فەرهەنگی كرانەوە و دور لەمەودای ناسیونالیستی.. هونەرمەندانی ئێرانی بەنمونە

4 مانگ پێش ئێستا

د. كۆسار رەشید
گۆرانی فۆلكلۆری كوردی (مینا، شیرینە سەوزە)، بەدەنگی هومایۆن شەجەریان . . . 

هومایون شەجەریان، گۆرانی بێژی خۆشەویست(محبوب)ی خەڵكانی ئێران و ناوداری فارس، دوو گۆرانی فۆلكلۆری كوردی بەزمانی كوردی دەچڕێت و بە خێرایش ئەم بەرهەمانەبڵاو دەبنەوە. 
ئاستی بەرزی چڕینی گۆرانیەكان لەڕووی زانستی موزیكەوە جێدەهێڵین بۆ موزیسیانان و لێكۆڵەرەوانی ئەوبوارە. (لەهەمان كاتیشدا هومایۆن هونەرمەندێك نییە ڕازی ببێت بەچڕینی بەرهەمێك ئەگەر دڵنیانەبێت لەبەرزترین پلەی زانستی هونەریدا پێشكەشی دەكات).
پرسیاری سەرەكی لێرەدا ئەوەیە، وەها گۆرانی بێژێكی ناودارو بەتوانا، كە ئێستە لەنێو هونەری گۆرانی و موزیكی فارسی لەهەرە بەتواناترینەكان هەژمار دەكرێت، دێت و لەناوجەرگەی ئێرانەوە بەزمانی كوردی گۆرانی كوردیمان بۆ دەچڕێت، لەكاتێكدا لە ووڵاتێكی وەكو توركیا ئەوەهیچ كەگۆرانی بێژێكی تورك ڕێگە بەخۆی نادات بەكوردی گورانی بڵێت، لەهەمان كاتیشدا ڕێگریش دەبن لەهونەرمەندە كوردەكانیش بەزمانی خۆیان گۆرانی بڵێن. (چیرۆكی هونەرمەند ئەحمەد كایا لە ڕابردودا بەنمونە). 
بەڵام لەنێو هونەرمەندانی ئێرانیدا ئەمە چەندین جارە دوبارە دەبێتەوەو بەشانازییەوە بەزمانی كوردی گۆرانی كوردی دەچڕن.
هەرلە شیرین شیرینە كەی هونەرمەندی كۆچ كردوو هایدەو شیرینە سەوزەكەی ئومیدو كراس كودەرییەكەی شەكیلاو ئەم بەرهەمانەی ئێستای هومایون و دەیان بەرهەمی دیكەی گۆرانی و موزیكی كوردی.
ئەم دوو بەرهەمەی هومایون بەزمانی كوردی بەشێكی زۆری فارسی زمانان و بگرە هونەرمەندە باڵاكانی ووڵاتی خۆیشی ناچار دەكات لێرەبەدوا زیاترو بگرە باشتریش گوێ لەگۆرانی و موزیكی كوردی بگرن و توێژەرانی هونەری و ناوەندە ئەكادیمیە موزیكیە كانیش لەو ووڵاتە توێژینەوەی چڕی زانستی لەموزیك و ستایڵە جیاوازەكانی موزیكی كوردیدا ئەنجام بدەن. 
لەهەمان كاتیشدا بەپامێكە بۆ دەسەڵاتی سیاسی كە فەرهەنگی كوردی نابێت فەرامۆش بكرێت.

كێن ئەوانەی لەپشت ئەم كارە مەزنەوە بوون؟
 دیارە ئەم دوو بەرهەمەیش(شیرینە سەوزە، مینا)، بە دەنگی هومایۆن، بەبێ هەوڵ و هیمەتی ستافێكی پڕ ووزەو عاشقی موزیك و فەرهەنگی كوردی لەكوردی خۆمان نەهاتۆتە بوون.
لەنمونەیان (فەلاح سەلاح، سەروەر قادر،  تاڤگە محەمەد). ئەوانە كەسانێكن شایانی ڕێزلێنانن، نابێت ئەم هەوڵە نادیدە بگیرێت . . . ئەم كارە كارێكی مەزنە كەئەم ستافە بەڕێزە پێی هەستان و هێناویانەتە بەرهەم. 

هەزاران جار دەستان خۆش بێت و بەردەوام تربن . . . ئێوە پێویستە هەبن لەو شوێنەی كە پێویستە تێیدابن . . . 

دواجار منیش ئەو شەرەفەم پێبڕا بەهاوكاری مامۆستا چیا هاوار، تێكستی گۆرانیەكان لەكوردی یەوە وەربگێڕمە سەرزمانی فارسی بۆتێگەیشتنی خودی هونەرمەند هومایون، لەمانای گۆرانییە كوردییەكان.