هۆشیاری ئــــــــاو

5 مانگ پێش ئێستا

ســــەركۆ یونس*
ئـــــاو، دەرامەتێكی گرنگ و ستراتیژی ئابوری وسیاسی وكۆمەڵایەتی، هەموو گەل ونەتەوەیە.
ئاو سەرچاوەی ژیانە، بەبێ ئاو ژیان مەحاڵە، ڕەگەزی سەرەكی ژینگەیە، پێكهاتەی زۆربەی كاڵاوشمەكەكانە. لەهەمووی گرنگتر، لەشی مرۆڤێكی ئاسایی، نزیكەی زیاتر لە(%65) ئــــاوە.

هەرێمی كوردستان، سەرچاوەی ئاوی شیرینی زۆرە، بەڵام بەداخەوە نەتوانراوە بەتەواوی سوودی لێ وەربگیرێت، بەڵكو ڕێژەیەكی زۆری ئاوەكانی بەفیڕۆ دەڕوات، بەهۆی نەبوونی بەنداوی گونجاو لەسەر ڕوبارەكان.
ساڵانە قەیرانی كەم ئاوی لە شاروشارۆچكەكانی هەرێم سەرهەڵدەداتەوە، لەئێستادا بەهۆی ووشكەساڵییەوە بەشێكی زۆری گوندەكانیش تووشی كەمئاوی ونەمان و ووشكبوونی كانی وكارێزەكانیان بوون، بەتایبەت دەڤەری گەرمیان و دەشتی هەولێر.
بەباشی بەكارهێنانی ئاو، لەبابەتەگرنگەكانی ئێستای ژیانە، بەرپرسیارییەتی هەموو لایەكە لەپێناو پاراستنی دەرامەتەسروشتییەكان، هەربۆیە پێویستە بەهەڵسوكەوتی شارستانییانە ئاو بەكاربهێنین، تا بتوانین بەكەمترین تێچوون پێداویستی ئەم بارودۆخە بەدەستبهێنین.
دووركەوتنەوە لەبەفیڕۆدانی ئاو، هەنگاوی یەكەمی هۆشیارییە، ئەم كارە زیاتر لەئەستۆی كابانی ماڵەوەیە، چونكە زیاتر ئەوان پەیوەستن بەكاروباری ماڵەوە.
دابەشكردنی تۆڕەكامی ئاوی شیرین لەكوردستاندا، بەڕێگای بۆری دابینكراوە، دەرئەنجامی بەدواداچوون پێمان وایە، لەهەندێ شارو شارۆچكەو گەرەكەكاندا، نادادپەروەری دابەشكردن هەیە. هەروەها زیاد بەكاربردنی ئاوی شیرین بۆ پاككردنەوەی ماڵ وپێداویستییەكان و ئۆتۆمبیل، ناهۆشیارییە و دەچێتە خانەی بەفیڕۆدانەوە، بەداخەوە سەرەڕای بێ ئاوی، هێشتا بەشێك لە ژنان، ئاوی پاك و شیرین بەفیڕۆ دەدەن!

بەدەستهێنانی ئاوی شیرین بۆ خواردنەوە، لەئێستادا یەكێكە لەگەورەترین كێشەوئاستەنگەكانی بەردەم حكومەتەكان، بەتایبەتی ووڵاتانی قاڕەی ئەفەریقا و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست. زۆربەی وڵاتان، بودجەی تایبەتیان بۆ چارەسەركردنی ئەم قەیرانە مەترسیدارە تەرخانكردووە، بەڵام كێشەكە زۆر لەوە گەورەترە چونكە لەئێستادا و دەرئەنجامی ووشكەساڵی، ئاوی ژێرزەوی تاڕادەیەكی زۆر دابەزیوە و بەسەدان مەتر قووڵایی ئینجا ئاو دەستدەكەوێت و كەمیشە.
لەلایەكی ترەوە، سەرجەم كەرتەئابورییەكان، بەبێ ئاو نایەنە بەرهەم، ئاو پێویستی سەرەكی كەرتی كشتوكاڵ و گەشتوگوزارو پیشەسازییە.
ئەركی هەموولایەكە، هۆشیاری بەكاربردنی ئاو، بڵاوبكەینەوە بەنوسین و وتار و بەرنامەی ڕادیۆیی و تەلەفزیۆنی و كورتەڤیدیۆ بەتایبەت لەتۆرەكۆمەڵایەتیەكان.

بێ گومان، دەبێت لەوە تێ بگەین، كەدابینكردنی پێداویستییە سەرەكییەكانی ژیان بەگشتی، پێداویستی ئاوی پاك بەتایبەتی هەروا كارێكی ئاسان نابێت لەئایندەدا، بگرە ساڵ لەدوای ساڵ، قورسترو گرانتر دەبێت.
هەربۆیە، پاراستنی سامانێكی گرنگ وستراتیژی نیشتیمانی وەك ئاو، ئەرك و ئەخلاقــــە.

*ئابووریناس