گەندەڵبوونی قسە

6 رۆژ پێش ئێستا

پەیكار عوسمان
- ژیان جوڵاوەو گەندەڵییش لەناو ژیاندایەو ئەویش جوڵاوە، یەعنی گەندەڵیی شتێك نیە یەكجار و بە ڕێكارێك بیگریت و نەجاتت ببێ لێ ی، بەڵكو هەر ڕێكارێكیش كەموكورتی خۆی لەناو خۆیدایەو پرۆسەی ئەپدەیت و چاكسازیی، لەناو سیستەمێكی چاكیشدا هەر ئەبێ بەردەوامبێ، بۆئەوەی خراپ نەبێ و بەجێ نەمێنێ.. 
- بەڵام كێشەكە ئەوەیە، سیستەمێك هەر لە ئەساسەوە خراپبێ و بۆ ئامانجی گشتی دانەمەزرابێ، بەڵكو بۆ تیڕكردنی حەزی دەسەڵاتخوازیی چەن كەس و گروپ و بنەماڵەیەك بێت و ئا ئەو ناوكە ناگشتییەش، ببێتە شتێكی جێگیرو چەقی سیاسەت و حوكمڕانی!
- لە ئەزموونەكەی ئێمەدا هەموو شتێك جوڵاوە بەرەو خراپتر، تاكە شتێك كە جێگیرەو هەر وەكو خۆیەتی، تێركردنی حەزی بنەماڵە سیاسییەكانە. ئەمە هەموو كات وەكو خۆیەتی، تەنانەت لە كاتی توندبوونەوەی قەیرانیشدا، دەس بۆ بژێوی هەژاران ئەبرێ، بەڵام دەس بۆ ناوچەی "گەندەڵیی جێگیر" نابرێ، چونكە خودی سیستەمەكە، لەسەر جێگیریی و دەسلێنەدانی ئەو ناوچەیە دامەزراوە!
- كێشەكە ئەوەیە كاتێك نوخبەی سیاسیی بەرزنابنەوە بۆ دنیابینی گشتیی و دیلی حەزە بچوكەكانی خۆیانن، ئیتر سیاسەت ئەبێتە كەرەستەی پەرتكردنی كۆمەڵگا،، لەكاتێكا كاری سیاسەت كۆكردنەوەمانە لەسەر ئەوەی كە هاوبەشە، نەك پەرتكردنمان و دابەشكردنمان بەسەر ئەوەدا كە حیزبی و كەسی و بنەماڵەیی و ئایدۆلۆژییە..  
- یەعنی كێشەی ئێمە، گەندەڵیی نیە لە دۆخە جوڵاوە ئاساییەكەیدا، كە لەناو ژیاندایەو لە سیستەمێكی باشیشدا هەر هەیەو پەراوێزێكە،، بەڵكو كێشەی ئێمە گەندەڵییە لە دۆخە نائاسایی و جێگیرەكەیدا، كە خۆی چەقەو شتەكانی تری خستۆتە پەراوێزەوە!
- سیستەمی (گەندەڵیی جێگیر) ناتوانێ بەردەوامبێ، ئەگەر كۆمەڵگاو ئینسانەكان تێكنەشكێنێ،، ئێمەش كە سیستەمەكەمان وایە، یەعنی سی ساڵی ڕەبەقە خەریكی شكاندنی خۆمانین!ئیتر خەڵكەكەش دیل و دابەشی بەرژەوەندی و دەمارگیریین و هەیە ئەبێ وەكو دەخیلە پارەی تێكەیت، هەشە نانی مەدەرێ ئەو هەر خوێنەكەی زەردو سەوزە.. 
- ئیتر هەر یەكەو ئینتیمای بۆ گیرفان و عوقدەی خۆی هەیەو ئەبوو موعارەزە، موعارەزەی ئەمەبێت، كەچی خودی ئەوە پەڕییەوە بۆ موعارەزەو لەوێش مرۆڤی ئێمە، هەر گیرۆدەی گیرفان و شەخسپەرستی و بنەماڵەیە. بە نەتیجەش، هەمان ئینسانی شكاوی ناو حیزبێكی دەسەڵات، لەناو حیزبێكی موعارەزەشدا ئەبینیتەوەو ئێمە پرۆژەی هەستانەوەی ئینسانمان نیە، بەڵكو پرۆژەی شكاندنی تەریبمان هەیە!
- موستەفیدی یەكەمی دۆخی شكاوییش "جەماعەتە"، دوژمن و دەسەڵاتی خۆماڵی، ئینسانی ئێمەی شكاندو ئینسانی شكاویش بۆ داپۆشینی شكاوییەكانی، توندو دەمارگیرانە دەسئەگرێ بە بازنەیەكەوە،، ئیتر حیزب و خێڵ و تەكێ و بانگخواز.. بازاڕیان جمەی دێ و هەر یەكەو بەشی خۆی لە كۆمەڵگا تێكشكاوەكە ئەپچڕێ،، هەر لێرەشەوە دۆخی جەنگەڵ و شەڕی هەموو لەگەڵ هەموو دروست ئەبێت، چونكە هەر گروپێك، حەشامەتی خۆی، بە "وروژاندن"و یاریكردن بە هەستی مرۆڤە شكاوەكان خڕكردۆتەوە، نەك بە ئارگۆمینتی عەقڵانی و ئەخلاقیی،، ئیتر چەلەحانێ و شەڕەجوێن و توندوتیژی ئەبێتە عینوانی قۆناغەكە!
- كێشەكە چەلەحانێ و شەڕی پەرتەكانە،، بە ئەندازەی دەرچوون لە گرێ ی گروپ و پەرتەكان، ئەكەوینە ناو هۆشیاریی بەوەی گشتییەو بە ئەندازەی گیرۆدەبوون بە شەڕو چەلەحانێ ی پەرتەكانەوە، دوورین لەو هۆشیارییە گشتییەوە كە پێویستە پێ ی بگەین.
- لەناو چەلەحانێ و شەڕی پەرتەكانیشدا، یەكێ لەو شتانەی كە گەندەڵبووە، خودی قسەیە، چیتر قسە ڕۆح و پەیامی گشتی تێدا نەماوەو هەرچی ئەوترێ، بارگاوی بووە بە شەڕە گروپییەكان و سودی نیەو خراپتریشی ئەكات.. من نازانم (ڕۆژووی قسەنەكردن) چیەو لەچییەوە هاتووە، بەڵام ئەزانم دۆخی ئێمە پێویستی بە ڕۆژوویەكی وایەو ڕەنگە خودی ڕۆژووەكەش هەر لە دۆخێكی وەكو ئەوەی ئێمەوە هاتبێ، كە "قسە" تیایدا گەندەڵ بووە!
- خۆپیشاندان بۆ ئەوەیە كە خۆت پیشانی ڕایەكی گشتی بدەیت، ئێمەش مرۆڤێكی هۆشیارمان نیە كە لە دەوری خەمە گشتییەكان كۆببێتەوە،، لە بری ئەمە، شەڕو چەلەحانێ ی پەرتەكانمان هەیەو مرۆڤەكان لەدەوری ئەمەیان كۆئەبنەوە!سیاسەتێكیشمان نیە، كە گوێیەكی هەبێ بۆ بیستنی ئەوەی كە گشتییە، گوێ ی سیاسەتی ئێمە، تەنیا بەرژوەندی شەخسی و بنەماڵەیی ئەبیستێت.
- لە دۆخی كەڕبوونی سیاسەت و گەندەڵبوونی قسەدا، خۆپیشاندان گرنگە، بەڵام بە بێدەنگیی، یەعنی بێیتە سەر جادە هیچ نەكەیت و هیچ نەڵێیت و تەنیا بوەستیت. ئێمە پێویستمان بەوەیە مۆدێلی ڕۆژوی قسە، لە ئایینە كۆنەكان قەرزبكەین و بیكەینە مۆدێلی خەبات و ناڕەزایی بەرامبەر هەموو جۆرەكانی فەساد، لەناویشیدا فەسادی قسە خۆی.
- مۆدێلی (خۆپیشاندانی بێدەنگ) گەورەترین "نا"یە بەرامبەر دەسەڵاتی فەسادو ستەم، بەرامبەر مایك و كامێرەو دەنگەدەنگی پۆپۆلیزم، بەرامبەر دۆخی جەنگەڵی و كۆمەڵگایەكی پەرت و داوەشاو كە لەسەر هەرشتێك پەلاماری یەك ئەدەن، بەرامبەر تاكێكی ‌هاڕاوی ناو مەكینەی گروپەكان، هەروەها بەرامبەر سەقافەتی چەلەحانێ و دۆخی گەندەڵبوونی قسە!