ئیسرائیل یانی چی؟

5 رۆژ پێش ئێستا

د. سەردار عەزیز
پەرلەمانی عێراقی خوێندنەوەی یەكەمی یاسای یاساغكردنی پەیوەندی لە گەڵ كیانی سەهیونی ئەنجام دا. ڕەشنوسی یاساكە هەتا بڵێی توندە.  ڕەشنوسەكە ڕەهەندی دەوڵەتی و شەخسی و كۆمپانیایی هەیە. ئەگەر بپرسین ئەم یاسایە بۆ، ڕەنگە بە ئاسانی وەڵامێكی ڕونمان دەست نەكەوێت. ئایا ئیسرائیل هێندە پەیوەندی و كاریگەریی هەیە لە سەر عێراق. بێگومان نەخێر.
یاساكە دژ بە تەتبیع یان نۆرمەلایزەیشنە. ئێستا ئەم چەمكە كە یانی ئاساییكردنەوە بوەتە ڕەوتێكی كاریگەر لە ناوچەكەدا. ئەمە وەرچەرخانە لە دێوزەمەبونی ئیسرائیل بۆ ئاسایی بونی. لای هەندێك وڵات ئیسرائیل نەك هەر دەبێتە ئاسایی بەڵكو دەبێتە پشتیوانێكی ئاسایشیی، بە تایبەتی لە پاش ڕۆڵ گۆڕینی ئەمریكا.
هەرچەندە ئەم پرۆسەیە بەم شێوازەی ئێستا لە ئیدارەی ترەمپدا دەستی پێكرد، بەڵام ئەم ئیدارەیەش هاندەری ئەم پرۆسەیە. یەكەم پەیامی یاساكە دژایەتی ئەو ڕەوتەیە. ئەمەش وەها دەكات كە گومانی سەرەكی بۆ ئێران بچێت لە پشت ئەم یاسایەوە. هەرچەندە پێشنیارەكە لە لایەن سەدرییەكانەوەیە، بەڵام دۆخی بۆ خولقا تەنانەت پارتیش پشتیوانی لێبكات.
بەڵام ئەوەی گرنگە كە ئایا ئەم یاسایە ئەگەر تێپەڕێت چۆن كاریگەری دەبێت لە ناوەوەی عێراق و گاڵتەجاریی دیموكراسی.
ئیسرائیل چەندین ئاستی ئامادەیی هەیە لە كەلتوری سیاسی و حوكمداری ناوچەكەدا. زۆربەی جار ئیسرائیل بەكاردێت وەك بەهانەیەك بۆ تاوانباركردن و سەركوتكردن و دژایەتی دیموكراسی. یەكەم بەرهەمی خوێندنەوەی یەكەمی یاساكە، یاساغكردنی باسم خەشان بوو، كە ئەندام پەرلەمانێكی ئیزعاجكەرە بۆ حەلبوسی. هەرچەندە خەشان هەنگاوەكانی لە تەیارەوە نزیكە، بەڵام جێگای بڕواپێكردن نیە لای ئەوانیش. خەشان نمونە ئەو كۆلكە سیاسییە چالاكوانانەیە لە عێراقدا كە وەك گەمژەیەكی بە سود هەڵدەسوڕێنرێن. كارو چالاكیەكانی پێویستن بەڵام دەرئەنجامەی یارییەكە لە دەستی خۆیدا نیە.
بەڵام ڕوادوەكە ئاماژەیە بۆ سودوەرگرتن لە ڕەشنوسەكە بۆ سەركوتكردنی ئیزعاجەكان. 
دووەم كاریگەری ڕەهەندی ئابورییە. لە داهاتودا هەر كۆمپانیایەك بە دڵی دەسەڵاتداران نەبێت یان سودمەندیان نەكات، ئەوا بە ئاسانی بوونی پەیوەندی لە گەڵ ئیسرائیلدا بۆ دروست دەكەن و ڕێگریی لێدەكەن. لە ڕوانگەی ئابورییەوە زیانێكی زۆر لە عێراق دەدات چونكە ئیسرائیل خاوەن پڕ داهێنەرترین ئابورییە لە ناوچەكەدا، وڵاتێكی وەك چین پێویستی پێیەتی، لێگەڕێ وڵاتێكی دواكەتوی وەك عێراق.
دیارە بێگومان ڕەهەندی پۆپیلیزمی و گەوجاندنی جەماوەر هەمیشە ئامادەیە، بە تایبەتی بۆ پەرلەمانێكی پەككەوتەی بێسود. 
ئیسرائیل وڵاتێكە كە بێزارییەكی زۆر بۆ كەلتور و سیستەمەكانی ناوچەكە دروست دەكات. هەموو موسڵمانان بە ترسنۆك و كەم و بێزراو سەیری ئیسرائیل دەكەن، ئەمە ڕەهەندی مێژویی و كەلتوری و دەرونی هەیە. جۆرێكە لەوەی نیتچە ناوی نا رێسێنتموا، یانی نەفرەتكردن لە بونێك، كە لە بنەڕەتدا نەفرەتەكە ئیرەیی و هەست بە كەمیكردنە، بەڵام وەها دەردەكەوێت جۆرێكە لە باڵایی. نیتچە لە هیچدا باڵا نەبێت لە خوێندنەوەی كەلتوری كۆیلەدا باڵایە.