شاری پیرۆز

1 مانگ پێش ئێستا

حەمەسەعید حەسەن
كوردستانی خۆش، نیشتمانی جوان
تۆ قیبلەگاهی منی بێ گومان
ئیسلامییەكان هەر لەسەر مارشی ئەی ڕەقیب نا، لەسەر ئەو شیعرە نیشتمانییە زێدە جوانەیشی، گێچەڵیان بە (دڵدار)ی عاشقی ڕاستەقینەی نیشتمان كردووە، گوایە ئەوە كوفرە، نیشتمان بە قیبلە بچوێنیت، هەرچەندە نالی كە زانایەكی مەزن  بووە نەك جاهیل، گوتوویەتی:
كە تۆی قیبلە، دەمت سا بێنە قوربان
لەسەر قوبلە، دڵم مەشكێنە قوربان
سەرنج بدەن! لەكن مەلایەكی دوازدە عیلمی وەك نالی، ئاسایییە حەبیبە بە قیبلە بشوبهێنێت، كەچی لای ئیسلامی سیاسی، ئەوە كوفرە دڵدار كوردستان بە  قیبلەی خۆی بزانێت. 
قیبلە ئەو شوێنەیە كە موسوڵمان وەختی نوێژ ڕووی تێ دەكات، پێش كۆچی موحەممەد بۆ مەدینە، قیبلە لە قودس بوو، نەك لە مەككە، هەرچەندە ئەو وەختە قودس بەشێك نەبوو لە قەڵەمڕەوی ئیسلام. ماركس گوتوویەتی: "سەرهەڵدانی ئیسلام زادەی ئەوەبوو، مەككە و مەدینە هیچ بایەخێكی ئابوورییان نەمابوو، ئاخر ڕێی بازرگانیی نێوان ئاسیا و ئەورووپا كە زووتر بە دوورگەی عەرەبی و زەریای سووردا تێدەپەڕی، گوێزرابووەوە بۆ كەنداوی فارس و لەوێشەوە بۆ زەریای ڕەش." كەواتە مەككە و مەدینە بۆیە كران بە دوو شاری پیرۆز، تا ببن بە دوو سەنتەری بازرگانی. شاری پیرۆز لە دونیادا زۆرن، بەڵام لای كوردی نیشتمانپەروەر، نە لە مەهاباد پیرۆزترن كە گڵكۆی قازی موحەممەدی لێیە، نە لە سلێمانی پیرۆزترن كە مەزاری شێخ مەحموودی لێیە. 
دژایەتیكردنی ئیسلامییەكان بۆ مارشی (ئەی ڕەقیب)یش، هەر زادەی جەهل بوو، ئاخر ئیسلامییەكان بەدرێژاییی مێژووی خۆیان هەر جەهلیان بەرهەم هێناوە. مێگەلی دوای كۆمەڵی كۆنەئیسلامی كەوتوو، بۆیە دژی ئەی ڕەقیب بوون، چونكە گوایە دڵدار گوتوویەتی:
ئەی ڕەقیب هەر ماوە قەومی كورد زبان
نایشكێنێ (دانەر)ی تۆپی زەمان.
وای بۆ چووبوون: (دانەر)ی تۆپی زەمان: خوایە، بەڵام ڕاستییەكەی دڵدار گوتوویەتی: نایشكێنێ (دانەیی) تۆپی زەمان، دانە لەو ڕستە شیعرییەدا، بە مانای گولـلەتۆپ دێت، نەك خالیق! واتا: گولـلەتۆپی زەمانە، كورد ناشكێنێت، ئاخر بۆیە چوار ئەفسەرە شەهیدەكە گوتبوویان: دوای جەهل مەكەون! دینمانە ئایینمان هەر نیشتمان، ئاخر بەر لەوەی دین پەیدا ببێت، كوردستان: نیشتمانمان بووە، ئاخر پێش سەرهەڵدانی ئیسلام و كافراندن، كورد ئایینی تایبەت بە خۆی و كتێبی پیرۆزی تایبەت بە خۆی هەبووە، ئاخر ئەوە كوردبوون و كوردستانیبوونە كورد كۆ دەكاتەوە، نەك ئەم یان ئەو ئایین. ئاخر خۆ كورد هەموویان موسوڵمان نین، هەیانە لادینن كە نیوهێندەی دینداران دەبن، هەیانە جوون، هەیانە كریستیانن، هەیانە ئێزدیین، هەیانە زەردەشتیین و هەیانە یارسانن.