جوێن و فرەژنی – بەشی پێنجەم و كۆتایی

2 مانگ پێش ئێستا

پەیكار عوسمان
- برادەرێك وتی، ئێمەی موسوڵمان لەم ئەوروپایە، شلین بۆ هەزار ئیشی قۆڕ، بەڵام زۆر توندین لەسەر ئەوەی كە گۆشتی بەراز نەخوین، چونكە ئەمەیان هیچ تەكلیفێك دروستناكا لەسەر حەزو بەرژەوەندییەكانمان. هەر لەسەر ئەو ڕیتمە، عەقیدەی تەوحید، ئەگەر سەرەتاش قورس بووبێت، لە ئێستادا هیچ قورساییەك ناخاتە سەر حەزو بەرژەوەندی موسوڵمان، بۆیە ئاسانە خودا یەكبێ، بەڵام زۆر قورسە بەلایانەوە ژن یەكبێ، یان مەزهەب و دوكانە دینییەكان یەكبێ، چونكە ئەمەیان بەر حەزو بەرژەوەندییەكانیان ئەكەوێت!
- ڕەگە كۆنەكەی فرەژنیی، پیاوسالارییەو ڕەگە نوێكەشی سەرمایەدارییەو لای ئێمە قوڕەكە خەستەو هەردوكی لە یەكی داوە. فرەژنیی كۆنەو فرەكەپڵیی نوێیە، لەویاندا تۆ هەرئەوەندەی كە پیاویت، ئیتر مافی فرەژنییت هەیەو لەمیاندا تۆ هەرئەوەندەی لەناو دنیای مەسرەفگەراییدایت، ئیتر وەكچۆن زوو زوو مۆبایلەكەت ئەگۆڕیت، ئەبێ زوو كەپڵەكەشت بگۆڕیت و ئەگەر وانەكەیت لە دنیای بەرخۆریی بەجێئەمێنیت،، ئا لێرەشەوە "چیژ" ڕائەكێشرێ بۆ "چێژگەرایی" و لە شتێكی ئاسایی ناو ژیانی تایبەتەوە، ئەبێتە ئایدۆلۆژیاو هەژموون ئەكاتە سەر ژیانی گشتی!
- وەكچۆن لە سەرەتادا وتمان، جنێو لە پەراوێزە میلیەكەیدا كێشەنیەو لە جنێویزم و هەژموونە گشتییەكەیدا كیشەیە.. سێكسێش لە پەراوێزەكەی خۆیدا كێشەنیەو لەوێدا كێشەیە كە هەژموون بكاتە سەر ژیانی گشتی. ئێستا ئێمە ڕێك لەو قۆناغەداین كە (جوێن و سێكس) وەكو دوو شتی پەراوێزیی، هاتوونەتە چەق و لە هەموو قۆڵەكانی سیاسەت و هونەرو دین و ڕۆشنبیرییەوە، هەژموونی خۆیان كردۆتە سەر كۆمەڵگاو ئێستا كە ئێمە پەرتین، سێكس و جوێن، ئەو دوو هاوبەشییەن، كە كۆدەنگی ئاشكراو شاراوەی هەموومانی لەسەرە!
- پیاوسالاریی هێز لە پیرۆزیی وەرئەگرێ و چێژسالاریی هیز لە پارە وەرئەگرێ، خودای ناو یەكەمیان پیاوەو خودای ناو دووەمیان پارە، ئەو دووانەش خودایەكی سێیەم دروست ئەكەن كە فەسادە. ئێستا ئێمە لەو سێ خوداییەداین، (عەدالەت)یش تەوحیدی قۆناغەكەیەو ئەبێ بگەڕێینەوە بۆ ئەوێ و لەوێوە، فەسادی پیاوسالاری و فەسادی پارەو فەسادی سیاسی و فەسادی كۆمەڵایەتی.. دەرمان بكەین و سەرەتاكان ڕێك بكەینەوە.   
- كێشەكانی هاوڕەگەزخوازی و فرەژنی و زەواج و جیابوونەوە، پێویستی بە چارەسەرێكی عادلانەیە، نەك بە شەڕی ئایدۆلۆژیی. ئەوەی شتێك زەقبكەیتەوە بۆ لێدان لە نەیارەكەت، ئەمە قسەكردن لەسەر شتەكە نیە، ئەمە شەڕی هەیمەنەو هەژموونە، كە هەمیشە خودی بابەتەكەی تێدا ئەبێتە قوربانییەكی بێ تێگەیشتن و بێ چارەسەر. "عەدالەت" ئەوەیە، كە "چارەسەر" بۆ لابردنی ستەمی ناو شتەكان بێت، نەك بۆ سەرخستنی ئاڕاستەیەك بەسەر ئەویتردا، كە ئەسڵەن ئەمەیان پێویستی بە هەبوونی ستەمەو بەرژەوەندی لەوەدایە كە ستەمی ناو كاڵایەك هەبێت، بۆئەوەی كاڵاكەی خۆی پێ جوان بكات!
- ستەم ئەوەیە كە یارییەكە لە سەرەتایەكی نایەكسانەوە دەستی پێكردبێ. مەسەلەن لە كولتوری پیاوسالاردا، سەرەتای یارییەكە یەكسان نیەو لەبەرژەوەندی پیاوە، دەی ناكرێ لەوێدا بڵێ ی ژن ئازادە سەر بە هەوێ شووبكات، چونكە ئازادی ناو ناعەدالەتی، ئازادییەكی نوقسانەو لەڕاستییشدا ئازادی نیەو ناچارییەكی شاراوەیە! پێویستە سەرەتاكە یەكسان بكەینەوە، بۆئەوەی ئازادییەكە ڕاستەقینە بێت. 
- یان لە ئابووری گەندەڵییدا، سەرەتاكە یەكسان نیەو لە بەرژەوەندی دزەكانە. دەی ناكرێ بڵێ ی كچ ئازادە بچێتە باوەشی كوڕەمەسول و بە شەوێك دەوڵەمەن ببێ! بناغەكە عەدالەتەو ئازادی ڕاستەقینە لەسەر عەدالەت وەستاوە، لە ناعەدالەتییدا تەنیا دوو ئازادیی هەیە، ئازادییەك كە نیەو سەركوتكراوە، ئازادییەك كە هەیە، بەڵام درۆیینەیەو كەڤەری فەسادە. 
- چارەسەر ئەوەیە كە خودی چارەسەر فرەیی بێت و تەنیا ڕەهەندێك نەكرێتە پێوەر. هەر ڕەهەندێك بەتەنیا پێوەربێ، ستەم دروست ئەكات. تەنانەت زانست، كە ئێستا ڕوحی باڵای سەردەمەكەیە، ئەگەر تاكە پێوەربێ، هەر كارەساتەو ئەبێ فەلسەفەو ئەخلاق و ئاین و كۆمەڵگا.. هەموو پێكەوە بگەنە ئەوەی كە چی ستەم و تاوانەو چیش ماف و ئازادیی. خۆ ئەگەریش لەسەردەمی زانستا، شتێكی تری وەكو دین، ببێتە تاكە پیوەر، ئەوە ئیتر دەبڵ كارەساتە، چونكە جگە لەوەی كە ڕەهەندێك توغیانی كردوە، نامۆبوونی سەردەمیش دێتە ئاراوەو ئەمەش كێشە گەورەكەی عەقڵی دۆگمایە، كە هەم جوڵەی سەردەم ناناسێ، هەم فرەیی ژیان!
- سیاسەت و دین و فكرو زمان و هونەر.. پێكەوە فەساد ئەبن، سەردەم پاكەتێكەو خۆی و ئەوەی ناوی پێكەوە پاشەكشێ ئەكەن، ئا لەوێشدا هەرچی وەكو "تاكە چارەسەر" خۆی عەرزكا، ئەوە لێكەوتەیەكی خودی فەسادەكەیەو هیچی تر، چونكە "چارەسەر" هەر ئەوەیە كە خودی چارەسەر، داگیرو قۆرخ نەكرێ. دۆخی فەسادیش باشترین بازاڕە بۆ كاڵای تاكڕەهەندی، چونكە تاكڕەهەندی خۆی فەسادە. ئا لێرەوەیە كە لەناو پاكەتی فەسادەكەی ئێمەدا، سەلەفیەت و تەریقەت و فیمینستی ڕادیكاڵ و چەپی توندڕەو و ئەنواع دەمارگیری دینی و نادینی لە هەڵكشاندان و عەقڵی هاوبەشی هەمووشیان دۆگمایەو زمانی هاوبەشی هەمووشیان جنێویزمە!
- ئەو هاوپەیمانێتییەی لەنێوان سێكس و پارەدا هەیە، هەمان هاوپەیمانێتییە كە لەنیوان سێكس و سیاسەت، سێكس و دین، سێكس و ڕۆشنبیرییدا.. هەیەو شتەكەش هەر هاوپەیمانێتی نێوان سێكس و فەسادە، بەڵام لە فۆڕمی جیادا. فەسادەكەش سێكس خۆی نیە، بەڵكو هەر ئەوەیە كە سێكس تەنیا بەدەست شتێكەوەبێت! 
- سێكس تەنیا بە دەست پارەوەبێت هەر فەسادەو تەنیا بەدەست دینەوەبێت هەر فەسادەو تەنیا بەدەست تاكەوەبێت هەر فەسادەو تەنیا بەدەست كۆمەڵگاوەبێت هەر فەسادە.. ئازادی یەكسانكرێ بە ئەرێ ی سیكس هەر فەسادەو ئەخلاقیش یەكسانكرێ بە نەرێ ی سێكس هەر فەسادە.. بۆئەوەی سێكس لە فەساد ڕزگاری ببێ، ئەبێ بە فلتەرێكی فرەیی تێگەیشتندا بڕواو لەناو ئارگۆمێنتێكی كراوەدا، بەردەوام خۆی، خۆی تەفسیرو سنورداربكاتەوە، نەك لەناو پێناسەیەكی پێشوەختەی تاكڕەهەندییدا پەستانی بخرێتە سەرو بێسنور بتەقێتەوە. پەستانی تاكڕەهەندی، فەساد چارەسەر ناكات، بەڵكو تەنیا ئەیشارێتەوەو لەژێر پەردەوە خراپتر ئەتەقێتەوە. سەیركە لە میسر كە سەقافەتی ئیخوان باڵادەستی كۆمەڵایەتییە، تەحەروش یەكەمەو لە سعودییەو ئەفغان كە سەقافەتی سەلەفی باڵادەستە، نێربازی فڕیوەو لە ئێرانی ئیسلامییش هەر مەپرسە! 
- چارەسەر هەر فرەییە، بەڵام فرەیی ژن نا، فرەیی شێوازەكانی زەواج و پەیوەندیی. مرۆڤ پڕو كامڵ نیەو بۆشایی هەیە، ئەو بۆشاییەش ئیجابییەو شوێنی جوڵەو داهێنانەكانی مرۆڤ و مێژووە.. شێوەزەواجی شافعی، ڕەنگە لە سەردەمێكدا، داهێنانێكی گرنگ بووبێ و سەتا نەوەت و پێنجی بۆشایی كۆمەڵگای پڕكردبێتەوە، بەڵام بە مروری زەمەن، ژیان و پەیوەندییەكان و بەرژەوەندییەكان ئەگۆڕی و بۆشاییەكە زیاد ئەبێت.. لە ئێستای ئێمەدا زەواجی شافعی ڕەنگە توانای پڕكردنەوەی سەتا چلی بۆشاییەكەی مابێت و سەتا شەستی وێنەكە بۆشە، مەلاكان عینادی ئەكەن و ئەو سەتا شەستە ناوئەنێن بۆشایی فەساد، بەڵام لەڕاستییدا وانیەو سەپاندنی شتێك كە ئیكسپایەربووە فەسادەكەیە!
- برادەرێك وتی ڕات چیە بەرامبەر زەواجی مسیار، وتم نازانم چیە بەڵام ئەزانم هەبوونی باشە، چونكە ئەو كێشەیەی كە داخران و تاكڕەهەندی دروستی ئەكات، تەنیا بە كرانەوەو فرەئەگەریی چارەسەر ئەبێت. لێگەڕێن لە تەنیشت زەواجی شافعییدا، نەك جۆرێك، چوار جۆری تری زەواج هەبێ و با هەر یەكەی بۆشاییەك پڕكاتەوەو هەمووشی شەرعی و یەكسان و ڕێزلێگیراوبێت. ناكرێ هەزار ساڵ لەسەر گیای شافعی بلەوەڕین، ئەبێ میوەو سەوزەی خۆمان بچێنین. لێگەڕێن زەواجی دینی چەن جۆرێكبێ و لە تەنیشت زەواجی دینیدا زەواجی مەدەنی و پێوەندی نازەواجیش هەبێ و بۆشاییە گەورەكە تەنیا بە فرەیی پڕئەكرێتەوە. ئەوكات تەنیا لە سەتا سێ و چوار ئەمێنێتەوە بۆ ئەوەی كە فیعلەن فەسادە، دەی ئەوە كاتی پێغەمبەریش هەبووەو دەفری مێژوو قەت پڕنابێ و بۆشاییەكی هەر ئەمێنێ! 
- ئەگەر بەراوردی مۆدێلی مەلا منەوەرەكانی كلاسیك و مۆدێلی ئیسلامی سیاسی بكەین، ئێمە لە كایەی دیندا، پاشەكشێیەكمان كردوە كە قوڕپێوانی ئەوێ! ئەوانەی زوو، چونكە ئەهلی ڕۆحی دین و خودی عەدالەت بوون، نەك ئەهلی ڕوكەش و سوڵتە، ئیتر جوانخوازیشبوون، هیچ كێشەیەكیان لەگەڵ زانست و عیشق و هونەرو ژن و گۆڕان و جوانییەكانی ئەم دنیایەدا نەبوو. لە پێچەوانەكەیدا جوانیی ئەبێتە كێشەیەكی گەورە، چونكە شەڕی سوڵتە، شوناسی ئەوێ و شوناسیش وەستاوەو جوانی جوڵاوە! ئیتر جوانیی ئەبێتە كێشە بۆ شوناس، ئا لێرەوەیە كە "خیتابی دینی سیاسی" ئەبێتە سەنگەری شەڕكردن لەگەڵ جوانیی!  
- دین لە فۆڕمە فەردی و دڵییەكەیدا، ئەوەیە كە ناچێتە شەڕی جیاكاری و گوریسەكە خاوئەكاتەوە تا ئەیكات بە لۆكەیەكی بێ فۆڕم بۆ چاكەو خۆشەویستی. دین لە فۆڕمە كۆمەڵایەتی و میللیەكەشیدا، هێشتا هەر بە تەنكیی جیاكارەو زیاتر هانی چاكەو هاوكاری ئەدا، چونكە هێشتا شەڕی سوڵتەی نیە. بەڵام دین لە فۆڕمە حیزبی و تەریقەتییەكەیدا، ڕێك بریتییە لە خۆجیاكردنەوەو زەقكردنەوەی شوناس و ڕاكێشانی پەتەكە تا ئەوسەری جەمسەرگیری و ئا لێرەشدا شەڕی نەفس ئەگۆڕێ بۆ "شەڕی هەژموون و سوڵتەو ئەوێكی شەیتان".. كە شەڕی نەفسیش بوو بە پلەدوو، ئیتر بەرئەبێ و بەربوونەكەشی پەردەو پاساوی ئەوێ و دینیش ئەبێتە پینەچی حەزەكان، حەزی سیكس و حەزی سوڵتەو حەزی پارەو حەزی ناوبانگ.. خودی فیقهی ئیسلامییش لەناو شەڕی سوڵتەدا دروستبووە، بۆیە پڕە لە پینەو پاساوی فاوڵەكانی نەفس!
- جنێو زمانی لاشعورە فیچقەی كردۆتە دەرەوە، لە ئاستی ژیانی ڕۆژانەشدا تا ڕادەیەك ئاسایی و كۆنترۆڵ نەكراوە، چونكە مرۆڤ لەوێدا كەمتر پابەندەو هەر تەمسیلێكی ناجدیی خۆی ئەكات، بەڵام سیاسەت و فیكرو دین.. ژیانی گشتییەو لەوێدا ئیتر مرۆڤ، جدییانە بەرپرسیارێتی گشتی هەڵئەگرێ، بۆیە زمانی ئەوێ، زمانی شعورو هۆشیارییەو ناكرێ زمانی لاشعوربێ. موسا عەنتەر بە فاشیزمی تورك ئەڵێ، كە تۆ زمانی منت بۆ هەزم ناكرێ، كەواتە دەوڵەتەكەت لەسەر خاكی من دروستكردوە.. تۆش كە قسەكردن لەسەر جنێویزمت بۆ هەزم ناكرێ، كەواتە ئارگۆمێنتەكەت لەسەر جنێو دامەزراندوە!