سلێمانی و لامەركەزیەت و ئەسڵی كێشەكە!

5 رۆژ پێش ئێستا

دڵشاد ئەنوەر
كاتێك چەند مانگێك لەمەوبەر، ئیمزا بۆ لامەركەزیەتی سلێمانی كۆدەكرایەوە، لە نێو بازاڕدا ڕێم كەوتە گروپێك لەو گروپە خۆبەخشانەی ئیمزایان كۆدەكردەوە، داوایانكرد ئیمزایان بۆ بكەم، بەڵام ڕەتمكردەوە.
كە ڕەتمكردوە، بڕواشم بە لامەركەزیەتی ئیداری هەیە، بڕوام بەوە هەیە نابێت هەموو دەسەڵاتەكان لای ئەنجومەنی وەزیران و وەزارەتەكان بێت و مامەڵەی هاوڵاتی بەو هۆیەوە چەند مانگێك دوابخرێت، بەڵكو بەباشی دەزانم دەسەڵاتەكان شۆڕ بكرێتەوە بۆ خوارەوە و مامەڵەی هاوڵاتی زوو ڕایی بكرێت.
بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا، باوەڕم بە وەهم نیە، باوەڕم بە خەیاڵی دوور لە واقیع نیە، دەیان هەزار كەس ئیمزایان بۆ لامەركەزیەتی سلێمانی كۆكردەوە، گروپێكی زۆری نێو یەكێتی خۆشحاڵ بوون بەم هەنگاوە، بێ ئەوەی ئاگایان لە ژمارە و داتا و داهات و واقیعەكە بێت!
هێشتا نە سلێمانی، نە هەولێر و دهۆكیش، ناوچەی بەرهەمێنانی گەورەی نەوتی نین، تا بەتەواوەتی پشت بەداهاتی نەوت ببەسترێ، ئەی بۆ ناپرسن، هەرێم بۆ زنۆقی لە هێرشی عێراق لە هێرشكردنە سەر بیرە نەوتیەكان چووە؟
چونكە ئەو نەوتەی هەرێم دەیفرۆشێت و لەداهاتەكەی موچە دەدرێ، زیاتر لە نیوەی نەوتی ئەو ناوچانەیە كە دوای ساڵی ٢٠٠٣ كەوتوونەتە دەست هەرێم، نەك نەوتی ناوچەكانی سلێمانی، دهۆك و هەولێر بێت.
تا پێش ساڵی ٢٠١٧ ، هەرێم پارەیەكی زۆری لە نەوتی كەركوك دەست دەكەوت، كەچی دەشیویست عێراق موچەو پارەی خزمەتگوزاری پارێزگاكە بدات، واتە من خێرەكەی ئەبەم و تۆش بۆی خەرج بكە.
كەواتە ئەم دۆخەی لە سلێمانی هاتووەتە ئاراوە، تەنها ئەو كەسانە لێی بەرپرس نین، كە ڕێككەوتنەكەیان كردووە و موچەو نەسریەو پارەی پرۆژەیان خستە سەر داهاتی ئێرەو ئێستاش دەڵێن داهات بەش ناكات، بەڵكو یەك بەیەكی ئەوانەش بەرپرسیارن، لێكدانەوەی هەڵەیان بۆ داتاو ژمارەكان هەبوو، ئەوانە بەرپرستارن كە سەرچاوەی داواكەیان ڕقی حیزبی و بێ ئاگایی بوو لە واقیع، نەك پشت بەستن بە داتاو ژمارەی دەقیق.
گەر بپرسرێ ئایا بۆ پارە نیە، بۆ داهات نیە، وەڵامەكەی ڕوونە، ئەوانە دوورن لە ڕاستیەوە گوایە حیزب پارەی نێو بانكەكان دەبات، شتی وا لە گۆڕێ نیە، بەڵكو ئەسڵی كێشەكە ئەوەیە قەبارەی قاچاخچێتی لە دەروازەكان هێندە گەورەیە، قەبارەی سودی شەخسی لەداهاتی ناوخۆ هێندە بەرزە، كاریگەری لەسەر كەمبوونەوەی داهات هەبووە.
روئیایەكی دروست و زانستی نیە بۆ گەشەدان بە داهاتی ناوخۆ و كۆكردنەوەی داهات.
ئیدارەدانی دۆسیەی كۆكردنەوەی داهات، هێندە ناڕێك و پێك و پەرش و بڵاوە، گەر داهات دە هێندەی تریش زیاد ببێت، ڕەنگە گرفتی موچە چارەسەر نەبێت.
وەلحاڵ چێشتی فرە كوێخا یان شۆرە یان بێ خوێ یە، گرفتی سلێمانی گەر بەشێكی كەمی پەیوەندی بە داهاتەوە هەبێ، ئەوا هۆكاری بەشێكی گەورەی كێشەكە فرەكوێخایی، هەڵپەی شەخسی، خراپ ئیدارەدانی داهاتە.