ڕیكلام، لەنێوان ئامانج و واقیعدا

4 مانگ پێش ئێستا

سەركۆ یونس*
ڕیكلام و بانگەشە، بەیەكێك لەهۆكارەكانی ناساندن و ساغكردنەوەی شمەك و كاڵاو خزمەتگوزارییەكان دادەنرێن. لەسیاسەتی بەبازاڕكردنی هاوچەرخدا، گرنگییەكی تایبەتی هەیە. 

لەئابوریدا، بەرهەمهێنان گرنگەو بەهەنگاوی یەكەم دادەنرێت، بۆئەوەی پرۆسەی بەرهەمهێنان بەردەوام بێت، پێویستە بەرهەمەكان ساغبكرێنەوە و بناسرێن لەڕێگای ڕیكلامەوە، پاشان  تێچوونی گۆڕاوو نەگۆڕی پرۆسەكە دابین بكرێت، سەرئەنجام قازانج بەدەست بهێنێت. 
لەچالاكی بەبازاڕكردندا، ڕیكلام و بانگەشە، بەچالاكترین كار دادەنرێت بۆ ناساندن و ساغكردنەوەی بەرهەمەكان. چەندین توێژینەوە، ئەو ڕاستییەیان سەلماندووە، كەبەرهەمێك ڕیكلامی بۆ بكرێت، باشترو خێراتر ساغدەبێتەوە، بەبەراورد بەبەرهەمێك كەڕیكلام وناساندنی بۆ نەكرێت.

بابەتی ڕیكلام، لەنیوەی دووەمی سەدەی رابردوو، سەری هەڵداو لەسەرەتای سەدەی نوێ گەشەی كرد، بەشێوەیەك لەئێستادا، گەشتووەتە بەرزترین ئاستی پێوانەیی لەهۆكارەكانی ڕاگەیاندندا.

هەرێمی كوردستان، لەدوای كرانەوەی بەڕووی تەكنۆلۆژیاو ئامڕازەكانی ڕاگەیاندندا، بێ بەش نەبووە لەم بوارە گرنگەی بازاڕكردن.
بوونی دەیان كەناڵی ئاسمانی و ناوخۆیی و ڕادیۆ و لاپەرەكانی سەر شاشەكان، سایت و پەیج و تەنانەت ئەكاونتە تایبەتەكان، هۆكارگەلێكی بەردەست و گونجاون بۆ ڕیكلام و ناساندن وساغكردنەوەی بەرهەمەكان.
بازاڕكردنی ئۆن لاین، لەئێستادا بەشێوەیەكی بەربڵاو هەیەو دەیان كەس و كۆمپانیا، لەم بوارەدا ئەسپی خۆیان تاو داوە. 

لەڕاستیدا، ڕیكلامی دروست و زانستی و واقیعی، هۆكارێكی گرنگە بۆ ناساندن و ساغكردنەوەی شمەك وخزمەتگوزارییەكان، بەڵام بەداخەوە لەكوردستان، بەهۆی نەبوونی چاودێری حكومی، بەشێكی زۆری ڕیكلامەكان، لێدانە لەبەهاكۆمەڵایەتی وكلتورییەكان، هەندێجار لەپێناو بەدەستهێنانی قازانجدا، ڕەچاوی باری دەروونی و كۆمەڵایەتی و ئابوری هاونیشتیمانیان ناكرێت، ڕۆژانە دەیان نمونەی ڕیكلامی ناتەندروست، دەدرێت بەگوێ وچاوی هاونیشتمانیاندا.
بەداخەوە هەندێ ڕیكلام لەسەر شاشەی تیڤییەكان و ماڵپەرو سایتەكان، دەبینین، كەدوورە لەبنەمای زانستی و واقیعی، بەشێوەیەكی هەرەمەكی بەرهەمهێنراوە و بەكۆمیدیایەكی ناتەندروست، بەتایبەتی لەسەر شاشەی تیڤییەناوخۆییەكان.

لەلایەكی ترەوە، بەداخەوە بەشێك لەبازرگانان، تەنها لەپێناو ساغكردنەوەی كاڵاهاوردەكراوەكانیان، بەشێوەیەك ڕیكلام دەكەن، ڕاستەوخۆ لێدانە لەئاسایشی خۆراكی هەرێم وبێ بەهاكردنی ئەو ڕێژە كەمەی بەرهەمی ناوخۆیە، ئەمە سەرەڕای خراپی كواڵیتی كاڵاكان، نادروستی لەنرخەكان، هتد.

لەڕیكلامی ناڕاست ساختەدا، بەكاربەران وكڕیاران، زەرەرمەندی یەكەمن، بەدەیان وسەدان حاڵەتی زەرەروزیانی بەكاربەران هەیە، بەتایبەتی لەڕیكلامی ئۆن لایندا.

ئەوەشمان لەبیر نەچێت، هەندێ لەریكلامەكان، ڕەچاوی بەهاكلتوری وكۆمەڵایەتی و ئابورییەكانی كۆمەڵگایان كردوە، لەم لایەنەوە جێگای سوپاس و پێزانینن.

ئاشكرایە، یەكێك لەڕێگاكانی دەستكەوتنی داهات بۆ ناوەندەكانی ڕاگەیاندن، پەخشكردن و بڵاوكردنەوەی ریكلامەكانە، ئێمە هیچ گرفتێكمان لەو بوارەدا نی یە ومافی خۆیانە، بەڵكو ئەوەی گرنگە، دەبێت ئەو ناوەندەی كەپەخشی ریكلام دەكات، ڕەچاوی باری دەروونی هاونیشتمانیان و شێوازی ریكلامەكە و زانستی و واقیعبینی ریكلامەكە بكەن. چونكە  كۆمەڵگا ماندووە، تاك وخێزانەكان بەدەست دەیان دەردو گرفتی ژیانەوە دەناڵێنن، وەك بێكاری و هەژاری، هتد.

بەڵام ئەوەی تێبینی دەكرێت، ریكلام، زیاتر ئاراستەكردنە بۆ گۆڕینی حەزو خواستی بەكاربەران بەگشتی و حەزوهەڵسوكەوتی ژنان و منداڵان بەتایبەتی، لەم لایەنەوە كۆمپانیاكان بەباشی ئەم دەرفەتەیان قۆستووەتەوە وئامانجەكانیان بەدەستهێناوە.
هەربۆیە، گرنگە وەزارەتی ڕۆشنبیری هەرێم، بەهەماهەنگی وەزارەتەكانی بازرگانی و ناوخۆ، بەووردی دراسەی ئەم بابەتە بكەن، بەفلتەری لیژنەیەكی پسپۆڕی خاوەن ئەزمون، ریكلامەكان پاڵفتە بكەن.
لەلایەكی ترەوە، زۆر گرنگە ڕیكلامەكان، واقیعی بن، دوور بن لەهەڵخەڵەتاندنی بینەران و هاونیشتمانیان، تا كۆمەڵگا و تاكەكانی لەدەردی دەروونی و كۆمەڵایەتی وئابوری بەدوور بن.

بەداخەوە، تائێستا یاسای  پاراستنی مافی بەكاربەران، سەرەڕای پەسەندكردنی یاسای پاراستنی مافی بەكاربەری فیدڕاڵی، لەپەرلەمانی كوردستان، بەڵام لەهەرێمدا كارا نەكراوە وكاری پێ ناكرێت.
ئەوەشمان لەبیر نەچێت، لەم بوارەدا، هۆشیاری تاك و خێزان وكۆمەڵگا، پێویستییەكی گرنگە.

*ئابووریناس