هۆرمۆنی میلاتۆنین و سوودەكانی و پەیوەندی بە نووستنەوە
09/05/2022
د. كامەران رەسوڵ ژاژڵەیی
ئایا حەپی میلاتۆنین زیانی هەیە ؟
میلاتۆنین هۆرمۆنێكە لە لایەن غوودەی سنەوبەری ( pineal gland ) لە ناو مێشك دا دەڕێژرێت بەڵام هەندێك ئاماژە هەیە كە لە چاو و مۆخی ئێسك و ڕێخۆڵەش دا هەیە .
میلاتۆنین بەهۆرمۆنی خەو یان تاریكایی ناسراوە و لێپراسراوە لە ڕێكخستنی ڕیتمی چالاكیەكانی جەستە و پەیوەندیەكی توندی هەیه لەگەڵ سەعاتی بایولۆجی ناو لەش .
میلاتۆنین ڕاستەوخۆ پەیوەستە بە توانای مرۆڤەوە تا بخەوێت چونكە بەرزبوونەوەی ڕێژەكەی یارمەتی نووستن ئەدات لە ڕێگەی یارمەتی دانی جەستە بۆ جیاكردنەوەی شەو و بەستنەوەی بە هێمن بوونەوەی لەش و نووستنەوە .
هەروەها میلاتۆنین بە یەكێك لە ماددە دژە ئۆكسانەكان دەدەنرێت .
چۆنیەتی كاركردنی میلاتۆنین لە ناو لەش :
میلاتۆنین وەك زەنگی ئاگاداركردنەوەی ناو جەستە وایە، بۆیە به هەڵس وكەوت و خووی ڕۆژانە زۆر دەگۆڕێت، مەبەست ئەوەیە كە میلاتۆنین یارمەتی لەش ئەدات تا ئاگادار بێت لە كاتی نووستن، خواردن، ئیش و كار، چالاكی و وەرزش، هتد .
هەروەها میلاتۆنین كار لەسەر ڕێكخستنی پلەی گەرمی لەش دەكات لەگەڵ فشاری خوێن و ئاست و دروستكردنی هۆرمۆنەكانی تری لەش .
ڕێژەی میلاتۆنین بە شێوەیەكی سەرەكی پەیوەستە بە ڕووناكی و تیشكی خۆر بۆیه دوای خۆرئاوابوون و تاریكایی ڕێژەكەی زیاد دەكات بەڵام ڕووناكی دەبێتە هۆی كەم بوونەوەی ڕێژەكەی .
میلاتۆنینیش خۆی كۆمەڵێك ئاماژە دەنێرێت بۆ مێشك بۆ ڕێكخستن و بەڕێوەبردنی جەستە و چالاكیەكانی بە گوێرەی ڕووناكی دەرەوە، بۆ نموونە شەوانە ڕێژەی دۆپامین دادەبەزێنێت تا لەش خاو بێتەوە .
كۆمەڵێك هۆكار كاریگەریان هەیە لەسەر ڕێژەی میلاتۆنین :
١ - جگەرە كێشان .
٢ -- ڕووناكی بەهێز بەشەو .
٣ -- هیلاكی و ڕاهاتن كاركردن بە شەو .
٤ -- تیشكی شین دەرچوو لە شاشەی ئامێرە ئەلكترۆنیەكانەوە .
٥ -- چوونە،تەمەنەوە و پیر بوون .
حەپ و كەپسولی میلاتونین :
وەك هۆرمۆنی میلاتۆنین وایە و بەكاردەهێنیرێت بۆ ئەو كەسانەی كێشەی تێك چوونی خەویان هەیە بە تایبەت سەرو پەنجا ساڵ بۆ ماوەیەكی كورت خایەن و لەوانەی كەمی هۆرمۆنی میلاتۆنینیان هەیە، باشی ئەم دەرمانە ئەوەیە نابێتە هۆی ئیدمان لەسەری و بۆ ڕۆژی دواتر ئەو كەسە زۆر گێژ نابێت و كار ناكاتە سەر چالاكی ڕۆژانەی بەڵام وێنەی هەموو دەرمانێك نابێت بێ سەرپەرشتی پزیشك بخورێت .
-بۆ خانمانی دوو گیان ناگونجێت
-بۆ خانمانی شیردەر باشترە بە كار نەیت تەنها كاتی زۆر پێویست نەبێت .
-بۆ مناڵان و تەمەنی كەمتر لە هەژدە ساڵ نابێت بێ ڕێنمیایی پزیشك بە كار بێت
كاریگەرە لاوكیەكانی دەرمانی میلاتۆنین:
- زۆر باوەكان سەرئێشە، ئازاری پشت، بێهێزی .
- كاریگەری لاوەكی زۆر دەگمەن :توڕەیی، ئارەق كردنەوە، كەم خەویی دوای وازهێنان، گێژیەكی كەم، سك ئێشە، زەردوویی، زیادبوونی كێش
پرۆفایل:
د . كامەران ڕسوڵ ژاژڵەیی
پسپۆڕی زانستی خۆراك