عەرەبینە.. بگەڕێنەوە بۆ بن دەوار و كن حوشترەكانتان

29/08/2022

هەواریان، بیابانێكی چۆڵوهۆڵ بوو، قەومێك بوون، پێپەتی، كچیان زیندەبەچاڵ دەكرد و كە برسییەتی دەكەوتەوە، گۆشتی منداڵی خۆیان دەخوارد. كوڕی گەورەیان، ژنانی باوكی، وەك میراتی بۆ دەمایەوە، مێرد كە سەفەری دەكرد، ژنەكانی بە درەختێكەوە دەبەستەوە، تا دەگەڕایەوە. وەك ئاردی نێو دڕك وابوون، كەسیان متمانەی بەوی دیكەیان نەبوو، هەر بۆیان ڕەخسابا، پەلاماری ژن و ماڵی یەكیان دەدا. لەسەر حوشترێك، جەنگیان هەڵدەگیرساند و ئیدی جەنگ، لەم نەوەوە بۆ ئەو نەوە، دەپەڕییەوە.
ئەم خێڵ، تەرمی ئەو خێڵی ئەتك دەكرد، سەری بڕدراوی یەكدییان، بە دەروازەی شاردا هەڵدەواسی. لەسەر خۆڵ ڕۆ دەنیشتن، خۆڵیان دەكرد بە سەرین، دەڕییانە سەر خۆڵ و هەر بە خۆڵیش پاشەڵیان خاوێن دەكردەوە. گەر شاعیرێكیان تێدا هەڵكەوتبا، بە كافر نێوزەدیان دەكرد و خوێنیان دەحەڵاڵاند. خۆشەویستی لەكنیان قەدەغە و حەرام بوو، گوناهێك بوو، لێ خۆشبوونی نەبوو. پیاویان بە هیوای ئەوەی كوڕێكی قۆز و لێهاتووی ببێت، دەچوو پیاوێكی خانەدانی دەهێنا و بەری دەدایە ژنی خۆی. پیاویان لێ دەگەڕا برادەری میوانی، دەم بە مەمكی ژنییەوە بنێت، تا لە نامەحرەمەوە ببێتە مەحرەم. ئەوەیان پێ ئاسایی بوو، پیاو بە ناوگەڵ و سمتوكەفەڵی، كیژۆڵەیەك وادەی شووكردنی نەهاتبێت، كڵپە و بڵیسەی ئاڵۆشی دابمركێنێتەوە.
بە دزی و جەردەیی، بژێویی خۆیان دابین دەكرد، ئەوەیان پێ شەرم بوو كار بكەن، پێیان وابوو، جووتیاری و كرێكاری، ئیشی كۆیلە و كەنیزەكن. زانایان تێدا هەڵنەدەكەوت، ئیبن خەلدوون، خەڵكی تونس بوو، فارابی، لەودیو وڵاتی (نێوان دووزێ)وە هاتبوو، ڕازی، دەچووەوە سەر وڵاتی فارس، سیبەوەی، خەڵكی شیراز بوو، ئیبن سینا لە (بوخارا)وە سەری هەڵدا بوو، (غەزالی)یش لە نیساپوور لە دایك بووبوو.
مێ لەكنیان، بۆ ئەوەبوو خەتەنە بكرێت، كەنیزەك بێت، بە گچكەیی مارە بكرێت، دووان و سێیان و چواریان لێ بهێنرێت، سەرجێیی لەگەڵ سەدانیاندا بكرێت. مێ ئەگەر گچكە بووایە، بە نەرمەی ڕانی، خۆیان هێور دەكردەوە، بەڵام لێ نەدەگەڕان وەك سەردەمی جاهیلی، سەری ڕووت بێت، ئاخر دانەپۆشینی سەر، یەكێك بوو لە ئیشە پۆخڵەكانی شەیتان.
سەری زمان و بنی زمانیان هەر باسی سێكس بوو، سێكس هەست و نەستی داگیر كردبوون، كە حەزیان دەچووە سەر ژنێك، تا تاقەتیان دەچوو لەگەڵیدا جووت دەبوون، دواتر بە تۆمەتی زینا، بەردبارانیان دەكرد. سێكس هەر فیكری داگیر نەكردبوون، تێكەڵ بە ڕدێنیشیان بووبوو، فەتوایان زادەی ئەو چەپاندنە بوو، كە زەبری لە  شێخی ڕیشدرێژی ئارەزووبازیان وەشاندبوو.
كاتێك ئەوان لە (دۆڵی جنۆكە)دا، سەرقاڵی هۆنینەوەی چیرۆكی پڕوپووچ بوون، باپیرە گەورەكانی ئێمە، خەریكی دانانی یەكەمین دەستوور بوون بۆ مرۆڤایەتی. وەختێك ئەوان بۆ چارەسەری گەلێك نەخۆشی، پشتیان بە میزی حوشتر دەبەست، باپیرانی ئێمە لە جامی زیویندا، شەرابیان دەنۆشی. كە ئێمە شانۆمان هەبوو، كە ئێمە سەرقاڵی گوتوبێژی فیكری بووین، كە ئێمە خاوەنی كتێبخانە بووین، ئەوان هێشتا خوێندەواریان تێدا هەڵنەكەوتبوو. چونكە زەندەقیان لەو شارستانییە مەزنەی ئێمە هەمانبوو، چووبوو، هاتن و خاپووریان كرد.
ئەی عەرەبینە! زەریایەك لە وشە، بەشی باسكردنی شارستانیی ئێمە و دواكەوتووییی ئێوە ناكات. بگەڕێنەوە بۆ بن دەوار و كن حوشترەكانتان و لەم دونیا هێندەی پێتان خۆشە، ئاوێزانی ژن و كەنیزەك ببن و لەو دونیایش، لەشكری كوڕیژگە و حۆری، بە ڕیز وەستاون و بە پەرۆشەوە چاوەڕێتان دەكەن. بگەڕێنەوە بۆ بن دەوار و كن حوشترەكانتان! بگەڕێنەوە، چی دی نیشتمانی ئێمە پیس مەكەن!
نووسینی: سەیما‌ ئەلمەزووغی
و. حەمەسەعید حەسەن
*
 (*) سیما المزوغی، یا معشر الاعراب عودوا إلی خیامكم و إبلكم : هنا تونس 9 اذار٢٠١٢
(**) سەیما‌‌و ئەلمەزووغی: شاعیر و نووسەر و چالاكی بواری ژنانە، ساڵی١٩٨٤ لە تونس لە دایك بووە، ماستەری لە زمان و ئەدەبی چینیدا هەیە. 
(***) كوڕیژگە: غولام.