ئایا زەوی خێراتر دەخولێتەوە بە دەوری خۆیدا..؟

1 مانگ پێش ئێستا

 ئایا شەو ڕۆژ لە كورت بوونەوەیە..؟
لوقمان حەوێز
ئێمەی مرۆڤ لەسەر هەسارەی زەوی شەو و ڕۆژێكمان كردوە بە 24 كاتژمێر و هەر كاتژمێرێكیش بۆ 60 خولەك و خولەكێكیشمان دابەش كردوە بەسەر 60 چركە، واتە وەكو پێوەر شەو و ڕۆژێكمان كردوە بە 86,400 چركە...

پێش ئەوەی وەڵامی ئەو پرسیارەی سەرەوە بدەمەوە دەبێت ئەم زانیاریە گرنگە بخەمە ڕوو بۆتان لەسەر خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆی بە درێژایی تەمەنی:
خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆی بە گشتی زۆر ڕێك و جێگیرە بۆ هەستەكانی ئێمە، ئێمەی مرۆڤ لە هیچ كاتێكدا هەست بە گۆڕانی خێرایی ئەو خولانەوەیە ناكەین لەبەر ئەوەی بڕی ئەو گۆڕانە ئەگەر ڕووشبدات هێندە كەمە هەرگیز هەستی پێناكەین، بەڵام بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ئامێرەكانی پێوانەكردن و چاودێریكردنی هەسارەی زەوی ئێستا دەزانین ئەو خولانەوەیەش سەدا سەد جێگیر نیە و گۆڕانی كاتی و درێژخایەنیشی بەسەردا دێت، ئێستا بە وردی دەزانین گۆڕانەكە بە گشتی بەرەو خاوبوونەوەی خولانەوەی زەویە بەدەوری خۆیدا بە تێپەڕبوونی كات، ئەو خاوبوونەوەیە بەهۆی كاریگەری هێزی كێشكردنی مانگ بە بەردەوامی ڕوودەدات تێكڕای بڕەكەی 1.8 میللی چركەیە لە 100 ساڵدا واتە لە سەد ساڵدا زەوی هێندە خاودەبێتەوە لە خولانەوە و شەو و ڕۆژێكیش هێندە درێژ دەبێت، میللی چركەیەك كاتێكی زۆر كەمە واتە یەك لەسەر هەزاری چركەیەك واتە چركەیەك بكەین بە هەزار بەش و یەك بەشی لێوەربگرین هێندە كەمە، واتە لەوەتەی مانگ بووە بە پاشكۆی هەسارەی زەوی بەر لە پتر لە 4 ملیار ساڵ خولانەوەی زەوی هەر لە خاوبوونەوە بووە و شەو و ڕۆژیش لە درێژبوون بووە، بۆ نمونە بەر لە 1.4 ملیار ساڵ درێژی شەو و ڕۆژێك لەسەر هەسارەی زەوی تەنیا 18.7 كاتژمێر بووە و تاوەكو ئێستا خولانەوەی زەوی لە خاوبوونەوە بەردەوام بووە تا لە ئەمڕۆدا شەو و ڕۆژ بووە بە 24 كاتژمێری ڕێك...

ئایا ڕاستە خولانەوەی زەوی بە دەوری خۆی خێراتر بووە بەم دواییە..؟
هەروەكو لەسەرەوە ووتم ئێستا بەهۆی پێشكەوتنی تەكنەلۆژیا و ئامێرەكانی چاودێری هەسارەی زەوی زۆر زۆر بە وردی دەزانین خولانەوەی زەوی بەدەوری خۆی چەندە و چۆنە، هێندە ورد دەزانین تا ڕادەی زۆر كەمتر لە یەك میللی چركە لە شەو و ڕۆژێكدا هەروەكو لەسەرەوەش ووتم میللی چركەیەك بڕێكی ئێجگار كەمە لە كات و واتە یەك لەسەر هەزاری چركەیەك واتە چركەیەك بكەین بە هەزار بەش و یەك بەشی لێوەربگرین هێندە كەمە، بە پێی تۆمارەكانمان بە درێژایی مانگی شەشی ئەمساڵ هەسارەی زەوی بە بڕێكی ئێجگار كەم خێراتر خولاوەتەوە لە مانگەكانی پێشووتر و هەروەها چەند ساڵی پێشووتر، خێراترین خولانەوەشی لە ڕۆژی 2022/6/22 تۆمار كرد كە تێكڕای بڕی خولانەوەكەی لە شەو و ڕۆژێكدا 1.59 میللی چركە كەمتر بووە لە 24 كاتژمێردا لەو ڕۆژەدا واتە لە ڕۆژی 22 ی حوزەیران...

گرنگە بڵێم ئەو بڕە لە خێرابوونی زەوی یان كورتبوونەوەی شەو و ڕۆژێك كە لە مانگی شەش ڕوویدا هێندە كەمە نە كەسمان هەستی پێدەكەین نە ئەوەندە گرنگە پێوەی سەرقاڵ بین، ئەو بڕە لە كات دەزانن چەند دەكات..؟ بە وردی ئەو بڕە هێندەی ئەوەیە شەو و ڕۆژێك لە كات بكەین بە 54 ملیۆن بەش و یەك بەشی لێ وەربگرین...

هۆكارەكان چین..؟
لەگەڵ ئەوەی سەدا سەد بە وردی جارێ نازانین هۆكارەكان چین بەڵام بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە پەیوەندی بە هەندێك گۆرانكاری كاتیەوە بێت كە لە چینەكانی ناوەوەی زەوی ڕوودەدات بەتایبەتی كرۆك و چینی دەوری كرۆكی زەوی، هەروەها دوریش نیە پەیوەندەی هەبێت بە گۆڕانكاری كەش و هەوا بەتایبەتی ئەو گۆڕانكاریانە بوونەتە هۆی توانەوەی بڕێكی ئێجگار زۆر لە بەفر لە جەمسەری باكور...

چی ڕوودەدات لەمەودوا..؟
ئەوەی بەردەوام دەبێت لە ڕوودان بە تێپەڕبوونی سەدەها و هەزارەها و ملیۆنەها ساڵی تریش هەروەكو لە پێشەكی نوسینەكەم باسم كردوە خاوبوونەوەی بەردەوامی زەویە لە خولانەوە بە دەوری خۆیدا بەهۆی كاریگەری هێزی كێشكردنی مانگ لەسەر زەوی، واتە بەتێپەڕبوونی كات شەو و ڕۆژێك هەر لە درێژبوون بەردەوام دەبێت، لەگەڵ ئەوەی ئەو خاوبوونەیەش زۆر زۆر كەم و لەسەرخۆیە بەڵام بۆ نمونە دوای چەند سەد ساڵێكی تر دەبێت بڕی یەك چركە لەكات گۆڕانكاری بەسەردا بهێنرێت و هەندێك زۆرتر بكرێت لەوەی ئێستا هەیە بۆ ئەوەی بتوانین شەو و ڕۆژێك بەهەمان پێوەری ئێستا پێوانە بكەین كە 24 كاتژمێری ڕێكە و دەكاتە 86,400 چركە...

لەكۆتاییدا بەكورتی دەمەوێت بڵێم ئەوەی ڕوودەدات هیچ جێگەی نیگەرانی نیە و ڕووداوێكی سروشتی بێ مەترسی و هەست پێنەكراو و كاتیە، ڕاگەیاندنەكانیش نەوەك تەنیا لە كوردستان بەڵكو لەسەرانسەری جیهان وەكو پیشەی بەردەوامیان هەواڵەكەیان زۆر زۆر زیاتر لە پێویست گەورەتر كرد و بەشێوەیەكی نا ڕوونیش بۆ هاووڵاتیان خستیانە ڕوو...