وەزعەكە شڕە، چۆن سنورێك بۆ ئەم شڕبونەی كایەی هونەرە دابنێین؟

4 مانگ پێش ئێستا

سەردەشت محمد
ئەوە بەتەنها دۆخی سیاسی و ئابوری نییە كە لەم هەرێمەدا بەدەست كۆمەڵێك بازرگانی بەناو بەرپرسەوە شڕبووە،بەڵكو ئەم شڕبونەی دۆخەسیاسییە پەلی كێشاوە بۆ كۆی كایەكانی ژیان و دەست بۆ هەركایەیەكی سیاسی كۆمەڵایەتی ئابوری هونەری هتد. دەبەیت دواجار بەوپەڕی نائومێدییەوە دەبێت پاشەوپاش بگەڕێیتە دواوە.

ڕەنگە دۆخی سیاسی یاخود ئابوری  ئەگەر تاڕادەیەكیش شڕبێت دواجار ئومێدێك هەبێت بۆئەوەی لەڕێگەی ئەنجامدانی چاكسازییەكی بنەڕەتییەوە بتوانرێت پاش ماندوبونێكی زۆر چاكبێتەوە و تاڕادەیەكی زۆر ئاسەواری ئەو بێسەر و بەری و شڕبونەی پێوە دیارنەبێ،بەڵام كاتێك ئەم بێسەر و بەری و شڕبونە دەگاتە كایەی هونەر،ئیدی  ئەبێت بەجدی نائومێدبین و ترس دامانبگرێت.

لەبەرئەوەی دەوترێت هونەر پێناسەی گەلانە، ئەگەر ئەم پێناسە بۆ هونەر پێناسەیەكی گونجاو و دروست بێت دەبێت بەڕاستی خەمبار بین،چونكە  ئێستا ئێمەی كورد ئیدی خاوەنی ئەو هونەرەنین كە بمانەوێت شانازی پێوەبكەین، چونكە ئێمە دوای دەیان ساڵ لەشانازیكردن بەوەی كە دوژمنانی كورد درێخیان نەكرد لەپلاندانان بۆ لەناوبردنمان ،توانیان سەدان ڕێگا تاقیبكەنەوە بۆ سڕینەوەمان،بەڵام ئێمە لەكەمترین بەرپەرچدانەوەماندا دەمانتوانی بەهونەرەكەمان ڕووبەڕوی دوژمنەكانمان ببینەوە.

مێژوو شاهیدی ئەوڕاستییە كە لەڕابردوودا هونەرمەندە ڕەسەنەكانی كورد لەڕێگەی هونەرەكانیانەوە چی خەباتێكییان كردووە لەوپێناوەدا، بەڵام ئێستا و دوای دەربازبون لەو هەموو پلان و سیاسەتانەی كەدادەنرا بۆ لەناوبردنمان،خۆمان هاتوین بەدەستی خۆمان  سیستمێكی پوچگەرایمان بۆ خۆمان دروستكردووە و ئیدی لەنێو ئەم سیستمە پوچەدا هەرڕۆژە و بەجۆرێك خەریكی شڕكردن و تەفروتوناكردنی هونەرین،هونەرمان بەدۆخێك گەیاندووە كەس گوێ لە هاواری هونەرمەندی ڕەسەن ناگرێت و هەمووان حەپەساوین بەدیار ئەم هەموو بەناو هونەرمەندانەی كە بەربونەتە گیانی هونەر. 

لەنوێترین هەوڵدا بۆ  تیرۆركردن و بێبایەخ كردن و وەلانانی  هونەری ڕەسەندا بڵاوبونەوەی دوێتێكی دوو بەناو هونەرمەندە كە نەئاواز و نەهۆنراوە و نەدابەشكردنی میوزیكەكەشیان جگە لەگاڵتەجارێك بەهونەر هەڵگری  هیچ ناوێكی دیكە نییە.

بۆیە لێرەوە ئەركی دەزگاكانی ڕاگەیاندن و خەمخۆرانی هونەر و تەنانەت ئەركی هەموو تاكێكی خەمخۆرە، خەمخۆر بەخاك و نەتەوە و ڕەسەنایەتی میللەتێكی خاوەن مێژوو كە دەبێت كۆدەنگییەك لەسەر ئەم سوكایەتی و بێڕێزیكردنە بەهونەر دروست بكرێت و چیدیكە ڕێگە بە بڵاوكردنەوەی ئەم گاڵتەكردنە بەهونەرە نەدرێت و حكومەت و وەزارەتی ڕۆشنبیری ناچاربكرێن بەسزادانی هەركەسێك كەبییەوێت بەناوی هونەرەوە سوكایەتی بەكایەی هونەربكات، ئیدی دەبێت  سنورێك بۆ ئەم شڕبونەی كایەی هونەرە دابنرێت.