گوربە نابێت بە پڵنگ

3 رۆژ پێش ئێستا

هێمن عەبدولقادر
گوربە نابێت بە پڵنگ
هەر وەك چۆن مرۆڤی مۆدێرن نابێت بە ئەسپسوارێكی چیا نشین

رەسوڵی هەمزەتۆف لە (داغستانی من)دا دەڵێ:
هەرگیز نەبووە بە عادەت لە چیاكان، كە سوار لە كۆسپەی ماڵێ، سواری ئەسپ ببێت، بەڵكو تا لە ئاوایی دەردەچێت، جڵەوی ئەسپەكەی ڕادەكێشێت و وردە وردە  دەڕوات.
بۆیەش وادەكات تا لەو ماوەیەدا دەرفەتی بۆ بڕەخسێت بیر لەو شتانە بكاتەوە كە جێیان دێڵێت و ئەو شتانەش كە دەشێت بێنە ڕێی.
ئیشەكەشی هەرچەندە نارەحەتە و رەنگە درەنگ بكەوێت بەڵام گوێی لێی نیە، بەكاوەخۆ، بەدەم بیركردنەوە تا پەڕگەی ئاوایی ئەسپەكەی جڵەو كێش دەكات.
جا هەر ئەوەندەی كە دڵنیابوو لە سنوری ئاوایی تێپەڕیوە، جا لەوێ بە ئەسپایی پێ داوێتە سەر ڕكێف و خۆی هەڵدەداتە سەر زین و  كوڕ دەبێتەوە سەر قەڵپۆز و ئاوزەنگی لێدەداو لەناو تەپ و تۆزدا ون دەبێت.

*هەمیشە لە بڕیارەكانماندا پەلەدەكەین، نەبووە بە عادەت لەناوماندا كە بەشێنەیی بیر بكەینەوە، دەرفەت بە هیچ كەسێك نادەین، لە چاویلكەی بەرژەوەندییەكانی خۆمانەوە هەموو ئەوانی تر لە بێژنگ دەدەین، پێمانوایە هەڵەیەك هەیە لەوانی تردا خودا بۆ ڕاستكردنەوەی ئەو بارە لارەی ئەوانیتر ئێمەی دروستكردووە، قسەی كۆتایی دەبێت ئێمە بیكەین، هەمیشە ئەوە بیر خۆمان دەبەینەوە كە ئەشێ ئێمەش هەموو شتێك نەپێكین.
**چیا نشینێكی نەخوێنەوار ئەزموون فێری كردووە كە شەرم بكات و  پێی عەیب بێت لەبەردەم ماڵدا بیكات بە تەپ و تۆز، چون دەزانێ ڕێ لەخۆی ون دەبێت و بێ ڕێزیش بەوانی تر دەكات، كەچی زۆرینەمان لەسەر سفرە و لە شوێنی كار و لە سۆشیاڵ میدیا و لە سەیران و لەدانیشتن و میوانداریەكانمان، نەك تەپ و تۆز بەڵكو گێژەڵۆكەی پڕ تانە و توانج و شەختەی ساردو سوك لەیەك دەدەین.
***ئەسپسوارێكی بە ئەزموون لە مرۆڤێكی مۆدێرنی ناو فەرمانگە و زانكۆ و سیتی و ڤێلاكان پڕ سەلیقە تربووە، چونكە لەكاتی ڕۆیشتن و كێشەیەكیشدا نایكردووە بە هات و هاوار و قیژە قیژ، سڕ و تڕی دۆستی كەشف نەكردووە، رەسم و ڤیدیۆی كەسی بڵاو نەكردۆتەوە، تۆمەت و تەوهین و تەخوینی كەسی نەكردووە .
ئەسپ سوارێك لە چیادا جڵەوی ئەسپەكەی گرتووە بە هێواشی، تا لەو شوێنەدا كە كانگای یادگاریەكانی بووە شتێك بدۆزێتەوە بۆ ئەوەی نەڕوات، یان لانی كەم بۆ ئەوەی دوای ڕۆشتنەكەی بێتەوە.
تولە ڕێیەك ، گوێسەبانەیەك ،
 بنمیچێك، خانویەكی دارەڕا 
دوكەڵی زۆپایەكی دار ،
 دەنگی باڵندەیەك، 
زەنگۆڵەی ئێوارانی پێش ڕانەمەڕێك، دیداری سەر كانی و چەمیلەیەك، هەموو ئەمانەی هێناوەتەوە یادی خۆی، ئینجا گەر ناچاربوایە لە كۆتایی ئاوایدا سوار دەبوو دەڕۆشت. 
كەچی مرۆڤی مۆدێرن، نە ئەڵقەیەك، نە ژوانێك، نە منداڵێك، نە خزمایەتیەك، نە هاورێیەتیەك، نە سەردانێك، نە باوەشێك هیچیان جڵەوی ساتێكی بێ ئۆقرەیی و توڕەیی ناكەن 

هاوڕێتە  لەپاشە ملە زەمت ئەكات، ژن و مێردن پێكەوەبونیان دۆزەخە و جیابونەوەشیان هەرچی ڕازە لەنێوانیان بۆ دنیا ئاشكرای ئەكەن،لە حیزبای پاشقولت لێ ئەگرن، لە میوانداری و خزم دۆستیدایت تەعلیق و تانەو توانجت لێ ئەدەن.

**** مرۆڤی مۆدێرن مرۆڤێكی خێرا و هەڵەشەیە زانستەكەی، پارەكەی. خوێنەوارییەكەی، بڕوانامە باڵاكەی تەنها كۆمەكی ڕازی بوونی ئەوانی تر و پاسادانی دەرونی تێكشكاوی خۆی دەكات ، 
هەرگیز ناتوانێت لەو تەنهاییە قوڵەی كە لە ناخیدا خۆی مەڵاسداوە، بەقەد ئەسپسوارێكی چیا نشین جڵەوی بیركردنەوەی بگرێت و بە هێمنی تا كۆتایی ئاوایی یان تا ئەو سەری ڕێگاكە بیری پێبكاتەوە ، 
چونكە هەمیشە سەركەوتنی خۆی لەسەر شكستی ئەوانی تر بنیاتناوە، بۆیە لەیەك بەریەككەوتن لەگەڵیدا قامچی لێدەدات و نەك تەپ و تۆز بەڵكو مەجالی مەرحەبایەكیشی تێدا ناهێڵێتەوە
 حەمدی وتەنی:
گەر خۆت ئەناسی باسی ئەم و ئەو نەكەی دەخیل
ناچێتە جێی پڵنگەوە ، گوربە بە پڵپڵی

پشیلە هەر بەو خاڵانەی كە بە كلكیەوێتی نابێت بە پڵنگ، مرۆڤیش هەر بەو شتانەی كە بەدەستی هێناوە و خۆی لێگۆڕاوە، دڵنیابە هێشتا نابێتە چیانشین، هەرگیز نا بێتە ئەسپسوارێكی بەئەزموون.