مۆساد لە تاران دەسەڵاتی زیاترە یان لە ئۆرشەلیم؟

2 مانگ پێش ئێستا

هاوار نەسرەدين
درامای تاران، درامایەکی سیخووڕی و هەواڵگریی ئیسرائیلە. تێیدا ناکۆکی و ململانێی دەزگا هەواڵگرییەکانی ئیسرائیل و ئێران لە تاران خراوەتەڕوو. کرۆکی چیرۆکەکە، بریتییە لە ناردن و چاندنی ئەندامان و کارمەندانی مۆساد لە تاران بەڵام لەپاڵ ئەو چیرۆکەوە، ئیسرائیل کۆمەڵێک پەیام و نامە دەداتە بینەر. بەشێک لەو پەیامانە هێندە ئاشکران، هەموو کەسێک تێی دەگات بەڵام هەندێک پەیامی تری تێدایە، پێویستی بە ڕوانینێکی تیژ هەیە بۆ ئەوەی ئاشکرای بکات.
- لە دراماکەدا، ئیسرائیل ئێرانێکی زۆر بە‌هێز پیشان دەدات. بە جۆرێک، ئێرانییەکان دەستیان گەیشتووەتە ناو خودی مۆساد و لەوێوە زیرەکانە یارییان لەگەڵ دەکەن. لێرەوە ئیسرائیل بە هەموو بینەرێک دەڵێت: دوژمنەکەی ئیسرائیل، زۆر لەوە بەهێزترە خەڵکان چاوەڕێی دەکەن. بەوەش چەند ئەنجامێک دەپێکێت:
یەکەم: ئێران زۆر بەهێزە بەڵام ئیسرائیل لەو بەهێزترە. هەواڵگری ئێران، لەوە ئاڵۆزتر و زیرەکترە وا ئێران خۆی نیشانی دەدات بەڵام تەنانەت ئیسرائیل ئەوانیشی ئاشکرا و کۆنترۆڵ کردووە.
دووەم: ئیسرائیل مافی خۆیەتی ترسی لە دڵ بنیشێت و دژی ئێران بێت. ئەوەتا ئەو وڵاتە بەهێزە، بەو هەموو توانایەوە، هەوڵی سڕینەوەی ئیسرائیل دەدات. دوژمنەکەی ئیسرائیل، لە سەرجەم دوژمنەکانی تری، زیرەکترە.
سێێەم: دژەکان چەنێ توند و دڕ بن بەرانبەر بە یەک، لە کۆتاییدا یەکتر تەواو دەکەن.
- هاوکات، ئێرانێکی جیاوازتر لەوەی خەڵکان تێیگەیشتوون، پیشان دەدرێت. ئێرانێک رووکەشێکی داخراو و کرۆکێکی نامۆی هەیە. دەستڕۆیشووەکان و دەوڵەمەندەکان، هاوشێوەی دەوڵەمەندەکانی جیهان دەژین. منداڵی مەسئولە هەرە باڵاکان، لە وڵاتانی دوژمنی ئێران دەژین و گەورە دەبن بەڵام دواتر دێنەوە و دەبنە لێپرسراوانی کۆماری ئیسلامی ئێران. واتە سیاسییەکانی ئێران، لەبەردەستی دوژمنەکانیان گەورە دەبن...
- پرۆژە و بەرنامەی سیستەمی ئیسلامی بۆ بەڕێوەبردنی ئێران شکستی هانیووە. ئەوەتا کاربەدەستە هەرە زیرەک و دڵسۆزەکانی ئێران، هەم وەک هاووڵاتییەکی ئاسایی ئەوروپی دەژین و دڵداری دەکەن، هەمیش بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکانیان، دەچنە ئەوروپا. دڵسۆزترین کارمەندی هەستیارترین ناوەندی ئێران، متمانەی بە وڵاتەکەی خۆی نییە. هەروەها کەسوکاری پلەیەکی کاربەدەستانی ئێران، تاقەتی ئەو سیستەمەیان نییە و بۆیان نابێ.
- ئێرانییەکان چەنێ پتەو و یەکپارچە بن، هەروەها چەنێ سیستەمی سیاسی ئەو وڵاتە هەرەمی بێت بەڵام ئەوانیش ململانێی ناوخۆیی و پشتشکاندن و ملشکاندنی تایبەت بە خۆیان هەیە.
- لە دەرەوەی سیستەمی کۆماری ئیسلامی ئێران، خەڵکی زیرەکتر لەوانە هەیە وا ئێستا لە دەسەڵاتن. بە جۆرێک ئەگەر بێتو پشتیوانییەکی بچووک بکرێن، ئەو کەس و هاووڵاتییە ئۆپۆزسیۆنانە، ئێران دەهێننە لەرزە.
-مۆساد هەم بەهێزە و هەم بێ رەحم بەڵام گروپێکی زیرەک و تووڕەی ناو مۆساد، لە دژی ئێران، لە رکێفی مۆسادیشدا دەردەچن. بۆیە باشتر وایە ئێران ئەو مۆسادەی ئێستا بکات.
- یاسای سەرەکی و هەمیشەیی دەزگا هەواڵگرییەکان، یاسای رێکەوت و سوتفەیە. زیرەک ئەو کەسەیە رێکەوت و سوتفەکان کۆنترۆڵ بکات و هەلەکان بقۆزێتەوە. بێگومان لە دراماکەدا، ئیسرائیل براوەی ئەوەڵ و ئاخیرە.
- دیمەنی کۆتاییەکانی وەرزی دووەم؛ گەورەترین جنێوە بە دەسەڵاتدارانی ئێران. ئێرانییەکان ئەو کاتانە هەڕەشە لە ئیسرائیل دەکەن، کە زەڕبەی گەورەیان تێسرەوێنراوە. وێرای هەڕەشە گەورەکانیان وا هیچ کاتێک ناتوانن بیبنەسەر، هیچ کاتێکیش ناتوانن خۆیان بپارێزن. تەنانەت ئەو کاتانەی هەڕەشەیش دەکەن، ئیسرائیل هێندەی رەگی لامل لێیانەوە نزیکە.
* ئەکتەری دووەم یان سێیەمی دراماکە، (میلاد) کوڕێکی کوردی رۆژهەڵاتییە و لە لەندەن دەژێت.