قوتابخانە یان بەندیخانە!

2 مانگ پێش ئێستا

دابان خەسرەو
لەبیرمە لەپۆلی یەكی سەرەتایی یەوە ئەو هەستەم بۆ درووست بوو كە قوتابخانە و بەندیخانە زۆر لەیەك دەچن، كاتێك لەسەر تەختەی پۆل دادەنیشتم لە پەنجەرە بچووكەكانەوە سەیری دەرەوەم دەكرد.
هەناسەم كورت دڵم خێرا و وەك بڵێی دەیەوێت لە سینەم دەرچێت.
 مامۆستا بە ڕوخسارێكی تاڵ و گرژی نامۆوە خۆی دەكات بە ژووردا، كتێبێك بە دەستی ڕاستی و دارێكی ئەستوریش لە دەستە چەپیدا وەك بڵێی لە دادگایی تاوانبارێكدا ئامادە دەبێت.
بە بێ ئەوەی بزەیەك بخاتە سەر لێوی چەند دەباشیرێكی دەخستە سەر تەختەكەو بە دەنگێكی ترسناك هاواری دەكرد دەنگە دەنگ و قسەم ناوێت.
هەموو دیمەنەكان ترسناك بوون كاتژمێری سەر دیوارەكەش بە هێواشی ڕێی دەكرد وەك ئەوەی بڵێی مامۆستا دەستی گرتووە بەسەر كات دا و ئەویشی لە جوڵە خستووە و تۆقاندوویەتی.
بە ئەسپایی لاپەڕەی كتێبەكەم هەڵدەدەمەوە بۆ ئەوەی دەنگی نەیەت، بەڵێ لە هەموو كات زێدەتر هەست بە تاوانباری و گوناهی خۆم دەكەم.
 مامۆستا پرسیارەكانی كورتن منیش دەبێت وەڵامەكانم كورتبڕ و شێلگیر بێت، لەهەر هەڵەكردنێكدا ئەگەری ئەوە هەیە مامۆستا دارەكەی دەستی هەڵبگرێت و وەك ئەو جەلادەی دەیەوێت لە كۆیلەیەك بدات و تەمبێی بكات ئاوا لێم بدات و بمتەزێنێ.
یەك بە یەك ناومان دەخوێنێتەوە و هەڵماندەستێنێ سەرە لەمن نزیك دەبێتەوە سەیری سەقفەكە دەكەم پانكەیەكی خوار و خێچ وەك بڵێی پەتێك پێیدا شۆڕبۆتەوە و چاوەڕێیە بێتە ملم و بمخنكێنێ .
هەوایەكی گەرم و شێدار باوەشی كردووە بە ژوورەكەدا و هەموومان لە ئارەقە هەڵكێشراوین.
وەك هەمووكات دەبمە قوربانی و لەسەر وەڵامێكی هەڵە لێدان دەخۆم و داركارییەكی باش دەكرێم.
ئەوانەی نەیانزانی وەڵامی پرسیارەكانی مامۆستا بە درووستی بدەنەوە مۆری تەمبەڵی و كەم ئەقڵی و بێ توانایی و گەمژەیی دەدرێت لە نێوچاوانیان، ئەوانەشی توتی ئاسا وەڵامەكانیان دەوتەوەو وەك كۆیلەیەك دەست لەسەر سینگ قیت و قینج ڕاوەستا بوون مەدالیای شەرەف و ئازایەتی و مەردایەتی زیرەكی و هۆشیارییان دەكردنە ملیان.

بەڵێ هەر لێرەوە و لەو شوێنەی كە ناوی قوتابخانە و خوێندنگایە  كۆمەڵگایەكی لە قاڵبدراوی تەقلیدی ڕۆبۆت ئاسایی ڕام كراو ،وە خاوەن دۆگمایەكی ترسناك بە ڕۆحیەتێكی جیاكاری و چینایەتی دروست دەكرێت.
لێرەوە پەروەردە و قوتابخانە لەشوێنی داهێنان و كرانەوە و ئەقڵیەتی زانستی یەوە وەردەگەڕێتە سەر جێگایەك بۆ كوشتنی وزە و توانای گوڕانكاری و ڕیفۆرم.
لەم جێگایەدا مۆڕاڵی قوتابی دەبێتە مۆڕاڵی كۆیلە و مامۆستاش دەبێتە جەلاد.

هەڵبەت ڕێز و حورمەتم بۆ هەموو ئەو مامۆستا بەڕێزانەی كە لەم جۆرە پەروەردە سەقەتە خۆیان بە دوور گرتووە و ڕۆڵێكی باڵایان هەبووە لە گەشەكردنی فیكر و زانست و زانیاری و پێگەیاندنی چەندەها ڕۆڵەی بە مەعریفە و خاوەن زانست، من تەنها ڕووی دەمم لەوانەیە كە تواناكانی ئێمەی مرۆڤی كوردیان كوشت بە كەلتوری قوتابخانە وەك بەندیخانە.