كێ بەرپرسە لە پەروەردەكردنی كۆمەڵگا؟

10/05/2022

رزگار شێخ حەسەن
گرنگی و بایەخی پەروەردە لە كاریگەری و ئەنجامەكانیدایە لەسەر ژیانی كۆمەڵایەتی و چالاكییە گشتیەكاندا، لە كۆمەڵگای ئێمەدا زۆرترین مزگەوت و قوتابخانە و قوتابی و دامەزراوەی پەروەردەیی هەیە، لەگەڵ ئەوەشدا چەندین كێشەی قورسی كۆمەڵایەتی و ئینسانی هەن كە لە نەبوونی پەر‌وەردەوە دێنە دەرێ، لەوانە كێشەی كۆمەڵكوژی و ژنكوژی و گەندەڵی دارایی لەئاستێكی ئیجگار بەرزدایە، دەبێت بگەڕێن و لە خۆمان بپرسین ئایا كێ بەرپرسە لــەپەروەردەكردنی كۆمەڵگا، بە كام فەلسەفەی پەروەردەیی تاكی ئێمە پەروەردە دەبێت؟

لـە كێشە پەروەردەییەكاندا هەمیشە حكومەت یەكەمین نیشانەیە كە بەتەواوەتی هەموو كێشەكان ئاڕاستەی دەكەین و هەموان لە رەخنەگرتن لە دواكەوتوی و نا كارایی پەروەدە رەخنەكان ئاراستەی حكومەت و لایەنی فەرمی دەكەین، بەڵام ڕاستیەك هەیە كەدەبێت هەموان بیزانین خراپی پەروەردە لـەئەنجامی خراپی ئیدارەدان و رێكخستنیدایە، واتا لەگەڵ بونی ژمارەی زۆری دامەزراوەی پەروەردەیی و خوێندنگا و مامۆستا بەڵام هەمو ئەمانە نائامادەن لە پەروەردەی كۆمەڵایەتیدا، ڕاستە ئەركێك جێبەجێدەكەن بەڵام ئەویش بەقەدەر لێهاتوی قوتابیەكە فێری وانە زانستیەكانی دەكەن واتە ئەركەكان بە شێوەیەكی گشتی ئەركی فێركارین نەك ئەركی پەروەردەیی، لەكاتێكدا ئەركی خوێندنگا تەنها بە فێركردن و پێدانی نمرە تەواو نابێت بەڵكو ئەركێكی پەروەردەیی گرنگی لە ئەستۆدایە، ئەركێكی هەرە گرنگی قوتابخانە و دامەزراوە پەروەردەییەكان ئەوەیە ڕەوشت و بەها مرۆڤایەتیەكان فێری خوێندكار بكات تا لێرەوە جیاوازیەكانی دەربخات، كاریگەری لەسەر پەروەردەی كۆمەڵایەتی و بیركردنەوەی تاكەكەس هەبیت، بەڵام لە كۆمەڵگایەكدا ڕەوشت تەنها لە لەشولاری ژناندا ببینرێت، هەمیشە ئەم كاریگەریە لە ڕوئیاو دونیا بینی مامۆستاكاندا رەنگبداتەوە، هەربۆیە نێرینەیەك بەرهەم دێت  كە ژن وەك كەسێكی سەربەخۆ تەماشا ناكات و هەمیشە وەك شەرەفی نێرینەی بنەماڵە سەیری ئەكات، ئامادەیە ڕەشەكوژی بكات وەبەهەمان شێوەش میینەیەك بەرهەم دێت كە روانگەیەكی پیاوسالاری بۆ ئافرەت هەیە و جەستەی ئافرەت بە شەرم و بەڵا ئەزانێت و داواكارە بەردەوام جەستەی ئافرەت بەرانبەر بە چاوی پیاو دابپۆشرێت نەك ژنێك لە روانگەیەكی مرۆڤانەوە سەیری  خۆی و رەگەزەكەی بەرانبەر بكات و بایەخ بە كوالیتی و ئاستی هوشیاری و زانستی بدات نەك  پۆشینی جل و بەرك بكاتە پێوەری باشبوون و رێزی كۆمەڵایەتی.

بوونی واعزەكانی سۆشیال میدیا كەتەنها بە وتیـان و گێڕایەنەوە وتارەكانیان ڕازاندۆتەوە، گوێی وەرگری كوردیان پڕ كردوە لە وەعز و نەسیحەت، ئەمانە بە كردەوە بونەتە بەڵایەكی گەورەی بۆ پەروەردەكردنی كۆمەڵگا، بەشێك لەمانە ئاراستەكراون و بە سپۆنسەری دەزگا خێرخواز و سیاسیەكانیان ئەجێندای تایبەتی ئایینی و ئایدۆلۆجی جێبەجێ دەكەن.

ئەمرۆ كۆمەڵگایەكمان هەیە پڕ لە وتارو پەروەردەی دژ بەیەك، كەهیچ كام لەوانە چاودێریكراو نین، ‌تەنانەت دامەزراوە فەرمیە پەروەردەییەكانیش چاودێریكراو نین، گەر سەرەنجێك بدەین دەبینین دام دەزگای فەرمی پەروەردەیی فەلسەفەیەكی پەروەردەیی دیاریكراوی نییە ، هەر لایەك لە قوتابخانەكان ، دەزگا پەروەردەییەكان بە پێی باوەر و ئایدۆلۆجیای خۆی  تاكەكان كۆمەڵگای ئێمە پەروەردە ئەكات، چەندین دەزگا و كارەكتەری پەروەردەیی گرنگ رۆڵیان هەیە كە دەتوانن كاریگەر بن لە پەروەردەكردنی كۆمەڵگا  دەكرێت لێرەدا لە بارەی هەندێكیانەوە بدوێین:
-قوتابخانە: دامەزراوەیەكی فەرمی دەوڵەتییە، بەبێ بونی ستراتیجی ساڵانە كاردەكات و بەرێوەدەبرێت لە ژێر میزاجی بەڕێوبەری دانراوە ناشارەزا لە فەلسەفەی پەروەردەیی، واتا تەنها لێپێچینەوەیەك بكرێت ڕۆتینە كارگێڕیەكانە و ناتوانێت نیشانی بدات چەندە ئەو ئامانجانەی بەدی هێناوە لەو دامەزراوەكەیدا كە لە پێناویدا دامەزراوە.

-مامۆستا: فەرمانبەرو مرۆڤە مووچەخۆرەكەی دەوڵەت كە تەنها وەرنەگرتنی موچە خەبەری دەكاتەوە، مامۆستا بێ ئاگایە لە پێشكەوتنە زانستیەكان، دابڕاو لە سیستەمە پێشكەوتوەكانی وانەوتنەوە، بێ ئەرك لە بەرپرسیاری، تەنها چل دەقیقە كاتی منداڵ بگرێت لەبەرامبەردا كۆتایی ساڵ نمرەكان بگەیەنە بە دەستەی كارگێڕی لەبەرامبەر دەرچو دەرنەچو هیچ ئەركێك لە پێدانی كاتی زیاتر بە قوتابی ناكەوێتە ئەستۆی.

-سیستەمی كار گێڕی پەروەردە: 
گرنگە لەم ڕوانگانەی خوارەوە لێ بڕوانین:

یەكەم: ژمارەی زۆری ڕاوێژكارو بڕیاربەدەستەكانی بواری پەروەردە كە پێویستە چاودێربن بۆ پرۆگرامەكانی خوێندن، لەباڵاترین ئاست لە پلەو دەسكەوتە مادیەكان بەهرەمەند بن، بەڵام وەك پێویست رۆڵی خۆیان نابینین بەوە بەدواداچوون بكەن ئایا پرۆگرام چەندەی جێبەجێكراوە، ئایا قوتابی لێهاتوی لەگەڵ پرۆگرام دێتەوە؟ ئایا سیستەم جێبەجێكراوە یان دەكرێت گۆڕانكاریە بەپەلەكانی دونیا چەندێكی لەنێوپرۆگرامی ساڵی داهاتو جێكراوە دەبێت.

دووەم: سەرپەرشتیاری: ناوێكی دیاری ناو چاودێركردنی سیستمی پەروەردە و فێركردن، كە بە ئەزموونی دەركەوتوە شێوازی كاركردن و چاودێریكردنی كۆن بوە و پێویستی بە نوێكردنەوەیە، پێویستە باشتر ئاگاداری سیستمەكە بن، سوود لە ئەزموونە پێشكەوتوەكانی دنیا وەرگرن كە لە بواری پەروەردە پێشەنگن، ئەوەی گرنگە لەئەركی سەرپەرشتیار بەدواداچونه بۆ ناوەندەكانی خویندن، بەدواچونی پێشكەوتنە پەروەردەیەكان تا بیگوێزنەوە بۆ ناوەندەكانی خوێندن.

سێ یەم: بەڕێوبەرایەتی پەروەردەییەكان هێندە سەر قاڵی ژمارەو  ئامارو سەر موچەو فۆرمە جۆراو جۆرەكانی داواكراو لە مامۆستان (كە بێگومان ئەركێكی كارگێڕی پێویستە)، بەڵام نایانكرێت بەشداربن لەداڕشتنەوەی سیاسەتی پەروەردەی  قوتابخانەكان لەگەڵ دەستپێكی هەر سالێكی خوێندن، نیشانی نادەن ئامانجی دیاریكراویان بە دیاریكراوی چیەو چەندی دەوێت بۆ جێبەجێكردنی پلانەكەیان، واتا گرنگە لە كۆتایی ساڵ ئاستی جێبەجێكراوی پلانیان نیشان بدەن، پاشان پاشماوەی پلان بۆ ساڵێكی نوێی بە نوێكاریەوە بخەنە بەردەست قوتابخانەكان.

كۆمەڵگایەكی دابەشكراو ماندوو بەدەست هێزسیاسیەكانی كەهەمیشە بەترسەوە دەڕواننە  مەترسیەكانی شەڕی ناوخۆ و دەوڵەتی مەركەزی، بە جۆرێك ڕازیكراوە  گەر هەرچی بڵێن دەبێ بڵێن بەڵێ، ئەمە جگە لەوەی خاوەن هێزێكی ئۆپۆزسێونی ئیسلامی كەبەردەوام كۆمەڵگا لەبەردەم تۆمەتباركردنی ئەخلاقیدایە، خەریكی پۆلێنكردنی كۆمەڵگان بەسەر ئەخلاق و بێ ئەخلاقدا، ئیمان و بێ ئیمان، ئەمانە بە شێوازێكی تایبەتی خۆیان ئەیانەوێ كۆمەڵگا پەروەردە بكەن كە مەترسین لەسەر ماف و ئازادییە تاكەكەسی و مەدەنییەكان، لەم پرۆسەیەشدا بەشێوەیەكی بەربڵاو تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بەكاردێت، هەندێك بۆ شكاندنی سیاسی و هەندێكی تر بۆ سەپاندنی ئەجێندای سیاسی و پەروەردەیی خۆیان بەكاریدێنن.

گرنگە دام و دەزگا پەروەردەییەكان رۆڵێكی زیاتری پەروەردەیی ببینین و دەوڵەت خاوەنی فەلسەفەی پەروەردەیی خۆی بێت، رێگا نەدرێت پەروەردەی كۆمەڵگا بۆ مزگەوت و واعیزەكانی شۆشیال میدیا جێبهێڵریت، بەڵكو دام و دەزگا فەرمییەكان بەو ئەركە هەڵسن.