فرەژنیی
2 مانگ پێش ئێستا
دیلان كەمال
كێشەی فرەژنیی یەكێكە لەو كێشانەی كە ئەبێتە جێگای ڕەخنەی جدی لە هەر كولتورو دین و كۆمەڵگایەك، كە هێشتا بواری پیادەكردن و پاساوهێنانەوەی ئەو دیاردە دواكەوتووەی تێدایە.
ئاخر مرۆڤایەتی قۆناغگەلێكی پەروەردەو فیكرو پێشكەوتنی بەخۆیەوە دیوە، كە ناكرێ بگەڕێتەوە بۆ سەدە تاریكەكان و پێشكەوتنەكانی خۆی نادیدە بگرێت.
كێشەكە ئەوەنیە شتەكە لە ئاستی شەعبییدا لەملاولادا هەبێ و مابێت، كێشەكە ئەوەیە كەسانێك لە ئاستی دەستەبژێری سیاسی و دینییدا بە ئاشكرا بەرگری لێبكەن و بانگەشەی بۆ بكەن، كاتێكیش كە وەكو پیرۆزیەكی دینی و ئەجندایەكی سیاسی دێتە مەیدان، ئیتر كۆمەڵێك كەس دەمارگیرانە شەڕی بۆ ئەكەن، لەكاتێكا ئەوە برینێكە، كە ئەگەر نەكولێنرێتەوە و نەهێنرێتەوە ناو ململانێ، شایەنی تێپەڕاندنە.
ئازادی و یەكسانی، مافی مرۆڤ و مافی ژن، ئەمانە پایە گەورەكانی دنیای مۆدێرنن، ناكرێ ڕێزی ئەم بەهایانە نەگریت و بشتەوێ لە دنیاكەی ئێستادا بیت. تەنانەت دینیش ئەبێ بە پێوەری بەهاكانی مۆدێرن ڕیفۆرم لەخۆیدا بكا، چونكە بەهاكان گشتی و گەردوونین و ناكرێ بچوك بكرێنەوە، بەڵكو ئەبێ كۆمەڵگاكان لەوێوە باڵا بكەن و گەورە ببن.
وەكچۆن نەئەكرا لە سەردەمی عەباسییدا باسی بەهاكانی شۆرشی فەرەنسی بكەیت، لە سەردەمی بەها مۆدێرنەكانیشدا، ناكرێ سەیارەی ژیان، بە بەنزینی سەدەكانی ناوەڕاست بگەڕێ.