خۆكوشتن، سەمپتۆمێكی هەمیشەیی

3 مانگ پێش ئێستا

وەلید عومەر
یەك ڕۆژ؟
دانانی یەك ڕۆژ بۆ یادێك: مانای سیمبوڵە، چڕكردنەوەیە، نەك ئەزموونكردن. شتی سیمبوڵی بۆ ئەزموونكردن نیە. یەك ڕۆژ نوێنەری هەموو ڕۆژەكانی تری ساڵە. ئەوە ڕاستە كە ئەم ڕۆژە شتێكی ڕۆتینی و فۆرماڵ(شكڵی)یە، فۆرمی ڕووتە، ئاماژەیەكی ڕواڵەتییە بە كێشەكە و بەس. ئەو گلەییە باوەی كە زۆرجار دەرهەق بە یاد/ڕۆژە جیهانییەكان دەكرێن، ئەو ڕاستییە شاراوەیە لەبەرچاودەگرن كە مۆدێرنە شارستانییەتی سەردێڕەكانە. هەر یادەڕۆژێك سەردێڕێكە بۆ قەیرانێك. كاتێك دەوترێت عەشق لە یەك ڕۆژدا جێی نابێتەوە، درووستە، بەڵام ژیانی مۆدێرن لە یەك ڕۆژدا بیرماندەخاتەوە(ڤاڵانتاین)، كە عەشق چیدی لەناو زەمەنی مۆدێرندا ئەرك و پۆڵێنی تری هەیە. بۆیە دانانی ڕۆژی ساڵ، ڕەنگە لە سرووتەكانی مۆدێرنە بێت بۆ ئەوەی مرۆڤەكان ١) لە جیهانێكی هاوبەشدا دەژین ٢) مۆدێرنە، بە لێكەوتە جیاوازەكانیەوە، ڕووداوێكی گەردوونییە ٣) یاد و ساڵیاد و ڕۆژیاد، ئاماژەیە بۆ قەیرانێكی مۆدێرنیش. ئەم دیاردانە پێش مۆدێرنەش هەبوون، بەڵام لە مۆدێرنەدا گشتگیر و گرژگیر دەبنەوە. لە مۆدێرنەدا، هەموو بۆنەیەكی ئاسایی ئەو ئەگەرەی لەخۆیدا هەڵگرتووە وەرگەڕێت بۆ قەیرانێك و گرژییەكی سیستەماتیك. یادەكان، ناوێكی تری قەیرانن لە ژیانی مۆدێرنی مرۆڤدا. پرسی خۆكوشتن، جیا لەوەی بەدرێژایی مێژوو، هەڵبەزودابەزی زۆری بەخۆوە بینیوە، بەڵام لە مۆدێرنەدا دەبێتە قەیرانێك و سەرەنجام یادێكی یەك‌ڕۆژەی «ڕۆتینی»ـی بۆ دەستنیشاندەكرێت. شتە بونیادی و بنەڕەتییەكانی ژیانی مرۆڤ، وردەوردە لە مۆدێرنەدا هەم دەبنە یادێكی جیهانی، هەم دەبنە ناو بۆ قەیرانێكیش: ڕۆژی جیهانیی كرێكار، شێرپەنجە، دەرووندرووستی، ژنان، گەنجان، زمانی زگماك، باوكان و هتد. گەر سەیری ڕۆژی باوكان بكەین، گوزارشتە لە قەیرانێك لەنێوان مناڵان و باوكدا: بەر لە مۆدێرنە، كۆمەڵێك ڕێسای خۆجێی و لۆكاڵ هەبوون كە بەبێ دەربڕینی ئاشكرا لەلایەن ڕۆڵەكانەوە جێبەجێدەكران، بەڵام لە مۆدێرنەدا ئەم ئۆتۆریتە و دەسەڵاتە باوكانەیە وەردەگەڕێت بۆ قەیرانێك و بەجیهانی دەبێتەوە. مۆدێرنە گەر لە ئاستی درووشم و فۆرمیشدا بێت، خۆی دەگەیەنێتە دەڤەرە دوورەكان و یاد و یادەوەریی هاوبەش دەخوڵقێنێت. هەندێك لەم «ڕۆژ»ـانەش گەرچی یادكردنەوەی ڕووت نین و بۆ بەرەنگاربوونەوەن، بەڵام لانیكەم قەیرانمان یاددەخەنەوە. ڕۆژێك بۆ بەرگرتن بە خۆكوشتن، یەكێكە لەم یاد/قەیرانانە.  

 خۆكوشتن وەك بونیاد
خۆكوشتن(Suicide)، لە ئاستی تاك و كۆشدا هەمیشە خۆی دووبارەدەكاتەوە و ڕوودەداتەوە. وەك تاكەكەس، بیرۆكەی "خۆكوشتن" لە ژیانی هەر مرۆڤێكدا، پاش تێپەڕینی تەمەنێك دەڕسكێت. مرۆڤ سەرەتا لەدایكدەبێت و بڕێك دەژی و ئارەزوودەكات، بەڵام لەپڕ "بنبەست"ێك لەبەردەم ئارەزوویدا سەوزدەبێت و كەسەكە بۆ یەكەمجار بیر لە خاڵی پێچەوانەی ژیان دەكاتەوە، بەر ئاگاییەكی نوێ دەكەوێت و تێدەگات ژیان دەتوانێت بە هەمان گوژمەوە بەسەر ئەودا هەڵگەڕێتەوە. وەك كۆش، خۆكوشتن بونیاد(structure)ـە، لەپشت هەموو قۆناغەكان و گوتارەكانی ژیانكردن و هۆكارە بێشومارەكانەوە، خۆكوشتن هەر هەبووە. بەر لە مۆدێرن و دوای مۆدێرنەش، هەر بەشێكی پێكهێنەر بووە لە ژیانی مرۆڤ. بەڵام بەو پێیەی خۆكوشتن چەپێنراوێكی بەزەبر بووە، ئیتر بیرمانچووەتەوە كە بونیادە. پێناچێت لەم تایپە باوەی مرۆڤدا، خۆكوشتن بكرێتەدەرەوە، بەڵام دەشێت كەمبكرێتەوە. بونیاد، ڕێسایەكی شاراوەیە كە هێند خۆی دووبارەدەكاتەوە كە زۆر سەرنجمان ناچێتە سەری. وێڕای ئەمەش، خۆكوشتن ئاوارتەیەكە، بەشێكە لە ڕێسا/دیاردەیەكی گەورەتر كە ناوی ژیانە. ژیان سەرتاپا ژیان نیە، بۆیە ئەگەرەكانی مەرگ و مەرگی خۆویستانەش هەمووكات هەن. گەر لە خۆبەختكردن بگەڕێین كە فۆرمێكی دێرینی خۆكوژییە، ئەوا تەنانەت زۆر مەرگی ئاسایی هەن بەپێی دەروونشیكاری بریتیین لە خۆكوژیی نەستەكی، مردنێكن نائاگایی ئێمە هەڵیبژاردوون بۆ نمونە: هەندێك ڕووداوی ئۆتۆمبێل، كەوتنەخوار لە هەڵدێرێك، خۆشلكردن بۆ برینێك، گەمەكردنی جارناجار بە چەك و هتد. كەواتە خۆكوشتن وەك بونیاد، ڕاستییەكی سادەیە. بەتایبەت گەر بێتو پاڵنەری مەرگ(Death drive) وەك تاكە پاڵنەری ڕیشەیی ژێر هەموو چالاكییە مرۆییەكان وەربگرین. بەپێی ئەم پاڵنەرە، مرۆڤ ناتوانێت پڕاوپڕ بژی، بەڵام ناشتوانێت هەروا ئاسان بمرێت و خۆی بكوژێت، خۆكوژییەكە بەسەر چالاكییەكانیدا دابەشدەبێت و دوادەخرێت.

هەر بۆیە پرسیارێكی سەیرتر بەپێی دەروونشیكاری ئەوەیە كە چی دەبێت ژیان خۆیشی تێكڕا و لە گۆشەنیگایەكی تیۆریی تایبەتەوە بریتی بێت لە «خۆكوژییەك»؟
بەپێی فرۆید، مەرگی ئاسایی(نۆرماڵ)‌یش هەر خۆكوژییە بەڵام لە كەوڵێكی ساختەدا. ئێمە گەر لە پیرییشدا بمرین، هێشتا جۆرێكە لە پچڕان و وەستان. بۆچی ناتوانین تا ناكۆتا بڕۆین و نەمرین؟ دیارە وەڵامە بایۆلۆژییەكە ڕوونە، بەڵام مەبەستی فرۆید واوەتر دەڕوات: بۆچی مرۆڤ تەنانەت لەڕووی بایۆلۆژییشەوە نەمر نەبوو؟ كەواتە بەپێی واقیعی حاڵ، مەرگ خۆكوژییەكی ناڕاستەوخۆیە بەسەر ئەم زیندەوەرەدا دێت. ئەم بوونەوەرە تا گەیشتووە بەم ئاست و تایپەی ژیان، بەدرێژایی ملیۆنان ساڵ مردووە و مردووەتەوە، كە مردووە ویستێكی ناچاری هەبووە بۆ ئەو دۆخە بگەڕێت كە ئەم تالێهاتنەی تیا نەبێت كە ناوی ژیانە. لە مەرگی نۆرماڵیشدا، ویستێكی ناچاریی درێژخایەن هەیە كە مرۆڤ بمرێت. بۆیە سنوری مەرگی نۆرماڵ و خۆكوشتن، سنورێكی تەواو جەوهەری و نەگۆڕ نیە.

ساڵانە نزیكەی ملیۆنێك كەس لەسەر ئەم هەسارەیە خۆیان دەكوژن. گەر لەناو ژیانی مرۆڤەكانەوە سەیری ئەم ڕووداوە بكەیت، ناسرووشتی دەردەكەوێت چونكە دەبێت ژیان تا كۆتایی بڕوات و پەیژەكانی تەمەن ببڕێت. بەڵام گەر لە دەرەوەی ژیانی مرۆڤەوە سەیری بكەیت، پاشهاتێكی سرووشتییە، بوونەوەرێك بەڕێكەوت لەدایكبووە و بەڕێكەوتیش كۆتایی بە ژیانی خۆی دێنێت. گەرچی لە خۆكوشتندا ئیرادە كاردەكات بەڵام لەكۆدا لەشمان سرووشتییە و دەبێتەوە بە بەشێك لە سرووشت. خۆكوشتن تەنیا پیشاندانی جۆرێك ئیرادەیە لەو نێوانەدا. ئەمە ساكارترین وێنای خۆكوشتنە، بەڵام بڕێك ئاڵۆزتریشە: ئاشكرایە خۆكوشتن هەنگاوێك كاری سرووشت خێراتر دەكاتەوە و مەرگ دەگۆڕێت بۆ ڕووداوێكی كردەكی(ئەكچواڵ-فیعلی). ئێمە هەر دەمرین، هەر سرووشتیش كۆتا خاڵ دادەنێت، بەڵام لە خۆكوشتندا ئەو ژێستە جێدەمێنێت كە ئێمە تۆزێك پێشی سرووشتمان داوەتەوە. دەسەڵاتێكمان نواندووە كە مرۆیی و زاتییە. بەڵام گەر لە گۆشەیەكی ترەوە سەیربكەین، ئەوا تێدەگەین لێرەشدا چووینەتە خزمەتی سرووشتەوە. لە هەردوو بارەكەدا، مردنی سرووشتی و مردنی خۆكرد، هەر سرووشت بەشدارە بەڵام لە دوو دۆخی بەڕواڵەت جیاوازدا. پێدەچێت ڕقی دین و ئایدۆلۆژیاكان لە خۆكوشتن هەر ئەوە بیت كە مرۆڤ دەسەڵاتی سرووشت پشتڕاستدەكاتەوە. هەتا كاتێك كە تۆمای ئەكوینی، تیۆلۆگی مەسیحی، خۆكوشتن بە پێچەوانەی یاساكانی سرووشت دادەنێت، مەبەستی لە سرووشتێكی خواكرد و بارگاوییە بە خواوەند، گەرنا سرووشت خەسڵەتێكی دڕە و لە هەناوماندا ئیشدەكات. سرووشت بەجۆرێك دەبەزێنرێت، بەڵام لەناونابرێت، خۆكوشتن بە ڕێژەیەك پەیوەندیی بە سرووشتیشەوە هەیە وەك بونیادێكی قایم.

 سێ وێستگەی كورت
 گەر لەسەر مێژووی فەلسەفە بوەستین، چەند بڕگەیەكی دیاریكراومان هەیە ڕاستەوخۆ قسە لەسەر خۆكوشتن دەكەن. لە فیكری مۆدێرندا، دەتوانین بەخێرایی لەسەر سێ بڕگە بوەستین كە بریتیین لە بڕگەی ٧٠ـی كتێبی "ڕەگەزەكانی فەلسەفەی ماف"ـی هیگڵ، بڕگەی ٦٩ـی ناو كتێبی "جیهان وەك ویست و نواندنەوە"ـی شۆپنهاوەر، بەندی ژمارە ١٥٧ـی ناو كتێبی "لەودیو چاكە و خراپە"ـی نیچەوە.

لای هیگڵ و بەپێی ئەم بەندە فەلسەفییە، ژیان بریتییە لە كۆیەتیی گشتگیرانەی چالاكیی دەرەكی (comprehensive totality of external activity). ئەم چوار وشەیە، لە فەلسەفەی هیگڵدا هەریەكە و سەنگ و مانای خۆی هەیە. لێرەدا و بەسەریەكەوە واتە ژیان كۆیەكی گشتگیرە، هەموو شت لەخۆدەگرێت، ئەم كۆیە لە بزووتن و چالاكبووندایە و جارێك بەنێو شتەكاندا دەڕوات و جارێكیش لە دەرەوەی ئەوان دەمێنێتەوە. ژیان كۆیەكی نائارامە و بەردەوام خۆی فیعلی و كردەكی دەكاتەوە. جا لەوێوە كە پەیوەندیی بە پەیوەندیی ژیان و مرۆڤەوە هەیە، ژیان دیاردەیەكی دەرەكی نیە بۆ مرۆڤ، بەڵكو بەناو مرۆڤدا دەڕوات، ژیان بریتییە لە كەسەكە خۆی، یان بەپێی زمانی هیگڵ خۆی ژیان «ڕاستەوخۆ و بێ‌میدیۆم»( immediate)ـە. گەر مرۆڤ ژیان لەدەستبدات، شتێكی دەرەكیی لەدەستنەداوە بەڵكو خودی خۆی لەدەستداوە. مرۆڤ و ژیان، توندوتۆڵ بەیەكداچوون. جەستەی ئەو، ساتی كردەكیبوونەوەی ژیانیشە. گەر ژیان ڕاستەوخۆ بێت بۆ مرۆڤ، ئەوا مەرگیش نەفییەكی ڕاستەوخۆیە بۆی. مەرگ لە دەرەوەڕا دێت، ئیدی هۆكارەكە سرووشت بێت یان كوژران بێت بە دەستی بێگانەیەك یاخۆ هەڵبژاردنی مردن بێت لەپێناو ئایدیادا. هەر ئەم كۆیەی وا ناوی ژیانە، كۆیەكی ئەخلاقی(ethical whole)یشە بۆ مرۆڤ، ناكرێت مرۆڤ لەخۆوە و بۆ خۆشی خۆی بكوژێت. ژیانی تاكەكەس، بەشێكە لە كۆیەكی ئەخلاقی، ئیدی ئەو كۆیە جڤاتێكی سادە بێت یان دەوڵەتێك و دەوڵەتشارێك. دیدی هیگڵ بۆ خۆكوشتن دابڕاو نیە لە دیدی یۆنانی بۆ پەیوەندیی خۆكوشتن و ئەخلاق.

هیگڵ بەو پێیەی فەیلەسوفێكی كۆگەرایە، و شتەكان لە پەیوەندییەكی ئۆرگانییدا بە یەكترەوە دەخوێنێتەوە، ئەوا خۆكوشتن بە كردارێكی ئاكاری و ئاسایی دانانێت. مرۆڤ لەناو كۆی جڤاتدا، ئەرك و مافی هەیە. لەم ڕووەوە خۆكوشتن، پارادۆكس درووستدەكات. تاك مافی ئەوەی نیە خۆی بكوژێت، چونكە سەروەری ژیانی خۆی نیە، ژیان شتێك/ئۆبێكتێك نیە كەوتبێتە دەرەوەیە، بەڵكو ڕاستەوخۆ بریتییە لە كەسەكە خۆی. ژیان لەناو ئەودا بەشەكی نیە، گشتەكییشە، نوێنەرەوەی كۆ و بەشە پێكەوە بۆیە ناتوانێت وەك بەشێكی داخراو ئەو مافە بداتە خۆی، خۆی بكوژێت. ڕەنگە خۆكوژی بەدابڕاوی وەك كردەیەكی پاڵەوانانە دەربكەوێت(لە چەشنی خۆسوتاندنی هەركل یان خۆكوشتنی بروتووس)، بەڵام وەك مافێكی سادە و بنەڕەتی، مرۆڤ مافی ئەوەی نیە خۆی لەناوببات. هیگڵ دەڵێت لە خۆكوشتنی ئاساییدا، جۆرێك ئازایەتی بەدیدەكرێت، بەڵام ئەم ئازایەتییە هەروەكو هی خۆكوشتنی كارەكەران و بەرگدووران نزمە؛ هەر لەم بڕگەیەدا هیگڵ ڕستەیەكی سەربەخۆش دەڵێت كە جێی ڕامانە، ئەوەی كە خۆكوشتن چارەڕەشییە و گوزارشتە لە پشێوییەكی ناوەكی. بەكورتییەكەی، مادام كۆمەڵگا لای هیگڵ كۆمەڵێك بەشی پێكەوەبەستراون ئەوا خۆكوشتن كردەیەكی پچڕاو و خۆبەخۆ نیە و دەرەنجامی نەرێنیی هەیە. جەستەی ئێمە نیە قەوارەیەك گۆشتی دابڕاو نیە بیدەینە دەم مەرگەوە، بەڵكو كیانێكی چڕە لە بەها و پەیوەندی بە كۆمەڵەوە.

شۆپنهاوەر، وەك هیگڵ خۆكوشتن نابەستێت بە كۆیەكی ئەخلاقیی وەك كۆمەڵگاوە، بەڵكو دەیبەستێت بە پرسی ویست(will)ـەوە. لای شۆپنهاوەر، بنكی ژیان ویستە، هەموو لا هەر ویستە، هیچ جووڵەیەكی دەرەكی و ناوەكی نیە بەرهەمی ویست نەبێت. ویست دەوریداوین، جۆرێكە لە بزوێنەری بنەڕەتی، جۆرێك لە میتافیزیك(میتافیزیكی ویست). لای شۆپنهاوەر، خۆكوشتن كردەیەكی ڕادیكاڵ نیە؛ چونكە ناتوانێت بەسەر ویستدا زاڵ ببێت. سادەتر بیڵێین، ویست وەك ئەژدیهایەك وایە واز لە مرۆڤ ناهێنێت، بۆیە كردەی ڕادیكاڵ بۆ مرۆڤ ئەوەیە نكۆڵی لە ویست بكات. هەر چركەیەك كە دەژین، پشتڕاستكردنەوەی ویستە. ویست، كۆتایی نایەت. خۆكوشتن بۆیە ڕادیكاڵ نیە، چونكە خۆیشمان بكوژین ئەوا هەر ویست پشتڕاستدەكەینەوە. ئەو كەسەی خۆی دەكوژێت ناتوانێت لە سنوری ویست دەربچێت، بەڵكو دان بە ویست‌دا دەنێتەوە. ویست لەڕووی میتافیزیكییەوە هەمان پێگەی نۆمینە(شت لەخۆیدا)ـی كانتی هەیە، شتەكانی تری نێو جیهانیش پێگەی فینۆمینە. نۆمینە ئەو ڕووبەرەی بوونە كە درك و عەقڵی ئێمە نایگاتێ، مەحاڵێكە بۆ ناسین، فینۆمینەش ڕووكاری دەرەوەی شتەكانە كە خەریكین ئەزموونیاندەكەین و بەردەستن. بۆیە هەر كردەیەك نەتوانێت نكۆڵی لە نۆمینە بكات، ئەوا تەنیا بە فینۆمینەوە دەگیرسێتەوە و بەسەر نۆمینە و ویستدا زاڵ نابێت. خۆكوشتن، بەپێی شۆپنهاوەر تەنیا خۆلادانە لە چێژەكانی ژیان نەك خەم و ناسۆرییەكانی. ئینكارییە لە شتانی بەردەست نەك ویست كە بزوێنەری پشت شتەكانیشە. بە مانایەكی تر، لە خۆكوشتندا تەنیا فینۆمینەی تاك(individual phenomenon) وێراندەبێت، نەك نۆمینە و ویست. لە خۆكوشتندا، ویست ناكەوێتە ژێر كاریگەرییەوە، بەڵكو تەنیا ڕواڵەتەكەی لەناودەچێت كە لەم حاڵەتەدا جەستەیە. شۆپنهاوەر پەیوەندیی ویست و خۆكوشتن، دەچوێنێت بە پەیوەندیی ئەو دڵۆپە ئاوانەی كە بۆ ساتێكی كورت پەلكەزێڕینە دەگۆڕن، بەڵام ئەو یەكسەر دەچێتەوە جێی خۆی. یان كەسی خۆكوشتوو دەچوێنێت بەو نەخۆشەی نەشتەرگەریی كردووە و چاوەڕێ نیە تا كۆتایی بڕوات و چاك بێتەوە(چونكە ژیان وەك نەخۆشی و نەشتەرگەرییەك وایە دەبێـ لەگەڵی بڕۆیت نەك بیپچڕیت). خۆكوژ، شەڕی میتافیزیكی ویستی پێ ناكرێت؛ مەگەر لەڕێی كوێركردنەوەی ویستەوە بەهۆی ئەفراندنی هونەری و فیكرییەوە، یان وەك زاهیدێك كە لەڕێی زوهدەوە و بەهۆی لەشی خۆیەوە نكۆڵی لە ویست دەكات و سەرەنجام دەمرێت. خۆكوشتن، جۆرێك لە خۆفریودانە لەبری ئەوەی ویست وەك بنەڕەتێكی میتافیزیكی فریوبدرێت. بۆیە شۆپنهاوەر، گەرچی وەك ڕەشبینێك ناسراوە، بەڵام ڕەشبینییەكەی ئەو داكۆكی لە خۆكوشتن ناكات(هەتا نوسەرێكی دیاری وەك ئەلبێر كامۆ، لە كتێبی ئوستورەی سیزیفدا، تووشی بەدحاڵیبوونێكی لەم جۆرە دەبێت دەرهەق بە فەلسەفەی شۆپنهاوەر[1]).

سەبارەت بە نیچەش، دیدێكی زۆر ڕوون نابینینەوە ئاخۆ ڕەوایەتیی بە خۆكوشتن داوە یان نا، بەڵام لەو ڕستە پچڕپچڕانەوە كە لە دەقەكانیدا جێی‌هێشتووە تێدەگەین ئەو توندگیرییەی هیگڵ و ئەفلاتوون و ئەرستۆی نیە دەرهەق بە خۆكوشتن، چونكە نیچە پتر پێداگری لەسەر تاك دەكات تا كۆ. ئەو بە نەغمەیەكی ئەگزیستانسیالیستی(بوونگەرایانە)یەوە باسی "مەرگی ئازاد" دەكات كە مافی خۆڕسكی هەر مرۆڤێكە. ژیان بریتییە لە ویستی هێز، هەندێجاریش خۆكوشتن لە هێزەوە دێت نەك لاوازی. نیچە ڕاستەوخۆ ستایشی مەرگ و خۆكوشتن ناكات، بەڵام وەك مەسیحییەتیش بێزەونی ناكات. ئەمڕۆ كە باسی ئەتانازیا یان مەرگی خۆویستانە دەكرێت، سود لە ڕوانگەی نیچەش وەردەگیرێت. لە "زەردەشت وای وت"دا، نیچە پێی گرنگ نیە مرۆ درەنگ دەمرێت یان زوو، گرنگ ئەوەیە لە كاتی خۆیدا بمرێت. نابێت ناوەخت بمریت، دەبێت لە وەختی خۆیدا بمریت، ئیدی گەر بێتو خۆكوژییشی تێبكەوێت. نابێت ژیان بكرێتە قەرزێكی گوناهبار، هەركات مرۆ لاواز و نەخۆش داگەڕا و ژیانی گەندەڵكرد، باشترە خۆی بكوژێت. لێرەدا ڕستەیەكی دیاریكراوی نیچە وەردەگرین كە زۆرجار بە كەمێك تەمومژەوە دەوترێتەوە؛ نیچە باسی ئەوە دەكات «بیری خۆكوشتن دەتوانێت شەوەهای شەو بۆ مرۆڤ ڕۆشنبكاتەوە».

 نیچە لەم وتەیەدا، ڕەنگدانەوەی پۆزەتیڤی بیری خۆكوشتن، لەسەر ژیان ڕووندەكاتەوە. هەر ئەوەی مرۆڤ دەتوانێت بیر لە خۆكوژی بكاتەوە، ئیتر ژیان لەلاوە دەڕەخسێت. واتە بیركردنەوە لە مەرگ(ێك كە تەنانەت خۆیشت دەتوانیت بیخوڵقێنیت)، باری ژیان سووكدەكات و خودی بیركردنەوەكە جۆرێك لە مۆتیڤی ژیانكردن درووستدەكات. بەئاسانی دەتوانین سێ ئەنجام لەم وتەیەوە دەركێشین:

یەك، مادام خۆكوژی هەیە، دەتوانین كەمێك زیاتر بژین. دەشێت ئەم "كەمێك زیاتر"ـە، زۆر زیاتر بێت، تەمەنێك ڕابكێشرێت. مەرگ دەبێتە یەكێك لە هەڵبژاردنەكانی مرۆڤ. لێرەشەوە ئەو گوزارە ببێتە ژێرخانی ژیانی مرۆڤ كە: من دەتوانم خۆم بكوژم، بۆیە دەتوانم هەبم. بە دەربڕینێكی تر، ژیان پێویستی بە شۆكێكی لە خۆی زیاترە بۆ ئەوەی بەردەوامیی هەبێت.

دوو، مرۆڤ بوونەوەرێكە دەتوانێت خەیاڵ بە مەرگی خۆیەوە بكات، خۆكوشتنی خۆی وێنابكات و چەشنی چیرۆكێك لێی ڕامێنێت و سەرنجی لەسەر كردەی كوشتنەكە لابچێت. مرۆ، خۆی دەكات بە ئەویتر، ئەوێكی تر كە هەر خۆیەتی بەڵام مردووە. چێژوەرگرتن لە چیرۆكی مەرگ، زۆرجار ژیانی خەڵكێكی زۆر ڕادەگرێت.

سێ: بڵندكردنەوەی خودئاگایانەی مەرگ بۆ ژیان، واتە گۆڕینی دۆخی مەرگ بۆ دۆخی ژیانكردن لەڕێی مەرگەوە، ئاوەژووكردنەوەی ئامانج بۆ ئامراز(گۆڕینی خۆكوشتن بۆ ژیانكردن). مرۆڤ دەتوانێت ئاگایانە مەرگی خۆی وەك بیرۆكەیەك بگۆڕێت بۆ ژیانكردن. لە وتەكەدا ئەو شەوانەی وا بەهۆی بیری خۆكوشتنەوە ڕووناكدەبنەوە، شەوانێكی ئاسایی نین وەك شەوەكانی تر، بەڵكو شەوانێكی جیاواز و ئاوارتەن. شەوانێكن بەهۆی شتێكی نائاساییەوە ڕووناك بوونەتەوە كە مەرگ و خۆكوژییە. بەهۆی پێچەوانەكردنەوەی وزەیەكەوە ڕووناكبوونەتەوە كە وزەی مەرگە. پووچەڵكردنەوەی گوژمێكی نەفیكارە كە نەفیبوونەكەی ئەزمووندەكەین.

 پارادۆكسی هۆكارەكان
مرۆڤ بۆچی خۆی دەكوژێت، پرسیارێكی گشتی و وجودییە، بۆیە هۆكارەكەی هەرچی بێت ئەوا یەكسان نیە بەو شاهۆكارە ئۆنتۆلۆژییەی كە ژیان و مەرگ هیچیان مانایەكی بنەڕەتییان بۆ مرۆڤ نیە(ئەوە دواتر مانایان پێ دەدرێت). بە مانایەكی تر، ئێمە لەبەر هۆكارێكی بەشەكی(جزئی) خۆمان بكوژین، ئەوا لەكۆتاییەوە دەلكێت بەو هۆكارە گشتەكییەوە كە ژیان بە زاتی خۆی مانای نیە. هۆكاری دەروونی و سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابوری و هتد، هەموویان هۆكاری بەشەكیین، ژیانیش خۆی كە بەتەواوی ناتوانێت مرۆڤ ڕازی بكات هۆكارە گەورە و گشتەكییەكەیە. گەر ئەو گرفتانەش بۆ مرۆڤ نەیەنەپێش، ئەوا ئارەزووی مرۆڤ لەقووڵاییدا بە دۆخی باو ڕازی نابێت. ئارەزوو، تەنیا بە مەرگ پڕدەبێتەوە. تەنانەت لە سیستەمێكی سیاسی و كۆمەڵایەتیی باڵاشدا مرۆڤ بەدەر نابێت لە ئەگەرەكانی خۆلەناوبردن. كێشەی مانا و بەها و عەشق و ئیرەیی و تەنانەت خودی مەرگیش هەمیشە زەمینەی خۆكوشتنن. جار هەیە ترس لە خودی مەرگ، وادەكات كەسێك مەرگ هەڵبژێرێت. واتە دەشێت مەرگ خۆی هۆكاری خۆی بێت.

دیسان هۆكارە بابەتی و دەرەكییەكان، لە كەسێكەوە بۆ كەسێكی تر قورسایی خۆی هەیە. ڕاستە هەمیشە كۆمەڵێك هۆی بابەتی و دەرەكی هەن بۆ خۆكوشتن، بەڵام وێڕای ئەمانەش هۆیەكی تایبەت(زاتی و سوبێكتیڤ) دەمێنێتەوە كە تایبەتە بە كەسەكە خۆی، پنتێكە كەسی تر ناتوانێت وێنای بكات، بنبەستێكە بەس ئەو كەسە خۆی ئەزموونی دەكات. پێموایە هۆكارە بابەتییەكان ناوی ناچاریین، گەرنا ئەو بنكە هۆكارە چڕەی كە لای كەسەكە خۆی دەمێنێتەوە هۆی یەكلاكەرەوەیە. زۆرجار هەمان هۆكار بەسەر چەند كەسێكدا دێت، بەڵام هەمووشیان وەكو یەكتر خۆیان ناكوژن. ژیانی هەركەسێك، زنجیرەیەكی زاتییە لە هۆ و ئەنجام كە بەتەواوی لە هی كەسێكی تر ناچێت. بەڵام مادام مرۆڤ لەگەڵ ئەوانیتردا دەژی، ئەوا دەشێت هەژماری جدی لەسەر سیستەمی كۆمەڵایەتی و كەلتوری بكرێت.  

سیستەمیش تەنیا نان نیە، بەڵكو سازكردنی مانا و خەونیشە بۆ مرۆڤ. بۆیە ئەو خۆكوژییانەی كە بە وتەی خەڵك بەرهەمی زێدە-خۆشگوزەرانیین، ئەوا دەیسەلمێنن مرۆڤ هەر بە نان ناژی. مرۆڤ، بوونەوەرێكی ڕەمزی-فەنتازییە و "نان" لەناو ئەو سیستەمە ڕەمزی و فەنتازییەی خۆیدا جێدەكاتەوە. هەركات گەیشتە بنبەست، ئیتر مادە و نان بە هانایەوە نایەن. كە دەوترێت لە خۆشییدا خۆیان دەكوژن، تەنیا مەبەست خۆشی و خۆشگوزەرانیی مادییە، گەرنا ئەوان لە ناخۆشی و هەژارییەكی فەنتازی‌دا دەژین. مرۆڤ بێ وێنە و فەنتازیا ناژی، بەبێ ئەو وێنە گشتگیرەی كە پەیوەندیی ئەو و واقیع ڕێكدەخات. ڕەنگە هەڵە نەبین گەر بڵێین مرۆڤ لەڕێی وێنەیەك/ناوێكەوە، پەیوەندیی خۆی بە واقیعەوە ڕێكدەخات. هیگڵ و نیچە كۆكن لەسەر ئەوەی كە مرۆ هەندێجار لەپێناوی "ناو"ـی خۆی، ژیانی خۆی دەخاتە مەترسییەوە. ئەفلاتونیش چوار مەرجی ناچاریی لێ دەربچێت، كەسی خۆكوژ بە كەسێكی ترسنۆك دادەنێت كە نابێت گڵكۆكەشی "ناو و نیشان"یشی هەبێت.

لای ئێمە...
ترازانی كۆمەڵگا لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر، بۆنمونە لە نەریتەوە بۆ مۆدێرنە، زۆرجار برەو بە خۆكوشتن دەدات؛ چونكە مرۆی ناو ئەو كەلتورانە هەست بە نامۆیی و ونكردنی شوناس و جووت‌كارەكتەری دەكەن. كەرتبوونی مێژوویەك، كەرتبوونی ئەوانیشی لێ دەكەوێتەوە. هەتا لە ژیانی شەخسیی مرۆڤەكانیشدا، جار هەیە پەڕینەوە لە قۆناغێكەوە بۆ قۆناغێكی تر، بۆنمونە لە مناڵییەوە بۆ گەنجی سەردەكێشێت بۆ خۆكوشتن، چونكە چەقینێكی نۆستالیژی هەیە ناهێڵێت مرۆف خۆی بەپێی قۆناغە تازەكە دابڕێژێتەوە.

وێڕای كۆمەڵێك تایبەتمەندییەك، كەلتوری ئێمە چەندین سەدە لە بن هەژموونی كەلتوری ئیسلامییدا بووە. كەلتوری ئیسلامی، كەلتورێكی دنیایی نیە، زەمەن بۆ ئەو سەروو-دونیاییە و ژیان لە ئاخیرەتدایە. خوداش، بەڕەهایی ژیان و مەرگی بەدەستەوەیە. بۆیە بەپێی ئیسلام، خۆكوشتن گوناهێكی گەورەیە. چونكە بەشێوەیەكی زیمنی و شاراوە، خۆكوشتن دەستكاریكردنی ئیشی خوایە. مردن و مراندن ئیشی خوایە نەك بەندە. بە مانایەكی دەروونشیكارانە، خۆكوشتن ئەویتری گەورە(the big Other) هەڵدەوەشێنێتەوە، ناتوانین چیدی دەسەڵاتی ئەویتری گەورە بەهەند وەربگرین. كاتێك مسوڵمانێك خۆی دەكوژێت، پرسی قەدەریش هەڵدەوەشێتەوە، لەو حاڵەتەدا نەبێت كە هێشتاش لادان لە قەدەری خوا بەشێكە لە قەدەری خوا(و كەسی خۆكوشتوو نەیتوانیوە لەوە تێپەڕێت).  

جیا لەوەش هەر لەكۆنەوە لە كەلتوری كوردی‌دا، خۆكوژی شوورەیی بووە، هەرچۆنێك بووە دەبێت بشاردرێتەوە. ئەمە هەم ئەركی دایباب قورسدەكات و هەم جۆرێك لە شكاندنی پیاوەتییشە. ژیان لە كەلتوری ئێمەدا بەگشتی ماهیەتێكی نێرانەی هەیە، دەبێت چەشنی نێرێك بەرەنگاری ببیتەوە، هەڵهاتن لەم دیاردە نێرانەیە بە عەیبە دەكەوێتەوە. هەر ئەم عەیبەیە پەیوەستدەكرێت بە پرسی خێزان و منداڵەوە و نابێت هیچكام لە سێكوچكەی خێزان(باوك-دایك-مناڵ) لەو بەها نێرینەیە بچنەدەر و لەڕێی خۆكوشتنەوە شەرمەزارییەك جێبهێڵن. پێدەچێت هێشتاش ئەم عەقڵییەتە كەلتورییە كاربكات، گەر گۆڕانێكیش هاتبێتەدی پێموایە ڕووەكەی تری هەمان عەقڵییەتە. كەسی خۆكوژ تۆڵە لە بەهای نێرینەیی دەكاتەوە، تۆڵە لە خێزان، لە كۆمەڵگایەك كە ژیان بە نێرینەیی وەردەگرێت. واتە جۆرێك یاخیبوونی نیهیلیستانەیە، یاخیبوونێكە بەهۆی نەفیكردنی ژیانەوە ئەزمووندەكرێت نەك ناوەڕۆكی ژیان خۆی گۆڕانی بەسەردا بێت(خۆسوتاندنی ژنان، فۆرمە نیهیلیستییە جێندەرییەكەی ئەم یاخیبوونەیە).

 بەرگرتن بە...
سەرمایەداری هەم هۆی نوێی خۆكوشتن بەرهەمدێنێت، هەم فۆرمی نوێی مردنیش. لەلایەكی تریشەوە، سەرمایەداری مرۆڤ ماوەیەكی زۆر بەدیار بیری خۆكوشتنەوە دەهێڵێتەوە. ڕۆژێك خەمگینی دەكات و ڕۆژێكیش وەهمی شادیی دەداتێ- وەهمی دەرفەت و نەمانی دەرفەتیش پێكەوە. لەو هۆكارانەش كە زیادیدەكات ئەوەیە لینكی كۆمەڵایەتی سستدەكات، هەموان دەخاتە كێبڕكێیەكی دەروونیی پڕووكێنەرەوە. زۆرجار ئەوانەی بەرگەی ئەم كێبڕكێیە ناگرن، ناچار بیر لە خۆكوشتن دەكەنەوە. ئەمڕۆش سیاسەت لە كوردستان وایكردووە، مرۆڤ هەست بە پاڵپشتی نەكات. بێكەسیی سیاسی و یاسایی، لەو زەمینانەیە كە وردەوردە بیرۆكەی خۆلەناوبردن لای مرۆڤ دەڕسكێنن چونكە پەیوەندیی بەش و گشت، تاك و كۆ، مرۆ و جڤات سستدەبێت و "هێزی كۆمەڵگا" لەناو تاكەكەسدا دەپوكێتەوە و شیرازەی كۆمەڵایەتی و دەروونیی تاكەكەس هەڵدەوەشێتەوە. 
لە پرسی خۆكوشتندا، دەشێت پرسیارێكی نوێ گەڵاڵەبكرێت: ئاخۆ مرۆڤ و ژینگە كۆمەڵایەتی و سیاسییەكەی، ڕۆژێك دەگاتە ئەو جێیەی كە پەیوەندی لەنێوان مردنی نۆرماڵ و خۆكوشتندا نەمێنێت؟ ئایا ئازادیی هەڵبژاردنی مەرگ، وای لێ دێت كە لە ئاوارتە(ئیستیسنا)ـەوە ببێتە ڕێسا(قاعیدە)؟ لە گوتاری نیولیبراڵیزمدا كە ئازادیی هەموو شت هەیە، ئازادیی سەندنی ژیان بە پارە، ئەوا ئازادیی مەرگ و خۆكوشتنیش وەك دەرهاویشتەیەك لەگۆڕێدایە. لۆژیكی ناوەكیی ئەم ستایلە ژیانەی نیولیبراڵیزم، دەشێت ئازادیی مردنی لێ بكەوێتەوە، و ناڕاستەوخۆ لە ژیان وەدەربنرێیت. تۆ تا ئەو جێیە دەژیت كە پارەی ژیانت هەبێت، لەمە بترازێت تەنیا بەكەڵكی خۆكوشتن دێیت.

سەرەنجام، وەك بەرەنگاربوونەوە، ڕەنگە تەنیا ئاستی تاكەكەسی بەس نەبێت، بەڵكو پێویست بە بەهێزكردنی لینكە كۆمەڵایەتییەكان بكات تا مانا و بەها مرۆییە قووڵەكان كە مێژوویەكی درێژیان لەپشتەوەیە هەڵنەوەشێنەوە. بەرگرتن بە خۆكوشتن بەوە دەبێت بەر بە «خۆكوژییەكی گەورەتر» بگرین كە خەریكە هەموومانی تێدەكەوێت.

 
[1] . كامۆ فەلسەفە تەواو كۆنكرێتی دەكاتەوە و پرسیارە ئەبستراكتەكان فەرامۆشدەكات و دەڵێت «تاكە پرسیاری فەلسەفیی گرنگ جگە لە خۆكوشتن هیچی تر نیە». واتە فەلسەفە و فەیلەسوفان سەرەتا دەبێت بەرسڤی ئەو پرسیارە بدەنەوە ئاخۆ ژیان ئەوە دێنێت تێیدا بژین یان نا، و پێویستە خۆمان بكوژین؟ لە كۆتا دێڕیشدا دەڵێت نەخێر، دەبێت سیزیف بە بەختەوەر بزانین. لەكۆدا كامۆ هیچ ئایدیایەكی ڕیشەیی و تەواو نوێ بۆ سەر ئەم باسانە زیادناكات و هەندێجاریش ڕۆمانتیكانە زاراوەی پووچی بەكاردێنێت لەنێوان مرۆڤ و جیهاندا، لەكاتێكدا زۆرجار خۆكوشتن بەرەنجامی پووچیی نێوان مرۆڤ و مرۆڤە، نێوان لاڵیی كەسێك و ژینگە كۆمەڵایەتییەكەی. بەكورتییەكەی، ڕەتكردنەوەی ئەخلاقی و سۆزەكی جیایە لە ڕەتكردنەوەی میتافیزیكی-فەلسەفی.