesthesiology, Radiology, Emergency medicine, Pathology, Psychiatry, Surgery, Medical science) 
بواری بزنس هەموو بەشەكانی كە ئەمانەن: (Accounting, Marketing, Sales, Finance, :
International business, Human Resources, Health services administration, Management information systems) 
هەروەها هەموو بەشەكانی بواری كۆمپیوتەرو ئای تی.

هەمیشە دەرگاكانی بزنس كراوەیە
ئەمەریكا كە سیستەمی سەرمایەداریە هەمیشە هەموو دەرگاكانی بزنسی كردۆتە سەرپشت بۆ هاوڵاتیان، ئەگەر تۆ بیرۆكەیەكت هەبێت بۆ هەرجۆرە كارێكی بازرگانی دوودڵ مەبەو مۆبایلەكەت لەگیرفانت دەربێنەو بچۆ سەر ماڵپەڕی (SCC) واتا (State Corporation Commission) تەنها بە 10 خولەك و بەبڕی 35 دۆلار مۆڵەتێكی بزنس دەربێنەو هەمان ڕۆژ دەست بەكارەكەت بكە! 
لەكاتێكدا لەزۆربەی ولاتانی جیهان یەك دنیا مەرج و ئاڵانگاری جۆراوجۆر بونەتە لەمپەر بۆ دەستگەیشتن بە مۆڵەتێكی بازرگانی، هەر ئەمەیە وایكردوە لەم ولاتەدا جگە لە بزنسە گەورەكان نزیكەی 32 ملیۆن بزنسی بچووك هەیە لەلایەكیترەوە گەورەترین ئاسانكاری بۆ پێدانی قەرزی بازرگانی كراوە لە بانكە حكومی و ئەهلیەكاندا، ئەگەر زۆرترین پارەش بەقەرز وەربگریت بۆ كارێكی بازرگانی دواتر ئیفلاس بكەیت بەئاسانترین شێوە بانك لێت خۆش دەبێت (تەنها بەو مەرجەی بیسەلمێنیت كە زەرەرت كردوە لەو كارە بازرگانیەدا).

 جگە لەهەموو ئەمانەش حكومەت دەزگایەكی تایبەتی بۆ گەشەو بەرەوپێشچونی بزنسە بچووكەكان داناوە بەناوی (SBA) واتا (Small Bussniss Administration) ئەم دزگایە بۆ نموونە دوو ساڵە بەهۆی پەتای كۆڤیدەوە لەڕێگەی دوو بەرنامەوە PPP, EIDL هاوكاری زیاتر لە 45 ملیۆن بزنسیان كردوە لە ئەمەریكادا! بەجۆرێك كە بەرنامەی یەكەمیان PPP واتا Paycheck Protection Program هەردووساڵەكە لەو قەرزانە خۆشبون كەخاوەن بزنسەكان وەریان گرتبوو (تەنانەت ئەم هاوكاریە جگە لەبزنسەكان شۆفێری تاكسی و بارهەڵگرو فود درایڤەرەكانیشی گرتەوە).

كۆتایی
ئەگەرچی پرسیارەكە زۆر ئاسانە "ژیان چۆنە لە ئەمەریكا" بەلام وەلامەكەی زۆر لەم بابەتە زیاتر هەڵدەگرێت، ئەوەی لە كۆتایدا گرنگ بوو بۆمن تۆی خوێنەر بیزانیت بەشێوەیەكی گشتی ژیان بەم جۆرەیە لە ئەمەریكادا، ئیدی من نازانم كوردێكی دانیشتوی ئەم وڵاتە چۆن باسی ژیانی بۆتۆ كردوە؟ 
لەڕاستیدا گرنگە بزانیت كوردێك چۆن باسی ژیانی ئەمەریكات بۆ دەكات بەڵام گرنگتر ئەوەیە بزانیت ئەم كەسە چی كارێك دەكات و خاوەنی چی ڕوئیاو جیهان بینیەكەو تاچەند خاوەنی خەون و پلانیشە بۆ داهاتووی ژیانی.

پرۆفایل:
گۆران دوكانی
نوسەر
ڤێرجینیا - ئەمەریكا