دەروونناسی تاك و جوانكاری

2 مانگ پێش ئێستا

شوان عەباس بەدری 
بۆ زانینی ڕێژەی بڕوا بە خۆ بوونی تاكەكانی ناو كۆمەڵگە، ئەوا بە وردی سەرنجی ئاماری نەشتەرگەرییە جوانكاریەكانی ناو وڵاتەكە بدەن .

تاكی بڕوا بە خۆ بوو ئەو كەسەیە كە خۆی بەو جۆرەی كە هەیە بە دڵە و چواردەوری تێئەگەیەنێت كە ئەمە سیما و لەش و لاری منە و لە جیاتی خۆ سپاردنە دەست نەشتەری جوانكاری سیما و جەستە و چاولێكەری چواردەور، ئەوا لە كۆڕ و كۆبوونەوەكاندا بە هزر و دنیابینیە قووڵەكەی خۆیەوە سێبەری خۆی ئەسەپێنێ بە سەر هەموو سێبەرەكانی دیكەدا .
نابێ ئەوەش لە یاد بكەین كە ڕێژەیەكی زۆری ئەو كەسانەی خۆیان ئەسپێرنە دەست ئەو جۆرە نەشتەرگەریانە ، ئەوا لە ئەنجامی ڕق لە خۆبوونەوە سەرچاوەی گرتووە ، نەك بە حساب جوانكاریەك تەنها بۆ جوانكاری !

 نەشەرگەری جوانكاری، جگە لە ڕق بوونەوە لە خود و نزمی ئاستی بڕوا بە خۆ بوون و حەز كردن لەناو ژیانێكی درۆینەی دوور لە ڕاستی و پڕ تەجەمولات هیچی تر نییە .  

خوێندنەوەی دەروونیانەی من بۆ ئەو كەسانەی خۆیان ئەسپێرنە دەست نەشتەری جوانكاری ئەوەیە كە ئەو جۆرە كەسانە كاتێ لە بەردەم ئاوێنەدا خۆیان ئەبینن ، كەمی خۆیان و كەسایەتییە ڕووشاو و شكستە یەك لە دوای یەكەكانی خۆیان بە بەردەوامی دێتە بەرچاو و بەو جۆرەش لە پێناو نەمانی ئەو هەستە شەتەك ئاساییەی ناو نەستیان پەنا ئەبەنە بەر خۆكووشتنێكی سەردەمیانە بە ناوی (نەشتەرگەری جوانكاری) و گۆڕینی ئەو سیما و جەستەیەی كە هەمیشە بچووكی و نزمی و ڕووشاوی و شكستەكانیان وەبیر دەهێنێتەوە. 
واتە بە بیركردنەوەی خۆیان ، ئەو كەسەی بەرپرسی هەموو ئەو نەهامەتی و هەستە پڕ لە ئازارانەیە لە ناو دەبەن و كەسێكی تر بۆ ژیانێكی نوێی دیكەی دوور لە ژیانی ڕاستەقینەی خۆیان دەخۆڵقێنن ، بە بێ ئەوەی بزانن سیما و جەستەی تازە ، هەڵگری هەمان ڕۆح و ئازارەكانی پێشووە و بگرە زیاتریش ، چونكە سیماكە یا جەستەكە گۆڕاوە بەڵام خاوەنی سیما و جەستەكە هەمان كەسە ، بە سیماوجەستەیەكی دیكەوە .
هەر بۆیە ئاستی خەمۆكی و بیری خۆكۆشتنی فیزیكی لەناو ئەو كەسانەی خۆیان سپاردۆتە دەست ئەو جۆرە ڕاكردنە لە واقیع و خود ، زۆر زیاترە لە چاو كەسانی ئاسایی دیكە .
 بۆیە پێویستە ئەو كەسانەی ئارەزووی ئەو جۆرە نەشتەرگەریانە ئەكەن ، پێش بڕیاڕی كۆتایی سەردانی پزیشكێكی دەروونی یا دەروونناسێك بكەن و لە ڕووی دەروونیەوە خۆیان بنیات بنێنەوە و بە پێی ڕێنوومایەكانی دەروونناسەكە دەست بكەن بە ڕاهێنان لەسەر بەرزكردنەوەی ئاستی بڕوا بە خۆبوونی خۆیان .