بۆچی هەموویان خڕ و گۆیین؟
9 مانگ پێش ئێستا
هۆكارەكە چیە؟
لوقمان حەوێز
شیكارێكی زانستی زۆر كورت...
ئەی بۆچی هەسارۆكەكان و كلكدارەكان وبەردە نەیزەكەكان كە زۆر بچوكترن لە هەسارەكان و ئەستێرەكان خڕ و گۆیی نین..؟ بۆچی ئەوان شێوەی جیاوازو ناڕێكیان هەیە..؟
بۆچی ئاوی زەریاكان بە ڕووی زەویەوە نوساوە و بە بۆشایی ئاسماندا بڵاونابێتەوە..؟
یەكێك لە هێزە هەرە گرنگ و كاریگەرەكان لە گەردوون هێزی كێشكردنە، هێزی كێشكردن یەكێكە لە ڕەفتارەكانی هەموو تەن و ماددە و بارستەكان لە گەردوون هەرچەندە بارستە و قەبارەكانیشیان بچوك بێت...
هێزی كێشكردنی هەر تۆپەڵە بارستەیەكی جیا لە گەردوون بە بەردەوام هەوڵ دەدات هەموو گەردیلەكانی ئەو بارستەیە لە هەموو ڕووەكانیەوە بەرەو چەقەكەی ڕابكێشێت و بەرەو ئەوێیان ببات، ئەگەر تەنەكە واتە هەسارەكە یان مانگەكە یان قەزەمە هەسارەكە بەردینی وڕەقیش بوو و لە كانزاكانیش پێكهاتبوو هەروەها تیرەكەی لە نزیكەی 600 كیلۆمەتر یان بەسەرەوە بوو ئەوا بڕ و كاریگەری هێزی كێشكردنەكەی ئەوەندە زۆر دەبێت تا ڕادەیەك شێوەی ئەو بارستە یان ئەو تەنە خڕ و گۆیی دەكات، ئەگەر ئەو تەنە لە ئاوی بەستوو یان گازی میپانی بەستووی ڕەق پێكهاتبوو كە ڕەقیەكەی كەمترە لە بەرد و كانزاكان، ئەوا پێویستە تیرەكەی لایەنی كەم نزیكەی 400 كیلۆمەتر بێت یان زیاتر بۆئەوەی شێوەكەی گۆیی و خڕ بێت...
ئەگەر بارستەو تەنێكیش شل بێت وەكو ئاو بۆ نمونە، بارستە و قەبارەكەی هەرچەندە بچوك بێت یان زۆر بێت ئەوا شێوەی نیمچە گۆیی وەردەگرێت لە بۆشایی ئاسمان، ئەم تاقیكردنەوە چەند جارێك لەسەر بڕێكی بچوكی ئاو ئەنجامدراوە لەناو وێستگەی ئاسمانی لە بۆشایی ئاسمان كە هێزی كێشكردنی زەوی لەوێدا زۆر زۆر كەمە، بڕە ئاوەكە بە بەردەوامی لە تاقیكردنەوەكان شێوەیەكی خڕ و گۆیی وەردەگرێت...
هەسارۆكەكان و كلكدارەكان تیرەكانیان زۆر كەمترە لەبەر ئەوە هێزی كێشكرنیان بە بەراورد ئەوەندە زۆر نیە و ناگاتە ڕادەیەك شێوەكانیان خڕ و گۆیی لێبكات، بۆیەش هەسارۆكەكان و كلكدارەكان و بەردە نەیزەكەكان شێوەی ناڕێك و جیاوازیان هەیە...
ئەم لێكدانەوەیە زانستیە بۆ ئەستێرەكانیش ڕاستە، هەر بۆیەش ئەستێرەكانیش هەموویان خڕ و گۆیین...
كەواتە بۆ نمونە هێزی كێشكردنی زەوی هەموو گەردیلەكانی هەسارەی زەوی و ئەو تەنانەی كە لەسەر ڕووی زەویشن بەرەو چەقەكەی ڕادەكێشێت، كاتێك بەردێك دەهاوێژین بۆ ئاسمان زەوی بەردەكە ڕادەكێشێتەوە بەرەو چەقی گۆی زەوی بۆیە لە ئاسمانەوە دێتەوە خوارەوە، لەبەر ئەوەی ڕووی زەوی ڕەقە دەكەوێتە سەر ڕووەكەی و وەكو ئەوەیە پێوەی بنوسێت، بەهەمان شێوە هێزی كێشكردنی گۆی زەوی ئێمە و خانووەكان و ئۆتۆمبێلەكان و هەتا شاخەكان و هەموو تەنەكانی سەر ڕووی زەوی لەسەر ڕووەكەی جێگیركردوە، وەكو ئەوە وایە ئێمە و هەموو ئەو تەنانە بە گۆی زەویەوە نوسابین...
بەهەمان شێوە هەموو ئاوی زەریاكان بەزەویەوە نوساوە و لەسەر ڕووەكەی جێگیر بووە و پەرش و بڵاونابێتەوە بە بۆشایی ئاسمان، بەرگە هەوا و گازەكانی ناو بەرگە هەواش لەبەر هەمان هۆكار بەزەویەوە نوساون و هەوای دەوری گۆی زەوی ناڕوات بۆ بۆشایی ئاسمان...