هەموومان دەچین بۆ توركیا

2 مانگ پێش ئێستا

شاهین محەمەد
لەم رۆژانە لەگەڵ هاوڕێیەكم بەمەبەستی فیزە وەرگرتن سەردانی نوسینگەی كونسوڵی توركیا لە سلێمانی-مان كرد، هاوڕێیەكەم بەمەبەستی بەشداری كردن لە كۆنفڕانسێك لەسەر كشتوكاڵ ئەو گەشتە دەكات. 
لەكاتی چونە ژوورەوە لە پرسگە رێگەیان نەدا بچمە ژوورەوە وتیان تەنها ئەوەی مامەڵەی فیزەی هەیە دەتوانێت بچێت، بەڵام لەوێ‌ چیم بینی....
لە بیناكە ستافێكی قەرەباڵەخ لە سیكورێتی (كورد) پارێزگاری لێدەكرێت، لە ژوورەوەش كارمەندی كوردی لێیە، بێگومان بەرپرسی توركیش لەوێ هەیە.
كاتێك دەچیتە پرسگە، كچ و كوڕێكی سیكورێتی پێشوازیت لێدەكەن، لە ناو و مەوعیدەكەت دەپرسن، لەوێ‌ بەدوای ناوی هاوڕێكەمدا دەگەڕان، لیستێكی چەند  لاپەڕەییان پێبوو، بۆ هەر نیو سەعاتێك 20 ناو جیا كرابویەوە، بۆ نمونە لە سەعات 10 بۆ 10:30 ناوی 20 كەس نوسرابوو، لە 10:30 بۆ 11 ناوی 20 كەسیتر بەم جۆرە. كاری ئەوان لەسەعات 8 دەستپێدەكات بۆ سەعات 5 ی ئێوارە. نیوەڕوانیت سەعاتێك رێستە. واتە رۆژانە 8 سەعات كاردەكەن و سەدان كەس فیزە وەردەگرن.
ئەوەی جێی سەرنجی من بوو، بەلێشاوهاتنی خەڵكی سلێمانی و دەوروبەری بوو بۆ مامەڵەی فیزە وەرگرتن، ئەوەندەی ئەو نیو سەعاتە لەبەردەم كونسوڵییەكە چاوەڕێی هاوڕێكەمم كرد، دەتوانم بڵێم سێ‌ بەشی ئەو خەڵكە بەمەبەستی گەشت كردن و خۆشی خۆیان دەیانویست بچنە توركیا.
لەوێ‌ ئیستغلال كردنی خەڵك رادەبەر بوو، لێرەدا چەند نمونەیەك دەنووسم.
كاتێك مەوعید وەردەگریت داوای وێنەی پاسپۆرتت لێدەكەن بە قیاسی 5 و بێ‌ فلتەر بێت، بەڵام لەوێ‌ پێتدەڵێن كە ئەو وێنەیە بۆی نابێت و پێویستە لەلای خۆیان وێنە بگریتەوە، تێچووی ئەو وێنەیە رەنگە نەگاتە دوو دۆلار، بەڵام ئەوان لە بەرامبەردا بڕی 10 دۆلارت لێوەردەگرن.
تێچووی فیزەكە 130 دۆلاری ئەمریكییە بۆ یەك كەس، ئەمەش بڕێكی زۆرە بەتایبەت بۆ خێزانێكی چوار یان پێنج كەسی یان زیاتر كە بیانەوێت بەیەكەوە گەشت بكەن. جگە لەوەش پارەی كۆپی كردنی بەڵگەكانیشت لێوەردەگرێت، پارەی فیزەكە پێویستە بە دۆلار بێت و دینارت لێوەرناگرن.
توركیا لە رێگەی كردنەوەی نوسینگەی كونسوڵییەوە لە سلێمانی، كە گرێدراوی كونسوڵخانەی توركیایە لە هەولێر، نەك دەیەوێت ئامادەیەگی خۆی لەم شارە هەبێت، بەڵكو زۆر ئامانجی تری لەپشتە، لەوانەش دەوڵەتی  توركیا لە رێگەی پێدانی فیزەوە دەزانێت كێ لە كوێ‌ دادەنیشێت، موڵك و ماڵی كوێیە، كاری چییە، تەنانەت بڕی موچەكەشی چەندە؟ چونكە هەموو ئەمانە بەڵگەی داواكراون لەكاتی پێشكەش كردنی فیزەكەت. كاتێكیش فیزەكەت تەواو دەبێت، خۆیان بەسەیارە بۆت دەهێننە ماڵەوە تاكوو دڵنیا بن لەوەی شوێن و مەكانت كوێیە!!!
ئایا ئەم رێكارانە بۆ پێدانی فیزەی وڵاتێكی توركیا رادەبەدەر نییە؟ مەبەستیتری لەپشت نییە؟ لەكاتێكدا ئەم جۆرە فیزەیە تاكوو ساڵی 2015 بەبێ‌ هیچ بەڵگەیەك و تەنها بە پاسپۆرتەكەت بە خۆڕایی پێدەدرا.
بەپێی لیستەكەی خۆیان بێت كە ناو و كاتی سەردانی ئەوانەی فیزەیان دەوێت لەسەر نوسرابوو، توركیا لە سلێمانی رۆژانە 250 بۆ 300 فیزە بەخەڵكی سنووری سلێمانی و دەوروبەری دەدات. بۆ هەر فیزەیەك 130 دۆلار وەردەگرێت، ئەمە لە مانگێكدا دەگاتە نزیكەی یەك ملیۆن دۆلار. ئەمەش بڕێكی زۆرە بۆ وڵاتێكی وەك توركیا.
هەرچەندە هیچ كاتێك باوەڕم بە كەمپین و خۆپیشاندان نەبووە لەم هەرێمە بۆگەنە، كاتێك لەبەردەم نوسینگەی كونسوڵی چاوەڕێی هاتنەدەرەوەی هاوڕێكەم دەكرد، ئەو خەڵكە رەش و رووتەم دەبینی چۆن هەڵەپەیان بوو فیزەكە خێرا وەربگرن! هەر ئەم خەڵكەشە ناڕازین لە ژیانی ئێرەو لە دەسەڵات و لە حكومەت و حیزب و هتد.. ئەشڵێن پارە نییە، موچە نییە، ژیانمان نییە، ئەوەشی هەیەتی ئەیباتە وڵاتێكی دوژمنی وەك توركیا و وەكو گووڵ خەرجی دەكات. 
ئاخر كارەساتەكە ئەوەیە تۆ بژاردەی دەیان وڵاتت هەبێت كە بە ئاسانی بە پاسپۆرتی عێراقی دەتوانیت گەشتی بۆ بكەیت، بەڵام تۆ بچیت بۆ توركیایەكی داگیركەر و كوردكوژ! ئەو خەڵكە دەتوانن گەشت بۆ وڵاتی خۆشتر بكەن وەكوو، لوبنان، دووبەی، تونس، مەغریب، میسر، مالیزیا و وڵاتانی ئاسیای رۆژهەڵات و هتد... لەكاتێكدا ئەوانەی دەهاتن بۆ وەرگرتنی فیزەی توركیا دیاربوو یەكەمجاریان نەبووە سەردانی توركیا بكەن. هەندێ‌ لە پیاوەكان نیگەرانییەك بە روخسارانەوە دیاربوو، ئەم نیگەرانییە بۆ ئەوە دەگەڕێنمەوە كە رەنگە بە ویستی خۆیان سەفەر نەكەن بەڵكو بەویستی هاوسەرەكەیان ئەو سەفەرە بكەن و پارەیەكی زۆر خەرج بكەن، بۆ نمونە خێزانێكی چوار كەسی نزیكەی 600 دۆلاری بۆ فیزەكە دەوێت، 1500 بۆ 1800 دۆلار بۆ تكتی فڕۆكە، ئەمە نزیكەی 2500 دۆلار دەكات، بۆ هەفتەیەك لە توركیا بمێننەوە بە تێچووی كرێ‌ ئوتێل و گەڕان و شت كڕین، لایەنی كەم ئەگەر 5000 دۆلار سەرف بكەن، ئەوا تێچووی سەفەرەكەیان دەكاتە 7500 دۆلار! ئەمەش بۆ ئەم رۆژە بڕێكی كەم نییە.  
 ماوەی ئەو سەعاتە لەوێ بووم، ئەو قەرەباڵەخییە لەسەر وەرگرتنی فیزەی توركیا، كەوتمە گومانەوە لەخۆمم پرسی ئایا "هەموومان دەچین بۆ توركیا"!
لەوێ‌ كەمپینەكانی هاشتاگ هاتەوە بیرم بۆ بایكۆتكردنی كاڵای توركی و ئەو بابەتانە ساڵانێكە لە سۆسیال میدیا و ئەملاو ئەولا رادەگەیەنرێت، بەڵام لە درۆیەكی گەورە هیچیتر نییە. چونكە بایكۆتیش پیاوی خۆی دەوێت، بە ئێوە ناكرێت، مرۆڤی سەرڕاست و خاوەن مەبدەئی دەوێت، ئێوە كێ‌ و بایكۆت كێ! ئای چەند میلەتێكی بێ عار و دووڕوو خۆپەرستین!