کوفر و ئیمان وەک دوو دروستکراوی خودا!

2 مانگ پێش ئێستا

ڕێبین ئەحمەد رەشید

ولِله الْمشرق وَالْمغرب فاينما تولوا فثم وجه الله
ئەمڕۆ سەرپێیی چاوێکم بە شیعرە هەورامییەکانی مەولاناخالید و بە دیاریکراویش قەسیدەی یافەردی ئەعزەمدا خشاند، دێڕیک لەو شیعرانەی قەسیدەکە باس لەوە دەکات هەم موئمین و هەم کافر هەریەکەو بەزمانی خۆی حەمد و سەنای خودا دەکات:
هەم جە مەساجید، هەم جە بتخانان
موئمین و کافر سەنات موانان
پێم باش بوو ئەم باسە بکەمە بیانوویەک بۆ بابەتێکی لەدێڕە شیعرەکە خۆی گرنگتر، بۆ تێگەیشتن لەمەسەلەی کوفر و ئیمان لای شاعیرانی کلاسکی ئێمە پێویستە بە هەستیارییەوە مامەڵە لەگەڵ لەگەڵ تێرمەکاندا بکەین. بەبۆچونی بەندە شیعر و ئەدەبیاتی کلاسیکی ئێمە و بەتایبەتیش نالی، نزیکترین سەرچاوەن بۆ تێگەیشتنێکی قوڵ و بێلایەنانە لەو دوو تێرمە. کوفر لە ئەدەبیاتدا بەرامبەرە بە زوڵف و هەرچی ئیمانیش هەیە بەرامبەرە بە ڕوو دانراون. [گەرتەمەن باقی بێت لە داهاتوودا لەچوارچێوەی کتێبێکدا هەموو ئەم تێرمە ئەدەبیانە و ماناکانیان بەتایبەتی لای نالی دەنووسم کە تا ئێستا چواریەکێکی ئەو پڕۆژەیە تەواو بووە].
شتێک هەیە بەردەوام دونیای دینداریی هەموو دینەکانی بەخۆیەوە سەرقاڵ کردووە ئەویش مەسەلەی کوفر و ئیمانە. زۆرترین کێشەکانی ئەم دونیایەش هەر لێرەوە سەرچاوەیان گرتووە. لە سادەترین مانایاندا هەم کوفر و هەم ئیمانیش دوو ڕیگان بۆ یەک ئامانج، بەگەیشتن بە ئامانجەکەش ئیدی ڕێگاکان گرنگییەکەی جارانیان نامێنێت. ماناکانی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا تا کاتێک مانایان هەیە کە ئێمە لەسەر زەوین و دوورین لە خۆرەوە، کە گەیشتین بە خودی خۆر ئیدی ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا مانایان نامێنێت، کەسیان حەق و ئەوی دیکەیان باتڵ نییە. لەناو خۆردا ڕووگە نامێنێت، هەموو ڕویەک هەر ڕووی خۆرە:
"فاینما تولوا فثم وجه الله"
مەسەلەی کوفر و ئیمانیش مەسەلەیەکی هەر لەم جۆرەیە، ئەوە ئێمە و ئیعتیبارەکەمانە بۆیان مانایان دەداتێ نەوەک کوفر شتێکی دژ بێت بە خودا و ئیمانیش دۆستی بێت. کوفرو ئیمان لە ڕوانەی بوونیانەوە هەردووکیان پەیوەندییان بە خوداوە هەیە، واتە باسەکە لەهەردووکیاندا هەر باسی خودایە، یەکێکیان بە داپۆشینی ئەوی دیکە بە پەردە لەسەر لادانی. لە ڕوانکەی بوونە زاتییەکەشێانەوە هەردووکیان بەهەمان ئەندازە مەخلوق و دروستکراوی خودان. بە گەیشتن بەو ئیدی ڕێگاکان مانایەکیان نامێنێت.
کوفر لەخودی خۆیدا وەک بوون"وجود" شتێکی خراپ نییە. ئەوەی کوفر دەکاتە شتێکی خراپ چییەتی "ماهیەت"ەکەیەتی کە ئێمە دەیدەینێ نەوەک بوونە ئۆرجیناڵەکەی خۆی کە خودا دروستی کردووە. کوفریش هەر وەک ئیمان لە بووندا دروستکراوێکە لە دروستکراوەکانی خودا. دەقیق وەک ئەو کەسەی کە قسە دەکات، لە قسەکانیدا هەم جوێن دەدات هەم وشەی جوان لە زاری دێتە دەرێ. ئێمە ناتوانین بڵێین قسەکردن لە زاتی خۆیدا شتێکی باشە یان خراپ، ئەوەی وادەکات ئێمە جوێن بە خراپ و وشە جوانەکان بە باش بزانین ماهیەتی قسەکردنەکەیەی کەسی قسەکەرە نەوەک خودی قسەکردنەکە. قسەکردن لەخۆیدا نەباشە نەخراپ، ئیعتباری ئێمە بۆ قسەکان باش و خراپیان دیاری دەکات. کوفریش لە مەسەلەی بوون و خیلقەتدا شتێکی هەر لەمجۆرەیە. لەبوونەکەیدا کوفر شتێکی خراپ نییە، ئەوەی دەیکاتە شتکی خراپ ماهیەتەکەیەتی. مەولانا لە مەسنەویدا و لەوەڵامی ئەو قسەیەی پێغەمبەردا کە دەڵێت "الرضا بالكفر كفر: ڕازیبوون بە کوفر کوفرە" دەڵێت ئەم دووجۆرە لە کوفر ناودەنێت کوفری قەضا و و کوفری مەقضی. وەک قەزاو قەدەرێکی خودا کوفر لە بووندا هەیە و بوونەکەشی مەزمووم و ناشیرین نییە بەڵکو ڕێگایەکە لە ڕێگاکانی گەیشتن بە خوا، بەڵام وەک کوفری مەقضی ئەو دەرکەوتنەی کوفرە لە مێشک و ڕۆح و نەفسی ئێمەدا دەیکات و ڕێگر دەبێت لە گەیشتن بە ئیمان ئەوکاتە دەبێتە شتێکی ناباش:
گفتمش این کفر مقضی نه قضاست
هست آثار قضا این کفر راست
گەر لەچاوی خوداوە بڕوانین کوفر وئیمان هەمان ئەو دوو ڕێگایەن کە بۆ ناسینی ئەو پێویستن. ئەوەی وایکردووە شاعیرانی شاعیرانی کلاسیکی ئێمە زۆر نەرم و پڕ تۆلێرانس بن بەرامبەر دیاردە سروشتییەکانی کۆمەڵگا و زۆر توندبن بەرامبەر بەو زاهید و مەلاشێخ و واعیزانەی کە بە چاویلکەیەکی مرۆییەوە دەیانەوێت خوایەتی بکەن و مۆری کوفر و ئیمان لەو دیاردانە بدەن هەر ئەم ڕوانینە دروستەیان بووە بۆ کوفر و ئیمان. ئەوان پێیان وایە مرۆڤی ئیماندار دەبێت لە چاوی خوداوە بۆ مرۆڤ نەوەک بۆ دەستکەویت خۆی لە چاوی مرۆڤەوە تەماشای خودا بکات. بە بۆچوونی ئەوان ئیمان چەندە بوون و حوزوری خودا دەردەخات لەڕێگای ئیقرار و دانپێدانانەوە، کوفریش هەمان کار لەڕێگای ئینکاری کردنەوە ئەنجام دەداتەوە، بە قەولی ئەحمەدی خانی ئیمانداران مەستی ڕوون و کافرانیش مەستی زوڵف.
لە ئەدەبیاتی کلاسیکدا هەمیشە زوڵف و ڕەشییە توندەکەی و داپۆشینی ڕووی یار وەک ئەو کوفرە وێناکراوە کە ئێمە بەخۆیانەوە گیرۆدە دەکەن و بەردەوم لە خۆیاندا دەمانهێڵنەوە و ناهێڵن بە ئیمانی ڕووی یار بگەین. درێژی و ڕەشییە توندەکەی زوڵف هێما بۆ زیاتر مانەوە و گیرۆدەبوون لەو زوڵمەتەی کوفردا دەکات. وەک بوون و ماهییەت زوڵف لە خودی خۆیدا نەک هەرشتێکی خراپ نییە، شتێکی پێویستیشە بۆ بوونی یار و موبتەلاکردنی ئێمە بەخۆیەوە، ئەوەی وادەکات خراپ دەربکەوێت ئەو ماهیەت و ئیعتیبارەیەتی کە ئێمە بۆی دادەنێین و هەندێک جاریش وەک قولاپ لێمان گیر دەبێت لە خۆیدا دەمانهێڵێتەوە و ناهێڵێت بە ئیمانی ڕوو بگەین. مەحوی لە دێڕێکدا شانازی بەم کوفرەی زوڵفی یارەوە دەکات و پێی وایە هەر ئەمە وایکردووە ئیماندارانی خاس و عام دروست بێت. بەڵام من پێم وایە مەحوی لەو دێڕەدا هەڵەیەکی مەنهەجی دەکات بەوەی کوفری بەرامبەر ئیسلام داناوە و وەک ئافەتێک بۆ ئیسلام تەماشای دەکات، لەکاتێکدا کوفر لە تەرمینۆلۆژی دینی و کەلامی دینیدا بەرامبەر ئیمانە نەوەک ئیسلا؟، گەر ئافەتێکیشی هەبێت ئەوا بۆ ئیمانە نەوەک ئیسلام. دەشێ کەسێک موسوڵمان بێت و ئیمانداریش نەبێت، بەڵام مەحاڵە کەسی کافر ئیماندار بێت. کوفر هەمیشە لەبەرامبەر ئیمانەوە دێت نەوەک ئیسلام:
بنازم من بە کوفری زوڵفی تۆ ئەی ئافەتی ئیسلام
کە ئەستۆبەندی جیزیەی خستە مل ئیمانی خاس و عام
هەرچەندە بەتەمەن لە مەحوی گەورەترە و پێش ئەو وەفاتی کردووە نالی لە دێڕێکی زۆرگرنگدا دەم لەم باسەدەدات و بە وریاییەوە وشەکان هەڵدەبژێرێت، ئەو پێی وایە ئێمە لە ڕێگای کوفری زوڵفەوە دەتوانین پەی بە ئیمانی ڕوو ببەین و بیدۆزینەوە. بە پێچەوانەی مەحوییەوە کوفری بەرامبەر ئیمان داناوە نەوەک ئیسلام. نالیپێیوایە؟گەر کوفر نەبێت ناتوانین هەنگاوێک بەرەو ئیمان بهاوین. ئەوە کوفری زوڵفە وەک ڕێگایەکی نێوەندیی دەستگیرۆییمان دەکات تا بە ئیمانی ڕووبگەین:
لە سایەی کوفری زوڵفت دڵ فنا في النوری ئیمانە
مەڵێن زوڵمەت خراپە، وەسڵی پەروانە لە شەودایە
بەم پێودانگە بێت نالی وردتر لە مەحوی تەماشای هەردوو تێرمی کوفر و ئیمان دەکات و پێی وایە کوفر و ئیمان هەردووکیان باس لەیەک شت دەکەن کە ئەویش خودایە، یەکێکیان دایدەپۆشێت و ئینکاریی دەکات "زوڵف-کوفر"، هەرچی ئەوی دیکەیان هەیە "ڕوو -ئیمان" باس لە دەرکەوتن و تەجەلی و ڕەنگدانەوەکانی دەکات لە جیهانی مەحسوسات و ژمارەکاندا.
هەردو برهێن تە نە محراب چ یمان و چ کوفر
بوود و نابوود کو یەکن ئەڤ چ سەواب و چ عقاب. "مەلێ جزیری"
مەولانای بەڵخ پێی وایە چ کافران و چ ئیمانداران هەموویان بە جۆرێک لە جۆرەکان مەستی ئەون، جیاوازییەکەیەیان تەنها ئەوەیە ئیماندارەکانی مەستی ئیقرار و دانپێدانانن بەڵام کافرانی مەستی ئینکار و ڕەتکردنەوەن:
مٷمنان زاقرار مست و منكران ز انكار مست
بۆ ئەوەی تەکفیر نەکرێین دیسان دەمەوێت جەخت لەوە بکەمەوە کوفر لە بوونە وجودییەکەی خۆیدا هاوشێوەی ئیمان ڕێگایەکە لە ڕێگاکانی گەیشتن بە خودا. مەرتەبەیەکە لەمەراتیبی ئیمان، بەڵام مەرتەبەیەکی زۆر سەرەتایی. کەسی کافر بە گوێرەی تەرمینۆلۆژییە ئەدەبییەکەی شەیدا و مەفتوونی زوڵفە، لەزەت لە نەبینینی ڕوو یا ئینکاریکردنی دەبینێت، یا هەر ناتوانێت و لیاقەتی ئەوەی نییە ڕووی یار ببینێت. بۆیە لە زوڵف و زوڵمەت و پێچەکانی زوڵفدا دەمێنێتەوە.
حەڵقە حەڵقەی چ دەکەیت داوی کەمەندی زوڵفت
بۆدڵەی خەستە کەوا بەستەیی هەوداێیکە
بەقەولی مەسنەوی مەستە بەڵام مەستی ئینکاریکردنە. هەرچی ئیمان هەیە لە بوونە وجودییەکەی خۆیدا هاوتای کوفرە کە ئەویش مەخلوقێکە لە مەخلوقەکانی خودا، ئیماندار بەگوێرەی تێرمینۆلۆژییە ئەدەبییەکەی توانیوێتی تەجاوزی زوڵف بکات و تێیپەڕێنێت و بە ڕوو بگات، حەلقەکانی زوڵف نەیانتوانیوە خۆیان لێ گیر بکەن و لەو تاریکییەدا بیهێڵنەوە، بۆیە ئەم کە زوڵف و زوڵمەتەکەی تێدەپەڕێنێت بەو واتایە دێت کە دونیای دژ و ژمارەکان بەرەو وەحدەتی ڕوو بەجێدەهێڵێت:
لەو کەسە دینی ئەتۆ نووری دڵ و ئیمانیە،
ڕوو بە زوڵفت دامەپۆشە، یەعنی کافرسانییە
ئەنجام
بەو شێوەیە نییە ئیمان دۆستی خودا و کوفریش دوژمنی بێت، خودا بۆیە خودایە تا هەموو شتێک دروستکراوی ئەوبێت، دوژمنایەتی لەگەڵ هیچ شتێکدا نییە چونکە هیچ شتێک هاوتای ئەو نییە تا دوژمنایەتی بکات. بۆیە ئەوەی گرنکە ڕوانینە لە چاوی خوداوە بۆ مرۆڤ و دیاردەکانی نەوەک ڕوانین لە چاوی مرۆڤەوە بۆ خودا، ئەوەی یەکەمیان خودایەکی بەڕەحم و بەزەیی و بەشەفەقتمان پێ دەناسێنێت، پێی خۆشە ڕاز و نیازی لەتەکدا بکەین، داوای لێبکەین و لێی بپاڕێینەوە، خۆشمان بوێت و خۆشی وێین، بەڵام هەرچی ڕوانین لە چاوی مرۆڤەوە هەیە بۆ خودا خودایەکی پڕ لە ڕق و کینە وئایدۆلۆژیستمان پێ دەناسێنێت، لە بیانوو بۆ تەکفیر و ئازاردان و غەزەب گرتن دەگەڕێت.
کە لەچاوی خوداوە تەماشای مرۆڤ و دیاردەکانیت کرد ئەوا وەک وەک مەولاناخالید دەڵێیت:
هەم جە مەساجید، هەم جە بتخانان
موئمین و کافر سەنات موانان