ئەو شەپازلەیەی بەرهەم ساڵح لە كازمی دا

1 مانگ پێش ئێستا

هونەر تۆفیق 
داواكردن لە دادگای فیدراڵ بۆ تەفسیركردنی مادەی ٦٤ ی دەستوری عێراق لەلایەن سەرۆك كۆماری عێراق ( بەرهەم ساڵح) ەوە و ڕوونكردنەوەی دادگاكە بۆ حكومەتە كاربەڕێكەرەكەی كازمی، شەپازلەیەكی قایمبوو بەر ڕوومەتی دەستەڵاتەكانی كازمی كەوت . 

شكاندنەوەی كازمی بەلای بەرەی سەدردا لەپێناو كاندیدكردنەوەیدا، پشتكردنە بەرهەم ساڵح بوو كە لەهەمان مەدرەسەی ئینتهازیەتی سیاسیەوە كازمی ئەستێرەی بەختی كشاوە. سەدر بەبوونی كازمی لە سەرۆكایەتی حكومەت و ژمارەی كورسیەكانی هاوپەیمانەكانی لە پارلەماندا بێمەنەتە لە پێكهێنان و نەهێنانی حكومەت. چونكە حكومەتەكەی كازمی بە لایەنگری خۆی دەزانێت و سەرۆكایەتی پارلەمانیش حەلبوسی و هەردوو جێگرەكەی زاملی لە سەدر و د.شاخەوان لەپارتی هەر لەژێر فەرمانی خۆیدان . 

دادگای فیدرال لەسەر داواكاریەكەی بەرهەم ساڵح ئەو بێمنەتیەی سەدری لە حكومەت و پارلەمان یەكلاكردەوە بەوەی حكومەت تەنیا ناوێكی ئەدەبیە و بەڕێكردنی كاروباری ئیداریە و پارلەمانیش هیچ دەستەڵاتێكی ڕەقابی ئەوتۆی بەسەر ئەو حكومەتەوە نیە، چونكە متمانەی لە ڕێگای پارلەمانەوە پێنەدراوە. بەڵكە ئەو حكومەتە و كازمی  ڕاستەخۆ لەژێر چاودێری ڕەقابەی دادگای دەستووری و ئیداریدان بوونی تەنیا بۆ ئەوەیە بۆشایی ئیداری دروست نەبێت . 

بەمەش بەرهەم ساڵح تۆڵەی پشت تێكردنی لەلایەن كازمیەوە كردەوە كە لەهەمان كاتیشدا دەكاتە توندتربوونی ڕەتكردنەوەی بەرهەم ساڵح لەلایەن سەدر و هاوپەیمانەكانیەوە بۆ سەرلەنوێ كاندیدكردنەوەی وەك سەرۆك كۆمار .